په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١\٢٠١١

 پژاک و پەکەکە تیرۆریست بن ئەدى ئێمە چى؟


هیوا رەش     


ئەم نەزمى نوێى جیهانى و جیهانگیرى و تاکجەمسەرییەى ئێستا قاو و باویەتى و لەو ڕێگەیەوە ئەمریکا درمى نەهامەتییەکان ئەگوێزێتەوە بۆ جەستەى گەلان ، لە سەردەمى ئێمەدا ئەم وردەواڵانەى سوپەرمارکێتەکانى ئەمریکا وەبەر نەهاتبوون ، گەرمەى شەڕى ساردى نێوان دوو سەربازگە گەورە جیهانییەکە بەناو ( بلۆکى سەرمایەدارى و سۆشیالیستى ) بوو ، جگە لەو وڵاتانەى لە یەکێک لە دوو سەربازگەکەدا بوون هەندێک وڵاتانى تر هەبوون ناویان لێنرابوو بێلایەن و تازە گەشەسەندووەکان و ----- ئەم وڵاتانەش نەک بەدەر نەبوون لە ژێر کاریگەریى یەکێک لەو دوو سەربازگەیەى بە خاوەندارێتى هەردوو زلهێزى ئەمریکا و شورەوى پێکهێنرابوو ، بەڵکو ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سیاسەت و بەرژەوەندى ئەو دوو سەربازگەیە ڕۆڵ و کاریگەریى دیارى تیایاندا هەبوو و ئابورییانى وابەستەى خۆیان کردبوو .

ململانێى نێوان ئەو دوو سەربازگەیە بە تێکشکانى پەیمانى وارشۆ و سەرکەوتنى ناتۆ بە سەرهەڵدانى تیرۆر و تیرۆریزمەوە کۆتایى هات ، دوایین قورسایى شەڕ و ململانێى ئەمریکا و شورەوى لە ئەفغانستاندا یەکلا بۆوە ، لە سەرەتاى نیوەى یەکەمى ساڵانى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا لە ڕێگەى وڵاتە کۆنەپەرستەکانى ناوچەکەوە دەستێوەردانێکى ئاشکراى ئەمریکا لە کاروبارى ناوخۆى ئەفغانستان پیادە کرا ، دەیان کەس و گروپ و تۆڕى ئیسلامیى دروست کران و بە تایبەتى لە ڕێگەى میسر و سعودیە و ئەمارەتەکانى ترى کەنداو وپاکستانەوە هەناردەى وڵاتى ئەفغانستانیان کردن ، هەمو پاڵپشتێکى مادى و مەعنەوى و هەواڵگرى ولۆجیستیى بۆیان فەراهەم کرا و بە ناوى بەڕەنگاربوونەوەى کوفرەوە لەباتى هەوڵدان بۆ سەقامگیرى و ئارامى ، لە ژێر ئاڵاى ئیسلامدا دۆزەخێکى بێئامانى لە وڵاتەکەدا هەڵخرا ، کە گۆماوى خۆێن و وێرانەبوون و داڕمانى ئابورى و لێکهەڵوەشانەوەى کۆمەڵگاى بە دواى خۆیدا هێنا .

ئەمریکا ، نکوڵى لە ڕۆڵى کاراى لە دروستکردنى پێگەیەکى بەهێزى بەناو ( موجاهیدینى ئەفغان و عەرەب ) ناکرێت ، بە کۆمەڵ لاوانى وڵاتانى عەرەبیشیان بۆ جێبەجێ کردنى سیاسەتى نەگریسى خۆیان ڕەوانەى ئەوێندەر ئەکرد و ناویان لێنرابوو – عەرەبئەفغان – ، بۆ ( جیهاد ) کردن کارئاسانییان بۆ گەیاندنیان بە مەیدانى شەڕى دژ بە حکومەتى ئەفغانستان بۆ ئەکردن لە ڤیزا پێدان و خەرجى و پڕچەککردن و گواستنەوەیاندا بۆ پاکستان و دواى مەشق پێکردنیان لەوێشەوە لە سنورى نێوان هەردوو وڵاتەوە دزەیان پێئەکردن و ئاودیوى مەرگەساتیان ئەکردن .

هەندێک لەو گەنجانەى ئەکرا وەکو داردەستێک و بەکرێگیراوێکى تاسەر سوودیان لێوەربگیرێ بۆ شێواندنى ئارامى و ئاساییش لە هەموو کات و شوێنێک لە سەراپاى جیهاندا لە لایەن ئەمریکاوە گرنگى و بایەخى زۆریان پێدرا ، یەکێک لەوانە – ئوسامە بن لادن – بوو کە گەنجێکى سەرەڕۆ و لەهەمان کاتیشدا سەرمایەدارێکى گەورەش بوو .

ئوسامە ئەگەر خەلقەندەى ئەمریکاش نەبێت ئەوا بێگومان پەروەردەى دەستیەتى و لە ( حوجرە ) ەکانى سى ئاى ئەیى ئەمریکاوە ئاراستە کراوە و ئەکرێت کە ئەمڕۆکە تەواوى گەلانى جیهانیان بە بوونى ئەو تۆقاندووە و وەکو هەڕەشەیەکى مەترسیدار هەمیشە پیشانى وڵاتانى دنیا ئەدرێت ، جا لێرەوە بۆمان دەر ئەکەوێت کە ئەمریکا کارگەى بەرهەمهێنانى تیرۆرە لە جیهاندا و خۆى تیرۆر و تیرۆریست بەرهەم ئەهێنێت و هەر بە ناوى بەڕەنگاربوونەوەى تیرۆر و تیرۆریزمیشەوە بە سۆنگەى ئەو مڵۆزمە بەرهەم هاتووانەى کۆمپانیاکانى خۆیەوە هەر کاتێک بخوازێت خۆى دەهاوێژێتە نێو هەر وڵاتێک کە بەرژەوەندیى خۆى تێدا بێت ، جگە لە مڵۆزمى تیرۆریست لەوە پێش کارگەى بەرهەمهێنانى دیکتاتۆریەت لەگەڕدا بوو ، وێڕاى پشتیوانى تەواوى خۆی لە قووتکردنەوە و سەپاندنیان بەسەر گەلانى وڵاتاندا ، لەم ڕێگەیەشەوە وەکو کوردەوارى خۆمان وتوویانە : ( بە بەردێک دوو چۆلەکە دەپێکێت ) و دووڕووانە ڕەفتار دەکات کە لە لایەکەوە بەناوى گۆڕینى سیستمە کۆنەپەرستە دیکتاتۆرەکانەوە بە مکیاژ و شاردنەوەى مەبەستەوە خۆى وەکو فریادڕەسێکى گەلان نمایش دەکات و دەست دەخاتە کاروبارى وڵاتانەوە و گەراى خۆى تێدا دادەنێت ، لە لایەکى تریشەوە پەیامى هەڕەشاوى بە گوێى گێتیدا دەدات و ئاگاداریان دەکاتەوە لەهەر پێکدادانێک لە سیاسەتەکانیدا تواناى سەرکوت و بڕست لێبڕینیانى هەیە ، سەربارى هەموو ئەمانەش لە ئاکامى ناعەدالەتى و نایەکسانى لە زۆرى بەرهەم و خراپى دابەشکردندا زەمینەیەکى ئەوتۆ لە دیواربەندى نێوان تاکەکانى کۆمەڵگا دەهێنێتە کایەوە کە دایان دەماڵێت لە چەمکى هاوڵاتى بون و ئینتیماى نیشتمانى ، ئەمە لە کاتێکدا سەر هەڵدەدات کە کەمینەیەک تەواوى کایەکانى ژیان بە دەستەوە دەگرن و گەمە بە قووت و پیرۆزییەکانى زۆرینەیەکى ڕەهاى خەڵک دەکەن کە ئاستى ژیانیان کەوتۆتە ژێر هێڵى هەژارى و نائومێد بوون لە ژیان دەبێتە یاوەریان تا بە حاڵەتى نامۆیى و نامۆبوون دەگات و ناچارى ئەوەیان دەکات لە ژینێکى سەختى ئاسۆ وون وەڕس و بێزار بن و بیر لە دابین کردنى ژیانێکى خۆشگوزەرانى نادیار بکەنەوە ، لەم خاڵە لاوازەوە پەتاى تیرۆر ژەهرى خۆى دەڕژێنێتە جەستەى شەکەتى برسى و تینووى هەژارانەوە و بۆ مەرامى سیاسەتى قاتوقڕ و کوشتوبڕ بەکار دەبرێن و بنکە و پێگەى تیرۆریستییان پێ بەهێز دەکرێت .

ئەمێستا هەر بە چەکى بەڕەنگاربوونەوەى تیرۆریزمیى ، ئەمریکا لە هەوڵى تێکەڵ کردنى دۆسیەکاندایە و دەیەوێت پنتێک یان وێرگوڵێک لە نێوان شۆڕش و شۆڕشگێڕى و تیرۆر و تیرۆریستیدا نەهێڵێتەوە ، هێزە یاخیبووەکان لە ستەم بە تیرۆریست ئەژمار دەکات و ستەمکاریش بە ستەمڵێکراو دەشوبهێنێت ، لە کاتى خۆیدا لە پڕچەک کردن و پشتیوانى هەواڵگرى و لۆجیستى و دۆست کۆکردنەوە و کەناڵ دروست کردن بۆ بەهێز کردنى ڕژێمى بەعس بۆ سەرکوت کردنى گەلى باشورى کوردستان و بەگژداچوونەوەى شۆڕشى گەلانى ئێران لە شاربەدەر کردنى بەئەمەکترین پۆلیسى ئەمریکى ، تەواوى تواناکانى خستبووە گەڕ کە لەو سەروبەندەدا ئێمەى داکۆکیکار لە خاک و نیشتمانى خۆمان لە فەرهەنگى ئەمریکادا موخەریب و موتەمەرید و موستەعسى بووین و لە یاساکانى بەعسیشدا بە یاساى – جرائم المخلە بالشرف – حوکم دەدراین و لە سێدارە دەدراین و ڕاپێچى زیندانەکان دەکراین ، تەنانەت لە سەرنگون کردنى کۆمارى مەهاباد و ڕێککەوتننامەى جەزائیر و سەرکوتى ڕاپەڕینى 1991 یشدا و خستنەوە سەرپێى ڕژێمە لەرزیوەکەى سەدام حوسێن ، ئەمریکا تەواوى تواناکانى خۆى خستۆتە گەڕ و ئەسپى نامرۆڤانەى تێدا تاوداوە ، بۆیە ئەمڕۆکەش نامۆ نیە ئەگەر ڕاستەوخۆ لەلایەن خودى ئەمریکا خۆیەوە بێت یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەى پیاوە گزگلەکانیەوە کە هێزێکى شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزى وەکو پژاک و پەکەکە بە تیرۆریست دابنرێن و بخرێنە لیستى ڕەشەوە و گشت هێزە کۆنەپەرستەکان وێڕاى جیاوازییەکانى نێوانیان تەبا بن لە بە خڵتان خوێن کردن و ناشیرین کردنى ئەو شۆڕشە مەزنەدا و شەو و ڕۆژ بنێنە سەر یەک بۆ پیلانگێڕیى لە دژیان ، ئەمە و لە کاتێکدا هەموو دنیا دەزانێت تورکیاى کەمالیستى تاسەر ئێسک ڕەگەزپەرست دەیەوێت نکوڵى لە بوونى نەتەوەیەکى پتر لە 45 ملیۆنى باکورى کوردستان بکات و ناسنامە و خاک و زمان و کەلتور و کەلەپور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیرى و جوگرافیا و مێژووى تیرۆر بکات ، یان کۆمارى ئاخوندیزمەکانى ئێرانى کۆنەپەرستى ئیسلامى کە بەرپرسە لە بەرقەرار کردنى بشێوى و نائارامى لە دنیا و ناوچەکەدا و ڕۆژانە لاوانمان دەکاتە مێوانى بەر پەتى قەنارە ،هێزێکى کوردى شۆڕشگێڕى داکۆکیکار لە مافە نەتەوایەتییەکان کە ناچارى چەک هەڵگرتن کراون لە هەمبەر ستەمى حوکمڕانى تاران بە تیرۆریست دەشوبهێنرێن ، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەو ئەو سیاسەتەى لە ئەمریکاوە نەخشەى بۆ دادەڕێژرێت لەسەر هەمان پەندى پێشیانى کوردى خۆمان ڕەسم کراوە کە دەڵێت : ( سەرچۆپى بەدەستى سەگەوە بێت ، شایى لۆغان بەرەو قەسابخانە دەبات ) ، لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە ئەوەى ئەمریکا و گزگلەکانى دەیخوازن و دەیڵێن هیچى تێدا بەدى ناکرێت جگە لە بەرژەوەندخوازى و پارێزگاریى لە بەرژەوەندییە ئابورییەکان و فراوانخوازیى هەیمەنەى ئەمریکى و پتەو و زیاد کردنى پێگە سەربازییەکان .

ئەگەر پەکەکە و پژاک لەسەر داکۆکى کردن لە خاک و نیشتمان وەکو دوو هێزى تیرۆریست تەماشا بکرێن پێویستە لەمەودوا ئێمەش شانازى بە تیرۆریست بوونى خۆمانەوە بکەین و بەندەش ڕایدەگەیەنم هەتا ئەوان تیرۆریست بن منیش نەک تاکە هیوام سەرکەوتنى ئەو تیرۆریستانەیە و بەس ، بەڵکو شانازى بەوەوە دەکەم کە تا مردن پشتیوانییان لێ بکەم و هەر کاتێک پێویستیان بە من بێت منیش وەکو ئەوان تیرۆریستێکم ئاو ڵێڵ ناکەم.

سەربەرزى و سەرفرازى بۆ گەریلاکان و نەمریش بۆ شەهیدان.
سەرشۆڕى و ملکەچى بۆ ئەوانەى بە تیرۆریست ناوزەدیان دەکەن.

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش