په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٣

پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان چییمان پێدەڵێ؟


جیهاد محەمەد       


بە خوێندنەوەی من، ئەم پەیامە، پەیامێکی زۆر مرۆڤدۆستانەبوو، لەو ڕووەوە کە هەموو شەڕ و پێکدادانێک و خوێنڕشتنێک ڕەتدەکاتەوە. پێدادەگرێت لەسەر پێکەوە ژیان، یەکلاییکردنەوەی ململانێکان بە وتووێژ و خەبات و هەوڵدانی شارستانیانە، پێکەوە گونجاند و تەبایی لەسەر ئەو بنەمایەیی کە هیچ گەل و نەتەوە و گروپێک بۆی نەبێت ئەویتر بسڕێتەوە و بێدەنگی بکات. بێ دەنگکردنی چەکەکان و لە جێگەیدا ڕێزگرتن لە ماف و کولتوور و داننان بەیەکتریدا.


ئەم پەیامە، وریاکردنەوەیە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی میزۆپۆتامیا کە بە درێژایی مێژوو شەڕ و پێکدادان و پەلاماردان و هێڕشکردنە سەر یەکتری بۆ لەناوبردنی بەرامبەر بە گیانی خۆویستییەکی گڵاو و ناشیرین بۆ خۆ سەپاندن و قۆرخکردنی هەموو سەروەت و سامانی سروشتی خۆشگوزەرانیی و خۆشبژی لەسەر حسابی چەوساندنەوە و سرینەوەی ئەویتر. ئەم کولتووری خۆسەپاندنەش سیستەمی سەرمایەداری کەلەسەر بنەمای بەکاربردن و چەوساندنەوە و گیانێکی نامرۆیی خۆی ڕاگرتووە برەوی پێداوە و بەکاریهێناوە بە بێ گوێدانە هیچ جۆرە مرۆاڵێکی مرۆییانە.


ئەم پەیامە، لە فەلسەفەیەکی مرۆییەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەو فەلسەفەیە لە دێر زەمانەوە لە ململانێدایە لەگەڵ فەلسەفەی ستەمکاریی و سەرمایدارییدا، ئەوە تەنیا عەبدوڵا ئۆجەلان نییە کە قسەی لەسەر ئەم فەلسەفەیە کردبێت بە پەیامێکی سیاسیانە. بەڵام بۆ ئەم پەیامە دەنگی دایەوە و زۆر بە گرنگ وەرگیرا؟ ئەمە مەسەلەیەکی ترە و لێردا نامەوێت بچمە سەری، چوونکە ئەوە ئاو زۆر دەکێشێت و بابەتی ئەم خوێندنەوە سەرپێییە نییە.


پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، هەرچەندە ئەرێنییە وەک ئامژەم پێدا، بەڵام بێ کەموکوڕیی نییە.


ـ یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئەوەیە کە کەسێکی وا سیاسی دیار کە خاوەنی خەباتێکی دوورودرێژی نەتەوییە و، دامەزرێنەری هێزێکی سیاسی گەورەی وەک پارتی کرێکارانی کوردستانە، بە شێوازێکی زۆر نەرم قسە لەسەر دوژمنانی گەلی کورد دەکات، وەک ئەوەی کە توندووتیژییەکان و شەڕ و پێکدادان و خوێنڕشتنەکان، گەلی کوردی ستەمدیدە و چەوساوە هاوبەشبووبێت لە سازدان و دروستکردنییدا و، لە بەرژەوەندیی بووبێت کە بەرەوی پێبدات، وەک ئەوەی کە ڕەگەزپەرستەکانی تورکی و فارسی و نەتەوەییە عەرەبە شۆڤێنیەکان ئەمەیان نەسەپاندبێت بەسەر گەلی کوردا بە داگیرکردن و جینۆسایدی ئەم گەلە.


ـ دەبوایە ئاماژەی بەوە بدایە کە گەلی کورد لە ژێر فشار و جینۆسایدو پەلامار و هێڕش و داگیرکردندا ناچارکراوە پەنابەرێت بۆ چەک و خەباتی چەکداریی. لەم حاڵەتەشدا خەباتی چەکداری قێزەون و ناشیرین نەبووە، بەڵکو ئەم گەلە مافی خۆی بووە هیچ نەبێت بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی ئەو خەباتە بکات. بەڵام ئەمڕۆ (من لێرەوە ڕایدگەیەنم کە ئەم گەلە ئامادیە بۆ ئاشتیی و پێکەوە ژیان، داوکارم کە ئەم گەلە هەموو هەوڵێک بدات و جارێکیتر لەسەر داوای من بیسەلمێنێتەوە کە ئامادەیە بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان، هەر وەک چۆن لەسەر داوای من پەکەکە ٨ هەشت زیندانی ڕادەستی تورکیا کردەوە، هەر وەک چۆن ئەم هێزە چەندین جار یەک لایەنانە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە). بە داخەوە بەهیچ جۆرێک ئەم پەیامە ئامژەی تیا نەبوو بۆ ئەو دەستپێشخەرییانە.


ـ لە لایەکیتر لەم پەیامەدا، بە هیچ جۆرێک ناوی پەکەکە نەهاتوە، وەک ئەوەی نووسەر ئەم پەیامە، دامەزرێنەری ئەو هێزە سیاسییە نەبێت!. وەک ئەوەی زیندانیکردنی لەسەر دامەزراندن و خەباتی ئەو هێزە سیاسییە نەبووبێت!


ـ لە جیاتی ناوهێنانی پەکەکە لە چەند شوێنێکدا باسی خۆی و ناوی خۆیدەبات ئەمەش نیشانەیەیکی خراپە بۆ ئەوەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان خۆی لە هێزی پەکەکە و گەلی کوردی باکور بە گەورەتر دەزانێت. یان هەر هیچ نەبێت نیشانەیەکە بۆ ئەوەی کە خۆی جیادەکاتەوە لە پەکەکە و چییتر بڕوای بەم هیزە نەمابنێت!


ـ خاڵیکیتری نەرێنی، ئەوەیە کە داوادەکات هێزەکان بچنە دەرەوەی سنور! کام هێز؟ ناوی ناهێنێت!، تەنانەت لێرەشدا ناوی پەکەکە ناهێنێت! وەک ئەوەی پێیوترابێت کە ناوهێنانی پەکەکە قەدەغەیە. ئەمە جگەلەوەی کە چوونە دەرەوەی پەکەکە لە ناو کوردستانی باکوردا، بەو مانایەدێت کە ئەم هێزە هەموو لانەو جێگە شارەوەکانی خۆیان کە یارمەتیدەرییان بووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە نامرۆیی و کوشتنوبڕینەکانی سوپای تورکی داگیرکەر هەڵبوەشێننەوە و لە خۆیانی تێکبدەن. بۆیە دەبوایە ئەم خاڵەی ناو پەیامەکە تەنیا داواکردنێکی بێ بەرامبەر نەبوایە لە پەکەکە، بەڵکو دەبوایە داواشی لە تورکیا بکردایە کە لەبەرامبەردا دەستپێشخەرییەک بکەن، بۆ نموونە ١٠ هەزار خەباتگێری کورد لە زینداندا دەناڵێن، دەبوایە ئاماژەی پێبدایە و داوای بەربوونییانی بکردایە. دەبوایە ئەوەی لەبەرچاو بوایە کە بە هەزارن لەم زیندانیانە مانیانگرت و گەیشتنە لێواری مردن، لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان دەستبەرداری مانگرتنەکانیان بوون.


ـ ئەم پەیامە هیچ داوایەکی ئەوتۆی تێدانییە لە بەرامبەر چەکدانانی پەکەکەدا، یان لە بەرامبەر چوونەدەرەوەی پەکەکەدا لە سنورەکانی کوردستانی باکوردا.(هەرچەندە بە ڕاشکاوی قسەی لەسەر چەک دانان نەکردوە، بەڵام بێ دەنگی تفەنگەکان ئەوە دەگەیەنێت).


ـ بە داخەوە، ئەوەی کە بە نەرێنی دەزانم لە پێشوازیکردنی ئەم پەیامەدا لە لایەن خەڵکی گشتییەوە، ئەوەیە کە بە بێ خوێندنەوە و بە سۆزداریی خەڵک کەوتونەتە چەپڵە لێدان و ستایشی ئەم پەیامە بە جۆرێک وەک ئەوەی کە هەموو شتێک تەواو بووبێت و کورد لە باکوردا گەیشتبێت بە تەواوی مافەکانی خۆی و هیچ لە ئاردا نەمابێت. تەنانەت خەڵک ئەوەندە بە ڕووکەشی گوێیان لەم پەیامە گرتوە کە قسەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانیان بیرچۆتەوە کە دەڵێت ئەمە سەرەتا و دەستپێکە.


بە بڕوای من ئەم خەسڵەتی چەپڵەلێدان و شایلۆغانەی دوای پەیامەکە لە لای خەڵکەوە یەکێکە لەو خەسڵەتانەی کە گەلی کورد زۆر زیانی لێکردوە.


ـ ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، کە پێشوازی لەم پەیامەکرد، لەگەڵ پێشوازییەکەیدا سیاسیانە دەڵێت گرنگ جێبەجێکردنییەتی، واتا بەم قسەیە تۆپەکە هەڵدەداتەوە ناو گۆڕەپانی پەکەکە کە دەبێت دەستبەجێ لە سنورەکانی کوردستانی باکور( کە ئەو بە تورکیایی داگیرکەری دادەنێت) بچنەدەروە.


ـ عەبدوڵا گویل کورد قەرزارباردەکات بەوەی کە ئاڵای تورکیایان لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا بەرزنەکردوەتەوە، ئەمەش بە ئاستەنگ دادنەێت بۆ ئاشتی، هەر زوو بیانوو دەهێنێتەوە بۆ نەبوونی دەستپێشخەری تورکیا.


ـ پێشوازیکردنی ئەمریکا و دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆرستی جێگەی ئابروبردنییەتی، نەک ستایشکردن لێی، پەکەکەو قەندیل هیشتا لە جێگەی خۆیەتی، چۆن وا زوو ئەمریکا و کۆشکی سپی ئەمەی کرد؟، حەق وایە هەم پەکەکە و هەم خەڵکیش بەرپەرچی ئەمریکا بەوە بدەنەوە، کە پەکەکە تیرۆریست نەبووە، ئێوە لە پێناوی بەرژەوەندی خۆتاندا ئەم تۆمەتەتان داوەتە پاڵ پەکەکە، بۆیە پێویستە داوای لێبوردن لە گەلی کورد و پەکەکە بکەن.

 

٢٢\٣\٢٠١٣ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک