په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠١١

پرۆژەکەی (رۆناکبیران)، پرۆژەی جەهل بە جەهل و هۆکارەکانی!

کازم قادر     


لە ڕۆژانی ڕابردوودا،لەشکرێک لە نوسەران و(هونەرمەندان)و بکەرە جیاوازەکانی بواری کایەی هزرو هزرگەریی، بە گوتەی خۆیان پرۆژە یاسایێکی پێنج خاڵییان ئاراستەی سەرۆکایێتیی پەرلەمان کرد_دیسان بە گوتەی خۆیان)تا ببن بە یاسا!هەڵبەت ج پێنج خاڵەکەو چ ئەو ئاراستە هزرییێی لە پرۆژەکەدا هاتووە، دەبێت بە زەڕەبین بۆی بگەڕێین تا جیاوازیی پرۆژەکەو خوتبەی مەلاکان ببینین.یان ئەگەر کەمێک نەرمتر بدوێین و بڵێێن:ئەگەر تروسکەیێک لە پرۆژەکەدا هاتبێت،ئەوا لە خاڵی پێنجەمدا(ڕۆحی پرۆژەکە) نەک وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێشی بەر باران خامۆش دەبێت، بەڵکو ئێمە ئیتر شاهێدی گوتارێکی ئایینیین، گوتارێکی کۆنەپەرستانە،چ مەلاکان و چ دەسەڵاتی کوردیی بیست ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر کاری لەسەر دەکەن و ئاراستەی دەکەن.من هێشتا ئەوە نازانم بۆچی مەلاکان و دەسەڵاتی کوردیی پێشوازیی لەو پرۆژەیە ناکەن و هەموو ئەو کەسایێتیی و گروپ و لایێنانەش خەڵات ناکەن کە لەپشتی ئەو پرۆژەیێوە ڕاوەستاون؟ئایێ مەلاکان و دەسەڵاتی کوردیی هێند نەزانن خەون و خەیاڵە هاوبەشەکانیان نابینن،یان دەخوازن لەوەش کۆنەپەرستترو سەرکوتگەرتربن...!


ببینن:(-ئاین رۆڵێکی‌ مه‌زن ده‌گێڕێ‌ له‌ هۆشیارکردنه‌وه‌ی‌ رۆڵه‌کانی‌ کۆمه‌ڵگه‌ و رێنوێنی‌ کردنیان به‌ره‌و رێگه‌ی‌ راست‌و سوودی‌ گشتی).. کۆمه‌ڵی‌ کورده‌واری‌، بێگومان، زۆر پێویستی‌ به‌ وتاری‌ رۆژانی‌ هه‌ینی‌ هه‌یه‌، چ وه‌ک پێویستییه‌کی‌ رۆحی‌‌و چ وه‌ک پێویستییه‌ک بۆ هۆشیاربوونه‌وه‌ له‌ ژیان، به‌ڵام ، به‌داخه‌وه‌ وتاری‌ هه‌ینی‌ له‌باتی‌ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ رۆحی‌ ته‌بایی‌ و ئاشتی‌ و پێکه‌وه‌ ژیان بکات، دیوێکی‌ توند نیشان ده‌دات).


ئەو ڕستانە گاڵتە نین مرۆڤ ئاسان بیاندرکێنێت و ئاسایی وەربگیرێن.ئێستا پێویستە بپرسین و قسان بکەین،ئایین چ ڕۆڵێکی مەزن دەگێڕێت لە هۆشیارکرنەوەی ڕٶڵەکانی کۆمەڵگەو ڕێنوێنییکردن...و(سەیری ئەو کارەساتە بکەن لەو ڕستەیێدا)کامەیە ڕێگەی ڕاست و سودی گشتیی؟بۆچی کۆمەڵی کوردەواریی پێویستی بە خورافات و قیڕەکانی ڕۆژانی هەینی هەیە؟چۆن ئایین پێویستیی و خۆراکی ڕۆحییەو هەوێنی هۆشیاربوونەوەو ژیان!(ئێوە سیکۆلارەکانی کورد،دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە؟)مەگەر هەر ئەوە ئایین و ئایینزاکان و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردیی نین پێکەوە کۆمەڵگە بەرەو تاریکیی و دواکەوتوویی فەرهەنگیی دەبەن،ئەی ئەوانە کێن بە میتۆدی حوجرە و فەقێیان تەفسیری شیعرو وێنەو خەیاڵە هونەریی و ئەدەبییێکان دەکەن و بەر نەفرەتی خوداو تەبایی ئایینی دەدەن؟داوای دەم داخستنی هەردەنگ و میدیایێک دەکەن لەگەڵ دونیابینییە ئایینیی و داڕزیوەکانیاندا نەیێتەوە.ئەی ئەو هەموو فتوای کوشتن و ترس و تۆقاندنەی دەکرێنە سەر نوسەران و بەرهەمەکانیان،مەگەر هەر مەلاکان بەپشت بەستن و لەبەر ئاوێنەی تێکستە ئایینییێکاندا(خۆراکە ڕۆحییێکەی ئێوەو مەلاکان)ڕەوایێتیی وەرناگرن؟ئێوە ئەی گەورە (ڕوناکبیرەکانی)کورد، دەتوانن پێمان بڵێن لە کوێی مێژوودا ئایین ئەو خۆراکە ڕۆحیی و ئەو ئامرازە تەندروستە بووە بۆ مرۆڤایێتیی! ئەوە چ دەردو ئازارێکە کە ئێمە دەبینە شاهێدی ئەو وەهمسازیی و دەبڵ مۆراڵییێی ئێوە،ڕۆژێک سیکۆلارن و ڕۆژێک خەتیبی مزگەوت و منارەکان،ڕۆژێک ئازادییخوازن و ڕۆژێک دەچنە پشتی دەسەڵات و سەنگەر لە ئازادیی دەگرن(وەک ئەوەی لە کەیسی شوان ئەحمەددا بینیمان)ئێوە بەخۆتان بزانن یان نا،پرۆژەیێکی دۆزەخییتان بە مەلاکان و دەسەڵاتداوە کە دەتوانم بڵێم هەموو کرۆک و بڕبڕەپشتی ئایین و کۆنەپەرستیی و ژن کوژیی جەهالەت هەیە،لەسەر ئەو چەند ڕستەیە ڕاوەستاوە. مەلاکان و بەرەی کۆنەپەرستییش هەمان داوایان هەیە،جەنگی ئەوانیش بۆ ئەوەیە هۆشیاریی ئایینیی بکەنە هۆشیاریی کۆمەڵگە،ڕۆح(ناوەوەی)مرۆڤەکان بە هۆشیارییێکی ساختەو خورافیی بیمار بکەن.


جەهالەت و لایێنێکی ترسناکتری ئەو پرۆژەیە لەم پەرەگرافەدایە:( له‌ سێ‌ مزگه‌وتی‌ هه‌ر پارێزگایه‌کی‌ کوردستاندا سێ‌ مه‌لا له‌ مه‌لا زۆر شاره‌زه‌کانی‌ کوردستان سێ‌ وتاری‌ تێروته‌سه‌ل پێشکه‌ش به‌ خه‌ڵکی‌ کوردستان بکه‌ن‌و راسته‌وخۆش ئه‌و سێ‌ وتاره‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ مزگه‌وته‌کانی‌ دیکه‌ و بۆ ماڵه‌کان له‌ڕێگه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ سه‌ته‌لایته‌وه‌، ئه‌مه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ نوێژی‌ جه‌ماعه‌تی‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌ له‌ هیچ موسڵمانێکی‌ دانیشتووی‌ هیچ گه‌ڕه‌ک ‌و ناحیه‌ و قه‌زایه‌ک بچێت. بێگومان خه‌ڵک وه‌ک جاران نوێژی‌ جه‌ماعه‌تی‌ خۆیان له‌ هه‌ر مزگه‌وتێکدا ده‌که‌ن، جیاوازییه‌که‌ ته‌نیا له‌وه‌دا ده‌بێت که‌ وتاره‌که‌ (یان سێ‌ وتاره‌که‌) به‌شێوه‌یه‌کی‌ رێکوپێک، به‌شێوه‌ی‌ په‌خشی‌ راسته‌وخۆ و مه‌ده‌نی دێته‌ گواستنه‌وه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵک ‌و بۆ هه‌موو مزگه‌وته‌کانیتر).


