٧\٣\٢٠١١
په‌یام له یاره
دووره‌کانه‌وه!

رابه‌ر فاریق
مرۆڤ له دایک ده‌بێ، به‌ڵام به بێ زمان. ئه‌وه‌ی مانا به بوونی
زمانیش ده‌دا، مرۆڤه. ئه‌وه دایکه کۆرپه فێر ده‌کا چۆن په‌یڤه‌کان
بناسێ و گۆیان بکا، لێره‌وه تێده‌گه‌ین، زمان له ڕێی مرۆڤه‌وه
ده‌پارێزرێ، نه‌وه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. مرۆڤ که نه‌زانێ بپه‌یڤێ،
ڕێێه‌ک هه‌یه لێیه‌وه فێری په‌یڤین ده‌بێ، ئه‌ویش مرۆڤی دیکه‌یه.
له ڕێی په‌یڤینیشه‌وه، به‌شێک له‌و خواستانه بۆ ئه‌وانی دیکه
ده‌گوازێته‌وه، که له ده‌وروبه‌رین. مرۆڤ له سه‌روه‌ختی له
دایکبوونیدا وه‌ک قوتووی به‌تاڵه، مرۆڤه‌کانی تر و بوونه‌وه‌ره‌کانی
تر و بیرکردنه‌وه به‌رده‌وامه‌کانی، ڕێڕه‌و و ئامانجه‌کانی ده‌خه‌نه
به‌ر ده‌م و هۆکاری هه‌ره بنیاتی ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک تاکه‌که‌س،
کۆمه‌ڵگه له خۆیدا بتوێنێته‌وه، یان به پێچه‌وانه‌وه. به‌ڵام
زۆرجار ئه‌وه ده‌بینین، نه‌وه‌ک خه‌ڵک، به‌ڵکوو نووسه‌رانیش فۆرمێک
به‌رهه‌م دێنن، که ده‌کرێ بگوترێ کۆمه‌ڵگه‌ی تاکه‌که‌سییه،
کۆمه‌ڵگه‌ی تاکه‌که‌سی به‌و مانایه‌یه: نووسه‌ر، هێندێککات خۆی
ده‌کاته ده‌مڕاستی کۆمه‌ڵگه، یان ده‌سته‌بژێرێک و له‌و ڕێیه‌وه کار
بۆ کۆمه‌ڵه‌ئامانجی ترسناکی تاکه‌که‌سی ده‌کا... ئه‌گه‌ر مرۆڤ خواستی
هه‌بوو ده‌سته‌ڵات و شکۆمه‌ندییه بێ زیانه‌کانی بمێننه‌وه، هه‌وڵی
پاراستنیان ده‌دا، بێ ئه‌وه‌ی بهێڵی ببێ به کۆمه‌ڵگه‌ی تاکه‌که‌سی.
به‌و مانایه: مرۆڤ، زۆرکات پێوه‌سته به ڕابوردووه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی
مه‌یلی له‌مه هه‌بێ، یا بێ ئه‌وه‌ی به ئاگا بێ. له‌مه‌وه
تێده‌گه‌ین: ته‌نیا زمان له سه‌روو مرۆڤه‌وه‌یه، هه‌ر زمانیشه
ڕه‌وتار و په‌یڤینه‌کانی هه‌ر کام له تاکه‌کان، بۆ ئه‌وانی دیکه
ده‌گوازێته‌وه.
ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی سه‌رچیخیش سه‌رنج له پێوه‌ندیی نێوان ڕۆشنبیر و
زمان بده‌ین، ده‌رده‌که‌وێ: ڕۆشنبیر، به‌ر له‌وه‌ی نووسه‌ر بێ،
که‌سێکه به چه‌ندجۆر، له پێناو به ئاکامگه‌یاندنی کۆمه‌ڵه‌ئامانجی
ئه‌خلاقی و ویژدانی و به‌رپرسیارانه بیر ده‌کاته‌وه، هه‌موو
ئه‌مانه‌یش له بۆته‌یه‌ک، یان ده‌فرێکدا ده‌توێنێته‌وه، که خزمه‌ت
به کۆمه‌ڵگه ده‌کا. به‌و جۆره: نووسین، به‌رهه‌می بیر کردنه‌وه‌یه
و هه‌موو نووسه‌ره‌کانیش ڕۆشنبیر نین، به‌ڵام هه‌ر کام له
ڕۆشنبیره‌کان ده‌توانن بنووسن. ئه‌م ده‌ربڕینه، به‌رهه‌می له‌مێژینه‌ی
زۆربه‌ی هزرمه‌نده‌کانه، لێکدانه‌وه هه‌مه‌جۆره‌کانیش ده‌ریده‌خه‌ن:
نووسینی به‌رپرسیارانه، له‌گه‌ڵ فریودانی ئه‌وانی دیکه‌دا، له
پێوه‌ندیدا نییه. ئه‌مه به ده‌ر له‌وه‌ی، نووسه‌ره
فریومه‌به‌سته‌کانیش هه‌مان قسه ده‌ڵێنه‌وه.
ئه‌گه‌ر نه‌ختێک له‌و نووسینانه ورد ببینه‌وه، که له دوای 17ی
2ه‌وه، له لایه‌ن هێندێک که‌سی خۆبه‌ڕۆشنبیرزان و فه‌یله‌سووفی
تێلیڤیزیۆنه‌وه نووسراون، ده‌رده‌که‌وێ: جگه له‌وه‌ی به خواری بیر
ده‌که‌نه‌وه، مه‌رامگه‌لی جۆربه‌جۆریش له پشت ڕسته‌کانیانه‌وه
خه‌وتوون، ئه‌و مه‌رامانه‌ی داوا ده‌که‌ن حورمه‌تی له ده‌ستچوو بۆ
نووسه‌ره‌کان و نووسینه‌کانیان بگه‌ڕێته‌وه... ئه‌م جۆره
ڕۆشنبیرانه، له ساته‌وه‌ختی وه‌ها ناسکدا، به ده‌رفه‌تی ده‌زانن
وه‌ک پاڵه‌وان خۆ بنوێنن و له ڕێی نووسینه‌وه وه‌ک گۆڵه‌مرۆڤ
بقرووسکێنن، که ئیشی مرۆڤ له‌و جۆره کاتانه‌دا ئه‌وه‌یه، خۆپێشاندان
بکا، نه‌ک له پشت ڕسته‌کانی لاپتۆپه‌که‌یه‌وه دابنیشێ.
که باسم له زمان کرد، بۆ ئه‌وه بوو خوێنه‌ر بیری بکه‌وێته‌وه:
زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ئێستا هه‌ڵوێستی قسه‌یی و کاتی، وه‌ک کارتی
ساخته، له هه‌مبه‌ر ده‌سته‌ڵاتی دوو زلحیزبه‌که و هێندێک جاریش
ئۆپۆزیسیۆندا به‌رز ده‌که‌نه‌وه، سه‌روه‌ختێک و تا ئه‌م یه‌ک- دوو
ساڵه‌ی ڕابوردوو، ئه‌گه‌ر به‌شێک نه‌بووبن له‌و که‌سانه‌ی ڕه‌وایییان
به گه‌نده‌ڵیی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی کوردی ده‌دا، بێده‌نگترینی
هاووڵاتییان بوون. هه‌رکه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش سه‌ریهه‌ڵدا و
هه‌ستیان به بزاڤه‌کانی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه کرد، هه‌ر
کامیان، به شێوه‌ی جوداجودا، خۆیان کرد به سه‌رقافڵه‌ی
خاوه‌ندرووشمه‌کان، ئه‌و درووشمانه‌ی ته‌نیا بۆنی مه‌رامی ژه‌هراوییان
لێدێ. هێندێک جاریش درووشمی سیمبۆلیکیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنێک
به‌رزکرده‌وه، که دابڕاو نییه له نه‌خۆشییه‌کانی ده‌سته‌ڵات، بگره
به‌شێکه له ده‌سته‌ڵات، له فۆرمێکی تردا؛ به‌شێکه له ده‌سته‌ڵات،
به ناوی هاووڵاتییان و که‌سانی ناڕازییشه‌وه، له‌گه‌ڵ حیزبه‌کاندا
که‌وتووه‌ته ململانێوه. به کورتی: ئۆپۆزیسیۆنیش وه‌ک حیزبه‌کان،
یه‌کێکه له‌و هێزانه‌ی، قومار له‌سه‌ر خوێنی گه‌نجان و ده‌سته‌ڵاتی
پتر و هێزی پتر ده‌کا، بێ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ت له سه‌رووی
ئه‌م داخوازییانه‌وه دابنێ.
ئه‌گه‌ر نه‌ختێکیش وردبینه‌وه، چه‌ندین پرسیار دێنه
به‌رده‌ممانه‌وه: بۆچی فارووق ڕه‌فیق له سلێمانی خۆی کردووه‌ته
ده‌مڕاستی خۆپێشانده‌ران؟ بۆ فه‌یله‌سووف، یان ئه‌فلاتوونی به‌ر ده‌رکی
سه‌را، له یه‌که‌م ڕۆژدا که خۆی پێشانی خه‌ڵک و ده‌سته‌ڵات دا و
چلوحه‌فت هاووڵاتی له‌وێ بریندار بوون و له‌م خوێنڕێژییه به ئاگا
بوو، ڕاسته‌وخۆ چووه‌وه ماڵی خۆی؟ شێرکۆ بێکه‌س له کام لایه‌نه‌وه
جیاوازیی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتداره حیزبییه ترسناکه‌کان هه‌یه، تا ڕێی
پێ بدرێ له به‌ر ده‌رکی سه‌را، دژ به ده‌سته‌ڵاتداره سته‌مکاره‌کانی
کورد، ده‌نگ هه‌ڵبڕێ؟ ئایا شێرکۆ بێکه‌س ترسناکه، یان فه‌رهاد پیرباڵ،
یانیش هه‌ردووکیان؟ چۆنه له حه‌فته‌م ڕۆژدا، ئه‌م شاعیره میللییه
ئیلهامی بۆ هاتووه، که پێویسته بچێته ڕیزی خۆپێشانده‌رانه‌وه؟
بڵێی ئه‌م چوونه ته‌نیا بۆ ئه‌وه نه‌بێ، له ڕاگه‌یاندنه‌کاندا به
مایکه‌وه وێنه‌ی ده‌ربکه‌وێ؟ کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور بۆ ئه‌وه‌نده
زه‌حمه‌ت ده‌کێشێ، له دانمارکه‌وه نامه بۆ گه‌نجانی هه‌ولێر بنووسێ،
که‌چی ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت ناکێشێ، بلێتێک ببڕێ و بگه‌ڕێته‌وه
هه‌ولێر، پاشان وه‌ک هاووڵاتی، نه‌ک نووسه‌ر و ڕۆشنبیر [ڕۆشنبیر به
که‌سێک ناگوترێ، که چیرۆکنووسه، که چه‌ند گوت‌وبێژی له‌گه‌ڵدا ساز
کراون؛ حه‌فت- هه‌شت نووسین و ڕۆمانی نووسیون] به‌شداریی له
خۆپێشانداندا بکا، ئه‌گه‌ریش پاساوی نه‌هاتنه‌وه‌ی کێشه‌ی ئابوورییه،
ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕم، که دراو بۆ بلێتی هاتنه‌وه و پێداویستییه‌کانی
دوای سه‌فه‌ری بۆ کوردستان، دابین بکه‌م و میوانم بێ؟ ئه‌و
خوێندنکاره‌ی قوتابخانه‌ی ڕزگاریی سه‌روه‌ختی زوو و نووسه‌رانی دیکه،
به چ شێوه‌یه‌ک بڕیار ده‌ده‌ن، وه‌ک نووسه‌ر و مرۆڤی به ئه‌زموون،
نامه بۆ هاووڵاتیان بنووسن؟ ئه‌مانه چه‌ند پرسیارێکن. له بیریشم
نه‌چووه: هێی له‌و نووسه‌رانه، قونکه‌نووسه‌ری دیکه‌ی ئه‌وروپانشین
زۆرن، که هه‌مان په‌یامیان به شێوه‌ی جوداجودا نووسیوه و ناردنیان،
به‌ڵام خۆ قه‌رار نییه له هه‌مبه‌ر هه‌موویاندا ڕابوه‌ستین... پاره‌م
نییه، ئه‌گه‌رنا: تێکڕای "ڕۆشنبیر" و "قونکه‌نووسه‌ران"ی
ئه‌وروپانشین، به مه‌به‌ستی خۆپێشاندان، داوه‌تم ده‌بوون!
ناکرێ ئه‌وه فه‌رامۆش بکرێ: ڕێبوار سیوه‌یلی نه‌ک له ئه‌وروپا،
به‌ڵکوو له کوردستانه‌وه نامه ده‌نووسێ، تکایش ده‌کا "که‌س
چاوله‌ڕێی شتی گه‌وره نه‌بێ له ئه‌وه‌وه". ئه‌و شتانه‌ی له
به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیاندان، بێ ئه‌وه‌ی گورز بن له
شکۆمه‌ندییه‌کانی هیچ ده‌ستکه‌وت و شتێکی جوان، بێ ئه‌وه‌ی درز بخه‌نه
هیچکام له ساته‌وه‌خته شکۆداره‌کانی ڕابوردوو... ئه‌م په‌یامه به‌ر
له‌وه‌ی جه‌ختکردنه‌وه بێ له پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی کۆمه‌ڵگه،
به‌ر له‌وه‌ی جڵه‌وکرانی نووسه‌ر بێ له لایه‌ن حیزبه‌وه،
جه‌ختکردنه‌وه‌یه له به‌رگریکردن له ده‌سته‌ڵات و ده‌ستگرتنه به‌و
کڵاوه‌وه، که حیزب دروستی کردووه. ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی پشت‌کردن بێ
له مافه هه‌ره سه‌ره‌تایییه‌کانی هاووڵاتیان و خۆبواردن بێ له
توندوتیژییه‌کانی ده‌سته‌ڵاته حیزبییه‌کان، خۆشاردنه‌وه‌یه له بڕێکی
زۆری ئه‌و توندوتیژییانه‌ی، له چه‌ند ڕۆژی ڕابوردوودا، به‌رانبه‌ر به
خه‌ڵکی سلێمانی کراون.
هێنده‌ی ئاگاده‌ریش بم، هیچکام له خۆپێشانده‌رانی به‌ر ده‌رکی سه‌را،
ئاماده‌ییی توندوتیژییان تێدا نییه، تا "ڕۆشنبیری لێبورده‌ی ماڵ"،
په‌یامی له‌و شێوه‌یه بڵاو بکاته‌وه. ئه‌گه‌ریش ئه‌و ئاماده‌یییه
هه‌بێ، هێشتا ئه‌و پاساوه شیاوی قبووڵکردن نییه، که ڕۆشنبیر له
واقیعی ناڕه‌زایییه‌کانه‌وه دووربکه‌وێته‌وه و به نووسینه‌کانی
خۆیه‌وه سه‌رقاڵ بێ، چونکه ڕۆشنبیران ئه‌وه ده‌زانن: نووسین به بێ
ئازادی، ده‌بێته به‌شێک له خواسته گه‌وره و هه‌ره ترسناکه‌کانی
ده‌سته‌ڵات، دواجاریش شانۆیه‌ک له گاڵته‌جاڕیی به‌رهه‌م ده‌هێنێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییانه‌ی به درێژاییی ساڵانی ڕابوردوو،
به‌رانبه‌ر به خۆپێشانده‌رانی ئێستای کوردستان کراون، هێشتا
خۆپێشانده‌ران ئاماده‌ییی توندوتیژییان تێدا نییه، هیچ شتێکیش له‌وه
فریوده‌رانه‌تر نییه، که ئه‌و "ڕۆشنبیر"ه، به هۆی ئه‌و پاساوه،
به شێوه‌ی سیمبۆلیک، دژی خواستی هاووڵاتییان ڕابوه‌ستێ. هه‌ر که‌سیش
نه‌ختێک له گۆڕانکارییه گه‌وره‌کانی وڵاتانی ده‌سته‌ڵاتتۆتالیتێر به
ئاگا بێ، ده‌زانێ: ئه‌گه‌ر توندوتیژی له ده‌ره‌وه‌ی خواستی
هاووڵاتیانیشه‌وه بێ، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، دێته‌وه ناویان.
ئینجا ئه‌م پرسیاره دێته به‌ر ده‌ممان: کێ گوتوویه ئه‌و "ڕۆشنبیره
لێبورده‌یه‌ی ماڵ"، شتی بچووک، نه‌وه‌ک گه‌وره‌ی کردووه؟
کێشه له‌وه‌دا نییه، ئه‌و جۆره ڕۆشنبیر و نووسه‌رانه، له باتی
خۆپێشاندان، سینگیان ده‌رده‌په‌ڕێنن و نووسین پێشانی خه‌ڵک و
ده‌سته‌ڵات ده‌ده‌ن، به‌ڵکوو کێشه جه‌وهه‌رییه‌که به‌شێکی لێره‌یه:
ئه‌وانیش وه‌ک سیاسییه‌کان، هه‌مده‌م باس له شکۆی نه‌ناسراو و
وه‌همه‌کانی ڕابوردووی خۆیان ده‌که‌ن، ڕابوردوویه‌ک، ئه‌گه‌ر جوانیش
بێ، به بێ ئاماده‌ییی هه‌مده‌می شکۆمه‌ندییه‌کان، پێوه‌ندیی توندوتۆڵی
به ئێستاوه نابێ. ئه‌وانه، له په‌نای ئه‌م ڕابوردووخوازییه،
مه‌به‌ستگه‌لی ژه‌هراوییان شاردووه‌ته‌وه، به ته‌مایشن له‌و
ڕێیه‌وه، دید و خه‌ون و جیهانبینیی خوێنه‌ر و گه‌نجانی ئێستا
ده‌سته‌مۆ بکه‌ن.
ڕۆشنبیر که هه‌ستی به قورساییی به‌رپرسیارێتیی و ئه‌رکه مۆرالی و
ویژدانییه‌کانی خۆی کرد، له هه‌مبه‌ر خۆی و کۆمه‌ڵگه‌دا، گه‌نجان وه‌ک
ده‌بده‌به تماشا ناکا، که به نووسینه‌کانی هه‌وایان تێبکا، به‌ڵکوو
به‌شداری له به واقیعگه‌یشتنی بزاڤه جوانه‌کانیان ده‌کا؛ به‌ڵکوو
تێکه‌ڵی واقیع ده‌بێ.
ئه‌گه‌ر شوناسی به‌رپرسیاریی ڕۆشنبیر ئه‌وه بێ: له خانوویه‌کی
وڵاتێکی دوورده‌سته‌وه دابنیشێ و به هۆی لاپتۆپه‌وه پێوه‌ندی
له‌گه‌ڵ واقیعی وڵاتی خۆیدا بگرێ، زۆرجار ئه‌و ڕۆشنبیره هیچ ناکا،
جگه له تێکۆشان و کارکردن بۆ مه‌رامه تایبه‌ته‌کانی، هیچ ناکا، جگه
له به کوشتدانی گه‌نجان و گلدانه‌وه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کانی خوێن. ئه‌و
جۆره که‌سانه‌یش که‌م نین، که له ڕابوردوودا وه‌ک ڕۆشنبیر ناسران،
به‌ڵام، له ساڵانی ڕابوردوو و ئێستایشدا، ده‌ستکه‌وتی خوێنی گه‌نجه
به شه‌هامه‌ته‌کانیان له گیرفانه‌کانیاندا شارده‌وه، ته‌نانه‌ت بوون
به به‌شێک له ده‌سته‌ڵات، دواجاریش به‌رپرسیارێتی و هه‌ست و مۆراڵ و
ویژدانیان ته‌ڵاق دا.
ئه‌وه‌ی ئه‌رکه هه‌ره سه‌ره‌تایی و ڕاسته‌قینه‌کانی تاکی ڕۆشنبیر
بزانێ، تێده‌گا: ڕۆشنبیر، ته‌نیا له نووسیندا پێوه‌ندیی به
واقیعه‌وه نییه، به‌ڵکوو له واقیعیشدا ده‌چێته نێو ئه‌م
پێوه‌ندییه‌وه. ئه‌وانه‌ی "نووسه‌ر" و "ڕۆشنبیران"ی ناوبردراویش له
ماوه‌ی ڕابوردوودا نووسیویانن، جۆرێک نووسینن، تێیاندا هه‌رده‌م جه‌خت
له‌سه‌ر هاوخه‌میی خۆیان بۆ واقیعی ئێستای کوردستان ده‌که‌نه‌وه و
په‌یامی سه‌ره‌کییشیان ئه‌وه‌یه: هاووڵاتیان، له ڕه‌وتار و
په‌یڤینه‌کانیاندا، توندوتیژی نه‌نوێنن، به‌ڵام له بیریان نه‌ماوه:
زنجیره بێئومێدییه خه‌سته‌که‌ی نێو نووسینه‌کانیان، هۆکاری هه‌ره
سه‌ره‌کین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر کام له تاکه‌کان، توندوتیژی له هه‌مبه‌ر
ده‌سته‌ڵاتدا بنوێنن. له بیریشمان نه‌چووه: هیچ شۆڕشێک به بێ
توندوتیژی، ئاکامه‌کانی له به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ت نابن. بێ ئه‌وه‌ی
ئه‌م ده‌ربڕینه ڕه‌واییبه‌خشین بێ به توندوتیژیی خۆپێشاندان.
وه‌کچۆن پرۆگرامی خوێندنی مێژووی پۆلی دوازده‌ی ئاماده‌یی پڕ کراوه
به ستایشکردنی سه‌رکرده و سیاسییه‌کانی ڕابوردوو، ئه‌و جۆره
ڕۆشنبیرانه‌یش ده‌یانوێ له ڕێی نووسینی نامه "بۆ کچوکوڕانی وڵات"،
"بۆ گه‌نجان" و "بۆ خۆپێشانده‌ران"، جڵه‌وی واقیعه سیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌که بگرنه ده‌ست، پاشان ئامانجی ئه‌و
هه‌ڵویسته هه‌مه‌جۆره ساختانه، وه‌ک کارتی دژ به ده‌سته‌ڵات، له
هه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا به‌رز بکه‌نه‌وه... بۆیه، لێره‌دا ده‌کرێ
بگوترێ: ئه‌وانه‌ی نیشته‌جێی وڵاته ئه‌وروپییه‌کانن و له سه‌روه‌ختی
وه‌هادا نامه ده‌نووسن، ڕۆشنبیر نین، به‌ڵکوو کۆمه‌ڵێک بوونه‌وه‌رن،
ده‌شێ به ده‌ڵه‌مرۆڤ ناویان بێنین، که به نووسین ده‌قرووسکێنن.
زۆربه‌ی ئه‌و "ڕۆشنبیر"انه‌یش خۆیان لێ بووه‌ته "ڕووناک‌بیری کورد!" و
تا ئه‌و بای ناڕه‌زایییه فراوانه هه‌ڵی نه‌کردبوو و پارتی و یه‌کێتی
وه‌ها دزێو دیار نه‌بوون، ئه‌وانه، له فۆرمی جۆربه‌جۆردا به‌شدار
بوون له زۆربه‌ی ناز و نیعمه‌ته‌کانی ده‌ستگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و
حیزبانه، ته‌نانه‌ت زووزوو بۆ کوردستان ده‌هێندرانه‌وه و به
مه‌به‌ستی ده‌مچه‌ورکردن، ده‌عوه‌ت ده‌کران؛ به‌شێکیشیان له په‌ناوه
زه‌وییان وه‌رگرت.
ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه، هه‌میشه قسه‌گه‌لی ڕۆڵان بارت، به تایبه‌تیش
ده‌سته‌واژه ناسراوه‌که‌ی "مه‌رگی نووسه‌ر" ده‌ڵێنه‌وه و باس له
پۆستمۆدێرنیزم و ئیزمه‌کانی تر ده‌که‌ن؛ وه‌ک نوێنه‌ر و موختار و
ڕێبه‌ریش، له دوور و نزیکه‌وه "په‌یام" و "ئامۆژگاری" بۆ گه‌نجان
ده‌نووسن و ده‌نێرن. له کاتێکدا ئه‌و جۆره بیرکردنه‌وانه، ئی
سه‌رده‌می مۆدێرنیزمن: له‌و ده‌مه‌دا حیزب و سیاسییه‌کانی، نووسه‌ران و
ڕۆشنبیران، وه‌ک "پێشڕه‌و" و لاقی هاووڵاتیان، خۆیان ده‌بینی، نووسین
یان قسه‌کانیشیان، هه‌ر له‌و چوارچێوانه‌دا وێنا ده‌کردن. ئه‌گه‌ر
قه‌ولیش بێ میلله‌تی کورد وه‌ک میسر و توونس بیر له پرۆسه‌که
بکاته‌وه و پێیدا تێبپه‌ڕێ، ئه‌وا پێویست ناکا هیچکام له‌و سیاسی و
نووسه‌ره ده‌مهه‌راشانه، له دوور و نزیکه‌وه نامه و په‌یام بۆ
گه‌نجان بنێرن، به‌ڵکوو پێویسته وه‌ک نه‌وال سه‌عداوی، ئه‌و
نووسه‌ره‌ی له به‌یانییه‌وه تا ئێواره و به‌و پیرییه‌ی خۆیه‌وه،
له "ساحه‌ی تحریر" و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بوو، ته‌نیا بۆ دژوه‌ستانه‌وه له
هه‌مبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدا، ئه‌وانه‌ی لای خۆیشمان، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ
کوردستان و به‌و شێوه‌یه هه‌ڵوێستی بێ مه‌رام بنوێنن. وه‌ک گوتیشم:
نه‌ک له دووره‌وه، یادگاریی تاکه‌که‌سی و کۆمه‌ڵه‌کیی بگێڕنه‌وه و
بڵێن: سه‌روه‌ختی زوو، خۆپێشاندانیان دژی ده‌سته‌ڵات کردووه.
سه‌روه‌خت، یان ساڵانی زوو، پێوه‌ستن به ڕابوردوووه‌وه. له
هه‌مووده‌م گرینگتر، نیشته‌جێبوونه له واقیعی سات به ساتی ئێستادا.
له‌مانه‌وه تێده‌گه‌ین: ئه‌و ئامانجه گشتییه‌ی بوونه‌وه‌رانی
زیانبه‌خش به دوایدا ده‌گه‌ڕێن، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆمه‌ندییه‌کانی
تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵگه نین، به‌ڵکوو هه‌وڵدانه بۆ مۆنۆپۆلکردنی
جموجۆڵی هاووڵاتییان، له ئێستای سه‌رتاپای کوردستاندا. به‌م کاره‌یش،
ئه‌و جۆره "ڕۆشنبیر"انه، هه‌مان سیناریۆی ده‌سته‌ڵاته سیاسییه
دیکتاتۆره‌کانی کوردستان دووباره ده‌که‌نه‌وه، به
ئۆپۆزیسیۆنیشه‌وه، به‌ڵام له فۆرمێک نوختێک سیمبۆلیک و پێچه‌ڵپێچدا.
ده‌کرێ که‌م تا زۆریش نه‌توانین له هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌دا ده‌نگ هه‌ڵبڕین،
که بۆچی ده‌سته‌ڵاتداره سیاسییه‌کان به‌و شێوه دزێوه کار بۆ
مه‌رامه‌کانیان ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی که‌سێک به ناوی ڕۆشنبیری
کورد و ڕووناکبیره‌وه، ئاماده‌باشی بۆ به پاڵه‌وانناساندنی خۆی
ده‌کا، وه‌کوو لایه‌نی ئه‌خلاق و ویژدانیی مرۆڤانه‌مان، پێویسته به
لانی که‌مه‌وه ئه‌وه‌ی بیر بێنینه‌وه، که چووه‌ته فۆرمی
جانه‌وه‌ره‌کانه‌وه، ئه‌م گۆڕانه‌یش دزێوترین جۆری ده‌سته‌ڵاتدارێتیی
سیاسیی تۆتالیتێره.
پێویستیشه بگوترێ: ئه‌و سه‌ره‌قه‌ڵه‌مانه، به‌شێکن له سه‌رنجه‌کانم،
له پێوه‌ندی به‌و ساته‌وه‌خته مێژوویییه گرینگه‌ی، کوردستانی پێدا
تێده‌په‌ڕێ. به‌ڵام ئه‌مه پشت‌کردن نییه له ته‌واوی نووسه‌ران
[چونکه له به‌رابه‌ردا نووسه‌رانی خاوێن هه‌ن]، وه‌کچۆن ناکرێ به
هیچ پاساوێک خۆمان له به‌رپرسیارێتی ڕه‌خنه‌گرتن، له هه‌مبه‌ر هه‌ر
کام له هه‌ڵه‌کان، بدزینه‌وه. جه‌ختیش له‌وه ده‌که‌مه‌وه: ترسناکیی
ئه‌و "ڕۆشنبیر"انه، هیچی که‌متر نییه له کوشنده‌ییی ده‌سته‌ڵاتی
حیزبه‌کان و ئۆپۆزیسیۆن. بۆیه: ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی
ئاماژه‌بۆراو له دیوه شاراوه‌کانی نووسین و ڕه‌وتاره‌کانیان بێ‌ئاگان،
وا باشه به هۆی ئه‌م نووسینه‌وه په‌یامه‌کانیان بکێشنه‌وه، چونکه:
- ئازیزان! ئه‌مه‌یه واقیع!
3\3\2011
- هه‌ولێر
ماڵپه‌ڕی رابه‌ر
فاریق
|