پێویستە (گۆران) ڕیشەکێش بکرێ ...
لیستى گۆران چۆتە لیستى رەشەوە.

هیوا ڕەش
ئەو درمە پیسەى کۆمەڵگاى کوردى کردۆتە کۆمەڵگایەکى تەوەزەل و بێ بەرهەم
و وەکو چۆن باس لە نەخۆشییە سەردەمییە تازەکان ئەکەن و گومان ئەکرێ
کردەیەکى موخابەراتى زلهێزەکانى دنیا بێت و بە پلان داڕشتنەوە
ڤایرۆسەکانى بە ناو ووڵاتە دواکەوتووەکان دا بڵاو ئەکرێتەوە ، ئاوهاش
گەندەڵى وەکو ڤایرۆسێکى داوەشێنەر لە دەسەڵاتەوە خراوەتە جەستەى
کۆمەڵگاى کوردییەوە و بیرێک لە چارەسەرەکەى ناکرێتەوە !
نرخى کەل و پەل لە ناو بازاڕ دا وەکو ئاگر گیرفانى بەتاڵى مووچەخۆران
گڕ تێ بەر ئەدات و بازرگانە چڵێسەکان بە مەوادى ئێکسپایەر و بە سەرچوو
کۆنترۆلى شۆستە و شەقامەکانى سەنتەرى شارەکانیان کردووە و بوونەتە
مایەى دڵە ڕاوکێ و بڵاو کردنەوەى دەرد و بەڵا بە ناو خەڵکى دا ، هێشتا
ئەمە بە گرفتێک لە ئەژمار نەهاتووە !
هیچ پرۆژەیەکى خزمەتگوزارى نیە لە دواى ناڕەزایەتییەکى زۆرى جەماوەر
نەهاتبێتە بوون و دەستى پێ نەکرابێت و نەدرابێت بە کۆمپانیاى دۆست و
ئەحباب و پیرە کۆمپانیاش جگە لە دواخستنى چەند بە چەندى پرۆژەکان و
ئینجا ڕادەست کردنى بە شل و شێواوى و پڕ کەم و کوڕى لە دواى گزى و
دزییەکى زۆر ، کەچى کۆمپانیاچییەکیان نەهێنایە سەر شاشەى تەلەفزیۆنەکان
و ناچارى دان نان بە غەشەکانى بکەن و سزاى بە سەر دا بسەپێنن !
ڕۆژانە نەبووە ، چینێک ، توێژێک نەڕژێنە سەر شەقامەکان و داواى مافى
زەوتکراوى خۆیان نەکەن و بە ئۆردویەک پۆلیس دەورە نەدرێن ، کەچى بەرتیل
دەر و ماستاوچى و خۆڕەپێشخەران پۆلیسێک ناتوانێ لە هیچ جۆرە
سەرپێچییەکیان بپێچێتەوە !
ئەمانە بەرکوڵى قەیران گەلێکن ، بە هیچ بەرپرسێکى گیرفان دڕاو ئەم
هاوکێشانە ناگەنە ئەنجام ، وەکو ئەوەى ئەگێڕنەوە : سێ برادەر بڕیار
ئەدەن ڕادیۆیەک بە هاوبەشى بکڕن ، سەوداى ڕادیۆیەک ئەکەن لە دوکانێکا
کە مێرمناڵێکى بە سەرەوەیە ، پێیان ئەڵى بە (( 30$ )) ە ، هەریەکەیان
(( 10$ )) ئەدەن و ئەیکڕن و ئەڕۆن ، لەو کاتەدا باوکى مێرمناڵەکە کە
خاوەنى دوکانەکەیە لە نوێژ ئەگەڕێتەوە بۆ دوکان ، کوڕەکەى لە خۆشى
ئەوەى بە باوکى ڕابگەیەنێت کاسبى کردووە پێى ئەڵى : بابە لەو ڕادیۆیانە
دانەیەکم فرۆشت بە (( 30$ )) ، باوکیشى یەکسەر پێى ئەڵێ : کوڕم ئەوە
بایى (( 25$ )) ە ، ئەگەر ئەزانى لەم ناوەن بڕۆ ئەو (( 5$ )) ەیان بۆ
ببەرەوە ، کوڕەکە بیرێکى خراپ بە مێشکیا دێت و لە ڕێگە (( 2$ )) بۆ خۆى
هەڵئەگرێ و (( 3$ )) ئەگەڕێنێتەوە بۆ کڕیارەکان .
