په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٣

پەیامەکەی ئیمڕاڵی؟!


ستار محەمەد قادر   


بە یەقینەوە هیچ کێشەیەک بەشەڕ چارەسەر ناکرێت، شەڕ جگە لە ماڵکاولی و کوشت و بڕو کارەسات هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە، کورد لەهەر سێ پارچەکەی کوردستان بە ناچاری پەنای بردووە بۆ شۆڕشی چەکداری، چونکە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان نە گوێیان لە کورد دەگردو نەش وەکو نەتەوەیەکی خاوەن ماف تەماشایان دەکرد، ئێمەی کورد ئاشتیخوازین، ئەگەر دەرگەی دایەلۆگمان بەسەردا دانەخرێت، لێ کاتێک دەرگەکانمان بەروودا دادەخەن و هیچ حیسابێکمان بۆناکەن، ئێمەیش ناچارین بیر لە میکانیزمی دیکە بکەینەوە، جگە لەبەرگریکردن لە ناسنامەی خۆمان هیچ مژارێکی دیکەمان نابێت، ئێمە عاشقی چەک نیمان، بەڵکو چەک بە دوژمنی سەرسەختی بەشەریەت دەزانین، لەبەر ئەوەی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان هیچ بوارێک ناهێڵنەوە بۆ خەباتی سیاسی مەدەنیانە، زوبانی زیندان و رامکردن و چاوسوورکردنەوەو سەرکووتکردن بەکاردەهێنن، هیچ دەلاقەیەک ناهێڵنەوە جگە لەوەی بڵێسەی شۆڕش ببێت بە پەیامی میللەتێکی ژێر دەستە!


راستە لە رابردوودا بە حوکم و یارمەتی هاوکێشە سیاسیە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکانەوە توانیان گورزی کەمەر شکێن لە ژێر خان و سەرخانی نەتەوەی کورد بدەن، ئەوەیش راستە لە رابردوودا ئاو لە شوێنی بێڵیان هات بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕەکانی کورد بە موخەڕیب و تیرۆریست بناسێنن و لە رێیەوە هەوڵی قڕکردنی میللەتێک بدەن، بەڵام وەکو بینیمان سەرباری ئەو هەموو ئیمکانیاتە ماددی و مرۆییەی ئەوان، نە توانیان کورد لە نێوبەرن و نە شۆڕشەکانی کورد تووشی نووشت و شکست بکەن، هەر وەکو هەموو هەوڵەکانیان لە پێناو تەتریککردن و پرۆسەی بە عارەبکردن و تەفریسکردنمان بە نەزۆکی سەریان نایەوە، نە کۆمەڵکوژی دەرسیم و نە کیمیا بارانکردنی هەڵەبجەو نەش پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال ئەم میللەتەی بێ ئیرادە کرد!


کاتێک وڵاتێک ئاخافتن بە زوبانی دایک دەخاتە خانەی شتە حەرامەکانەوەو هیچ مافێکت پێڕەوا نابینێت، هەموو مافە کلتووری فەرهەنگیەکانت لێ یاسخ دەکاو مافی هاوڵاتیبوونت بە سەدەقە پێدەفرۆشێت، جگە لە شۆڕش دەبێت چ زوبانێک هەبێت بۆ ئەوەی لە گەڵ واقیعێکی وا تاڵدا مامەڵە بکرێت؟! وڵاتێک بەردەوام لە هەوڵدا بێت بۆ ئەوەی ناسنامەت چەواشە بکاو بە تورکی کێوی بتناسێنێ و تەنها بە ناوی کوردستان تووشی شۆک ببێ و بە زوبانی کوردی قەڵس و بە مافی کورد تووڕەو بە بوونی کورد تووشی هیستیریا بووبێت، ئاخر ئەگەر هەموو ئەمانە نەبن بە هۆکاری هەڵگیرسانی شۆڕش لە پێناو فراژووکردنی نەوەکانی میللەتێکی ژێر دەستە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، دەبێت چی شتێک شایانی ئەوە بێت شۆڕش لە پێناویدا بڵێسە بدات؟!


ئەگەر وڵاتی تورکیا لە سەرەتای ئاوا بوونیەوە وەکو وڵاتێکی عیلمانی و دیمۆکراتی بە نموونە وەربگرین، لەبەر ئەوەی بوونی کوردو خاکەکەی لە دەستووری ئەو وڵاتەدا گرنگی پێنەدراوەو هەر لە بنەڕەتەوە پەراوێز خراوە، نە کورد بوو بە هەوێنی ئەو وڵاتە دیمۆکراتیەو نەش ئاوێتەی ئەو وتەیەی کەماڵ ئەتاتورک بوون کە دەڵێت: " ئەگەر دەتەوێت بەختەوەر بیت، بە زوبانی تورکی بدوێ "؟! بیست و نۆ ساڵی رابردوو، بیست و نۆ ساڵی پووچەڵ کردنەوەی خەونێکی نەزۆکە، خەونێک جگە لە کارەسات هیچی بەدوای خۆیدا نەهێنا، ئۆپەراسیۆنی درووستکردو وڵاتی تورکیای سیخناخ کرد لە ئیشکالیات، زیندانی وەکو چارەسەر بینی و لە دەرەنجامدا زیندان بوو بە فێرگەو مرۆڤی تێدا پەروەردە دەکرا بۆ ئەوەی بەرخۆدان بکات، سەرۆکی پارتێک بە یارمەتی کۆمەڵێک وڵاتی زلهێز دەسگیری دەکاو لە دوورگەیەکدا لە زیندانێکی تاکە کەسیدا بەندی دەکا، نابێت بە هۆکاری ئەوەی کورد دەسبەرداری مافە شەرعی و سوونەتیەکانی خۆی ببێت، نەش بوو بە هۆکاری دابەزینی کێرڤی ئەو سەرۆکە بەندکراوە!


ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان واقیعێکی نوێ دەبینین، واقیعێک زادەی ئەم سەردەمەیەو رووداوێکی دانسقەو کەم وێنەیە لە ناوچەکەدا، دانووستان لە گەڵ سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کونجی زینداندا، حۆی لە خۆیدا گۆڕانکاریەکی نەوعیە، گۆڕانکاریەکە لە ناوچەیەکدا کە بە کۆمەڵێک مینی هاوکێشەی سیاسی هەرێمی چێنراوەو بەرژوەندی چەند وڵاتێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پەیامەکەی ئیمڕاڵی بەشێوەیەکی زۆر جوان گوزارشت لە گۆڕانکاری لە هاوکێشەی سیاسی و هزری سیاسی و نەتەوەیی و مافی هاوڵاتیبوون و شێوەی مامەڵەی دەوڵەت لەم سەردەمە نوێیەدا دەکات، بۆیە وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێویستە لەسەر هەر هەموو هێزە سیاسەکانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک کار بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە بکەن، چونکە لە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەدا کورد قازانجێکی گەورە دەکاو بە فۆڕمێکی نوێوە تێکەڵ بە هاوکێشە سیاسیە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکان دەبێت، هەموو ئەمانەش گوزارشت لە خەون و ئاسۆی میللەتێکی زیندوو دەکات، هەر ئەو پەیامەیش بوو زۆرێک لە وڵاتانی هێنایە سەر خەت؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک