په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٣\٢٠١٨

پەیـامێک بۆ منـداڵانی جـیهان

لە (کۆمەڵـەی منـداڵانی کـورد - نەرویج)ەوە.

 

رەزا ساڵح*


ئێمەی ئەندامانی (کۆمەڵـەی منـداڵانی کـورد ـ لە نەرویـج) کە بەشێکین لە منـداڵانی کوردستان ئەم پەیامەمان بە زمانی کوردی ئاراستەی سەرجەم منداڵانی جیهان دەکەین، کە ئێمەش بەشێکین لە ئەوان.. لە هەچ وڵات و شوێنێکدا بژین.. لە هەچ نەتەوەیەک بن.. سەر بە هەچ باوەڕ و ئایینێک بن.

ئەی منداڵانی جیهان.. ئێوە لە ئێمەی منداڵانی کورد بەختەوەرتر و ژیانخۆشترن.. ئێوە بە ئاسوودەیی و ئارامی و ئاشتی دەژین.. بە شادی و کامەرانی دەژین.. ئێوە ئازادن و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆتانن.. ئازادی و دیموکراتی و ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ و منـداڵان و ژنـان لە لای ئێوە بوونیان هەیە.. ئێوە مافەکانتان پارێـزراون و رێـزتان لێدەگرن.. ناتانکـوژن و دەربەدەر و ئاوارەتان ناکەن.. سەرما و گەرماتان نابێت.. تێرن و برسیتان نییە.. بە ئەوپەڕی ئازادی و دڵخۆشییەوە پێدەکەن و یـاریدەکەن.. بە ئارەزووی خۆتان شایی و سەمادەکەن.. لە باوەشی گەرمی دایکان و باوکانتان دا، گوێتان لە ئاواز و موزیکی خۆش دەبێت، بە گێڕانەوەی چیرۆکی خۆش دەتانکەنە خەو.. لە هەموو لایەکەوە سۆز و خۆشەویستی و رێز دەورەی داون.. بە تامی دڵتان چێژ و خۆشی لە تافی منداڵیتان دەبینن.. جیهانی پڕ لە هیوا و خەیاڵ و خەونی خۆشتان لێتێک نادەن.. کەس ناتان تۆقێنێ و کەس ماڵ و قوتابخانەکانتان ناڕووخێنێت..

بەڵام لە کوردستانی داگیرکراوی ئێمەی کورد دا.. داگیرکەران هێـندە رەگەزپەرستن، هێندە دڕندەن و خوێنڕێـژ و فاشستن، هیندە شەڕخواز و کاولخوازن، هێندە دژی ئازادی و دیموکراتی و ئاشتی و پێکەوەژیان و مافەکانی مـرۆڤ و منداڵانن.. هێندە ستەمکار و تاوانبارن.. خاوەنی رقێکی هێندە رەشن.. لە هەموو جیـهاندا لە وێنەیان نییە.. لەوەتەی هەن دژایەتی گەلی کوردمان دەکەن.. لەوەتەی هەن کورد ژینۆساید دەکەن.. کوردستان کاول دەکەن.. سامانی کوردستانمان تاڵان دەکەن و دەدزن.. داگیرکردن و خوێنڕشتن و کوشتنی منداڵان و ژنانی بێتاوان.. بێڕەوشتی و نامەردی و تاڵانکردن و جەردەیی و دزی ووێرانکردن و دەربەدەرکردن و رەگەزپەرستی، بەشێکی رەسەنن لە کولتووری بۆگەنی داگیرکەرانی کوردستان، کە لە باب و باپیرانیانەوە بۆیان ماونەتەوە.


ئەوەتا بە رۆژی رووناک، بە بەرچاوی جیهان و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتییەوە، تورکیای زیندانستان و ئێرانی سێدارە و عێراقی شیعستان و سوریای بەعستان، بە چاوپۆشینی رۆسیا و ئەمریکا و ناتۆ.. گەلەکۆمەیان لە گەلی بێتاوانی کوردمان کردووە.. بە زەبەلاحترین هێز و بە قورسترین چەکی مۆدێرزمەوە، پەلاماری شاری کەرکوک و خانەقین و دووز و مەخموور و شەنگالیان دا، لە باشووری کوردستان، بە سەدان ماڵ و دوکان و بازاڕیان تاڵانکرد و تەقاندیانەوە، بە دەیان کەسیان کوشت، بە هەزاران کورد ئاوارە بوونە و ناهێلن بگەڕێنەوە بۆ زێـدی خۆیان.. هەر ئەم داگیرکەرانەی کوردستان هەمان گەلە کۆمەیان لە شاری (عەفـرین)ی رۆژئاوای کوردستان کرد و، سوپای رەگەزپەرست و دڕندەی تورکیا، لەگەڵ هەزاران جاشی بەکرێگیراویان لە پاشماوەی داعشە بێڕەوشتەکانی سوریا و عێراق لە ژیـر ناوی (سوپای ئازاد) دا پڕ چەک کردن و دڕندان و نامەردانە، شەو و رۆژ بە فڕۆکەی تانک و تۆپ و زرێپۆشی رووسی و ئەمریکی و ئەوروپی، بێ دەستپاراستن و زۆر بێبەزەییانە و نامەردانە شەو و رۆژ بەبێوچان بۆردوومانی ماڵەکان و بازار و قوتابخانە و نەخۆشخانەی شاری عەفرینی قارەمان و جوانیان کرد.. بە سەدان کوردی سڤیلیان شەهیدکرد، بە سەدان برینداریان هەیە.. کە لە نێو شەهیدەکاندا، زیاتر لە پەنجا منداڵی کورد شەهیدکران، زیاتر لە سەد منداڵیش بریندارن.. کەچی ئۆردوگانی خوێنڕێژ، کە تا ناقڕگەی بە خوێنی کورد سوورە، نکووڵی لە تاوانەکانی دەکات، لە جیاتی کوشتنی پەنجا منداڵی کورد بە پەنجا چەکداری کورد ناوی بردن.. بێجگە لە لە شەهیدبوونی بە سەدان ژن و پیری کورد لە عەفرین و دەوروبەری.. تا ئێستاش تورکیای فاشست درێژە بە تاوانەکانی دەدات، لە عەفرین و لە باکوور و باشووری کوردستاندا، رۆژانە ئتاوانی قێزەوەنترلە دژی گەلی کوردمان ئەنجام دەدات.. تورکیادژی کوردە لە هەرشوێنێکدابین.

بە هۆی پەلاماردانی عەفرینەوە، لە ترسی کوشتن، زیاتر لە دوو سەد و پەنجا هەزار کوردی عەفرین ئاوارەی سوریا بوونە، لە بەر باران و سەرما و سۆڵەدا دەژین.. لەو ژمارەیە زیاتر لە حەفتا و پێنج هەزار منداڵیان تێدایە.. لە باروودۆخێکی زۆر سەخت و کارەساتاویدا دەژیـن.. چی ماڵ و سامانیشیان هەیە، لە لایەن سوپای تورکیا و جاشە بەکرێگیراوەکانییەوە بەبەرچاوی کامیراکانی میدیاکانی جیهانەوە تاڵان کران.

بە داخەوە گەلی کوردمان زیاتر لە سەد ساڵە، بۆتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتە زل هێزەکان.. هەموویان لە جیاتی جیهان شەڕی داعشیان بە کورد کرد، ئێستاش پشتیان تێکردووین.. تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ راگرتنی تاوانەکانی تورکیا نەناوە.. هیچ هەڵویستێکی پراکتیکیان نەناوە.. تورکیا و ئێران و عێراق ئەو هەموو تاوانانەیان دژ بە گەلی کوردمان ئەنجام دان و ئەنجامیدەدەن.. کەچی تا ئێستاش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنان، لە ئاستی تاوەنەکان و رەشەکوژی و ژینۆسایدکردنی بە ئاشکرای گەلی کوردمان، کوێـرن کـەڕن، لاڵـن، ویـژدان مـردوون.. هیچ هەڵویستێکی نەرێنییان نەنواندووە، تا ئێستا بە ئاشکرا و بە فەرمی پرۆتستۆی تاوانەکانی تورکیایان نەکردووە.. بێدەنگیش لە ئاستی تاوانـدا، تاوانـە.. ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بۆ رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنان، بۆ ویژدانی مردووی جیهانی بۆ بێهەستی مرۆڤایەتی.. بەرانبەر بە گەلی کوردمان.. هەموو دەوڵەتانی جیهان قەرزاری پێشمەرگە و شەرڤانانی کوردن لە بەرخودانی و قوربانیدان و بەرگریکردنیان لە دژی داعش.

ئەی منداڵانی جیهان، داوا لە ئێوەی هاوڕێ و خۆشەویستی ئێمە دەکەین، کە دەنگتان هەڵبڕن و دەنگتان بخەنە پاڵ دەنگمان و بە توندی پرۆتستۆی تاوانەکانی داگیرکەرانی کوردستان بکەن.. داوکان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە رێکخـراوەکانی مافـەکانی مرۆڤ لە ویژدانی جیهانی و لە هەستی مرۆڤایەتی بکەن، پێيان بڵێن بەسە چاوپۆشین و بێدەنگی و بێهەڵویستی لە ئاستی ئەو هەموو تاوانانەی کە ئەردۆگانی دیکتاتۆری سیکۆپاتی،سەرەک کۆماری تورکیای زیندانستان، بە نارەوا لە کوردی دەکات.. هاوارکەن و بڵێن، بەسە کوشتن و بەندنکردن و وێرانکردن و دزی و تاڵانکردن و دەربەدەرکردنی کوردی بێتاوان.. بڵێن بەسە خوێنڕشتنی خەڵکی سڤیلی کورد.. داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەن، فشار بخەنە سەر ئەردۆگان و دوای لێکەن هێڕش و تاوانەکانی لە دژی شاری عەفرینی داگیرکراو رابگرێت و هێزەکانیان دەرچن لەم شارە کوردستانییەمان.. بڵێن بەسە شەڕ و داگیرکردن.. بەسە ژینوسایدی گەلی کورد.. با هەموومان داوابکەین، کە ئەردۆگانی تاوانبار و ستەمکار، بە تاوانی کوشتن و خوێنڕشتن و ژینۆسایدی کورد، بە کوشتنی منداڵان و ژنانی کورد و وێرانکردنی کوردستان.. بدرێتە دادگای نێودەوڵەتی.. بێگومان تاوانە قێزەوەنەکانی ئەردۆگان، تاوانی دژی بە مرۆڤایەتین.. پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای هەموو یاساکان و رێکەوتنەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنانن.

ئەی منداڵانی جیهان.. سڵاو و خۆشەویستی و رێزمان بۆتان هەیە.. سڵاوی سەرجەم منداڵانی کوردستانی ئازادیخواز و ئاشتیخواز و دیموکراتیخواز و ژیانخواز.

_______________________________
* رەزا ساڵح: سەرۆکی (کۆمەڵەی منداڵانی کورد - نەرویج).


٢٥\٣\٢٠١٨ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک