په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٤

پیلانە شاراوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق.

جەلال محەمەد     


پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق گرێدراوترین لایەنی کوردیە بە داگیرکەرانی کوردستانەوە، ئەم لایەنە تا ئەو کاتەی لە توانایدا بێت ڕاستەوخۆ کەوتۆتە خزمەتی داگیرکەران بۆ تیرۆرکردنی شۆڕشگێڕان و لەم بوارەدا نموونە ھێجگار زۆرە و پێویست بە وردەکاری ناکات.


ھەر کاتێکیش لە توانایدا نەبووبێت فەرمانی داگیرکەران بەجێ بگەیەنێت ئەو کات ھانای بردۆتە بەر دەزگا بەد کردەوەکەی پاراستن بۆ شێواندنی ڕاستیەکان و لە خشتەبردنی کۆمەڵگا . پێش ئەوەی بێمە سەر ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، خراپ نیە ئەگەر دوو نموونە بھێنینەوە:


١- پاش ھەڵھاتنی شای ئێران ، ڕەوشێکی ھاوشێوەی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ھاتە ئاراوە بۆ کوردانی ڕۆژھەڵات ، ئەوکات کۆماری ئیسلامی ئێران بەھۆی شەڕی داسەپاوی عێراق و دابڕانی لە جیھان لە توانایدا نەبوو ڕۆژھەڵات خەڵتانی خوێن بکات ، ھەر بۆیەش ئەو ئەرکەیان سپاردە قیادە مۆقەتە (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی ئێستا)، پارتیش بەھۆی ڕوودانی ئاشبەتاڵ و دابڕانیان لە کۆمەڵگا لە توانایدا نەبوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ھاوشێوەی ساڵەکانی ١٩٦٧ و ١٩٦٨ بکەوێتە دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژھەڵات و سەرکوتیان بکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو بیانوویەک بدۆزێتەوە بۆ سەرکوتکردنیان ، باشترین بیانووش دەرھێنانی تەرمی مەلا مستەفا بوو لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە.


دوا بە دوای دەرھێنانی تەرمەکە ڕاستەوخۆ کەوتە خۆ بۆ سەرکوتکردنی کوردان و تەواوی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان دایەوە دەست کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاشبەتاڵێکی ھاوشێوەی ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٥یان بە دیموکرات و کۆمەڵە کرد، ئەمەش جێبەجێ کردنی گوتە با نەوبانگەکەی ئیدریس بارزانی بوو کە دەیگوت "ئەگەر شۆڕشمان پێ نەکرێت ، شۆڕشمان پێ تێک دەدرێت "، واتە ئەوەی تەرمی مەلا مستەفای دەرھێنا خودی سەرانی پارتی و دەزگای پاراستن بۆ خۆیان بوون ، بەڵام ئەوەی تاوانبار کرا بەو ڕووداوە کوردانی ڕۆژھەڵات بوون ، ئەمەش بوویە ھۆی ئەوەی کە لە پێناوی مردوویەکدا گەلێکی زیندوو بکوژرێت.


٢- پاش بەرپابوونی شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی(دوای ڕاپەڕین)، ناوچەی "دەرکار عەجەم"ی سەر بە شاری زاخۆ کەوتە دەست ھێزەکانی یەکێتی ، ئەم ناوچەیەش زۆر نزیک بوو لە خاڵی گومرگی برایم خەلیل و لە ھەر کاتێکدا یەکێتی دەیتوانی ئاستەنگی بۆ پارتی ساز بکات ، پارتی چەندین جار ھەموو ھێزی خۆی تاقیکردەوە بەڵام نەیتوانی ئەو ناوچەیە لە دەست ھێزەکانی یەکێتی دەربێنێت ، لەبەرئەوەی سەرپەرشتیاری ھێزەکانی یەکێتی پێشمەرگەیەکی زۆر تێکۆشەر بوو بە ناوی "سەعید عەبدوڵا " و سەر بە عەشیرەتی سندی بوو ، ئەو عەشیرەتەش وەک دژبەرێکی سەرسەختی پارتی دەھاتنە ئەژمار لە ناوچەی زاخۆ.


پارتی بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو مەترسیە لەسەر خۆی لاببات دەبوو پیلانێکی شاراوە ئەنجام بدات و چەندین نیشانە بە گولەیەک بپێکێت ، بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە تەقینەوە جەرگبڕەکەی زاخۆیان ئەنجامدا کە زیاتر لە ١٠٠ سڤیلی تێدا کوژرا ، تەقینەوەکە لە بازاڕێکی شاری زاخۆ ئەنجام درا کە تەواوی خەڵکی ئەو بازاڕە سەر بە عەشیرەتی سندی بوون ، ڕاستەوخۆ پارتی ئەو تاوانەی خستە ئەستۆی یەکێتی و لە ڕاگەیاندنەکانەوە ڕایگەیاند کە کۆسرەت ڕەسوڵ لە ڕێگەی سەعید عەبدوڵاوە ئەم تەقینەوەیەی ئەنجام داوە ، واتە (ئەوەی لەو تەقینەوەیەدا کوژرا سندی بوون کە دژ بە پارتی بوون ، ئەوەی کە تاوانباریش کرا بەو کردەوەیە سەعید عەبدوڵا بوو کە لە کەسە ناودارەکانی عەشیرەتی سندی بوو) . پاش ڕووداوەکە بیانوویەکی باش کەوتە دەست پارتی کە ھێرش بکاتە سەر ناوچەی "دەرکار عەجەم" بە ھاوکاری دەوڵەتی تورک و سەدان بێتاوانی دیکەی سندی لە ناوچەکە بکوژێت و ناوچەکەش بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی.


دووبارە بوونەوەی تاوانەکان:


ئێستا شۆڕشێکی ھاوچەرخ لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرپا بووە ، شۆڕشێک کە سەرنجی ھەموو جیھانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە و کوردی ھەموو جیھان بە چاوێکی پڕ لە ئومێدەوە لێی دەڕوانن ، ئەم شۆڕشە جگە لەوەی کە ھەموو ڕۆژئاوای کوردستانی بە کەمترین زیانەوە لە دەست بەعسیەکان ئازاد کرد ، لە ھەمان کاتدا ڕێگری کرد لە ھەر دەستێوەردانێکی دەرەکی و توانیان چۆک بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و تەواوی ئەو ھێزە کۆنەپەرستانەش بێنن کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانیان لێ دەکرا وەک " داعش و جەبھە النوسرە و ئارتەشی ئازاد".


ھەر لە سەرەتای شۆڕشەوە ، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کەوتە ئاژاوەگێڕی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش لەو پارچەیەدا ، ساتێک لە ڕێگەی دووبەرەکی سازکردن و ساتێک لە ڕێگەی ھەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەی سیاسەتی خیانەتکارانەی "فیفتی - فیفتی" ، ساتێک لە ڕێگەی ھاندانی ئەو پارتە بەکرێگیراوانەی کە لە ئوتێلە پێنج ئەستێرەیەکانی شاری ھەولێر دانیشتوون و ساتێک لە ڕێگەی سازکردنی کەتیبەی چەکداری بەکرێگیراو ، ساتێک لە ڕێگەی درۆ سازکردن بۆ ناشیرین کردنی شۆڕشگێڕان و ساتێک لە ڕێگەی ھەوڵدان بۆ شکاندنی بەڕێز ساڵح موسلمی ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" ، ساتێک لە ڕێگەی ھاوکاریکردنی جەبھە النوسرە و ئارتەشی ئازاد بۆ ھێرش کردنە سەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ساتێک لە ڕێگەی داخستنی سنوور و داڕشتنی پیلانی ژەھراوی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دژ بەو شۆڕشە.


پاش ئەوەی ھەموو ھەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق نەزۆک دەرچوون ، ئەو کات خودی مەسعود بارزانی ئەوەی لە دڵیدا حەشاری دابوو بەسەر ڕۆژئاوادا ھەڵی ڕشت و گوتی (لە ڕۆژئاوای کوردستان شتێک نییە بە ناوی شۆڕش). ھەڵبەت ئەم گوتەیە جگە لە شەرمەزاری بۆ مەسعود بارزانی ھیچ شتێکی دیکەی لێ شین نەبوو ، چونکە ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوو دەدات لە ڕاستیدا "شۆڕشێکە لە نێو شۆڕش"دا و نەک تەنھا کوردان بەڵکو تەواوی چاودێر و سیاسەتمەدارانی جیھانیش ددان بەو ڕاستیەدا دەنێن و دەڵێن (لە سوریادا تەنھا کوردەکان توانیویانە شۆڕش وەک خۆی بھێڵنەوە و برایەتی گەلان بپارێزن).


کاتێک تەواوی پیلانەکانی پارتی و بارزانی دژ بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوونە بڵقی سەر ئاو ئەو کات دەخوازن لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە کەسایەتی کوردی ڕۆژئاوا بشکێنن لە ئۆروگاکانی باشووری کوردستاندا ، دانیشتوانی ئەو ئۆردوگایانەش دەکرێن بە دوو بەشەوە:


بەشێکیان بریتین لەو کوردانەی کە دانیشتووی شارەکانی دێمەشق و حەلەب بوون و بەھۆی شەڕەوە ھەموو شتێکیان لە دەست داوە و ھانایان بردۆتە بەر باشووری کوردستان ، بەشێکیشیان بریتین لەو کوردانەی کە فریوی گوتە بریقەدارەکانی بارزانیان خوارد ، چونکە ماوەی دوو ساڵە پیلانێکی نھێنی لە نێوان بارزانی و دەوڵەتی تورکدا واژۆ کراوە بۆ کۆچبەرکردنی کوردانی ڕۆژئاوا.


دەزگای پاراستنیش کەوتۆتە ناو زڕاندنی ئەو کوردە ئاوارانە و ڕۆژانە گوتەی سوک و ناشیرین ئاڕاستەی کچ و ژنەکانیان دەکەن ، نوێترین کردەوەی دەزگای پاراستنیش بریتییە لە بڕینی خۆراک لەسەر ئۆردوگاکان و مەرجی دەزگای پاراستن ئەوەیە کە دەبێت تەنھا کچەکان بچن بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراک دەنا خواردن بە ھیچ خانەوادەیەک نادرێت (ھەڵبەت ئاشکرایە مەبەست لەم مەرجە چییە!!!).


ئەم کردەوە چەپەڵەی پارتی و پاراستن بۆ دوو مەبەستە :- مەبەستێکیان ئەوەیە کە کەسایەتی کوردانی ڕۆژئاوا بشکێنن و مەبەستەکەی دیکەشیان ئەوەیە کە سەرنجی کوردانی باشوور لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا لابدەن و کوردانی باشوور بە چاوێکی سوکەوە ھەم لە کوردانی ڕۆژئاوا و ھەم لە شۆڕشەکەیان بڕوانن.


بیرھێنانەوەیەکی دڵ تەزێن:


ئۆردوگای قوشتەپە پەیوەست بوو بەو بارزانیانەوە کە ڕژێمی بەعسی فاشی گوندەکانی ڕوخاندبوون ، پاش ئانفالکردنی پیاوەکانیان بە غەیری ژن و منداڵ ھیچ کەسێکی دیکە لەو ئۆردوگایەدا نەمابوو و چواردەوری ئۆردوگاکەش بە سەربازگە تەنرابوو ، بەعسیەکان ڕۆژانە سەربازی ئەو سەربازگانەیان دەنارد بۆ دەستدرێژی کردنە سەر ئەو ژن و کچە بەڕێزانەی کە پیاوەکانیان ئەنفال کرابوون و دەست درێژیەکی دوور لە ھەموو بەھایەکی ئینسانیشیان دەکردە سەر ھەموو ئەو خانمە بەڕێزانە ، ھەڵبەت ئەم کردەوەیەی بەعسیەکان بۆ شکاندنی کەسایەتی کورد بوو بەڵام لە ڕاستیدا جگە لە وەحشیگەری بەعسیەکان و ماھیەتی فاشیانەی دارودەستەی سەدام حسێن زیاتر ھیچ شتێکی دیکەی نە دەسەلماند.


ئەوەی دوێنێ بەعسیەکان دژ بە تەواوی کوردانی باشوور و بە تایبەتیش دژ بە ژن و کچانی بارزانی ئەنجامیان دەدا کەچی ئیمڕۆ پارتی و بارزانی ھەمان کردەوە دژ بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئۆردوگاکاندا ئەنجام دەدەن ، ھەڵبەت ئەم کردەوە چەپەڵەی دەزگای پاراستن نابێتە ھۆی ناشیرین کردنی کوردانی ڕۆژئاوا بەڵکو ڕاستینەی زھنیەتی بۆگەنی سەرانی پارتی و دەزگای پاراستن نیشان دەدات ، چونکە بۆ ھەموو کەسێک ئاشکرایە کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشانەی خۆڕاگری و بە شکۆ ھێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردەواری بوون و تەنانەت بستێکی خاکی کوردستانی گەورە نەماوە کە بە خوێنی کچان و کوڕانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەنگین نەکرابێت.


لێرەدا چەندین پرسیار خۆی قوت دەکاتەوە:


١- تەنھا یەک کەس نەماوە لە باشووری کوردستاندا کە دووچاری ئاوارەیی نەبووبێت ، ھەمووشمان دەزانین کە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە چ شێوەیەک دەرگای ماڵەکانیان بۆ خستینە سەر پشت و پارووی دەمی منداڵەکانی خۆیان دەرخواردی ئێمە دەدا ، ئایا لە کوێیە ویژدانی زیندوو کە ئاوھا کوردانی باشوور بێ ھەڵوێستن لە بەرامبەر ئەم کردەوە قێزەونانەی دەزگای پاراستن و سەرانی پارتی بەرامبەر بە کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە تایبەتیش بەرامبەر بە ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان؟


٢- لەبەر چاوماندایە کە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان چ شۆڕشگێڕێکن و بە تایبەتیش کچانی شۆڕشگێڕ کە شان بە شانی پیاوان ھەموو گۆڕەپانەکانی خەباتیان پڕ کردۆتەوە و دژ بە ھەموو داگیرکەرانی کوردستان وەستاونەتەوە . ئایا بە چ شێوەیەک ڕێگە دەدرێت سەرانی پارتی ئاوھا بێ حورمەتی بەو کەسانە بکەن لە کاتێکدا لە ھیچ کەسێک شاراوە نییە کە سەرانی پارتی پەلکێشکەری ھەموو داگیرکەرانی کوردستان بوون؟


٣- ئایا بە چ شێوەیەک ئەو ئاوارە بەڕێزانەی ڕۆژئاوای کوردستان قبووڵی دەکەن کە ئاوھا بێ حورمەتیان پێ بکرێت لە لایەن سەرانی پارتیەوە ؟ کە بە باوەڕی من ئەگەر بە برسێتی بمرن لە ڕۆژئاوادا زۆر شکۆمەندترە وەک لەوەی لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و بارزانیدا بە تێری بژین.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک