٥\٦\٢٠٢٢
پەیکەری مارگرێت
تاچەر بە ھێلکە و رەنگ پێشوازیی لێکرا!

نوری بەشیر
پاش کەمتر لە دوو کاتژمێر لە دانانی پەیکەری مارگرێت تاچەر سەرۆک
وەزیرانی پێشوو لە بەریتانیا، لە رۆژی ١٥ی ئایار ٢٠٢٢ لەشاری گرانسام
کە شوێنی گەورە بونێتی بە ھێلکە پێشوازی لێکرا. دوو ھەفتە دواتر واتە
لە ٢٩ی ئایاردا بۆ جاری دووەم ڕەنگی پێدا ڕژێنرا.
ناڕەزایەتی بە تاچەر وەک یەکێک لە سیما دیارەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی چ
ئەوکاتانەی لەدەسەڵاتدا بوو چ دوای مردنیشی لە ئاستی کۆمەڵگادا زۆر
بەرینە. ئەم پەیکەرە پێشتر بڕیار بوو لە نزیک پەرلەمان لە لەندەن
دابنیرێت، بەڵام بەھۆی ترس لە ناڕەزایەتی و ھێرش بۆسەر پەیکەرەکە
شارەوانی وێستمنستەر لە لەندەن ڕازینەبوو بەدانانی، لەبەرئەوەی کە
بەردەوام ناڕەزایەتی بەرەی ئازایخواز و چەپەکانی بەریتانیا بە تاچەر
ھەبووە بەتایبەت لە کاتی مردنیدا ناڕەزایەتیەکان شەقامەکانی لەندەنی
داگرت.
لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ھەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی لە ساحەی پەرلەمان
دایبنێن، بەڵام رەتکرایەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ڕێوڕەسمی ئاشکراکردنی
بڕی سەد ھەزار پاوەند کۆکردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی ناوچەی باشووری
کێستێڤن پەسەند کرا بۆ ڕێوڕەسمی دانانی، بەدوایدا گروپێکی فەیسبووک
پێشبڕکێیەکی 'ھەڵدانی ھێلکە'یان لە پێشنیار کرد کە زیاتر لە ٢٤٠٠ کەس
دووپاتیان کردەوە کە ئەوان بەشداری دەکەن لە 'فڕێدانی ھێلکە' و "
لەوانەیە ھونەری گرافیتی'' بکرێت، بۆ ئەمەش ئەنجومەنەکە کامێرایەکی
کامێرایی بە راستەوخۆ لە بەرامبەر پەیکەرەکە دانا و بۆ پارێزگاری
لەبەرزی سێ مەتریش دانرا.
ئەگەر چی بۆرژوازی و بەتایبەت حزبی پارێزگاران ھەمیشە لە ھەوڵی
ئەوەدایە کە لەکۆمەڵگادا ئەم سەرۆک وەزیرانە بە کەسایەتی گەورە پێناسە
بکات و بە ژنە ئاسنینەکە بیناسێنێت، بەڵام لای زۆربەری خەڵکی کۆمەڵگە
بەتایبەت لای چینی کرێکار و بەرەی ئازیخواز و سۆشیالیستەکان " بە شیر
دز " و بە کەسێکی خراپ و رەزاگران و دژی کرێکاران ناوی براوە و
ناڕەزایەتیەکی فراوان بەدژی ھەبووە.
لە کاتێکدا کۆمەڵگای بەریتانیا بە قەیرانێکی گەورەی ئابوری و سیاسیدا
تێدەپەڕێت، نرخی کەلوپەل و پێداویستیەکانی خەڵک چەند بەرابەر
بەرزبۆتەوە، دەسەڵاتی حزبەکەی تاچەر کە بۆریس جۆنسن ئێستا سەرۆک
وەزیرانەکەیەتی بەئەزمەیەکی قوڵ و گەورەترین دەورەی بێ ئیعتباریدا
تێدەپەڕێت، بەڵام ٣٠٠ ھەزار پاوەند تەرخان کراوە بۆ دروستکردنی
پەیکەرەکەو ١٠٠ ھەزار پاوەند بۆ دانانی پەیکەرەکە. ئەمەش وایکرد
سەرەڕای ناڕەزایەتی بە مارگرێت تاچەر وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن کە
نوێنەرایەتی باڵی راستی بۆرژوازی دەکرد و لەبەرژەوەندیەکانی ئەم چینە،
ھەرچی لەدەستھات بەدژی کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا کردویەتی.
ناڕەزایەتی خەڵک بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەو پەیکەرەکەدا بۆ کەسێک
کە بەشی زۆری کۆمەڵگا خۆشیان ناوێت و نایانەوێت گوێبسیتی ناوی بن ھەتا
لەو شارەی تێیدا گەورە بووە نیوەی خۆشیان ناوێت، لەبەرئەوەی بەدژی
کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا و ژنانی ستەمدیدەی کۆمەڵگەی
بەریتانیا بووە.
بۆرژوازی و سەمایەداران لەھەرکوێیەک بن دەیانەوێت سەرانی دزێو و دژی
کرێکاریەکانی خۆیان بەگەورە و باش نیشان بدەن، ھەروەک ئەوەی بیانەوێ
بۆریس جۆنسن وا بە پاڵەوان پێناسە بکەن، بەڵام کۆمەڵگای چینایەتی ھەر
مێژوو بەئارەزوی ئەوان نانوسێتەوەو بەدوای مردنیشیاندا ناڕەزایەتیان
بەدژ دەکرێت و تا دەگاتە دادگایی کردنیشیان.
_________________________________________
بۆ زانیاریی پتر لە لەسەر تاچەر و ناڕەزایەتیەکان بەدژی لەم لینکەوە
ئەم بابەتەش دەتوانن بخوێننەوە:
https://emrro.com/margirettatcerew.htm
٣٠\٥\٢٠٢٢
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|