٢٠\١٠\٢٠١٢
پەیوەندییە
کۆمەڵایەتیەکان؟!

ستار محەمەد قادر
پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە چاوێک بە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا
بخشێنین و هەوڵ بدەین هێندێک نۆڕم بەلاوە بنێین و شتی دیکە لە شوێنیان
تەوزیف بکەین، لەبەر ئەوە رەوشی کۆمەڵایەتیمان لە زۆر رووەوە پێویستی
بە گۆڕانکاریەو لە زۆر روویشەوە تووشی فەشەل بووەو بەم جۆرە پەیوەندیە
سەتحی و سەر زارەکیانە ناتوانین خۆمان پێش بخەین، یەکێک لەو جۆرە
پەیوەندیانە بۆنەی جێژنە، کە دەبێت بە هۆکاری ئەوەی لە شوێن ئەوەی
پەیوەندیەکان تۆختر بکاتەوە، کاڵتریان دەکاتەوە، چونکە ماهیەتی بەسەر
کردنەوەکان جگە لە سرووشی جێژن، ئیتر هەڵگری هیچ جۆرە ئایدیاو دونیا
بینیەک نیە، جگە لە ئیسپات وجودێک، هیچ مەرامێکی دیکە لە خۆی ناگرێت،
ئەمەش بۆ خۆی ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، ئەوە بۆنەکانن ئێمە دەجووڵێًنن بۆ
ئەوەی یەکتری بەسەر بکەینەوە، نەک ناخمان؟!
داوای گەردن ئازاد کردن پێدراوێکی دیکەی ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیەیە کە
هیچ لە واقیعی حاڵمان ناگۆڕێت، ئاخر ئێمە دەبێت خۆمان لە گەڵ ئەوە
رابهێنین، مرۆڤێک ئەگەر تەندرووست بیر بکاتەوەو بە شێوەیەکی باش هەڵس و
کەوت لە گەڵ دەورو بەریدا بکات، هەرگیز ناکەوێتە حاڵەتێکەوە بۆ ئەوەی
داوای گەردن ئازادیی لە بەرانبەرەکەی بکات، لە کاتێکدا ئەوەندە بێ
باکانە ئەو رستەیە لە زاری هەمووان بە سانایی دەدرێت بە رووی یەکتریدا،
وەکو ئەوەی هەمووان باش لەوە گەیشتبن ئەو داوایە نە دەخواو نەش دەبات،
بۆیە بە هەمان وەزن و قافیە مامەڵەی یەکتری پێ دەکەن!
میللەتانی زیندوو بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن، گۆڕانکاری لە جۆری
پەیوەندیەکانیان ئەنجام دەدەن، چونکە گۆڕانکاری شتێکی شەرعی و سونەتیە،
ئەگەر ئێمە پێمان وابێت ئەوەی دەیکەین راستەو دەرەنجامی باشی
لێدەکەوێتەوە، دەکرێت پێشی بخەین و ئیزافەی شتی نوێی بۆ بکەین، ئەگەر
پێمانیش وایە تەنها نۆرمێکەو وەکو خوویەک دەست و پەنجەی لە گەڵدا نەرم
دەکەین، پێویست بەوە ناکات درێژەی پێ بدەین بۆ نەوەکانمان بیکەین بە
دیاریەکی بێ ئەرزش و پێیەوە سەرقاڵیان بکەین!
دەکرێت بۆنەو جێژنەکان بکەین بە هەوێنی کۆمەڵێک گۆڕانکاری، بەڵام ئەمە
لە کاتێکدا دەبێت ئێمە توانای هزری و هۆشیاریمان لەو ئاستەدا بێت، هەست
بەوە بکەین مانەوەمان بەم شێوەیە لە نێو بازنەیەکی بەتاڵدا هیچ نابەخشێ
و پێویستە لەو بوارەدا داهێنان ئەنجام بدەین، ئاخر برا هەیە ئەم جێژن
بۆ ئەو جێژن سەر بە ماڵی یەکتریدا دەکەن و دەیانەوێت بە سەردانێکی
سەتحی برایەتیان پشت راست بکەنەوەو بیسەلمێنن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دەم
و چاوەکان لە گەڵ ناخەکاندا بە هیچ شێوەیەک هاوتەریب نایەنەوە، چونکە
ئەوەی ئەنجام دەدرێت، بریتیە لە ئەرکێک؛ نە هیچ پێشینەیەکی هەیەو نەش
لەسەر بنەمایەکی ئەقڵانی بەردی بناغەی هەڵچنراوە، نە دەبێت بە بنەمای
پەیوەندیەکی نوێ و نەش دەتوانین دیواری لەسەر هەڵبچنین، ئەمەش بۆ خۆی
گرفتێکی گەورەیە بۆ مانەوەمان لە دۆخێکی دیاریکراودا، چونکە زۆر
زەحمەتە مرۆڤ باوەڕی بە شتێک نەبێت و لە ژیانیدا پیادەی بکات؟!
ئێمە دەبێت بەر لەوەی فێری تۆبە کردن بکرێین، پێش ئەوەی تاوان ئەنجام
بدەین و لە کۆتایی تەمەنماندا روو کەشانە بگەرٍێینەوە بۆ لای
پەروەردگار، دەبێت بە شێوەیەک پەروەردە بکرێین و رابهێنرێین، نەبین بە
تاوانکارو تاوانبارو هەر لە بنەڕەتەوە پێویستیمان بە تۆبە کردنیش نەبێت،
کەی ئەوە راستە کاتێک مرۆڤێک درۆ دەبێت بە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی و
لە ناخ و هزریدا رەگ و ریشەی دادەکووتێت، بە تۆبەو تۆبەکاری دەتوانێت
دەسبەرداری ببێت، ئاخر کام زانست ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کام هێز لە
توانایدایە تەبیعەتی مرۆڤەکان بگۆڕێت؟!
هەر هەموومان بە چاوی خۆمان روو زەردی زۆرێک لە نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان
دەبینین، دەبینین چۆن گەردنی یەکتری ئازاد دەکەین و پاشانیش دەکەوینەوە
حاڵەتی مۆڕە کردنەوە، بۆیە پێویستە دوور لەم نۆرمەی ئێستا کە بە
داوایەکی سەتحی دەمانەویت پردێکی روخاوی پەیوەندیەکان باش بکەینەوە، لە
بەر ئەوەی ئەم گەردن ئازادیە هیج لە واقیعی حاڵ و ناخ و تێڕوانینمان
ناگۆڕێت، من پێم وایە مرۆڤ بەر لەوەی تۆبە بکات، پێویستە ژینگەیەکی وای
بۆ فەراهەم بکرێت، کە رێچکەو رێگای هەڵەو دژوار نەگرێت، هەروەها بەر
لەوەی داوای گەردن ئازادی لە کەسێک بکات، هەوڵ بدات کەس لەخۆی نیگەران
نەکات، ئەم گەردن ئازادیە ئەوەمان بۆ پشت راستدەکاتەوە، پەیوەندیە
کۆمەڵایەتیەکانی ئێمە بێ بناغەن، جونکە تەبیعەت دەرمانی نیەو
بەدڵنیاییەوە جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە سەر هەمان بەزم و بالوورەی
نیگەرانی و لێک عاجز بوون، باشترین رێگا چارەش بۆ کۆتایی هێنان بەم
دیمەنە نەخوازراوە، پێویستە ئەوانەی وا نیگەرانیمان دەکەن لە ژیانماندا
کانسڵیان بکەین، چونکە دەبێت قەناعەتمان بەوە هەبێت، ئێمە تەنها یەک
جار دەژێین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|