٢٥\٩\٢٠١٠ پێویسته مافه‌کانی منداڵه‌کانمان جێبه‌جێ بکرێن.
منداڵه‌کانمان خۆشه‌ویستن و له‌به‌ر دڵانن.. جگه‌رگۆشه و گلێنه‌ی چاومانن.. منداڵه‌کانمان، په‌پووله‌ن، گۆڵن، چران، بۆ داهاتووی گه‌له‌که‌مان ئومێد و هیوان خه‌مڕه‌وێنن، مایه‌ی خۆشی و شادیمانن.. کام ئاواز و گۆرانی و سه‌دا و ساز، وه‌کو تریقه‌ی پێکه‌نین و گاڵوهۆڕ و زاق و زیقی منداڵان هێنده خۆش و به‌چێژن؟ یان کام هه‌ڵپه‌ڕکێ و سه‌ما و خۆبادان، وه‌کو داره‌داره و له‌نجه‌ولار و گۆزان گۆزانی منداڵان هه‌ست و نه‌ستمان ده‌بزوێنن و ده‌روونمان دێننه جۆش و خرۆش؟ ئه‌ی کام وڕک و نازونوز و قه‌ستینه‌گریان به‌قه‌ی نازی منداڵان خۆش و شیرینن؟
منداڵان تۆی ژیانن که شین ده‌بن و گه‌شه‌ده‌که‌ن و گه‌وره‌ده‌بن، تا زیاتر خزمه‌تی ئه‌م شه‌تڵ و ده‌وه‌نانه بکه‌ین باشتر ده‌ڕوێن و به‌ر و به‌رهه‌م و سوودیشیان باشتر و زۆرتر ده‌بێت. کوردیله‌کانی ئه‌مڕۆمان نه‌وه‌ی داهاتووی کوردستانن..هه‌ر ئه‌مانن که سبه‌ی ده‌بنه که‌ڵه‌پیاو و شێره‌ژن و شۆڕه‌سواری مه‌یدانی کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی..ده‌بنه سه‌رکرده و ڕابه‌ر و کاربه‌ده‌ست و حوکمڕانانی کوردستان..به کۆشش و مه‌چه‌ک و بازووی ئه‌مان ئامانج و هیوا و خه‌ون و خۆزگه‌کانی ئه‌مڕۆمان دێنه‌دی.. هه‌ر له سایه‌ی ڕه‌نج و تێکۆشانی ئه‌مان داهاتوویه‌کی گه‌شتر و ژیانێکی شیاوتر و خۆشتر بۆ کورد و کوردستان دێنه‌دی..هه‌ر ئه‌مانن که ده‌بنه کۆڵه‌که‌ی کوردستان و داکۆکیکه‌رانی سه‌رسه‌خت و، دوا بستی خاکی پیرۆزمان له داگیرکه‌ران ڕزگارده‌که‌ن و جاڕی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردستان ده‌ده‌ن.
منداڵه‌کانمان گرنگترین و به‌نرخترین سامان و سه‌رمایه‌ی گه‌له‌که‌مانن،که له سامانی نه‌وت و زێڕیش گرنگتر و به‌نرخترن..ئه‌گه‌ر به هیوای ژیانێکی خۆشتر و داهاتوویه‌کی گه‌شتر بین..ئه‌گه‌ر ئاواته‌خواز و نیازخوازی گۆڕانکاری و نوێخوازی و گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتن و شارستانییه‌تێکی شایسته‌تر و باڵاتر و له‌بارتر بین..پێویسته به‌ڕاستی و دروستی ده‌ست به په‌روه‌رده‌کردن و ڕێنمایی کوردیله چاوگه‌شه‌کانی ئه‌مڕۆمان بکه‌ین..هه‌ر له ئه‌مڕۆوه له خه‌می داهاتووماندا بین..له ئه‌مڕۆوه به خۆماندا بچینه‌وه و نه‌خشه و هه‌نگاوه‌کانمان به‌ره‌و گوڕانی ئاینده‌مان ده‌ستنیشان و جێبه‌جێ بکه‌ین..پێویسته په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌کانی قۆناخه‌کانی په‌روه‌رده و خوێندن له سه‌ره‌وه دابڕ‌ێژین، تێر‌و ته‌سه‌لتر و ده‌وڵه‌مه‌نتر و ڕه‌نگینتریان بکه‌ین، به ڕاده‌یه‌ک که له ئاستی هێنانه‌دی خواست و هیواکانمان بن..که‌واته گۆڕان و گۆڕانکاری.. له په‌روه‌رده‌کردنی کوردیله‌کانی ئه‌مڕۆمانه‌وه ده‌ست پێده‌کات.تا زیاتر ئاوڕیان لێبده‌ینه‌وه، تا زیاتر خه‌مخۆریان بین، تا زیاتریش هۆیه‌کانی نه‌شونما و گه‌شه‌کردنیان بۆ دابین بکه‌ین و هه‌ل و مه‌رجی پێشکه‌وتنیان بۆ بڕه‌خسێنین..زیاتر دڵنیاو و گه‌شبینی ئاینده‌ی گه‌له‌که‌مان ده‌بین.بێگومان گوڵزاری گوڵگه‌ش و جوان له سایه‌ی خزمه‌تی بێ په‌روا و ماندووبوونی باخچه‌وانی دڵسۆزدا دێته به‌رهه‌م..بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستیمان به دایک و باوک و خێزانی ڕۆشنبیر و وریا هه‌یه، پێویستیمان به پێگه‌یاندن و ڕاهێنانی ماموستایانی لێهاتوو و شاره‌زای بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵان هه‌یه..پێویسته ئه‌م ئه‌رکه پیرۆزه‌ش به که‌سانێکی پسپۆر و شاره‌زای بواری په‌روه‌رده و ده‌رووناسانی منداڵان بسپێرین..
به داخه‌وه له به‌ر هۆی که‌می ژماره‌ی مامۆستایان له باشووری کوردستاندا، کۆمه‌ڵێک فه‌رمانبه‌ر، به تایبه‌تیش له ژناندا ، خوولی ڕاهێنانی خیڕای چه‌ند هه‌فته‌ییه‌کیان بۆ کردوونه‌ته‌وه و کردوویانن به مامۆستا، که زۆربه‌یان زۆر نابه‌ڵه‌دن و کۆڵه‌وارن له بواری په‌روه‌رده و ده‌رووناسیی منداڵان و ڕێباز و شێوه و هونه‌ری فێرکردن و وانه وتنه‌وه، هه‌ندێکیان ته‌نها بۆ ته‌مه‌ڵی و ئیسراحه‌ت بوونه به مامۆستا، به لای ئه‌وانه‌وه که په‌روه‌رده و فێرکردن کارێکی ئاسان و ساده و هه‌ڕه‌مه‌کییه..بێگومان زیانی ئاست نزمی و نه شاره‌زایی ئه‌م مامۆستایانه له ئاستی په‌روه‌رده‌کردن و فێرکردنی منداڵاندا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه ، به به‌راورد له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی هاوپۆلیاندا، به زه‌قی ئاست نزمیان پێوه دیاره. خێزان وه‌کو یه‌که‌مین بناغه‌ی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌کو یه‌که‌مین ژینگه‌ی منداڵان ڕوڵێکی گرنگ و کاریگه‌ری هه‌یه له په‌روه‌رده‌کردن و له‌سه‌ر که‌سایه‌تی و ژیان و هه‌ڵسوکه‌وتی داهاتووی منداڵان ..ئه‌و خێزانانه‌ی که له ماڵه‌وه ناته‌با و ناکۆکن و شه‌ڕ و ئاژاوه و بشێوێنیان تێدایه،یان به توند و تیژی وگرژی و لێدان و دڵڕه‌قییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیان ده‌که‌ن.. گوێ له خواست و بیر و بۆچوونه‌کانیان ناگرن و، سه‌رکوتی حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانیان ده‌که‌ن.له سۆز و خۆشه‌ویستی و به‌زه‌یی و ئاسووده‌یی بێ به‌شیان ده‌که‌ن.. یان جیاوازی له نێوان کوڕ و کچه‌کانیاندا ده‌که‌ن..یان ناچاری ئه‌رک و کارێکیان ده‌که‌ن که له توانایاندا نییه یا حه‌زییان لێ نییه.
هه‌موو ئه‌مانه ڕه‌نگدانه‌وه و کاریگه‌رییه‌کی نه‌گه‌تیڤیان له ژیانی ئاینده‌ی منداڵ ده‌بێت، که‌سایه‌تی و تاکێکی سه‌قه‌ت و نادروستی کۆمه‌ڵایه‌تییان لێ دروست ده‌بێت..ده‌بنه که‌سانێکی شه‌ڕانیگێز و جوێنده‌ر وکه‌له‌ڕه‌ق و توندڕه و لاسار و چه‌قاوه‌سوو و سه‌رپێچیکه‌ر و زیانده‌ر..ڕاستکردنه‌وه و ئاسییکردنه‌وه‌یان زۆر ئاسان نابێت. قوتابخانه‌ش وه‌کو ماڵی دووه‌م و ژینگه‌یه‌کی فراوانتر و، جیهانێکی به‌رینتر و جیاوازتر له ماڵه‌وه، تێکه‌ڵبوون و ئاشنابوون له‌گه‌ڵ مامۆستایان و کۆمه‌ڵێک منداڵانی جیاواز له‌په‌رورده و خو و ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وت..وه‌کو مه‌ڵبه‌ند و مه‌یدانێکی سه‌ره‌کی بۆ په‌روه‌رده‌کردن و فێرکردن..وه‌کو شوێنێکی ڕه‌خساو بۆ گه‌شه‌کردن و بره‌ودان به ئاره‌زوو و حه‌زه‌کانیان..بۆ هێنانه‌ی خه‌ونه سه‌وزه‌کانیان..بۆ ده‌ربڕینی توانا و به‌هره‌کانیان..بۆ مه‌ست بوونیان له یاری و پێکه‌نین و خۆشی..بۆ هاوڕێ گرتن و به کۆمه‌ڵ یاری و کارکرن..بۆ..هتد. ڕۆڵی سه‌ره‌کیش له زه‌مینه خۆشکردن بۆ هێنانه‌دیی ئه‌و ئامانجانه ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی مامۆستاکان. چونکه منداڵ مامۆستا به نموونه‌یی و پێشڕه‌و ده‌زانێت.مامۆستای بلیمه‌ت و داناش ده‌زانێت که چۆن ئه‌رک و په‌یامه پیرۆزه‌که‌ی جێبه‌جێ ده‌کات و،چۆن ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ منداڵاندا ده‌کات ئه‌وه‌ش ده‌زانێ که ئه‌رکی مامۆستا ته‌نها فێرکردن نییه..به‌ڵکو په‌رورده‌کردن و ڕاهێنان و ئاماده‌کردنێتی بۆ ژیانێکی خۆشتر و ئاینده‌یه‌کی باشتر.. ئاینده‌ش له ئه‌مڕۆ با شتر ده‌بێت. پێویستیشه سانسۆر بخرێته سه‌ر ماوه‌ی به‌رنامه‌کانی منداڵان له که‌ناڵه ته‌لفزیۆنییه‌کان و ئه‌و فلیم و سیدییانه‌ی بۆ منداڵان پێشانده‌درێن یا له بازاڕه‌کاندا کۆپی کراون و ده‌فرۆشرێن. چونکه به‌شێکی زۆری ئه‌و فلیم و سیدییانه، له ژێر په‌رده‌ی شادی و خۆشی به‌خشین به منداڵان،هه‌ڵگری بیر‌و بیرۆکه و ئامانجێکی زیانبه‌خشن..چونکه منداڵان حه‌ز به لاسایی پاڵه‌وان و ئه‌کته‌ره‌کانی ئه‌و فلیمانه ده‌که‌نه‌وه..لێیانه‌وه فێری شه‌ڕ و توند و تیژی و له خۆبایی بوون و سه‌رکێشی و کار و خه‌یاڵی له توانابه‌ده‌ر و بیری پڕوپوچ ده‌بن..
من پێشنیاری ئه‌وه ده‌که‌م که حکومه‌تی کوردستان که‌ناڵێکی ئاسمانی تایبه‌تت بۆ منداڵانی کوردمان بکاته‌وه، ئه‌م که‌ناڵه‌ش له‌ژێر چاودێری و به‌ڕێوه‌بردنی لیژنه‌یه‌کی پسپۆر و شاره‌زا، له بواری په‌روه‌رده‌کردن و ده‌رونناسیی و ده‌رهێنان بۆ منداڵان به‌ڕێوه‌ببرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشنیار و خه‌ونه‌مان هاته‌ی..هیوادارم ئه‌م که‌ناڵه ناوی« کوردیله‌کان»ی لێبنرێت..خۆ ئه‌گه‌ر نێت و ئاره‌زوو هه‌بێت، بڕیاردان و جێبه‌جێکردن زۆر گران نییه. داواش له‌حکومه‌تی کوردستان ده‌که‌ین،که ئه‌و ڕاستیانه له‌به‌رچاو بگرن و، ئاوڕێکی جدی له منداڵه‌کانمان بده‌نه‌وه و، چۆن له منداڵه‌کانی خۆیان ده‌ڕوانن، پێویسته هه به‌و چاوه‌شه‌وه ئاوڕ له منداڵانی خێزانه هه‌ژار و ڕه‌ش و ڕووته‌کانی گه‌له‌که‌مان بده‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش منه‌تی ناوی و خێرپێکردن نییه،چونکه ئه‌وانیش ڕۆڵه‌ی کوردن و به‌شیان له خێر و بێرو سامانی کوردستاندا هه‌یه.. یه‌کێک له به‌نده‌کانی ڕێکه‌وتنامه‌ی مافه‌کانی منداڵان ئه‌مه‌یه: «پێویسته له‌سه‌ر حکومه‌ت هاوکاری مادی ئه‌و منداڵانه بکات که ئاستی بژێوی خێزانه‌کانیان نزمه» که‌واته پێویسته له‌سه‌رحکومه‌تی کوردستان، هه‌موو پێویستییه‌کانی منداڵه‌کانمان دابین بکا له دایک بوونه‌وه تا ده‌گه‌نه سه‌رووی هه‌ژده ساڵان..پێویستیشه هه‌موو مافه ڕه‌واکانی منداڵه چاوگه‌شه‌کانمان به‌رجه‌سته وجێبه‌جێ بکرێن.
هه‌روه‌ها ده‌بێ حکومه‌ت یارمه‌تی و هاوکاری منداڵپارێزی کوردستان و هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوه مه‌ده‌نییانه بکات، که داکۆکی له مافه‌کانی منداڵان ده‌که‌ن و چاودێری جێبه‌جێکردنیان ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانی و داخه به لای ئێمه‌وه ئه‌وه‌یه، که تا ئێستاش به‌شی هه‌ره زۆری منداڵانی کوردمان نازانن که مافه‌کانیان چییه ؟ یا ئه‌گه‌ر مافه‌کانیان پێشێل بکرێن نازانن که چی بکه‌ن و په‌یوه‌ندی به کێوه و به چ لایه‌نێکه‌وه بکه‌ن ؟ به‌چی ڕێگا و هۆیه‌که‌وه په‌یوه‌ندی بکه‌ن..؟ تا ئێستاش زۆربه‌یان ئاشنای منداڵپارێزی کوردستان نه‌بوونه، ناو و ئه‌درێس و کاری ئه‌و ڕێکخراوه مه‌ده‌نییانه‌ش نازانن که داکۆکی له‌مافه‌کانیان ده‌که‌ن..ئه‌م که‌مته‌رخه‌مییه‌ش شانی هه‌موومان ده‌گرێته‌وه، به تابه‌تیش که‌رتی په‌روه‌رده و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ئه‌و ڕێکخراوانه‌ش که به زۆری به ناو هه‌ن و ناوکیان نییه..
دیمه‌نێکی ڕاستی پێشێلکردنی مافی مندڵان له شاری که‌رکوک زۆر سوێی خسته دڵمه‌وه.. ئه‌گه‌رچی من له سه‌رتاوه گوێم له‌و ڕوداوه نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی که سه‌یری به‌رنامه‌ی" زووم ئین" یان کردووبێ ئه‌و دیمه‌نه دڵته‌زێنه‌یان بینیوه..ئه‌وه‌بوو له ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ڕابردوو«٢٣/٩/٢٠١٠» له به‌رنامه‌ی«زووم ئین» له «کوردستان تی ڤی» کوڕێکی منداڵی کوردی دایک مردووی ته‌مه‌ن دوانزه ساڵان پێشان درا ،که چۆن باوکه دڵڕه‌ق و بێویژدانه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی داوای لێ کردبوو که ده‌بێت بچێ کار بکات و منداڵه‌که‌ش وتبووی ناتوانم، باوکی به زنجیرێکی ئه‌ستووری قوفڵ لێدراو له ژوورێکدا خراپتر له ئاژه‌ڵ ئاسایی به‌ستووبیه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی لێکردبوو که ئێواره بگه‌ڕێته‌و‌ه ده‌یکوژێت دراوسێکان به ده‌نگی هاوارییه‌وه چووبوون و تێریان کردبوو و پۆلیسیان ئاگادار کردبۆوه. پۆلیس قوفڵه‌که‌ی کرده‌وه.. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیمه‌نه له وڵاتێکی ڕۆژئاوادا ڕووی بدایه نه‌ک هه‌ر پۆلییس، به‌ڵکو به ده‌یان ڕێکخراو و لایه‌ن له‌سه‌ری ده‌هاتنه وه‌ڵام و داکۆکی‌یان لێده‌کرد، ده‌بوو به مانشێتی چه‌نده‌ها ڕۆژنامه و گۆڤار ، باوکی ئه‌وهاش به پێی یاسا سزاده‌درا و منداڵه‌که‌شی ده‌بوو به منداڵی حکومه‌ت.ئه‌وی له که‌رکوک ڕوویدا پێشێلکردنێکی زه‌قی مافی منداڵانه..
هه‌ر وه‌کو له به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی مافه‌کانی مندڵاندا هاتووه، که له ساڵی ١٩٨٩ ده‌رچووه ده‌ڵێ: مندڵ مافی خۆشه‌ویستی و ڕێزگرتنی هه‌یه،مافی چوونه قوتابخانه‌ی هه‌یه، مافی مافی خواردن و خواردنه‌وه‌ی ئاوی پاکی هه‌یه، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که له توندوتیژی بپارێزرێ،مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه که زۆری لێنه‌کرێت که ئیش بکات، به پێی یاساش منداڵ له خوار ته‌مه‌نی پانزه ساڵیه‌وه بۆی نییه که ئیش بکات..
به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ نزیکه‌ی بیست و پێنج هه‌زار منداڵی کوردمان له هه‌ر چوار پارێزگاکانی باشووری کوردستاندا کارده‌که‌ن.. له به‌شی دووه‌می ئه‌م باسه‌ماندا، زیاتر شرۆڤه‌ی مافه‌کانی منداڵان ده‌که‌ین، له‌گه‌ڵ باسکردنی پێشێلکارییه‌کانی مافه‌کانی منداڵانی کوردمان له به‌شه‌کانی تری کوردستاندا. __________________________ ره‌زا شوان، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی منداڵانی کورد/ نه‌رویج
٢٤\٩\٢٠١٠
|