په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٠

پەخشانێک ... بۆ سۆزانى خاڵە شه‌هاب ؟!


هیوا ڕەش   


ساڵەهایەکە بودجەى ئێمە ئەدزرێ و دابەش ئەکرێ و خەرج ئەکرێ و تاڵان ئەکرێ و بە فیڕۆ ئەدرێ و خاوەنەکەشى برسى ئەکرێ و بێکار ئەکرێ و بێنەوا ئەکرێ و بێحیساب ئەکرێ و فەرامۆش ئەکرێ و پرسى پێ ناکرێ و هیچ باسێکیش لە ئارادا نیە ! ساڵەهایەکە حزب نیشتمان لەت ئەکا ، هاووڵاتى پەرت ئەکا ، برابەش بودجە کەرت ئەکا، مافى گشت زەوت ئەکا ، چەک و فیشەک لە دوژمن قەرت ئەکا ، من و براکەم ئەدا بە گژ یەکا و هیچ باسێکیش لە ئارادا نیە ! ساڵەهایەکە دەست لە بیناقاقام گیر کراوە ، ئازادیم زەوت کراوە ، حەوت ساڵە بودجەى ئەم هەرێمە تەخشان کراوە ، بەشى کەرکوکى لێ لا نەدراوە ، ئەمساڵ بارەکە گۆڕاوە ، ناوى شارەکەم لە ناوە ، خوایە تۆبە چى ڕووى داوە ؟ !

خەنى لە کەرکوکیەکان ، ئەمساڵ بە قسەکانى سۆزانى خاڵە شه‌هاب بێت بەخوڕ فرمێسکى تیمساحى بۆ کەرکوک ئەڕێژن ، غەمیانە لەو پارە زەوەندەى ساڵەهایەکە حزب بۆ خۆى ئەیبات و خێرى لێ ئەکات و کۆمپانیاى پێ بەڕێوە ئەبات و گەدەى بەرپرسى پێ پڕ ئەکات و بەشى میللەتى لێ نادات ، ئەمساڵ کەرکوکیان کەوتۆتە بیر ، بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردن بیکەن بە نێچیر ، پەرلەمان کەوتۆتە ڕا و تەگبیر ، لەو پارەیەى ساڵانێکە ئەخورێ ، کە فزەیان لێ نەهاتۆتە دەرێ ، ئەمڕۆ شەڕیانە تا بەشى کەرکوکى لێ لا بدرێ ، خوایە هاوار لەودیو پەردەوە چى ئەگەڕێ ؟ !

ئێمەى کەرکوکى بودجەمان ناوێ ، بەڵام با شەڕە پەڕۆ نەکرێ ، دژایەتى یەکتر ڕاگیرێ ، چى تر کەرکوک ئازار نەدرێ ، لە مەسئولى نامەسئول پاکەوە بکرێ ، بەوە ویژدانى کەرکوک ئاسودە ئەکرێ ، دایکى شەهید دڵى ئارام ئەگرێ ، ئێمەى کەرکوکى بودجەمان ناوێ ، لە گەڵ بودجەدا دوو ئاسایشى زەرد و سەوزمان ناوێ ، لە گەڵ بودجەدا دوو پەروەردەى سەقەتى حزبمان ناوێ ، لە گەڵ بودجەدا هیچ شتێکى دوولەتى زەرد و سەوزمان ناوێ ، ئەگەر ئێوە ڕێزى دایکى شەهیدتان ئەوێ ، واز لە بودجە بێنن و لە کەرکوکا ببن بە برا تاوێ !

سۆزان خان ، کچى خاڵە شه‌هابى قارەمان ، سەرۆکى فراکسیۆنى سەوز لە پەرلەمان ، ئێوە هەمووتان ، کوردستانى و یەکگرتوو و کۆمەڵ و گۆران ، موزایەدە مەکەن لە سەرمان ، بە تەمان - - - لە کام بودجەیە تەرخان کەن بۆمان ، ئەوەى چەند ساڵە ئەخرێتە گیرفان ؟ !

ساڵەهایەکە کەرکوکى ئاوارەیە ، لە نیشتمانى خۆى غەوارەیە ، دڵى ڕەنجاو و پارەپارەیە ، عیلاجى نە بە بودجە و نە بە پارەیە ، مەرهەمى کەرکوکى تەنها یەک هەڵوێستى و یەک ئیدارەیە ، پیرۆزى خۆتان بێت ، ئێمە کەى چاومان لەو بودجە نازدارەیە ؟ !

ئێمەى خەڵکى ناوچە داگیرکراوەکان ، بێ ئەوەى بودجەش تەرخان بکەن بۆمان ، بەشێکین لە خاکى کوردستان ، بۆیە لە دژى دوژمنان ، دەنگ ئەدەین بە لیستى کوردان ، هەر بە دەنگى خۆمان ، ئەمڕۆ بێت یان سبەى ، ئەگەڕێینەوە باوەشى نیشتمان ، تکا ئەکەین سۆزان خان ، ئێوە خۆتان سەغڵەت مەکەن لە پەرلەمان - - - کەل مەخەنە بودجەى حیزبەکانتان .
 


07701309524
Hewarash1@yahoo.com