پێویسته حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناوه‌ڕۆکی دانیشتنه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره ئاشکرا بکات !
مه‌خابن دوای تێکشکاندنه ئابڕوبه‌رانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی سوپای تورکیا له‌ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان نه‌کرا ئه‌م سه‌رکه‌وتنه سه‌ربازییه وه‌ک ده‌ستکه‌وتێکی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌له‌که‌مان سودی لێوه‌رگیرێت و زیاتر داوا له‌و ڕژێمه داگیرکه‌ره شۆڤێنیستییه بکرێت که فه‌لسه‌فه‌و سیسته‌می ئاپارتایدی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و دان به مافه ڕه‌واکانی گه‌لی کورددا بنێت! نه‌کرا فشاربخرێته سه‌ر ئه‌مه‌ریکاو ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی هه‌تاکو یارمه‌تیه سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌کانی خۆیان بۆ تورکیا ڕاگرن و داوا له کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بکه‌ن هه‌تاکو کێشه‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی کورد به شێوازی سه‌رده‌م و ئاشتیانه چاره‌سه‌بکه‌ن!
ئه‌گه‌رچی ئه‌م ده‌ستکه‌وته، که به پله‌ی یه‌که‌م به‌هۆی به‌رگری بێوێنانه‌ی وڵاتپارێزان و لانی که‌می یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی به دیهات، بووه مایه‌ی زیاتر یه‌کڕیزی کوردی باکور و چوونه‌سه‌ری خه‌باتی سیاسی و جه‌ماوه‌ری ئه‌و پارچه‌یه، به‌ڵام وه‌ک به‌دیده‌کرێ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌باتی خورتکردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی له‌هه‌مبه‌ر خواست و پێداگریه‌کانی تورکیا لاوازی نیشانداوه‌و زیاتر به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی ئابوری و سیاسی خۆی که‌وتووه که له ئێستادا دوور‌و نزیک له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کورد و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی کوردستانی باشوریشدا یه‌کناگرێته‌وه.
ئێستا نه‌ک بۆ هیچ کوردێک به‌ڵکو بۆ هیچ چاودێڕیکی دوری دۆزی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌شمان شاراوه نییه که له‌ناو داگیرکه‌رانی کوردستاندا، که خراپترین جۆری داگیرکه‌رن له جیهاندا، تورکیا خراپترینیانه و پێشه‌نگی هه‌موو داگیرکه‌ره‌کانی تر‌و به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کی به‌رده‌م بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مانه. هه‌ر بۆیه نابێت هیچ کوردێک و هیچ پارتێکی سیاسی و هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی ئه‌م داگیرکه‌ره به‌که‌م بگرێت و له‌خه‌بات و تێکۆشانی خۆیدا به دوژمنی ستراتیجی ته‌ماشای نه‌کات و حساب و ئاماده‌کاری گه‌وره بۆ شه‌ڕو گێچه‌ڵه‌کانی نه‌کات. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له‌م باره‌یه‌وه که‌مته‌رخه‌می نواندووه و پاش ئه‌و هه‌موو ئه‌زمونه له‌وه حاڵی نه‌بووه ئه‌گه‌ر ڕژێمێک فه‌لسه‌فه‌ی سیسته‌مه‌که‌ی له‌سه‌ر دژایه‌تی کردنی هه‌موو مۆرک و هیماو نیشانێکی کوردی دامه‌زرابێت و منداڵانی کورد له‌سه‌ر چڕینی سرودو ناوهێنانی نیشتیمانیان دادگایی بکات، ئه‌بێت چه‌ند ئومێدی ئه‌وه‌ی لێبکرێت ببێته دۆست و هاوسێیه‌کی باش بۆ هه‌رێمی کوردستان؟
سه‌رانی سیاسی و سه‌ربازی تورکیا هیشتان له‌خه‌ون و ئایدیای له‌ناوبردنی کورد خه‌به‌ریان نه‌بووه‌ته‌وه و سیاسه‌تی جینۆسایدی کورد و نکۆلیکردنیان وازلێنه‌هێناوه. تورکیا هه‌نوکه‌ش وه‌ک دوژمن و ڕقه‌به‌ری پله یه‌ک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و ئه‌زمونه‌که‌ی ده‌کات و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی بووه‌ته پشتوپه‌نای هه‌موو ئه‌و هێزانه، به تیرۆریته‌کانیشه‌وه، که‌وا ئه‌مڕۆ له عێڕاقدا دژ به پێشکه‌وتن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد‌و گه‌رانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌کان بۆسه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌وه‌ستنه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ تورکیا به هۆی دۆڕان و مایه‌پوچی هه‌ڕه‌شه‌و هێڕشه سه‌ربازیه‌کانیی دواییه‌وه که‌ناڵێکی نیمچه دیبلۆماسی له‌سه‌ر ئاستێکی نزم له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان کردۆته‌وه به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا به فڕۆکه‌ی جه‌نگیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆمباران ده‌کات و به چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراو به‌رده‌وامه له‌سه‌ر سوتاندنی دێهاته‌کانی کوردستان و شۆڕشگێڕه‌کانی کورد شه‌هید ده‌کات.
کاربه‌ده‌ستانی تورکیا نایشارنه‌وه که ژماره‌و به‌رده‌وامی دانیشتنه‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی کوردی عێڕاق له داهاتودا به‌نده به هه‌ڵوێست و ئاماده‌یی ئه‌وان بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌و شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ گه‌ریلاکانی پێ‌کاکا، که ئه‌وان به تیرۆریست ناویان ده‌به‌ن! وه‌سفکردنی ئه‌م جۆره دانیشتنه ئابڕوبه‌رانه‌یه به سه‌رکه‌وتن و هه‌نگاوی ئه‌رێنی تورکیا له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ته‌نها تێنه‌گه‌یشتن و ڕێزنه‌گرتنه له ئیراده‌ی گه‌له‌که‌مان و سه‌رئه‌نجام شوێنکه‌وتنی مه‌رامی داگیرکه‌رانه.
هه‌موو چاودێرێکی به‌ئاگا ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ئه‌نجامدراوه که‌مترین پێوه‌رو نیشانه‌کانی دانیشتن و دیالۆگی پێوه‌دیاره‌و زیاتر له که‌ڵه‌گایی و فه‌رزکردنی ئیراده‌ی ناڕه‌وا ده‌چێت به‌سه‌ر لایه‌نی کوردی‌دا هه‌تاکو دانێشتنی هاوسه‌نگ و به‌رابه‌ر. ده‌بوایه لایه‌نی کوردی مه‌رجی هه‌بوایه بۆ هه‌ر دانیشتنێک که له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره ده‌یکات و له پێشیانه‌وه وه‌ستاندنی هه‌موو جۆره کرده‌وه‌یه‌کی سه‌ربازی سوپای تورکیا بێت له هه‌رێمی کوردستان.
مه‌خابن ئه‌وه‌ی له نێوان هه‌ولێرو ئه‌نقه‌ره‌دا ڕویداوه زیاتر له گاڵته‌جاڕی ده‌چێت هه‌تاکو دانوستان و دیالۆگ، له دانیشتنی نێوان براوه‌و دۆڕاو ده‌چێت، له کاتێکدا کورد هیچ کات له شه‌ڕی داگیرکه‌ردا خۆی به دۆڕاو نه‌زانیوه، بۆیه پیویسته له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان به زوترین کات کۆتایی به‌و جۆره دانیشتنانه بهێنێت و چێتر که‌سێتی و ئیراده‌ی گه‌له‌که‌مان به که‌منه‌گرێت.
پێویستیشه چیتر ناوه‌ڕۆکی ئه‌م دانیشتنه‌و هیچ دانیشتنیکی تری سه‌رکرده‌کانی کورد له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێکی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی به شاراوه‌یی نه‌مێنێته‌وه و هه‌موو مه‌سه‌له‌و په‌یوه‌ندی و په‌یمانێک بۆ گه‌له‌که‌مان ئاشکرابکرێت. چونکه هیچ گه‌لێک نه‌بووه ئه‌وه‌نده‌ی گه‌لی کورد له دانیشتنی نهێنی و شاراوای ناو ژوره تاریکه‌کانی سه‌رکرده‌کانی تووشی زه‌ره‌رو کاره‌ساتی گه‌وره هاتبێت.
07. 05. 2008 ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسیدی گه‌لی کوردـ چاک
|