په‌یامی پیرۆزبایی بۆ سه‌رنووسه‌ری بڵاوکراوه‌ی هاوپشتیی کرێکاریی.
عامر سابیر هاوڕێی خۆشه‌ویست وه‌ستا حوسێنی بیناسازی سه‌رنووسه‌ری بڵاوکراوه‌ی هاوپشتیی کرێکاریی
به‌بۆنه‌ی سه‌رله‌نوێ ده‌رکردنه‌وه‌ی، بڵاوکراوه‌ی (هاوپشتیی کرێکاریی) له کوردستان، پیرۆزبایی گه‌رمت ئاڕاسته‌ئه‌که‌م و ده‌ستی ماندوو و خه‌باتکارانه‌ت تووند ده‌گووشم.
له هه‌لومه‌رجێکدا که ئه‌مڕۆ کرێکاران له کوردستان، له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کانی کوردایه‌تی و ئیسلامییه‌کاندا ئه‌یگووزه‌رێنن، که له ١٧ ساڵی ڕابردوودا ته‌نها له دائیره‌ی کاره‌با سه‌دان کرێکار بوونه‌ته قوربانی ناسه‌لامه‌تی شوێنی کار و له‌سه‌ر په‌یژه‌وه به‌ربوونه‌ته‌وه، وه‌یان به‌سه‌ر ته‌ل و عامودی کاره‌باوه ڕه‌قبوونه‌ته‌وه. وه ته‌نها قسه و به‌رپرسیارێتییه‌ک که ده‌سه‌ڵاتداران کردوویانه و پیشانیانداوه له به‌رانبه‌ر مه‌رگی ئه‌و کرێکارانه و چاره‌نووسی خێزانه‌کانیان، وتنه‌وه‌ی ئه‌و قسه پوچه‌یه که ئه‌ڵێن (قه‌زاوقه‌ده‌ر بوو، ڕۆژی ته‌واوبوو بوو).
له وڵاتێک‌دا که سه‌رۆکی ئه‌و حکومه‌ته‌ی که له گه‌نده‌ڵی و بێپلانی و بێده‌ربه‌ستیدا که‌م وێنه‌یه له جیهاندا، به‌ڵام سوکایه‌تی به کرێکاران ده‌کات و به ته‌مه‌ڵ ناویانده‌بات. له وڵاتێک‌دا که قانون کارێکی تیادا نییه. له هه‌لومه‌رجێکدا که له کۆمه‌ڵگادا ئیمکاناتێکی مادی زۆر هه‌یه، به‌ڵام له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دز و جه‌رده‌کاندا، کرێکاران و خێزانه‌کانیان له سه‌ختترین و دژوارترین ژیاندان.
ده‌رکردنی بڵاوکراوه‌یه‌ک به‌ناوی (کرێکار)ه‌وه، پێویستییه‌کی گرنگی خه‌باتی کرێکارانه له کوردستان، تا ده‌نگی کرێکاران بێت، تا به‌گوێره‌ی خۆی، ئامزاری کۆکردنه‌وه و به‌یه‌کترناسین و ڕێکخراوبوونی کرێکاران بێت، ئاوێنه‌یه‌ک بێت بۆ په‌خشکردنی هه‌لومه‌رجی ژیان و نا ئه‌منی شوێنی کار و ناڕه‌زایه‌تی کرێکاران.
هاوڕێ حوسێن، ئه‌و قسانه زۆر دروست و به‌پێزن که له سه‌روتاری ژماره‌ی یه‌که‌می هاوپشتیی کرێکارییدا (٢١/٧/٢٠٠٨)، له ژێر سه‌ردێری (سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ ده‌که‌ینه‌وه) نووسیوتانه (هاوپشتی کرێکاری بڵاوکراوه‌یه‌کی کرێکارییه، به‌ڵام کرێکار بۆ هاوپشتیی کرێکاریی، ناوی توێژێکی پیشه‌یی نییه، گروپێکی زه‌حمه‌تکێش و داماوی کۆمه‌ڵگا نییه، ته‌نها کرێکاری جل شین و یه‌خه شین نییه. کرێکار چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه، کرێکار ته‌نها له خه‌بات بۆ خواست و داواکردنی ژیانێکی باشتردا نییه که وه‌ک چێنێک ده‌رده‌که‌وێت، مه‌شغه‌ڵه و خولیاکانی ته‌نها له باشتر فرۆشتنی هێزی کاری خۆیدا قه‌تیس نامێنێت. ئه‌وه سه‌رمایه‌دارانن که کرێکاران ته‌نها له ناو کارگه و جلوبه‌رگی ته‌پوتۆزاوی و گریساوی کاره‌وه ده‌بینن. کرێکاری هۆشیار خۆی وه‌ک ئینسانێک و ئه‌ندامێکی گرنگی کۆمه‌ڵگا سه‌یرده‌کات، که هه‌موو لایه‌نێک و ده‌رکه‌وتێکی، هه‌موو مه‌سه‌له و بابه‌تێکی کۆمه‌ڵگا کێشه و مه‌سه‌له‌یه‌تی).
له‌م کوردستانه‌دا، ئه‌گه‌ر له‌جیاتی سه‌رمایه‌داران و سه‌رۆک خێڵه‌کان، چاره‌نووسی کۆمه‌ڵگا له‌ده‌ستی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشاندا بووایه، ئه‌گه‌ر کرێکاران خاوه‌نی ڕێکخراوی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ و پان و پۆڕی خۆیان بوونایه، ئه‌گه‌ر چه‌پ و کۆمۆنیزم به قودره‌ت بووایه، ئه‌وا خه‌ڵکی کوردستان له ژیانێکی شاییسته به‌هره‌مه‌ند ده‌بوون، به‌دیار فیدرالیزمێکی کارتۆنییه‌وه له چاوه‌ڕوانیدا ڕانه‌ده‌گیران، کوردستان نه‌ده‌بووه قه‌تڵگای ژنان و مه‌یدانی تیرۆری ئازادیخوازان و ڕۆژنامه‌نووسان، به ملیۆن و بلیۆن له داهاتی خه‌ڵک لوش نه‌ده‌درا، ئه‌م وڵاته نه ده‌بووه مه‌یدانی ته‌راتێنی تیرۆریستان و سیخوڕانی وڵاتانی ناوچه‌که، لاوان ناچار به کۆچ و ده‌ربه‌ده‌ری وڵاتانی تر نه‌ده‌کران، کۆنه‌په‌رستان و به‌کرێگیراوانی ئیسلامی ئاوا نه‌ده‌بوونه مۆته‌که به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه.
هاوڕێ حوسێن، ئه‌م کاره‌ی ئێوه هه‌نگاوێکی بچووک به‌ڵام گرنگه له‌م ڕاستایه‌دا، بۆیه جێگه‌ی ته‌قدیری زۆره.
دووباره ده‌ستی ماندووتان تووند ده‌گووشم، وه هیوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.
٢٧/٨/٢٠٠٨
|