په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠١٠

پلکە خەجیج و پوورە ئایشێ،

ئەو دوو شێرەژنەی لەبیر ناچنەوە، یادیان بەخێر!!


رابەر رەشید   


من وەکو خۆم لەبەرئەوەى هەر لە منداڵییەوە دایکم کۆچی دوایی کردووە، سۆزی دایکایەتییەکى راستەقینەم نەچەشتووە، چونکە هەندێ لە هاوڕێکانم دەڵێن: زۆرجار مرۆڤ لەکاتى گەورەییش هەر پێویستی بە سۆز و ئامێزو ماچى دایکێتى، هەرچەندە نازانم ئەمەیان تاچەند وایە؟


لێ ئەوەى دەیگێڕمەوەو دەمەوێ وەکو یادەوەرییەک بۆ مێژووى تۆمار بکەم، هەڵوێستى دوو دایکە پێشمەرگەى شێرەژنە کە یەکەمیان لە بەهارى 1987 و ئەوەى دووەمیشیان لە هاوینى 1988. یەکەمیان لەسەر زێى بادینانى خوار بلێ و بارزان و دووهەمیشیان لە ئۆردووگا زۆرە ملێ و تۆزاوییەکەى دارەتووى نزیکى هەولێر.
یەکەمیان: ورەی بەرزو کوردپەروەرانەو دایکانەى (پلکە خەجیج)ى دایکى (هاوڕێ کاکەڕەش)ى پێشمەرگە رۆحسووک و رەشتاڵەکەى سەردەمى هەشتاکان و ئەندامى سەرکردایەتی ئێستاى حزبی زەحمەتکێشانى کوردستان و دووهەمیشیان هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەو پێشبینی کردنى ژنە کوردێکى بە ئەزموونى دەڤەرى پشدەرى مەکۆى شۆڕشگێڕان کە لە هاوینى (1988)دا لە ئۆردووگاى زۆرەملێى دارەتوو لە چادرێکى شڕۆڵ و نێو تەپوتۆزى چلەى هاوینى ئۆردووگایەکى زۆرەملێدا ئاوارەو دەربەدەر بوون، لێ ژنێک لێوانلێو لە خۆڕاگرى و گیانى بەرخۆدان، لێوانلێو لە ورەبەرزی و بەگژداچوونەوەى داڕووخان و هەرەسى دەروونی.


هەڵوێستی یەکەم: بەهارى 1987، ئەوکاتەى ئێمە باڵێکى دابڕاوى (حسک/ ئیتجاهی دیموکراتى شۆڕشگێڕ)ى ئەوکاتە (حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان)ى ئێستا، بەدەست سەرکردایەتییەکەی ئەوکاتەیەوە دەمانناڵاندو وەکو ماسی ژەهر خواردوو، تووشى سەرەگێژە بووبووین و دەستە دەستە بەملاو بەولادا هەڤاڵەکانى ئەوکاتەمان جێدەهێشت و هەندێک بۆ ناو حزبەکان و تاکوتەراش بە ناچارى و سەرشۆڕانە دەگەڕاینەوە ناو بەعس!!، چونکە ئەو سەرکردایەتییەى ئەوکاتە، بەبەڵگەوە هەتا پیاسەکردنیان لەنێوان ژمارەیەک لە کادیرو پێشمەرگەکانى خۆیان قەدەغەکردبوو، کەچى داواى ئازادی و دیموکراتی و مافى کوردیشیان لە بەعس دەکرد!!.


لەبیرمە پلکە خەجیج - یادى بەخێر و گۆڕەکەى پڕاوپڕ لە نوورى دایکایەتیی کوردانە بێت - لەگەڵ خوشکى زێدە گەورەو بەڕێزم (حەسیبە)ى خوشکى (کاکەڕەشۆ) کە ئێستا قسەکانى ئەوکاتەى ئەو شێرەکچەم دێتەوەبیر کە چۆن ئاواتى ئەوەى دەخواست ئەویش (کوڕ)بوایەو دەمێکبوایە چەکى پێشمەرگایەتی بکردایەتەشان، کەچى بە زەردەخەنەوە دەیگوت: ئاخ چی بکەم کیژم..کیژ!!. قسەو گورجوگۆڵییەکەى ئەوکاتەی، گیانبازییەکانى ئێستاى (گەریلا)کانى قەندیلم وەبیر دەهێننەوە.


ئەوکاتە ئەو پلکە خەجیجە، چەشنى دایکى رۆمانەکەى مەکسیم گۆرکی، زۆر دایکانە داواى خۆڕاگری و بەرخۆدان و بەردەوامبوونی پێشمەرگایەتی لێدەکردین، بەمەرجێک، ئەو بۆ خۆى بە بێوەژن کۆشی، رەشۆو حەسیبەو (جەمال)ى کوڕە بچووکى گەورە کردبوو. ئەوکاتەم هەرگیز لەیاد ناچێتەوە کاتێک نامەلۆچکەیەکم دایە دەستى و پێموت: ئەرێ پلە دەتوانى ئەم نامەیەم لۆ بگەیەنیتە پردێ و بیدەیتە دەستى کابرایەکى لەوجۆرو لەو چەشنە؟ بزەیەکى کردو وتى: ئەى من لۆ چ هاتیمە، هەى رابەرۆک؟.. ئەرێوەڵڵا لۆى دەبەم و (شیو)ەکشیان پێدەکەم. هەروایشى کردبوو. دووبارە کڕنۆش بۆ گیانی دایکایەتیت، ئەى دایکە خەجیجى پێشمەرگە.
هەڵوێستى دووەم: ئێمە سێ پێشمەرگەى ئەو باڵە دابڕاوەى (حسک- ئیتجاهی دیموکراتی شۆڕشگێڕ)، دواى ئەوەی (بەندە) لە (خواکورک)ەوە گەڕامەوە (کۆلەکا)ى پشت مێرگەسۆرو وەکو میوان لای بردەرانى (پارتى گەل) بووم و دواتر بە پیلانێک لەلایەن سەرکردایەتیی ئەوکاتەى (حسک - ئیتیجاهى دیموکراتى شۆڕشگێڕ)ەوە بە دەستگیرکراوى لە (کۆلەکا)وە بەرەو بارەگاى (گەلى تووبە)یان دەبردم، لە رێگا لە گوندی (بانێ)ی سەربە دینارتە، دەرفەتى خۆدەربازکردنم بۆ رەخساو لە رێگاى ماڵە زێبارییەکەوە بۆ دینارتەو لەوێوەش بۆ ئەمنى ئاکرێ و دواتریش بۆ ئیستخباراتى موسڵ و ئینجا بۆ پردێ و کەرکوک. بە یەکدوو مانگیش دواى ئەوەى (شوان و عەبدولڕەزاق مەرزنگ)ی کوڕى پوورە ئایشێ، هەواڵى منیان بیستبوو کە چۆن دەرفەتم بۆ رەخساوەو بەناچارى و بە رێکەوت لە رێگاى زێبارییەکانەوە خۆم تەسلیم کردۆتەوە و نەیانکوشتووم، ئەوانیش گەڕانەوەو تەسلیم بوونەوە.


ئەوکاتە دەڤەرى پشدەر، سەنگەسەری و قەڵادزێیەکان بۆ تۆپزاوەو دارەتوو راگواستبوو، ماڵى پوورە ئایشێ کە دەکاتە دایکى فەرماندەى ناسراو (موحسین بایز) یادى بەخێر، لە دارەتوو گیرسابوونەوەو لەژێر چادرێکى شڕۆڵ و لەنێو تەپوتۆزێکى بێ ئاماندا دەژیان!!.. تۆ تەماشاکە، خەڵکى بنارى قەندیل بیت و بتهێنن لە دەشتاییەکى رووتەنى وەکو ئۆردووگاى (دارەتوو)ت دابنێن، جا وەرە، تووشى دەیان نەخۆشى دەروونى مەبە!!.


ئێوارەیەکیان مێوانى ماڵى پوورە ئایشێ بووین، خەم و نیگەرانى خۆمان بۆ ئەو بارودۆخە دژوارە دەردەبڕی، کەچى ئەو شێرەژنە بە شێوە زارە خۆشە پشدەریانەکەى خۆى هەڵیدایێ و وتى: هەى لە منو نەکەوى، کوڕە بەرخى نێر بۆ سەربڕینێیە، دەى ئەو سازەى بێنن، حەودلڕەزاق دەستی پێکە، - کاک عەبدولڕەزاق لە سوریا فێرى سازلێدانێکى خۆش بوو بوو، لە شاخیش لێی دەداو هەرخۆیشى گۆرانى دەوت). هەر لەو شەوەدا پوورە ئایشێ زۆر بە ورە بەرزییەوە، وتى: کوڕینە خەمتان نەبێ، ئەو عکومەتەى هێندەى نەماوە دەڕووخێ و دەبینن کوڕو کاڵى ئەم ئۆردووگایەى چۆن بەردەبنە گیانیان!!.


تۆ تەماشاى پێشبینى و ورەبەرزى ئەو دایکە تێکۆشەرە بکە. ئەمە هاوینى (1988) بوو، کە ئەقڵم دەویست پێشبینیی رووخانى بەعس بکات، چونکە لەوپەڕى بەهێزی و لەخۆبایی بووندا بوو. هەرواش دەرچوو، دواى سێ ساڵ، لە بەهاری 1991،جەماوەر راپەڕی و بەعس لە بەشێکى فراوانى باشوورى کوردستان بۆ هەتا هەتایە رۆیشت و نەگەڕایەوە.


ئێستاش کە یادى ئەو دوو دایکە پێشمەرگەیە مەزنە دەکەمەوە، فرمێسکى خۆشەویستییان بۆ دەبارێنم، تۆ پلکە خەجیجەکەم گۆڕەکەت پڕاوپڕبێ لە بۆنى چەپکە نێرگزەجاڕەکانى باشوورى کوردستان و تۆیش ئەى پوورە ئایشێى هەمیشە پێشمەرگەو دایک، مەرگم پێش مەرگت بکەوێ  و لێرەوە دەستەکانت ماچ دەکەم.

 

کەرکوک
4\7\2010

rabersaley@yahoo.com