ئەمە ئیتر پرۆژەیێک نییە بۆ دوورخستنەوەی جەهل و کۆنەپەرستیی لە کۆمەڵگە،بەڵکو پرۆژەی جەهلە بە جەهل،دەم واڵاکردنی کۆنەپەرستییە بۆ ناو ماڵ و ژیان و هەموو سووچ و قوژبنێکی ژیانی مرۆڤەکان.منداڵێک کە تازە زمانی گرتووەو گوێی بیستن و تێگەییشتنی کراوەتەوە،دەبێت تێبگات دۆزەخ و بڵێسەی ئاگرەکەی چییە، دەبێت هەر لە منداڵییێوە کچان فێربن تەوقی کۆیلەتیی و گوێڕایێڵیی باوک و براو نەرێتە دواکەوتووەکان لەمل بکەن.پەخشکردنی خوتبەی مەلاکان ڕاستەوخۆ و لەرێگەی تەلەفیزێونەوە،واتە کردنی هەموو ماڵێک مە مزگەوت، بە مۆڵگەی مەلاو ترس و تۆقاندن و کۆنەپەرستیی!


ئەوەی جێگەی پرسیاری جدییە ئەوەیە بۆچی ئەو لەشکرە لە نوسەران کەوتوونەتە نێو تەڵەیێکەوە کە کەم و زۆر لە نوسینەکانی ڕابردوویاندا ڕخنەی مەترسییێکانی ئەو تەڵەیە(ئایین و دەست درێژییێکانی ئایینیان)کردووە بۆ سەر ماف و ئازادییێکانی خەڵک!تەنانەت زۆر لەو نوسەرانە نوسینی لە بابەت جیایی ئایین لە دەوڵەت و یاساکانیان هەیە(کەچی ئێستا داوای جیایی ئایین لە هونەر دەکەن،سەیری ئەو کۆمیدیایە!)لە ڕوانگەی خۆیانەوە کەم و زۆر رەخنەی ئەو فەزا کۆنەپەرستە کۆمەڵایێتیی و فەرهەنگیی و سیاسییێیان کردووە کە ناسێونالیزمی کوردو ئایین و بەرەی کۆنەپەرستیی خولقاندویانە.کەچی ئێستا پرۆژەیێک گەڵاڵە دەکەن و پێشکەش بە مێزەری مەلاکان و جامانەی قەومپەرستەکانی کوردی دەکەن،کە لەلایێک جەهل و کۆنەپەرستیی دەباتە نێو جومگەو خانە بە خانەی ژیانی کۆمەڵایێتییێوەو لایێکیدییش مێژوو و بانگەشەیان لە ڕاستای هەر خەونێکدا بۆ ئازادیی دەخاتە ژێرپرسیارەوە.ئەو پرۆژەیە چۆکدادانە تا ئەوەی خەونێکی گەورە بێت بۆ ئازادیی،یان خەونێکە هەموو جبە پۆش و مێزەر بەسەرێکیش دەتوانێت بیبینێت.


پرسیارێکی گرنگیتر ئەوەیە ئایێ هۆکاری ئەو هەڵبەزودابەزە هزریی و مۆراڵییە چییە وەکو پەتا پانتایی کایەی هزرگەریی داپۆشیوە؟لەوانەیە وەڵامی ئەو پرسیارە لە بێمیتۆدیی و جیهانبینییێکی بەرجەستەو ڕۆشن و ڕیشەداردا بێت،چوونکە ئەوانەی لە لوتکەیێکی وەهمیی کایەی هونەرو ئەدەب و هزرگەرییدا ڕاوەستاون،یان دروستتر بێژم، ڕایان وەستاندوون،هەر جارەو قسەیێک دەکەن،هەر ڕۆژەو بەباڵای میتۆدێکدا هەڵدەدەن،ڕۆژێک لەدژی ساسەت و ڕۆژێکیش دەبنە سیاسەتباز،ڕۆژێک پاڵەوانی ئەخلاقگەراو ئێستاش بانگەوازی بێئەخلاقیی یان بەد ئەخلاقیی بۆ سیاسەت دەکەن(وەک ئەوەی کە ڕێبین هەردی بانگەوازی بێئەخلاقیی بۆ سیاسەت دەکات).بەبۆچوونم ئەم هەڵبەزودابەزە،یان بە واتایێکیتر بڵێم:ئەم قەیرانی هزرو میتۆدییە ڕیشەی لە قەیران و گەندەڵبوونی ئیدۆلۆژیی ناسێونالیزمی کوردو تەواوی بەهاکانیدایە.ئەم خاڵە زۆر گرنگە،ئەگەرچی کەمێک ئالۆز دێتەپێشچاو بەڵام بەتێگەییشتن و وێناکردنی مێژوو و کارنامەی نزیک بەبیست ساڵی دەسەڵاتی ناسێونالیزم لە کوردستان،هیچ ئاڵۆزیی و بەدتێگەییشتنێک نامێنێت.چوونکە ناسیونالیزمی کورد نەک تووشی شکستی بەهامرۆیییکان بوو بەڵکو لە بەدبەهایی و گەندەڵییدا بۆگەنی کردووە.ئەوەی کە ناسێونالیزمی کوردی بەپێوە هێشتۆتەوە بەهای مرۆڤ و ئازادیی و باشترکردنی هەل و مەرجی ژیان و خەون و خولیا ڕەنگینە مرۆییێکان نییە،بەڵکو هێزی ئابوریی و میلیشیاو ستەمگەرییە.مەبەستم لەو ئاماژە کورتە کە بە ڕواڵەت لە باسەکە دوورە ئەوە بوو بڵێم:ئەگەر ناسێونالیزمی کورد لە تایپی دەسەڵات و بەهاو مۆراڵیدا گەندەڵیی تروسکەی لێبڕبێت،بێگومان لە ئاستە مەعریفیی و کولتورییێکەشیدا ڕەنگدانەوەو کاریگەریی بەرجەستەی دەبێت.واتە بەرەودواگەڕانەوە،مەعریفەی نازانستیی،دوودڵیی و هەڵبەزودابەزی هزریی دەبنە تایبەتمەندیی و فەزای کولتوریی و کۆمەڵایێتیی کۆمەڵگە.من بەو پرۆژەیە تووشی واقورمان نەهاتم،چوونکە وەک گوتم زەمینەی بابەتیی وسایکۆلۆژیی هاوبەشی کۆمەڵایێتیی هەیە.نمونەیێکیتر لەم بارەوە گەرانەوەی نوسەرگەلەک بوون بۆ باوەشی دەسەڵات کە بانگەشەی زۆر گەورەو ڕەخنەی تیژی دەسەڵاتیان دەکرد،بەڵام چوونکە لە بنەڕەتدا خەڵکی سەر هەمان خوان بوون و بە دەیان دەزوی ئاشکراو نهێنیییوە بە کولتوری ناسێونالیزم و کۆنەپەرستییێوە گرێیان خواردبوو،دواجار دەستبەرداری هەموو شتێک بوون..حەمەسەعید بوو بە پارتیی و مەهاباد قەرەداخییش داوای خەڵاتی نۆبڵی بۆ مەسعودبارازنی دەکرد...!


ئەو تراژیدیایە دەکرێت چەندبارە بێتەوە وەک چۆن ئەوە یەکەم جاریش نییە.چوونکە لە پرۆتێست( پــرۆتــێست دژی یه‌کگرتوی ئــیسلامی و مــه‌لاکانی ئه‌وقاف) هەمان کۆمیدیا دەبینین،کە دەکرێت ئەم پرۆژەیە وەک بەردەوامیی ئەو کورتبینیی و هەژارییە ببینین کە لەو پرۆتێستەدا بەیانیان کردبوو.لەو پرۆتێستەدا دەڵێن:( ئێمه‌ به‌ یه‌کگرتوی ئیسلامی و هه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌ش ده‌ڵێین، که‌ رۆشنبیری ئێمه‌ زۆر له‌وه‌ هۆشیارتره‌،که‌ ئه‌وان پێوه‌ری حه‌رام و حه‌ڵاڵی به‌ سه‌ردا بسه‌پێنن...)بەڵی بیر ڕۆشنن!


خەونی ئازادیی،خەونی کۆمەڵگەیێک تێیدا دەستی جەهالەتی ئایین و نەرێتە ڕزیوەکان لە سەر ژیان هزرو هۆشیاریی مرۆڤەکان کۆتا بکات،بە پرۆژەی گەورە،بە ویستی بەهێزو شۆڕشگێڕانەدێتەدی.ماڵی ئازادیی لە شوێنێکی سەختدایە،پێویستی بە هاوارو تێکۆشانی مەزن هەیە.ئازادیی نە داوا دەکرێت و نە دەدرێت،بەڵکو دەسەپێنرێت،سەپاندنیشی بە پەرەگرتنی بەرەی ئازادیخوازیی و ڕەخنەی تیژو بێڕەحمانە هەیە لە کۆی بەها باوەکان،دروستتر بە هەڵواشندنەوەی کۆی بەها چینایێتییکان و کۆی ئەو ئامرازوکەرەستانەی ڕژێمی چینایێتیی ڕاگرتووە،بەڵام تا ئەو کاتە خەون و تێکۆشان بۆ ئازادیی پێویستە بەردەوام بێت و بەردەوامە...!


18\01\2011
ماڵپه‌ڕی کازم قادر