٢٨\٣\٢٠١٣
پەیامەکەی ئۆجەلان
چیمان پێ دەڵێ؟

جەلال محەمەد
بەر لەوەی بێمەسەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ، خراپ نییە ئەگەر کەمێک
بگەڕێینەوە دواوە بۆ ڕێکەوتنی ئۆجەلان و ئۆزال لە ساڵی ١٩٩٣ دا بە
دەستپێشخەری تاڵەبانی . کاتێک باس لە ڕێکەوتنی ١٩٩٣ کرا ، بەشێک لە
هەوادارانی پکک توشی شۆک هاتن ، تا کار گەیشتە ئەوەی ژمارەیەک لە
کوردانی ڕۆژئاوا کە هەموویان لە خانەوادەی شەهیدان بوون ملی ڕێیان گرتە
بەر بۆ لای بەڕێز ئۆجەلان ، لە کەمپی شەهید "مەعسوم قورقماز".
ئەو خانەوادە بەڕێزانە پێشنیارێکیان خستە بەر دەم بەڕێز ئۆجەلان و
گوتیان :- {چ هۆکارێک هانی داون کە هەوڵی ڕێکەوتن بدەن لەگەڵ دەوڵەتی
تورکدا ؟ ئەگەر هۆکارەکەی کەمی ژمارەی گەریلایە ئەوا ئێمە ئامادەین
هەموو منداڵەکانی دیکەشمان بخەینە نێو ڕیزی گەریلاوە . ئەگەر هۆکاری
ئابووریە ئەوا ئێمە ئامادەین پارووی دەمی منداڵەکانمان پێشکەشی شۆڕشی
بکەین}.
بەڕێز ئۆجەلانیش وەڵامی دانەوە و گوتی :- {هۆکارەکەی نە کەمی گەریلایە
و نە لاوازی ئابووری ، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە سێ قۆناغ "پێڤاژۆ"ی
خەباتمان لەبەر دەمدایە، "١- خەباتی شاخ، ٢- خەباتی شار، ٣- خەباتی
سیاسی" . ئەو خەباتەی تا ئێستا کردومانە "خەباتی شاخە" ، لەم خەباتەدا
ئێمە سەرکەوتووین و دوژمن هیچ کاتێک نەیتوانیوە لە خەباتی چەکداریدا
تێکمان بشکێنێت ، ئیتر سەرەتای قۆناغی دووەمە "واتە خەباتی شار" تاکو
بیکەینە پشتیوانی خەباتی شاخ . لەبەرئەوە با کەس وا تێنەگات کە ئێمە
لاوازین و وازمان لە خەبات هێناوە بەڵکو ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە و
دەبێت لەم قۆنەغەشدا سەرکەوین }.
لە دوای ئەو پەیامەی بەڕێز ئۆجەلانەوە ، خەباتی شار شێوازێکی دیکەی بە
خۆیەوە بینی ، ئەو شێوازەش بەرفراوان بوونی خۆپیشاندانە جەماوەری و
ڕێپێوانەکان بوو ، لە سەدان کەسیەوە دەربازی هەزاران و سەدان هەزار کەس
بوو تا گەیشتە ملیۆنان ، (خۆپیشاندانەکانی ئامەد نموونەی ئەو ڕاستییەیە)
، خەباتی شار بە جۆرێک پێشکەوت کە لە زۆر بواردا پێش خەباتی شاخیش
کەوتەوە . تەنها لایەنێکی کوردی کە توانیبێتی زۆر بە سەرکەوتوویی
خەباتی شار پێشبخات و بیکاتە بناغەی سەرکەوتن پکک بووە ، ئەو خەباتەش
بە ڕێنمایی بەڕێز ئۆجەلان بوو.
لە ڕۆژی نەورۆزی ئەم ساڵیشدا "٢١-٣-٢٠١٣" بەڕێز ئۆجەلان پەیامێکی دیکەی
ئاڕاستەی گەل و گەریلا کرد ، وەک لە پەیامەکەی بەڕێزیاندا ئاماژەی
پێدراوە "ئەمە کۆتایی هاتنی خەبات نییە بەڵکو سەرەتای خەباتێکی نوێیە"
. ئەو خەباتەش قۆناغی سێهەمە واتە "خەباتی سیاسی".
ئەم پەیامە دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دواوە بوو هەم لە ڕووی نێو دەوڵەتی
و هەم لە ڕووی هەرێمیەوە ، هەم لە ڕووی دەرەکی و هەم لە ڕووی
ناوخۆییەوە ، هەندێک بە پۆزەتیف و هەندێک بە نێگەتیف لێکیان دایەوە.
هەرچی ناوەندە نێو دەوڵەتیەکانە لە ئەمریکاوە تا دەگاتە یەکێتی ئەوروپا
، لە سەرۆکایەتی کۆنسەی ئەوروپاوە تا دەگاتە پەڕلەمانی ئەوروپا ، لە
ڕوسیاوە تا دەگاتە ئیسرائیل ، لە حکومەتی هەرێمەوە تا دەگاتە حیزبەکان
ئەم پەیامەیان بە پۆزەتیف پێناسە کرد . لە بەرامبەردا دەوڵەتە
هەرێمیەکانی وەک ئێران و سوریا بە نیگەرانیەکی زۆرەوە دەڕواننە ئەم
پەیامە و بە نێگەتیف پێناسەی دەکەن ، تەنانەت بەعسیە گۆڕکراوەکانیش لە
سەر زاری "عێزەت الدوری"یەوە نیگەرانی خۆیان لەم پەیامە نەشاردەوە .
هەڵبەت بە نێگەتیف پێناسەکردنی ئەم پەیامە لە لایەن داگیرکەرانەوە خۆی
لە خۆیدا گەورەترین سەرکەوتنە بۆ کوردان . بیوانە ئەم لینکە:
http://rudaw.net/sorani/middleeast/22032013
هەندێک بەرپرسی باشووری کوردستانیش لە سەرەتادا کەوتنە ژێر کاریگەری
ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو پەیامەی بەڕێز ئۆجەلانیان
بە نێگەتیف پێناسە کرد بەڵام لە کورتترین ماوەدا لە گوتەکانیان پاشگەز
بوونەوە ، واتە کاتێک هەستیان کرد کۆماری ئیسلامی ئێران لە نیازپاکیەوە
باس لەو پەیامە ناکات . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە:
http://www.lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=15357
http://www.kurdiu.org/hawal/index.php?pageid=121676
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە نووسەر و
سیاسەتمەداران ئەم پەیامەیان زۆر بە گرنگ و پۆزەتیف پێناسە کرد ، بەشێک
لەم نووسەر و سیاسەتمەدارانە هەواداری پەکەکەن و بەشێکیش لە دیدی
خۆیانەوە شڕۆڤەیان بۆ ئەم پەیامە کردووە . منیش هیچ گوتەیەکم بۆ ئەم
نووسەر و سیاسەتمەدارانە نییە.
ژمارەیەکی دیکە لە نووسەر و سیاسەتمەداران زۆر بە نێگەتیفی لەم پەیامە
دەڕوانن ، ئەم جۆرەش نووسەرانەش دەکرێن بە چوار بەشەوە:
١- نوسەرانێک کە لە دڵسۆزیەوە دەڕواننە مەسەلەکە :- ئەم جۆرە کەسانە
زیاتر بیر لە ڕێکەوتنی لایەنەکانی دیکە دەکەنەوە و دەیکەنە پێوانە بۆ
پکک . هەندێکیان دەڵێن یەکێتی و پارتی ڕێکەوتنیان کرد و ئەنجامەکەی
ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ و کارەساتی ١٩٨٨ بوو ، هەندێکی دیکە دەڵێن دیموکرات
ڕێکەوتنی کرد و ئەنجامەکەی تیرۆری دکتۆر قاسملو و ئۆردوگانشینی حیزبە
کلاسیکەکان بوو.
ئیتر بەبێ ئەوەی ئەو بەڕێزانە بیر لەوە بکەنەوە کە نە پکک هاوشێوەی
یەکێتی و پارتی و دیموکراتە ، نە بەڕێز ئۆجەلانیش هاوشێوەی ئەو
سەرکردانەیە کە هەمیشە فەڕشی سوریان بۆ ڕادەخرا لەلایەن داگیرکەرانەوە
. دەبوو ئەو بەڕێزانە بیریان لەوە بکردایەتەوە کە زیاتر لە یەک مانگە
بەڕێز ئۆجەلان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەی ئاڕاستەی قەندیل و ئامەد و برۆکسل
و تەنانەت هەولێر و سلێمانیش کردووە و هیچ شتێکی بە شاراوەیی
نەهێشتۆتەوە ، سیاسەتمەدارانی کورد و کادرانی پکک زۆر بە باشی
ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان شرۆڤە کردووە و وەڵامیشیان بۆ بەڕێز ئۆجەلان
ناردۆتەوە و پاشان ئەو پایامە دراوە.
٢- نوسەرانێک کە زیاتر لە ژێر کاریگەری بەرپرسە حیزبیەکاندان :- ئەم
جۆرە نوسەرانەش لە دڵسۆزیەوە دەڕواننە مەسەلەکە و دەڵێن "ئاپۆ لە
زینداندایە و لە ژێر فشاردا ئەم لێدوانانە دەدات" بەڵام گرفتاریەکە
لەوەدایە ئەم جۆرە نووسەرانە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری بەرپرسە
حیزبیەکان و لە چاوی ئەوانیشەوە دەڕواننە مەسەلەکە نەک بە بیرکردنەوەی
خۆیان شڕۆڤەی ڕووداوەکان بکەن . بەرپرسە حیزبیەکانیش زۆر بە
زانابوونەوە ئەم پڕوپاگەندانە بڵاو دەکەنەوە ، چونکە بەشێک لەو
بەرپرسانە گرێدراوی داگیرکەرانن و بەشێکی دیکەشیان خاوەن
بەرژەوەندییەکی زۆرن لەگەڵ داگیرکەراندا ، ئەم بەرپرسانە هەمیشە ترسیان
لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد هەبووە لە باکووری کوردستاندا ، چونکە
دەزانن چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکووردا کاریگەری دەکاتە سەر
پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەو کات کۆتایی بە بەرژەوەندیەکانیان بێت.
٣- نوسەرانێک کە تەواو کەوتونەتە دژایەتیکردنی پکک و بڕیاریشیان داوە
کە تا لە ژیاندابن هەر دژایەتی ئەو حیزبە دەکەن :- ئەم نووسەرانەش
نوخبەیەکن لەو حیزبانەی کە سەردەمانێک هێزیان هەبووە و ئیمڕۆ لە هێز و
لە گەل دابڕاون ، ئەم حیزبانە لە ڕیی ئەو جۆرە نووسەرانەوە هەموو
هەوڵێک دەدەن بۆ زڕاندن و ناشیرینکردنی ناوی پکک و بەهێزبوونەوەی
خۆیان لە لاوازبوونی پەکەکەدا دەبیننەوە ، بۆ نموونە یەکێک لەو
نوسەرانە کە تا ڕۆژگاری ئیمڕۆش کەسی یەکەمی یەکێک لەو حیزبانەیە ، لە
چوار کاتی جیاوازدا چوار لێدوانی جیاواز دەدات بەم جۆرە:
* لە ساڵی ٢٠١٠دا کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی کردە سەر قەندیل و
لە بەرامبەردا پژاک بەرخۆدانێکی کەم وێنەی کرد . ئەو نووسەرە گوتی (سیاسەتەکانی
پژاک هەمووی لە خزمەتی داگیرکەردایە چونکە بەم بەرگریکردنە هەم
کوردستان دەشێوێت و هەم زیاتر میلیتاریزە دەبێت ، لەبەرئەوە با پژاک
شەڕ نەکات و باوی شەڕی چەکداری نەماوە ).
* لە ساڵی ٢٠١١دا کاتێک ڕاپەڕین سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە ، "پەیەدە"
لەسەر ڕێنمایی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان سیاسەتێکی سەربەخۆی گرتەبەر و
کوردی لە شەڕی نێوان بەعس و ئیخوانالموسلمین پاراست ، ئەو کات هەمان
نووسەر گوتی (سبحاناللە پەیەدە کە بەرچاوتەنگ و پیسە ، تۆ وەرە
تەماشاکە هەموو میلەتی سوریا کەوتۆتە شەڕەوە کەچی پەیەدە دەڵێت ئێمە
شەڕ نەکەین و بە ئاشتی کێشەی کورد چارەسەر دەکەین ، ئاخر ئەگەر تۆ شەڕ
نەکەیت چۆن بەشار ئەسەد دەڕوخێت ؟).
* لە ساڵی ٢٠١٢دا کاتێک پکک دەوڵەتی تورکی تێکشکاند و زۆربەی
ناوچەکانی شەمزینانی پاک کردەوە ، ئەو کات هەمان نووسەر گوتی (بە ڕاستی
پکک کارێکی خراپ دەکات ئەم شەڕەی هەڵگیرساندووە ، چونکە تورکیا
دیموکراتترین وڵاتە لە ناوچەکەدا و مەجالی بە کوردان داوە کە سیاسەت
بکەن ، خۆ ئەگەر ئێران بە نیوەی تورکیا مەجالی بە ئێمە بدایە ئەوا
هەرگیز شەڕمان نەدەکرد).
* ئێستاش کە ساڵی ٢٠١٣یە هەمان نووسەر دەڵێت (ئۆجەلان لە زینداندایە و
لە ژێر فشاری دەوڵەتی تورکدا ئەو پەیامەی داوە و پێویستە پکک گۆێ بە
ئۆجەلانی نەدات و شەڕی خۆی درێژە پێ بدات).
با خوێنەر سەرنج بداتە لێدوانی ئەم نوسەرە و پاشان بڕیار بدات ، چونکە
ئەم نوسەرە نە شەڕی قبوڵە و نە ئاشتی ، نە ڕووبەڕوو بوونەوەی قبوڵە و
نە ڕێکەوتن . (کاتێک پژاک بەرخۆدانی دەکرد دەیگوت باوی چەک نەماوە و
دەبێت بە ئاشتی کێشەی کورد چارەسەر بکرێت ، کاتێک پەیەدە بە ئاشتی
دەچێتە پێش دەڵێت کاتی ئاشتی نییە و دەبێت شەڕ بکرێت ، کاتێک پکک
شەڕی دەکرد دەیگوت لە تورکیا دیموکراتی هەیە و پێویست بە بەکارهێنانی
چەک ناکات ، کاتێک پکک باس لە ڕێکەوتن دەکات دەڵێت با پکک شەڕ
بکات).
٤- نوسەرانێک کە لە ڕابردودا دەمڕاستی حیزبی شیوعی عێراق بوون :- ئەم
جۆرە نوسەرانەش هیچ کاتێک ئامادە نەبوون ددان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن
و هەمیشە خۆیان بە ڕاست زانیووە ، دەبوو ئەم جۆرە نوسەرانە کەمێک
باسیان لە دەستکەوتەکانی خۆیان بکردایە و پاشان هەمان داواکاریان
ئاڕاستەی پکک بکردایە . لە ڕابردوودا حیزبی شیوعی لەسەر گوتەی ئەم
جۆرە نوسەرانە ڕۆیشت بۆیە هەمیشە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و لە پاش 80
ساڵ تەمەن بۆتە کارمەندی دەسەڵاتدارانی باشوور.
لەگەڵ ڕێزێکی زۆرم بۆ حیزبە شیوعیەکانی جیهان کە خاوەنی زۆر دەستکەوتی
گرنگن ، بەڵام شیوعیەکانی عێراق لە ڕاستیدا پەڵەی شەرمەزاری بوون بۆ
شیوعیە جیهانیەکانیش ، ئەم حیزبە جگە لە فیتنەگەرایی هەمیشە سەنگەری
کۆنەپەرستەکانی هەڵبژاردووە دژ بە پێشکەوتنخوازەکان ، بۆ نموونە لە
بەرامبەر پارتیدا دەبوونە هاوپەیمانی بەعس ، لە بەرامبەر یەکێتیدا
دەبوونە هاوپەیمانی پارتی ، لە بەرامبەر کۆمەڵەدا دەبوونە هاوپەیمانی
دیموکرات ، لە بەرامبەر پەکەکەشدا ئامادەن ببنە هاوپەیمانی تورک و
ئەمریکاش.
دیموکرات و حیزبی شیوعی لەسەر گوتەی ئەم جۆرە نووسەرانە دەڕۆیشتن بۆیە
کاریان بەم ڕۆژە گەیشتووە ، خۆ ئەگەر بێتو پەکەکەش گوێبیستی ئەم جۆرە
نوسەرانە ببێت ئەوا هەمان چارەنووس چاوەڕێی دەکات.
ڕێکەوتن لە بەرژەوەندی کێدایە؟
ڕێکەوتن هەمیشە لە نێوان دوو لایەنی دژ بە یەکدا ئەنجام دەدرێت ،
ڕێکەوتنیش هەمیشە لە بەرژەوەندی لایەنی سەرکوتوودایە . بۆ نموونە ساڵی
ڕابردوو شەڕێکی سەخت لە نێوان پەیەدە و ئارتەشی ئازادی سوریادا ڕوویدا
، ئەنجامی ئەو شەڕە بە سەرکەوتنی پەیەدە کۆتایی هات ، پاشان ڕێکەوتنێکی
١١ خاڵی ئەنجام درا و ڕێکەوتنەکەش هەمووی لە بەرژەوەندی پەیەدەدا بوو
چونکە پەیەدە سەرکەوتووی شەڕەکە بوو . بڕوانە ئەم لینکە:
http://www.helwist.com/Nuseran/Celal%20Chwartaii/2013/26%20%202%20%20rikewtin%20sorye.htm
ئێستاش پاش شەڕێکی سەخت ڕێکەوتن لە ئارادایە
لە نێوان کورد و تورکدا ، بە باوەڕی من ئەم ڕێکەوتنەش هەمووی لە
بەرژەوەندی لایەنی کوردیدا دەبێت ، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا کورد لە
هەموو بوارەکاندا سەرکەوتنی بە دەست هێنا ، کە ئەمە بەشێکە لەو
سەرکەوتنانە:
١- دوو جار مانگرتن لە خواردن ئەنجام درا ، جارێک بۆ ماوەی ٨٤ ڕۆژ لە
ستراسبۆرگی فەڕەنسا و جارێکیش لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری
کوردستاندا بۆ ماوەی ٦٣ ڕۆژ . هەردوو جارەکەش تورکیا زۆر هەوڵی دا
کۆتایی بەو مانگرتنانە بێنێت و هەموو هەوڵەکانیشی نەزۆک دەرچوون ، تا
لە سەر داوای بەڕێز ئۆجەلان کۆتایی بە مانگرتنەکان هات و گەورەترین
سەرکەوتن بۆ نەتەوەی کورد و بەڕێز ئۆجەلان تۆمار کرا.
٢- لە ناوچەکانی شەمزینان شەڕێکی سەخت ئەنجام درا ، لەو شەڕەدا پکک
سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد و تەنانەت ئەو شاخەشیان خستە ژێر دەستی
خۆیان کە جێگەی گەشتیاری ئەردۆغان بوو . دەوڵەتی تورک خۆشیان نکۆڵیان
لەو سەرکەوتنە نەکرد و گوتیان " لە سی ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی تورک
شەڕی هێندە سەختی بە خۆیەوە نەبینیووە ".
٣- دەوڵەتی تورک هاوکارییەکی زۆری ئارتەشی ئازادی سوریای کرد تاکو
بتوانێت ڕۆژئاوای کوردستان لە دەستی پەیەدە دەربخات و ئەنجام بە دەست
بێنێت ، بەڵام لە بەرامبەردا هەم ئارتەشی ئازاد تێکشکا و هەم دەوڵەتی
تورک مایەپووچ بوو . ئەم سەرکەوتنەش چەندە بۆ ئارتەشی ئازاد کوشندە بوو
سەد هێندە بۆ دەوڵەتی تورک گورچکبڕ بوو.
٤- دەوڵەتی تورک بە هاوکاری ناتۆ هەوڵی زۆریدا تاکو بتوانێت پکک بێ
کاریگەر بکات ، بۆ ئەم مەبەستەش سێ ژنی تێکۆشەری کوردیان تیرۆر کرد لە
پاریس ، بەڵام ئەنجامەکەی نەک پکک بێ کاریگەر نەکرا بەڵکو بە
خۆپیشاندانی سەدان هەزاری هەموو پیلانەکانی تورک و ناتۆ پوچەڵ کرایەوە.
٥- تورک و ناتۆ زۆر هەوڵیاندا دەست بەسەر ئابووری پەکەکەدا بگرن ، بۆ
ئەم مەبەستەش سەدان چالاکوانی کوردیان لە ئەوروپا ڕاپێچی زیندانەکان
کرد ، بەڵام لە بەرامبەردا لایەنی کوردی "ڕومێلان و گرزیرۆ"یان لە
ڕۆژئاوای کوردستان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان کە زۆرترین نەوتی سوریا و
ڕۆژئاوای کوردستانی لێ بەرهەم دەهێنرێت . ئەم سەرکەوتنەش هەموو هەوڵێکی
تورک و ئەوروپای کردە بڵقی سەر ئاو.
ئەم پێنج خاڵەی سەرەوە بەشێکی کەمن لەو سەرکەوتنانەی کە لایەنی کوردی
تۆماری کردووە لە ساڵی ڕابردوودا و ئەنجامی ئەو سەرکەوتنانەش هەم
تورکیا ملکەچی ڕێکەوتن بوو و هەم ناتۆش گەیشتە ئەو باوەڕە کە لە
ناوچوونی پکک مەحاڵە و دەبێت چارەسەری ئانجام بدرێت.
سەرەتایترین دەستکەوتەکانی ئەم ڕێکەوتنەی نێوان
پکک و دەوڵەتی تورک:
هەرچەند تا ئێستا ڕێکەوتن لە سەرەتادایە و ئەنجامەکەی دیار نییە ،
بەڵام لەگەڵ ئەو سەرەتایەشدا چەندین دەستکەوتی گرنگ بە دەست هاتن ، کە
ئەمە بەشێکن لەو دەستکەوتانە:
١- ئەمریکا و ئیسرائیل و یەکێتی ئەوروپا و پەڕلەمان و کۆنسەی
سەرۆکایەتی ئەوروپا و بانکی مۆنی سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر بە
گەرمی پێشوازیان لە پەیامی بەڕێز ئۆجەلان و ڕێکەوتنی نێوان پکک و
دەوڵەتی تورک کرد .
ئەم پێشوازیکردنەش گەورەترین سەرکەوتنی خەباتی سیاسی کوردانە و
سەرەتایەکە بۆ دەرخستنی پکک لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەوروپادا ،
چونکە دانانی پکک لە لیستی تیرۆردا زۆر ئاستەنگی بۆ لایەنی کوردی ساز
کردبوو و کوردان نەیاندەتوانی بە سەربەستی ئەو خەباتەی کە مەبەستیانە
لە ئەوروپادا ئەنجامی بدەن ، ئەمە جگە لەوەی کە بە تیرۆر ناساندنی
پکک زیاتر دەستی دەوڵەتی تورکی ئاوەڵا دەکرد بۆ سەرکوتکردنی کوردان.
٢- بەر لەم ڕێکەوتنە ١١ جاری دیکە پکک ئاگربەستی یەکلایەنەی
ڕاگەیاندبوو ، هەر جارەش دەوڵەتی تورک بە تیرۆر و ئاگر و ئاسن وەڵامی
بانگەوازیەکانی پەکەکەی دابوویەوە . بەڵام ئەم جارەیان سەرکەوتنەکانی
کوردان گەیشتە ئاستێک کە دەوڵەتی تورک دەستپێشخەری کرد بۆ دانوسان
لەگەڵ ئیمراڵی و پەکەکەدا.
هەوڵدانی دەوڵەتی تورک بۆ دانوستان لەگەڵ پەکەکەدا پوچەڵکردنەوەی
سیاسەتی ٩٠ ساڵەی کەمالیەکانە کە باسیان لە "یەک دەوڵەت و یەک زمان و
یەک نەتەوە و یەک ئاڵا" دەکرد.
٣- ئەم ڕێکەوتنە گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئەو دوژمن و ناحەزانەی کە
دەیانخواست دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان زیندە بەچاڵ بکەن . چونکە
ئەم ڕێکەوتنە هەم پێگەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی زیاتر بەهیز کرد و
هەم کۆتایی بە تەواوی ئەو مەترسیانەش هێنا کە لە ڕێگەی سنور داخستنەوە
ئەنجام دەدران.
٤- ئەم ڕێکەوتنە گورزێکی کوشندەیە لە جەرگی تەواوی ئەو خیانەتکارانەی
کە بازرگانیان بە کوردانەوە دەکرد و لەسەر حسابی کوردانی باکوور
دەستێکەلاویان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا دەکرد.
٥- ئەم ڕێکەوتنە بوارێکی زیاتر بۆ پژاک دەڕەخسێنێت کە کادرێکی زیاتر
بخاتە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەبات لە ڕۆژهەڵاتدا پێشکەوتنێکی زیاتر
بە خۆیەوە ببینێت.
بۆچی کشانەوەی گەریلا بۆ دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان؟
زۆربەی ڕەخنەی ئەو بەڕێزانەی کە بە نێگەتیفی لەم ڕێکەوتنە دەڕوانن
بریتیە لە پاشەکشە پێکردنی گەریلا بۆ دەرەوەی سنوورەکانی باکووری
کوردستان ، هەڵبەت ڕەخنەکەشیان لە جێی خۆیدایە و پێویستە ئەو ڕەخنەیەش
بگرن ، چونکە دڕندەیی داگیرکەران بە هیچ کوردێک نامۆ نییە . بەڵام لە
هەمان کاتدا پێویستە پەکەکەش ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی تۆپەکە بخرێتە
گۆڕەپانی دوژمنەوە و هیچ هۆکارێک نەبێتە هۆی تێکدانی ڕێکەوتنەکە.
چونکە لە ساڵی ١٩٩٣دا کاتێک بۆ یەکەمین جار بە دەستپێشخەری تاڵەبانی
ئاگربڕ هاتە ئاراوە لە نێوان ئۆزال و بەڕێز ئۆجەلاندا ، ژمارەیەک لە
ژەنەراڵەکانی تورک کەوتنەخۆ بۆ تێکدانی ڕێکەوتنەکە . ئەو ژەنەراڵانە
داوایان لە بارزانی کرد کە هاوکاریان بێت بۆ تێکدانی ڕێکەوتنەکە ،
بارزانیش یەکێک لە بەرپرسەکانی پەکەکەی فریودا کە ناوی "شەمدین ساکک"
بوو و پێی ڕاگەیاند کە ئەگەر ئەو ڕێکەوتنە تێکبدات ئەوا پکک دەخاتە
دەستی ئەو ، ژەنەراڵە تورکەکانیش 33 سەربازی بێ چەکیان بە ناوی
مۆڵەتدانەوە خستە نێو پاسێک و لە ڕێگەیەکەوە ناردیانن کە شەمدین ساککی
لێ بوو ، شەمدین ساککیش لەسەر داوای بارزانی هەموو ئەو سەربازانەی کوشت
و ڕێکەوتنەکە هەڵوەشایەوە ، پاش ئەم ڕووداوە شەمدین ساکک هەڵهاتە لای
پارتی ، بارزانیش پارتێکی کارتۆنی بۆ دامەزراند بە ناوی "پکک
ڤەژیاندن" واتە "سەرلەنوێ دروستکردنەوەی پکک" ، بەڵام کاتێک بارزانی
هەستی کرد ئەم پارتە لەگەڵ لە دایکبوونیدا لەباریش چووە ، ئەو کات بۆ
ئەوەی پیلانەکەی ئاشکرا نەبێت شەمدین ساککی ڕادەستی تورکیا کردەوە لە
ڕێگەی فڕۆکەیەکەوە لە نێوان دهۆک و ئەتروشدا.
ئێستاش بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوە ڕوو نەداتەوە پێویستە پەکەکە تەدابیری
پێویست وەربگرێت ، کە بە باوەڕی من پاشەکشە پێکردنی گەریلا بۆ دەرەوەی
سنوورەکانی باکووری کوردستان گەورەترین تەدابیر وەرگرتنە و من هیچ بە
هەڵەشی نازانم . چونکە ئیمڕۆ لە باکووری کوردستاندا بە غەیری خەباتی
چەکداری خەباتێکی جەماوەری زۆر بەهێزیش لە ئارادایە ، ڕۆڵی ئەو خەباتە
جەماوەریەش لە ڕۆڵی خەباتی چەکداری کەمتر نییە و لە تەواوی
خۆپیشاندانەکاندا ئەو جەماوەرە ڕاپەڕیوە دەڵێن "پکک گەلە و گەل
لێرەیە" . واتە ئەگەر گەریلاش پاشەکشەی دەرەوەی سنوورەکانی باکووری
کوردستان بکات ئەوا ئەو جەماوەرە ڕۆڵی گەریلا دەبینێت و ڕێگە نادات هیچ
بۆشاییەک دروست ببێت.
لەبەرئەوەی هێشتا سەرەتای ڕێکەوتنی نێوان پکک و دەوڵەتی تورکە و
بڕیاردان لەسەر ڕێکەوتنەکە زۆر ئاسان نییە کە هەندێک بە تەسلیمبوونی
پێناسە دەکەن و هەندێکی دیکە بە ئاشبەتاڵ.
هەندێکیش کە لە هەموو ژیانیاندا بەشداری تەنها خۆپیشاندانێکیشیان
نەکردووە و هەموو ژیانیان لە خزمەتی دەسەڵاتداراندا بووە و لە هیچ
گوتەیەکی ناشایستەش ناسڵەمێنەوە و وەکو بڕیاردەرێکیش خۆیان پێناسە
دەکەن و دەڵێن "با گەریلا گوێ لە ئۆجەلان نەگرێت!" ، هەڵبەت ئەم
داواکاریە تەنها داواکاری ئەو جۆرە کەسانە نییە و بەردەوام دەوڵەتی
تورکیش هەمان بانگەوازی بۆ کوردان دەکرد و دەیگوت"با کوردان گوێ لە
ئۆجەلان نەگرن".
ئەمەش لینکی ژمارەیەک لەو نووسەرانەیە کە بە گومانەوە دەڕواننە
پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان و ڕێکەوتننامەکە:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=a801313e
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fdda22e5
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=838a382f
http://www.kurdistannet.org/2013/index.php?option=com_content&view=article&id=630:2013-03-23-07-34
-20&catid=11:2012-01-01-20-11-37&Itemid=21
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=69e19de0
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=fdf9528b
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=b320af27
http://www.penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/12671-2013-03-23-13-15-15.html
http://www.penusakan.com/didaw-terwanin/12640-2013-03-22-13-24-20.html
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=3545cd6e
ئەمەش لینکی پشتگیریکردنە لە لایەن
دامودەزگا نێو نەتەوەیەکان و بەشێک لە حیزب و نووسەران:
http://rudaw.net/sorani/kurdistan/220320133
http://so.firatnews.com/news/roejnae/sh-lhh-dyn-dh-myrtsh-lh-sh-r-nwh-roekhy-dydrh-khh-yn-lh-gh-l-y-oejln-lydwnykhy-grngy-d.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-h-hmh-d-twrkh-rygy-y-oejln-rygmnh.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/sh-lhh-dyn-dh-myrtsh-pshtgyry-pywjoey-y-shty-dh-khh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hkhwwmh-t-hh-rym-khwrdstn-pshtgyr-lh-hh-wlh-khn-y-sht-lh-twrkhy-dh-kht.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-h-mrykh-pyshwzy-lh-ph-ymh-khh-y-y-oejln-khrd-w-bwyrnh-wh-sfy-khrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/sh-roekhy-mpke-w-skhrtyry-gshty-ke-pshtgyry-y-oejlnyn-khrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/swoeboedn-pyshwzy-bngh-wzy-y-oejln-dh-khh-n.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/ynk-chwaeryy-y-aew-roejaeyn-y-aerdoegn-w-y-oejaeln-laekhoeshkhy-paerlaemnd-yaekhtr-laey-myz-bgrn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-aemyndry-gshty-yaekhgrtww-paeymaekhh-y-y-oejaeln-qoengykhy-nwyyae-boe-daesaelt-wshoershgyarny-paekhaekhae.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/fh-rh-ns-pyshwzy-ph-ymh-khh-y-y-oejlny-khrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-lmn-ph-ymy-y-oejln-hh-ngwykhy-gh-wrh-yh.htm
http://www.kurdistannet.org/2013/index.php?option=com_content&view=article&id=609:2013-03-21-08-05
-34&catid=2:2012-01-01-16-09-18&Itemid=32
http://www.welati.info/nuce.php?ziman=ar&id=6304&niviskar=-1&cure=3&kijan
=
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hh-r-dww-hzby-zh-hmh-tkhyshn-w-soesylyst-pshtgyry-lh-ph-ymh-khh-y-y-oejln-dh-khh-n.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/khoemh-ly-y-yslmy-pshtywny-khoey-boe-ph-ymh-khh-y-y-oejln-rgh-ynd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/dyr-gaeryb-paeymy-rybaer-y-oejln-ph-ymykhy-myjwwyyh.htm
http://www.penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/12649-2013-03-22-15-40-23.html
http://www.penusakan.com/gshty/babaty-halbzharda/12659-2013-03-22-18-37-40.html
http://www.penusakan.com/didaw-terwanin/12639-2013-03-22-13-15-07.html
http://www.penusakan.com/didaw-terwanin/12627-2013-03-22-01-29-00.html
http://so.firatnews.com/news/roejnae/pjak-bh-hh-mww-shywh-yh-kh-pshtgyry-lh-m-qoenkhh-dh-khh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hzb-y-yndh-y-khwrdstn-pshtgyry-dh-stpyshkhh-ryyh-khh-y-y-oejln-dh-khh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/twrkh-brykhy-qwrs-dh-khh-wyth-sh-rshny-gh-ly-khwrd-w-sysh-tmh-drny-khwrd.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/kcd-y-mdh-yn-hh-mww-y-h-rkhykhy-sh-rshnmn-jy-bh-jy-bkhh-yn.htm
http://so.firatnews.com/news/roejnae/hh-r-dww-hzby-zh-hmh-tkhyshn-w-soesylyst-pshtgyry-lh-ph-ymh-khh-y-y-oejln-dh-khh-n.htm
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=f6d54292
ئەمەش لینکی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانە:
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-oejln-y-h-mh-khoetyy-nyyh-bh-lkhw-dh-stpykhy-tykhoeshny-sysh-ty-dymwkhrtyyh.htm
ئەمەش لینکی دەنگدانەوەی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلانە:
http://so.firatnews.com/news/roejnae/y-oejln-y-h-mh-khoetyy-nyyh-bh-lkhw-dh-stpykhy-tykhoeshny-sysh-ty-dymwkhrtyyh.htm
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|