په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٠\٢٠١٤

پەیامەکەی حەیدەر عەبادی بە روونیی گەیشت.


ستار محەمەد قادر   

 

ئێستای کورد رێک و رەوان بەچیرۆکی ئەو رێویە دەکات، کە کەوتبوە تەڵەوەو دەیویست بەوە خۆی بخەڵەتێنێت، چاوێکی دادەخست و دەیگوت بەڵکو ئەمە خەون بێت!


دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی لەدواهەمین دیداری تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (بی بی سی)یدا هەرچی لەنێو هەمانەکەیدا بو هەڵیڕشت و هیچ جۆرە پەراوێزێکی نەهێشتەوە بۆ ئەوەی کورد بە گۆڕینی مالیکی بە عەبادی دڵخۆش بکات، دەبێت کورد لە ئێستادا قەناعەت بەخۆی بهێنێت کە ئەو دیدارە خەون بوو نەک واقیع!


کاتێ کورد پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت مالیکی عەرشەکەی جێبهێڵێت، بەدیدی سەرکردایەتی کورد بەلاچونی مالیکی کۆتایی بەهەمو کێشەو ئاریشەکان دەهێنرێ و فەرشی سور لەبەردەم حەزو ئارەزوی کورد دادەخرێ و دەرگەی رەحمەتمان لێدەکرێتەوە.


وا عەبادی هاتە سەر حوکم و جگە لەسەردانێکی تەشریفاتی تا ئێستا بە عەمەلی هیچ هەنگاوێکی ئیجابی نەناوە بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەنێوان هەرێم و ناوەند هەڵبدرێتەوە، نەک ئەو کارەی ئەنجام نەدا، بەڵکو زۆر بێ منەتانە لەو دیدارەدا دەڵێ: بەرپرسانی کورد پێویستیان بە بڕیاری قورسە، بەو واتایەی دەبێت لە بڕیارەکانیان پاشگەز ببنەوەو داهاتی نەوتی هەرێم بخرێتە بەردەستی ناوەندو ئەوان حاکم ببن بەسەریەوە ئەوجار قوتی خەڵکی رەوانە دەکەن!


لەکاتێکدا ئەگەر لە ڕووی مۆڕاڵی بەرپرسیارێتی و رەوشتییەوە لەپێگەی مالیکی و عەبادی بنواڕین، دەبێت لەئێستادا هەموو جیاوازیەکان وەلاوە بنێن و دەستی هاوکاری مادی و مەعنەوی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە درێژ بکەن، چونکە ئەوان لەهەموان باشتر ئەو راستیە دەزانن، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتوەتە ژێر چ بارێکی قورسەوە، لەلایەک شەڕی نان بڕین و لەلایەکی دیکەوە شەڕی داعش، ئاخر لەکام وڵاتی دونیادا لەسەر وەختی جەنگدا تیشک دەخرێتە سەر جیاوازیەکان و ئیبراز دەکرێت؟


حەیدەر عەبادی دەڵێت: نەوتی هەرێم؛ وەکو نەوتی بەسرە هی هەمو عێراقیەکانەو دەبێت داهاتەکەشی بۆ هەموان بێت، دەشڵێت ئەو بەهەمو شێوەیەک هەوڵ بۆ چارسەرکردنی کێشەو ناکۆکیەکان دەداو بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن!


عەبادی مکوڕ بونی خۆی خستە رو لەهەمبەر گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ناوەند و دەشڵێت نا دادپەروەری زۆر هەیە لەو نێوەندەدا، حکومەتی هەرێم نەوتەکە بۆ خۆی دەبات و لە داهاتی نەوتی بەسرەیش پارەی دەوێت، لەبارەی هەوڵەکانیشیەوە بۆ کۆتایی هێنان بەکێشەکان و چارەسەرکردنیان، ئامادەیی خۆی پێشانداوە بۆ بەرپرسانی کورد بە مەرجێک، هەرچی وردەکاری و داهات و نوسراویان هەیە ئەیخەنە بەردەستیان، بەڵام ئەوانیش هەرچی نوسراویان هەیە با بیخەنە رو لەسەر مێزی گفتو گۆکان.


ئەوەی عەبادی لە مالیکی جیا دەکاتەوە، تەنها ناو و دەم و چاویانە، دەنا عەبادی هەر لەدروستکردنی حکومەتەکەیەوە کوردی بێ منەت کردو لەو سەردانەشیدا بۆ جارێکی تر بێ منەتی خۆی بۆ کورد دوپاتکردەوە، ئەو بڕیارە قورسەی عەبادی ئاماژەی پێدەکات، دەبێت سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان، لەبڕیارەکانی پاشگەز ببێتەوەو مل بۆ داواکاریەکانی ناوەند شۆڕ بکاو بە بێ موجامەلە و ماسک پۆشین شکستی خۆیان مانیفێست بکات، ئەمە پەیامێکی رونی عەبادیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسیەکان، جا مرۆڤ نازانێت کاتێک ئەمە هەڵوێستی سەرۆک وەزیرنی نوێ ببێت، دەبێت هەڵوێستی سەرکردایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شەفافی و رونی چۆن بێت؟
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک