په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠١٣

پێویستیی گەلەکۆمەگێ بۆ بنیاتنانی بناغەی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی وشەی کوردی.


کامەران هەڵوەدا
  


فەرهەنگ، وشەدان، قامووس و هەر ناوێکی‌تر لە کەشکۆڵێکی پیرۆزی هەڵگری سامانی وشە و کۆدی زمانی کوردی بێت زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگر و هەمیشەییە. نەخاسمە لە کاتێکدا کە هەلومەرج چ لە بواری مادی و چ لە روانگەی زانستی و چ لە رێچکەی سیاسییەوە گونجاو و رەخساو بێت، کە ئیتر لەو کاتەدا دەبێتە فەڕزێک و نەکردنی تاوانێکی گەورە و شڵەژاندنی حەرامێکی پاساوهەڵنەگرە و ئاە و تووک و نزوولەی نەوەی دوارۆژی بەدواوەیە. دوێنێ کە لاپەڕە پیرۆزەکانی وشەی کوردی لە کەلێنەبەردان و ناوچاڵ و ژێرگڵدا حەشار دەدران و بیرمەندان و تێکۆشەرانی ئەم بوارە شوێنبزر دەکران، بە ئیمانی گشت لایەک زۆر کاری پوختەتر و حەولی موقەددەستر درابوو بۆ رزگارکردنی ئەو ناسنامە هەمیشەییەی گەلی کورد. کەچی بەداخەوە ئەمڕۆکە لەگەڵ ئەوەی هەلومەرجی سیاسی و مادی و زانستیی سەردەم تەواو گونجاوە و هەڕەتی هەڵگرتنەوەی بەرهەمی ئەوان رۆژانە، مخابن هیچ حەولێکی جیددی و زانستییانەی ئەوتۆ لە ئارادا نییە و نادرێت و لەوانەیە هیچ بیریشی لێ نەکرابێتەوە، یان خوانەکردە بە ئەنقەست لە یادان شۆردرابێتەوە و پێڵووی چاوەڕوانیشمانی پێ هەڵنەیەت. ئەو کۆگا هەڵە و پەڵانەی لە کتێبە چاپکراوەکانی باشووری کوردستاندا بەدی دەکرێن مۆرکی ئەو کەمتەرخەمییەن کە بە نێوچەوانمانەوە دیارە. حەیف و خەساری ئەو هەموو کاغەز و سامانە نییە کە بەفیڕۆ دەڕوات؟ ئەو هەموو گاڵتەیەی لەو سۆنگەیەوە بە ئاوەزی خوێنەران دەکرێت ناوی چی لێ بنرێت باشە؟ بۆ هیچ چاپخانە و بَلاوکەرەوەیەکی کوردی بیر لەوە ناکاتەوە هەموو شتێک و هەموو چەشنێک چاپ نەکات؟ بۆ کەسێک نییە بەر لە چاپ، بەرهەمەکان بخاتە ژێر چاوەدێریی زمانییەوە؟ بۆ هیچ فیلتەرێک نییە بۆ تیف‌تیفەدان و رێکوپێک‌کردنی ئەودەقانەی پێیان دەگات؟ بۆ بەهای مەعنەوی کتێب و قەڵەم و نووسین و نووسەر هێندە دادەبەزێنن کە خوێنەران لە کڕینی کتێبان سڵ بکەنەوە و پارەی بەستەزمانی بێزمانیان بەفێڕۆ نەدەن؟


راستە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا و لەم سەرەتای سەدەی بیست و یەکەدا رەوتی گەشەکردنی فەرهەنگ‌نووسی کوردی لە رووی چەندایەتییەوە پێشکەوتنێکی زۆری بە خۆوە دیتووە، بەڵام ئاخۆ لە رووی چۆنیەتییەوە ئەم حەولانە جێگەی متمانە و دڵگەرمین یان خود هێمایەکی بڤەن بۆ ئەوەی دامانچڵەکێنن و بەرەو بیرکردنەوە و فریاکەوتنمان هان دەن؟ لەو کاتەوەی ئەحمەدی خانی بەر لە ٣٠٠ ساڵ لەمەو پێشەوە یەکەم هەنگاوی فەرهەنگ‌نووسی لەم زمانەدا هەڵهێنایەوە و ئەو نەمامەی چاند تا وێستا پتر لە ٢٠٠ فەرهەنگی کوردی بە شێوەی جۆراوجۆر و لە شوێن و کاتی جۆراوجۆردا بڵاو کراوەتەوە. جێی ئاماژەیە کە ٦٦ لە سەدی ئەم فەرهەنگانە هی ئەم سەرەتایەی سەدەی بیستەمن! واتە هی ئەو دوازدە سێزدە ساڵە! کەچی باشترین فەرهەنگەکان هی ئەم قۆناغە نین. نەبوونی نەریتی ئیشی بە کۆمەڵ و بێ‌پشتیوان بوونی دانەران و نەبوونی پسپۆڕی لێزان و لێهاتووی بواری فەرهەنگ‌نووسی و نەبوونی رەخنەی جیددی و تەنانەت ناجیددی لەم بوارەدا هەموو رێگر بوون لە بەردەم گەشەسەندنی رەوتی چۆنیەتی فەرهەنگ نووسی زمانی کوردی. ئەوەشی باوێژە سەر کە لەگەڵ ئەو هەڵات هەڵاتەی سەرەتای ئەم سەدە بەقوڕگیراوەشدا هێشتان بە تۆزی حەولی دەر و جیرانەکانمان نەگەیشتووین.


لە هەموو وڵات و کۆمەڵگەیەکدا زەینی وشیار و ئاوەزی گەل لە ناو لاپەڕەکاندایە. بیرمەندێک دەڵێ: ئەگەر گەرەکتە پەی بە رادەی گەورەیی میللەتێک ببەی نایهەوێ باری جوغرافی و سیاسی و ئابووری لێکدەیتەوە، خاوەنی چەن کارگە و ئەسباب و ئامرازە، چەکوچۆڵی چۆنە و رووبەر و بەرینایی چەندە، تەنیا یەک شت لازمە، بزانە چەند پیاوی گەورەی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە! چییە بۆ لەم کاولەوڵاتەدا بیرێک لەوە ناکرێتەوە کە بۆچی ئەم بەریانە هەڵبڕدرێت و ئەم جۆگەلەیە لێڵ کرێت و ئەم ئاوە زوڵاڵە دزە بکات و مڵەی پێ فێر بێت و ئەم حاسڵاتە بەرەو سیس بوون بەرێت؟


ئیتر ئێستا کەس نییە نەزانێ کە فەرهەنگ نووسین کاری تاکە کەس نییە و ئەگەر لێر و لەوێ خەمخۆرێکی وشەی کوردی شەو و رۆژانی خۆی لەم وشە گرێ دەدات و بەم وشەوەی دەبەستێتەوە، ئەوە دەبێ بگوترێ کە هێشتا لە هەمان قۆناغ داین کە باس کرا، قۆناغی کەلێنە بەردان. هێشتاش پاش سی چل ساڵ هەر لە شوێنی خۆمان لاق لە عەرزی دەسووین و لاقەفرتێمانە. ئەو ئاوی زمزمەش کە بە لاق لە عەرز وەژاندن دەرکەوت هەر یەکجاربوو و بڕایەوە، بۆیە هەتا وابین، حەولمان بێسەمەرە. بەو تۆفیرەشەوە کە ئەوان دەمان ئەوانەی ژینی خۆیان بۆ ئەم بوارە تەرخان کردبوو گەلێک شارەزاتر بوون و زمانەکەشمان گەلێک پاراوتار و تەڕ و بڕتر و دەس‌لێنەدراوتر بوو لە ئێستا. ئەوەشی باوێژە سەر کە ئێستا دیاردەیەکی سەمەرەش سەری هەڵداوە: جەردەیی لە فەرهەنگان! بابا هەیە چەند فەرهەنگان هەڵگێڕ وەڵگێڕ دەکا و دایاندەتەکێنێتە خوارێ و بە حیسابی خۆی فەرهەنگێکی تازە ساز دەکا و ناوێکی لێ دەنێ و یاڵڵا بۆ چاپ. ئیتر نە رێگرێک و نە بەرگرێک و نە لێپرسینەوەیەک ـ "فەرهەنگی ناهید" نموونەیەکی بچووکە کە ئەوەی جێی داخە ئەکادیمیای زمانی کوردیش، کە بە حیساب مەتەرێزی پارێزگاری لە زمانی کوردییە، چاپی کردووە!


فەرهەنگ نووسین کارێکی هەرەوەزی و گەلەکۆمەگێیەکی زانستییە و ئیشی هەڵات هەڵات نییە و پێویستە کاتی درێژخایەنی بۆ تەرخان کرێت و بڕیاری بۆ بدرێت و پرۆژە و پلانی بۆ داڕێژرێت.


ساڵی ساڵان قەت وەکوو ئێستا هەڕەشەی هێرشی رۆژانەی زمانانی بیانی چ لە رێگەی میدیاکانەوە و چ لە رێچکەی تەکنۆلۆژیا و زانستەوە بۆ سەر زمانی کوردی بوونی نەبوو، چونکە پەیوەندی نێوانت زمانەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بوون. هەموو جیهانی زمانی کوردی لە دەڤەری کوردستاندا دەسووڕایەوە و حیچ زمانێکی‌تریش بەو ئاستەی ئەمڕۆ داڕژاوەتە سەر ئەم خەرمانە، تێکەڵ ئەم فەزایە نەببوو. مودێڕنە و پێشکەوتن و سنعات ئەوەندەی بۆ خۆشگوزەرانی و کرانەوەی چاوی نەتەوەی کورد و بە گشتی نەتەوە بێ‌خاوەنەکان قازانجی بووە، سەد ئەوەندەش بۆتە مڵەیەک و خەریکی قرتاندنی رەگاژۆکانی ئەم زمانە پیرۆزەیە. زمانی پاراو و پەتی ئەم نەتەوانە و لەواندا نەتەوەی کورد کە چەلان هەر خۆی لە خۆی میوان بوو و تا دەهات لێک و لووستر و لەسەر زاران سووکتر دەبوو و بناغەی ئەو زمانە بە درێژایی مێژوو لە بۆژۆکران و گلان رزگاری ببوو، لەگەڵ کرانەوەی دەرکەی سەردەم بەڕوویدا یەکسەر کەوتە بەر شاڵاوی زمانە سەردەستەکانی دنیا و هەر وشەی بێگانەیە و رۆژانە دەستی لە قوڕگی وشەی پیرۆزی کوردی توند کردووە و لەسەر خنکانیەتی. بۆیە ئەگەر دوێنێکە کەسانێک قۆڵیان هەڵماڵیبوو و هیممەتیان کردبوو بۆ خزمەت بەم زمانە بێزمانە، ئازووقەیەکی فراوانتریان لەبەر دەستا بوو، بەڵام ئێستا بەداخەوە ئەم سامانە بۆژۆ کراوە و پێویستی بە ماندوویەتییەکی زێتر و تێکۆشانێکی‌ چەند قات زیاتر هەیە تا بەردبژێر کرێت و خەرمانی سووری هەڵگیرێتەوە. هەر وەها پێویستیشی بە پشتگیری و بواردانێکی باش هەیە. حکوومەتی باشووری کوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری ئەم ئەرکەیان لەسەر شانە و دەبێ بە چاک و خراپ وەئەستۆ‌گری هەموو کەمایەسییەکانی ئەم پرۆژە بێ‌هیوایانە بن، جوابدەرەوەی نەوەی داهاتووی کوردستان ئەوانن. ئەو مناڵانەی سۆزی لەو نیشتمانە پیرۆزەدا پێڵوویان دەپشکوێ چ حەسرەتە ئەم رەنگی وشەیە و تامی رستانەیان نەگاتێ. هیچ کام لە بەشەکانی‌تری کوردستان هەلومەرجەیان نیو ئەوەندەی باشوور لەبار نییە بۆ پەرژانەسەر پرۆسەیەکی لەم چەشنە. زمانی کوردی لە بەشەکانی‌تری کوردستان زمانی فەرمی و فێرکاری نییە و دانیشتووانی ئەم بەشانە چ لە رێگەی خوێندن و چ لە رێگەی میدیایەکانەوە بە سەختی لە ژێر کاریگەری زمانی دەوڵەتەکانیان دان. ئەو کاریگەرییە لە زۆر بواردا تا رادەیەک لە ئاستی ئاسایی‌بوون دەرچووە و بۆتە هەڕەشە و مەترسییەکی گەورە لەسەر شوناسی زمانی کوردی. باشووری کوردستان لەو خەمە رەخساوە، کەچی بە دڵنیاییەوە ئەو حەولە پوختانەی بۆ نموونە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەردێن، لە باشوور نموونەیان نییە!


من رەشبین نیم بەڵام کام دێوەزمە دەڵێ دیسان ماڵوێرانی و بێدەرەتانی باڵی بەسەر ئەم وڵاتەدا ناکێشێتەوە؟ کێ دەڵێ ئارامشت بێ‌کۆتایە؟ کێ لە ژیانی خۆبەخۆی زمان لە ژاوەژاوی ئەم عەسرەدا دڵنیایە؟ چ دەستێک بەری شاڵاوی زمانانی پێ دەگیرێت؟ کێ هەیە ماڵە‌وماڵ بکات و رووناکی شاشەکان هەڵبڕێت و بەری بۆژۆبوونی سەوزەڵانی زمانەکەمان بگرێت؟ کە وایە دەست لە دەست و قەوەت لە خوا، دەبێ ئەم ئەرکە پیرۆزە پرۆژە و پلانی بۆ داڕێژرێت و ئەم ناسنامە نەتەوایەتییە لە کرتەکرتی مۆریانە رزگار کرێت.
_____________________________
- دیارە "فەرهەنگ" و "وشەدان" دوو وشەی جیاواز بە دوو مانا و ناوئاخنی لێک جوداوەن، ئەو تایبەتمەندییانەی بۆ فەرهەنگێک پێویستن لە وشەداندا رەچاو ناکرێن و وشەدان پرۆسەیەکی زۆر سادەترە. تاق و لۆقەیەکی وەک فەرهەنگە ناتەواوەکەی عەبدوڕەحمانی زەبیحی لێ دەرچێت باقی بەرهەمەکانی‌تر هەموو لە خانەی وشەداندا خۆیان دەبیننەوە. ئەم شلکە وتارە نەپەرژاوەتە سەر تایبەتمەندییەکانی ئەم دوو پرۆسەیە و گرێی باسەکەی هەر بە زمانی کۆلکە خوێندەواران کردۆتەوە، بۆ ئەوەی نەبێتە بەردی بن گۆم!
- لە وەرزنامەی زرێباری ژمارە ٧٧ و ٧٨ کەڵک وەرگیراوە.

 

ماڵپه‌ڕی کامه‌ران هه‌ڵوه‌دا‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک