٢٦\١١\٢٠١٢
پەیامێک لە
گۆڕستانەوە*.
خوێندنەوەی: شەنگە رەحیم
ئێمە
لێرەدا پەیامێکمان پێیە لە مامۆستا ساکار و نیگارەوە، کە
بەناوی ١٩ دەستەخوشکی کوژراویانەوە بە
بیانووی جۆراوجۆر کە
تەنھا لە چەند مانگی رابردوودا
لە ھەرێمی کوردستان روویانداوە
و ئاراستەتان دەکەن:
ئەمەش پەیامەکەی
ساکار و نیگارە:
بەڕێزان ئەندامانی کۆنفراس.. ٢٠١٢ گوڵی تەمەنی ئێمەی ھەڵوەراند، بەڵام
ھیوادارین ئێوە بتوانن بە شێوەیەکی راستەقینە دڵنیامان بکەنەوەوە، کە
بڕواتان بە مافەکانی ژنان ھەیە و دژ بە
توندوتیژیی و ناعەدالەتین، ئەم دیدارەتان
لەم کۆشکە رازاوەیەدا بۆ تێڕامان و تێفکرین
و پلان دانانی جدی بێ نەک تەنھا بۆ بەڕێکردنی رۆژێک
و ئەرکێک و یەکتربینین و کۆمەڵێک بەڵێن کە ئێمە چەندین
رۆژ و ساڵمان
لەگەڵ ئەو جۆرە بەڵێنانەدا بەڕێکرد
و نەیانتوانی رێگربن
لە کوشتنی ھەزاران دەستە خوشک و دەیان ھەزارییش خۆیان سوتاند و لە بوون
و ژیان خۆیان بێبەریکرد.
ھەمان کات جۆرەکانی دیکەی توندوتیژیی
''فرەژنیی و
لێدان و ئازاری جەستەیی و دەروونیی
و خەتەنەکردنی مێینە و بێمافیی لە
بەرانبەر یاساکان و نەبوونی رۆڵی
یەکسانیی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا
بەردەوامیان ھەیە''.
ئامادەبووان ئێمە دەزانین لە
دڵی خۆتانەوە دەڵێن یاسای توندوتیژیی
ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ ئەو دەرمانە سیحریەیە، کە ھەموو شێوەکانی توندوتیژیی
چارەسەر دەکا سەرەتا ''یەک ملیۆن پیرۆزبایی
لە خۆمان و ئێوە بۆ دەرکردنی ئەو یاسایە''،
بەم یاسایە بۆ یەکەم جار ھەرێمی کوردستان توانی دەسپێشخەر و نموونە
بێ.
بەڵام ..،
نەبوونی پشتوانییەکی راستەقینەی
سیاسیی و یاسایی و ئیداریی
بە ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە دەبینرێ
''دادگا، خانەکانی داڵدەدان، نەخۆشخانەکان،
بنکەکانی پۆلیس'' ئامادەباشیان
نییە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، بەڵکو
ھەندێکیان ھەر باوەڕیشیان بە جێبەجێکردنی نییە،
ھاوشێوەی یاسای ژمارە ١٥ لە ساڵی ٢٠٠٨ کە چۆن لەو کاتەدا سەروەرییەک
بوو، بەڵام لە دادگاکاندا جێبەجێ ناکرێ و لەبار براوە، ھەر
بۆیە گرنگە ئەم دەسکەوت و سەروەرییانە
راستەقینە بن نەک تەنھا بانگەشە..!
ھاوکات جێی داخ و نیگەرانییە دەسەڵاتی ھەرێم
ئاگادار بێ، یان نا بۆ
خۆی بەشێکە لە توندوتیژیی و
بەردەوامبوونی حاڵەتەکانی کوشتن و کوشتنی
ژنان بە نموونە
یاسای لێبووردنی گشتیی
ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠١٢) کە لە لایەن پەرلەمانی
کوردستان دەرچووە، بەڵگەی ئەم
راستیەیە، کە تا ئێستا چەندین ژنکوژی
پێ ئازاد کراوە و داواکارین ئەم پرسە بەدواداچوونی
بۆ بکرێ.
وەک رێکخراوەکانیش دوای ئەم پەیامەی ساکار و نیگار ئێمە
ئەڵێین دەتوانین
داھاتوویەکی جوانتر بۆ نەوەی نوێ بەدی بێنین
ئەگەر ھەموومان پێکەوە راستگۆ
بین لە رووبەڕووبونەوەی توندوتیژیی
دژی ژنان.
زۆر سوپاس بۆ گوێگرتنتان.
________________________________________
*
پەیامی رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی لە کۆنفرانسی راگەیاندنی
هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان کە ئەمڕۆ لە
ھەولێر بەسترا، لە لایەن (شەنگە ڕەحیم)وە خوێندرایەوە،
٢٦\١١\٢٠١٢.
|