ئاڵۆزییەکەى ئەمە لەوەدایە ، کڕیارەکان هەریەکەو (( 9$ )) یان بەر
ئەکەوێ ، کە واتە بە هەرسێکیان ئەکاتە (( 27$ )) ، مێرمناڵەکەش ((2$ ))
ى بۆ خۆى هەڵگرتووە ، هەمووى ئەکاتە (( 29$ )) ، بەڵام لە ڕاستیش دا
خۆى (( 30$ )) بوو ، بە عالەم ئاشکرا دۆلارێک دیار نامێنێ و ناتوانرێ
کەسیش تۆمەتبار بکرێ و دێر زەمانێکە ئەم هاوکێشەیە وەکو بودجەکەى لەمەڕ
خۆمان کە دیارە چەند دێت و چەندیش سەرف ئەکرێت و بەڵام دەسەڵاتدارەکان
هەر بە بێ ئەنجامى هێشتوویانەتەوە و لە خۆیان بترازێ کەس بە
نیشتمانپەروەر نازانن و ئەوەى باسیشى لێ بکات دوور نیە بە دەستى دەرەکى
و تابورى ژمارەیەکى نەخوازراو تۆمەتبار نەکرێت ! ئەگەر وانیە ئەبوایە
بمانبیستایەتەوە ڕۆژێک بەرپرسێک سزا بدرایە یان دەستى لە کار
بکێشایەتەوە ، وە یان هەرهیچ نەبوایە پلەکەى بەرز نەکرایەتەوە !
هیچ جاش و خۆفرۆشێک ، هیچ بەعسى و خوێن ڕێژێک ، بە سوڵتان هاشم و
هاوتاوانەکانیشیەوە نەماون دەست لە ناو دەستیان نەکرێت و داکۆکییان لێ
نەکرێت و باوەشیان بۆ نەکرابێتەوە ، بەرەى تورکمانى و گرد بوونەوەى
عەرەبى و حەدبا و هەموو کۆنە بەعسى و شۆفینیزمە عەرەبییەکان ، هیچیان
بە قەد (( لیستى گۆران )) لە لیستى ڕەش دا نین ، هیچیشیان بەقەد ((
لیستى گۆران )) مەترسیش نین بۆ سەر نەتەوەى کورد ، ئەگەر وا نەبوایە
کەناڵەکانى ڕاگەیاندنى دەسەڵات زیاد لەوان گرنگى بە لەبەر یەک
هەڵوەشانەوەى (( گۆران )) نە ئەدا ! پێ ئەچێت باس کردن لە گەندەڵى و
ئاشکرا کردنى ژمارەکان لە لایەن لیستى گۆرانەوە لە تیرۆر و تیرۆریستان
مەترسى و هەڕەشە تربێت بۆ سەر ئاساییشى نەتەوەییمان ، بۆیە ئەبێت
ئەولەویەتى پێ بدرێت و هەوڵى ڕیشەکێش کردنى بدرێت ، ئەگەر وا نیە
بەرپرسى ئاساییش بۆ ئەبێت لە پێشوازى گەڕانەوەى گەنجانى لیستى گۆران بۆ
(( ڕاستەڕێ )) ئامادە بێت !
هەموو ناوچە سنورییەکانى خوارووى کوردستان لە هەڕەشەى بۆ یەکجارى داگیر
کردن دان ، ئەمڕۆ پێویستە زەرد و سەوز و سوور و شین و مۆر و سپى و ڕەش
و هەموو ڕەنگەکان لە پێناوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى تابلۆى یەکگرتن
بنەخشێنن ، ئەگەر دوێنێکە پەنجەکان یەکتریان ئەشکاند با ئەمڕۆ
مەچەکەکان بکرێنە مستە کۆڵە و بۆ دەمى دوژمنان لە ئامادەباشى دا بێت .
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|