٢٠\٤\٢٠١٩
پەیام عەزیزی:
جێگای فیستیڤاڵێک بە ناوی مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر
کوردستانی چۆڵە.
مەنسوور جیھانی
پەیام
عەزیزی" گۆرانیبێژی کورد لە کۆنسێڕتی خێرخوازیی شاری سنە گوتی: جێگای
فیستیڤاڵێک بە ناوی مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" لە ئێران
چۆڵە.
"پەیام عەزیزی" گۆرانیبێژی پاوەیی لە کۆنسێڕتی خێرخوازیی شاری سنە بۆ
پشتیوانی کردن لە منداڵانی بێ سەرپەرەست کە بڕی پارەی ٣٠٠ میلیۆن تمەن
لە لایەن کەسانی خێرخوار بۆ ئەم منداڵە ئازیزانە کۆکرایەوە، ڕایگەیاند:
جێگای فیستیڤاڵێک بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و پێگەی مامۆستا سەید "عەلی
ئەسغەر کوردستانی" ئەفسانەی مۆسیقای کوردستان چۆڵە.
کۆنسێڕتی خێرخوازیی "پەیام عەزیزی" بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە
منداڵانی بێ سەرپەرەست و کۆکردنەوەی یارمەتی، بە ھاوکاری ئەندامانی
کوردیی گروپی موزیکی "ئەوین" و بە ئامادەبوونی "ھورموز شوجاعی میھر"
پێشکەشکاریی ناودار و بەتوانای ئێرانی لە ھۆڵی گەورەی ئازادی لە شاری
سنە بەڕێوەچوو کە لە لایەن ھۆگرانی موزیکی کوردیی و لایەنگرانی ئەم
گۆرانیبێژە کوردەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا، بە شێوەیەک کە نزیکەی
٢٥٠٠ کەس لە نزیکەوە ئەم کۆنسێڕتەیان بینی و ھەروەھا لە لایەن کەسانی
خێرخوار و مرۆڤ دۆستیشەوە بڕی پارەی ٣٠٠ میلیۆن تمەن بۆ ئەم منداڵە
ئازیزانە کۆکرایەوە.
"پەیام عەزیزی" لە سەرەتای دەسپێکی ئەم کۆنسێڕتەدا گوتی: شاری سنە زێدی
مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" ئەفسانەی مۆسیقای کوردستانە کە
شکۆ و گەورەیی ئەم بلیمەتەی مۆسیقای جیھانم بۆ نایەتە سەر زمان.
بەداخەوە بەڕێزیان بە باشی بە کۆمەڵگای مۆسیقای ئێران و دنیا
نەناسێندراوە. بە بڕوای من جێگای فیستیڤاڵێک بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتی و
پێگەی مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" ئەفسانەی مۆسیقای کوردستان
لە وڵاتی ئێران خاڵییە. ئەگەر ئەم کارە گرینگە بکرێت، موزیکزانانی
ناوداری ئێران و دنیا لەگەڵ ئەم کەسایەتییە بێوێنەیەی مۆسیقای کوردستان
ئاشنا دەبن و بە ناسینی زیاتری ئەم ھونەرمەندە کوردە یارمەتی دەبەخشێت،
کە ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا مەقامەکان و گۆرانییە کوردییەکانی بە باشترین
شێوە پێشکەش کردووە.
گوتیشی: ھیوادارم لە داھاتوویەکی نزیکدا، بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی
مامۆستا سەید "عەلی ئەسغەر کوردستانی" ببینین و من لێرەوە بە
شانازییەوە ڕایدەگەیەنم کە قوتابی قوتابخانەی ئەم مامۆستا بێوێنەیەی
مۆسیقای کوردستانم.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|