٢٨\١٠\٢٠١٢
پەیوەندیی
نێوان مرۆڤ و شوێن، لە شیعرى (بەرەو زەوییەکى دى)ى عومەر جەلال.

کاروان محەمەد فەتاح
(ئەوەى شوێنێکى ئەدەبی پێمان دەبەخشێت، هیچ
شوێنێکى تر ناتوانێت پێمان ببەخشێت، واتا مەودای کاریگەریى شوێنى
ئەدەبى زۆرترە لە مەوداى کاریگەریى شوێنى بابەتى و واقیعى.) گاتسۆن
باشلار.
پەیوەندى نێوان مرۆڤ و شوێن، پەیوەندییەکى بەهێز و پتەوە، واتا مرۆڤ
گرێدراوى شوێنە، بەو مانایەى کە مرۆڤ لە شوێنێکدا لەدایک دەبێت و چاو
هەڵدێنێت و پەیوەندى خۆى لەگەڵ ژیاندا دروست دەکات. زۆرجار شوێن بۆ
مرۆڤ دەبێتە مایەى نیگەرانیى و بێزاریی و نائومێدیى و ڕەشبینى، بە
تایبەتى لەو شوێنەى کە بوونەوەرێکى ئازاد و سەربەخۆ نییە و ئەزموونى
مرۆڤبوونى خۆى ناکات، چونکە مانەوەى مرۆڤ لە شوێندا پەیوەستە بە
ئازادییەوە. لێرەوە مرۆڤ و شوێن و ئازادى سێکوچکەیەک دروست دەکەن (مرۆڤ،
شوێن، ئازادى) ماناداریى ژیانى مرۆڤ لە پەیوەندى تەندرووستى ئەم سێ
چەمکەوە دروست دەبێت، چونکە تەواوکەرى یەکدین و بەبێ یەکێکیان مانا بۆ
دوانەکەى تر نامێنێت، ناکرێت مرۆڤ و شوێن هەبێت و ئازادى نەبێت، بە
پێچەوانەشەوە هەر ڕاستە. بۆیە مرۆڤ نزیکەى هەمیشە کار دەکات بۆ ئەوەى
بەرەو ئەو زەوییە بچێت، کە تیایدا بوونەوەرێکى ئازاد و سەربەخۆ و
رێزلێگیراوە.
شوێن ئاماژەیە بەو خاکەى کە مرۆڤ تیایدا بە ئازادى بەدواى خەون و خولیا
و ئاواتەکانى خۆیدا دەگەڕێت. دوو جۆرە لە شوێنیش هەیە، یەکەمیان ئەو
جوگرافیا دیاریکراو و واقیعییەیە کە مرۆڤ لەسەرى دەژى، دووەمیان شوێن و
جوگرافیاى تایبەتى ناخى مرۆڤەکانە، لێرەوە ئەدیب بە گەڕانەوەى
بەردەوامى بۆ ناو شوێن و جوگرافیاى ناخ خۆى لە مرۆڤێکى ئاسایى جیا
دەکاتەوە، چونکە گەڕانەوە بۆ ناو جوگرافیاى ناخ کارێکى زەحمەت و ناخۆشە
و لە تواناى هەموو مرۆڤێکدا نییە، ئەوە ئەدیبەکانن دەتوانن ئەو کارە
زەحمەتە ئەنجام بدەن.
شوێن کاریگەرییەکى زۆر لەسەر ئەدیب دادەنێت و دەبێتە خورپە (ئیلهام) و
ژێدەرێکى سەرەکى بۆ بەرهەمى هەموو ئەدیبەکان، بە تایبەتى شوێنى منداڵى،
کە سێبەرێکە لە ئەدیب جیانابێتەوە و تارمایییەکە هەمیشە بەدواوەیەتى،
بۆیە (جەمال غەیتانى) دەڵێت: (لەم سەرزەوییە مرۆڤێک نابینینەوە، کە
توند بە شوێنى لەدایکبوون و گەورەبوونییەوە گرێ نەدرابێت، بە تایبەتى
ئەدیبان، لەبەر ئەوەیە کە شوێن ڕەگەزێکى زۆر گرنگى کارى ئەدەبى
پێکدێنێت.)*
ئەدەب ئەو شوێنەیە کە ئەدیب تیایدا دەتوانێت هەناسە بدات و دەست لە
خەون و هیواکانى خۆى بدات و ئەزموونى ژیان بکات، چونکە لەوێدا ئازادى
دەگاتە ترۆپک، هەمیشە ئەو شوێن و زەوییەى کە ئەدیب داواى دەکات و بۆى
دەچێت، زەوییەکە هەموو شتەکان بە ئارەزووى ئەم ڕوو دەدەن، ئەویش وەک
بەرئاماژەم دا زەوى ناو ناخى ئەدیب. بۆیە ئەدەب هێندەى پرۆسەیەکى
خودییە بۆ قسەکردنى مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا، هێندە پرۆسەیەکى کۆیى نییە، کە
گوزارشت لە خەون و ئاواتى کۆ بکات.
کارى ئەدەب بۆ خۆى دروستکردنى دونیایەکى تر و بنیاتنانى واقیعێکى نوێیە،
واقیعێکى جیاواز لەم واقیعە بەرهەست و وشک و بێ ڕۆحەى کە ناچارین
تیایدا بژین. ئەو شوێنەش سەرزەمینێکى خەیاڵییە و لەنێو ناخى ئەدیبدا چێ
دەبێت.
خوێنەر
لە خوێندنەوەى کتێبى (سفرى ئەزموون) ى شاعیر (عومەر جەلال) چاوى بە
مرۆڤێکى تەنیا و نائومێد و دڵشکاو و بێزار و یاخی و ناڕازى دەکەوێت و
هەست بە بوونى مرۆڤێک دەکات، کە بۆ ئەوەى ئازار و غەم و بێزارییەکانى
گەورەبوونى بشارێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ منداڵى، ئەمەش هەڵگرى ئەو
ئاماژەیەیە، کە مرۆڤ هەمیشە لە منداڵیدا لە هەست بە خۆشحاڵى دەکات،
چونکە منداڵ لەناو شوێندا بە ئازادى هەڵسوکەوت دەکات، بەبێ گوێدان بەو
کۆسپ و تەگەرانەى کە دواتر لە گەورەبووندا شوێن بۆى دێنێتە پێش. لەگەڵ
مرۆڤێک کە لەگەڵ خۆیدا لە جەنگێگى بەردەوامدایە و دەیەوێت شۆڕبێتەوە بۆ
ژیانى تایبەتى خۆى و لەگەڵ ئەزموونەکانى خۆى ژیان بکات. هەر هەمان کات
بوونەوەرێکى ناجێگیر و گەردوونى دەکەوێتە بەر دیدەى، کە نایەوێت تەنیا
ڕەنگێگ ژیانى ڕەنگ بکات و گوێبیستى تاقە دەنگێگ بێت و بە شوێن و کاتێکى
دیارى کراوەوە ببەسترێتەوە، بەڵکو هەمیشە لە گەڕاندایە بۆ دۆزینەوەى
زەوییەکى تر و شوێنێکى تر، زەوییەکى جیاواز، کە لە هیچ زەوییەکى دى
نەچێت، ئەویش زەوى ناو ناخى خۆى، واتا ئەم کتێبە تابلۆیەکە شاعیر چەشنى
وێنەکێشێک بە ڕەنگەکانى تەنیایى و نائومێدیى و بێزاریى و یاخیبوون و
گەڕانەوە بۆ یادەوەرى منداڵیى و گومان و گەڕانى بەردەوام کێشاویەتى.
کتێبە شیعرییەکە لە چەندین پارچەشیعر پێکهاتووە، من تەنیا لەسەر
پارچەشیعرى (بەرەو زەوییەکى دى) دەوەستم و هەوڵ دەدەم کۆدەکانى بکەمەوە
و ناڕوونییەکانى ئاشکرا بکەم.
کلیلى کردنەوەى دەرگاى نهێنییەکانى دەق بریتییە لە ناوونیشان، بەو
مانایەى کە ناوونیشان یارمەتیدەرێکى باشە بۆ تێگەیشتن لە دەق و
ئاشکراکردنى نیاز و مەبەستى دەقنووس، چونکە زۆربەى کات ناوونیشانى دەق
بەشى زۆرى مانا و هەناوى دەقەکەى لەناو خۆیدا هەڵگرتووە.
(بەرەو زەوییەکى دى) ناوونیشانى پارچەشیعرێکى کتێبى (سفرى ئەزموون)ە،
ئەم ناوونیشانە هەم ئاماژەیە بۆ ڕەهابوون و ئازادبوونى شاعیر لە کۆت و
بەندوبارى زەوییەکى تایبەتى، هەم نیشانەشە بۆ دۆخى ناڕەزایى لاى شاعیر،
ئەمەش لەو بێزارییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەم زەوییە بۆى دروست دەکات،
بۆیە لە گەڕانى هەمیشەییدایە بۆ دۆزینەوەى زەوییەکى دى، هەر ئەمەش
کرۆکى ئەدەبە، واتا دروستکردنى زەوییەکى جیاواز لەو زەوییەى کە لە سەرى
دەژین.
شەڕ و جەنگ هۆکارێکى بنەڕەتین بۆ ناشیرینکردنى وێنەى شوێنێک، لە هەر
شوێنێک جەنگ و کوشتار هەبێت، ئەو شوێنە خاڵییە لە هەستى مرۆڤدۆستى و
ژیاندۆستى، شاعیریش تەنیا یەک ڕێگاى هەیە بۆ دەربازبوون لە زەوی و
شوێنێک، کە خوێن و ڕەنگى سوور تاکە ڕەنگن و مرۆڤ بۆى نییە ڕەنگى تر
ببینێت، ئەویش گەڕانەوە بۆ ناو قاوغى خۆى. ئازادى لەو زەوییە بەدى
نایەت کە جەنگ کارى خۆى دەکات و مرۆڤ دەستى دەچێتە خوێنى سوورى مرۆڤ.
جگە لەمە زەوییەک کە خاڵى بێت لە هەموو ئازادییەکان و بەها باڵاکان و
سەنتەربوونى مرۆڤ و سووکایەتیکردنى گەورە بە مرۆڤە جوان و هەست
ناسکەکان بکرێت و ڕێز لە وشە و نووسینەکانیان نەگیرێت، زەوییەک کە
جەلاد باڵادەستە و هەمیشە لە بۆسەى مرۆڤە جوانەکاندایە و دەیانکاتە
قوربانى، زەوییەک تیایدا ئافرەت بوونەوەرێکى ڕێزلێگیراو نەبێت و
بکوژرێت و کچانیش خۆیان بسووتێنن، شایانى ئەوەیە لێى هەڵبێیت، واتا ئەم
زەوییە شایانى ژیانکردن نییە و مرۆڤ نایەوێت لەسەرى بژى. شاعیر ڕێک لەم
دۆخە ناڕازییە و هەڵدێت لە کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى و دەچێتەوە بۆ ناو خۆى و
چیدى هەناسەدان لەسەر ئەم زەوییە بە پێویست نازانێت. ئەوەى جێگەى
سەرنجە لەم دەقەدا ئەوەیە، کە حاڵەتى ڕووبەڕووبوونەوە بەدى ناکرێت،
واتا تەنیا وەسفکردنى شتە بێزراوەکانى نێو زەوییە و هیچى دى، شاعیر لە
ترسى هەموو ناشیرینییەکان هەڵهاتووە، نەیتوانیوە بەر بە شاڵاوى کردارە
قێزەونەکانى مرۆڤ لە جەنگ و خوێن و ڕەنگى سوور بگرێت لەو زەوییەى کە
شاعیر دەیەوێت بیگۆڕێتەوە بە زەوییەکى دى:
زەوییەک هێندەى دەریاکان خوێنى بەرهەم هێناوە
زەوییەک هێندەى وەرینى گەڵاکانى پایز ئافرەتى تێدا کوژراوە
هەموو ئاخێکى مرۆ هێمایە بۆ رەتکردنەوەى ئەم زەوییە
پێکەنین بە سوتانى شاعیرێک ئاماژەیە بۆ تڕۆکردنى ئەم زەوییە
خۆکوشتن ترۆپکى سڕینەوەى زەوییە لە تەختەڕەشى فەرامۆشیدا
بێدەنگبوون لە جەنگ، بێدەنگبوونە لە تارماییەکانى دۆزەخ. ل١٧-١٨.
جوانیى ئەم تێگەیشتنەى شاعیر بۆ شوێن و زەوى لەوەدایە، کە ئەم زەوییەى
نەبەستۆتەوە بە ناوێکى تایبەتى و دیاریکراوەوە، بەڵکو بە شێوەیەکى
گەردوونى باسى لەم حاڵەت و بارودۆخە کردووە، کە هەر شوێنێک ئەم شتانەى
تێدا ڕوو بدات، ئەوا شایەنى ئەوەیە جێى بهێڵیت و لێى هەڵیبێیت.
دواتر شاعیر دەمانخاتە بەردەم هاوکێشەیەک، کە پێى وایە مرۆڤ ئەو کاتە
خۆى لەدەستدەدات کە لە زەوى و شوێنێکدا کەسێکى نائازاد و پەراوێزخراو
بێت، کەچى باس لە جوانییەکانى ئەو زەوى و نیشتمانە بکات، لێرەدا شاعیر
سوودى لە حاڵەتى دژیەکى (پارادۆکس) وەرگرتووە(دۆڕان و شکست- گۆرانى)
هەڵبەتە گۆرانى هەمیشە بۆ سەرکەوتن و بردنەوە دەگوترێت، کە شاعیر
ژیانکردنى لەم زەوییەدا بە دۆڕان زانیوە:
چ دۆڕانێکە شکستخواردوو بیت و گۆرانى بۆ ئەم
زەوییە بێژییت
هێند پێم بەر گیاى ئەم زەوییە کەوت مردم و زیندووبوومەوە
هێندە گوێبیستى تراژیدیا بووم خەندەم بیرچووەوە
_با_ وەک منداڵیى بردمى و بە دێوانەیى هاتمەوە!
-ئاو- وەک عەشق هێند گومانى لا دروست کردم
کۆمبوومەوە بەئەندازەى بەرد،
-باران- بەو هەموو هێزەى شۆردمیەوە و لە بۆنى غەمى ئەم زەوییە پاک
نەبوومەوە
کوشتن، میزکرنە بە رێساکانى ئەم ژیانە پووچە
خۆسوتاندن دواین گەمەیە کچە تەنیاکانى نیشتمان موعتادى بوون. ل١٩-٢٠.
شاعیر (عومەر جەلال) کاتێک دەیەوێت بەرەو زەوییەکى دى بڕوات، هەموو
شتەکانى ئەو زەوییە جێدەهێڵێت، کە بۆ ئەو هەر مایەى ئازار و نیگەرانیى
قووڵ بوون و هیچ شتێک لەم زەوییە کۆنە لەگەڵ خۆیدا نابات بۆ زەوییەکى
دى، واتا کاتێک دەیەوێت بچێتەوە ناو ناخى خۆى هەموو پەیوەندییەکى خۆى
لەگەڵ ئەم زەوییە دەپچڕێنێت و پەتى ئەو پەیوەندییە دەپسێنێت کە لەگەڵ
زەویدا بەستوویەتى، لێرەدا ڕێک هەموو شتەکانى نێو ئەو زەوییەى کە
تیایدا ژیاوە ئافەرۆز دەکات و لەگەڵ خۆیدا نایانبات بۆ زەوییەکى دى:
چ شەرمە تراژیدیا بۆ زەوییەکى دى بە کۆڵ بەرم
ئەم زەوییە شەرمەزارییە بۆ کەسێک
بەرەو زەوییەکى دى بڕوات
من دەستپێشخەرى ئەوانى دیم
یەکەم کەسم ئەم زەوییە جێدەهێڵم
یەکەم کەسم کۆڵانەکانى منداڵیى جێدەهێڵم
پشت لەو زەوییە دەکەم کە تێیدا ژیام. ل٢٣-٢٤،
گرنگى ئەم دەقە لەوەدایە کە شاعیر تەنیا بەوەندە ڕازى نابێت ژیان لەسەر
ئەم زەوییە ڕەتبکاتەوە و لێى هەڵبێت، بەڵکو ئاسۆى زەوییەکى تر دەبینێت،
زەوییەک کە مرۆڤەکان تیایدا وەکو منداڵ بە پاکى بژین و بە عەشق هەناسە
بدەن و عاشقبوون شوناسى مرۆڤەکانى ناو ئەم زەوییە نوێیە بێت. (منداڵیى
و عاشقبوون) لەم دەقەدا هاوواتان، واتا منداڵ و عاشق لە سیفەتی (پاکێتى)دا
هاوبەشن، ئەمەش بە ڕاستزانینى ئەو وتەیەیە کە دەڵێت: ((بۆ ئەوەى عاشق
بین، دەبێت منداڵ بینەوە.)) ئەم زەوییە نوێیە گوزارشتە لە ناخى شاعیر و
ئەو دنیا تایبەتەى کە بۆ خۆى دروستى دەکات و لە ناویدا ژیان دەکات.
شیعریش پێش هەر شت پرۆسەیەکە گرێدراوە بە ناخى شاعیر و ئەو دنیا
خوازەیەى کە بۆ خۆى دەیخووڵقێنێت:
ئەز، بوون و تواناى خۆم کۆکردووەتەوە
زەوییەکى دیکە فەراهەم بکەم
زەوییەک وەک ئاسمان تەنیا منداڵیى لێ بژێت
زەوییەک وەک ئاو بەسادەییەوە بمبات
وەک شیعرێکى نەمر بەخوێندنەوەى تەمەنم درێژتر بکات
زەوییەک بەبۆنى عەشق هەناسە بدەم!
شەونمى سەر گوڵە پەژمووردەکان خواردنەوەى بەیانیم بێت
جێگەم لەناو باران ڕاخرابێت
خۆرئاوابوون دواین هاوڕێى تەنیاییم بێت
زەوییەک بۆنى خوێن و جەنگى تێدا نەبێت
ماڵەکانى لە گەڵا دروستکرابێت
مرۆڤەکانى شەهیدانى ڕێگاى عەشق بن
چ بەخشندەییەکە لە زەوییەکدا بژیت جەنگى تێدا نەبێت!
چ ئاسوودەییەکە لە ماڵێک بژیت تەنیا خەیاڵ و بۆنى یارى تێدا بێت.
ل١٨-١٩.
_______________________________________
سەرچاوە:
سفرى ئەزموون، عومەر جەلال، چاپخانەى ژێنەر،
٢٠٠٨.
* دلالة
المكان فى ادب نجيب محفوظ
/ مجلة اتحاد الكتاب
/ عدد خاص (نجيب محفوظ).
www.kenanaonline.com/users/enteg/posts/98307
karwanshorshe@yahoo.com
|