په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٢

پرۆژە یاسای ئازادیی رێکخراوبوونی کرێکاریی.


پێشینەیەک بۆ پێشنیارکردنی ئەم پڕۆژە ‌یاسایە:


١- بەجیا لەوەی کە لە کوردستان یاسایەکی کاری کرێکاریی نییە کە ماف و ئازادییەکانی کرێکاران بەڕەسمی بناسێنێ وچۆنیەتی وەگەڕخستنی ھیزی کاری کرێکاران وفرۆشتنی بەشێوەیەکی گونجاو لەیاسایەکدا ڕێکبخات، ھاوکات ئاستی کەمی کرێ وسەعاتکاری بێسنوری ڕۆژانەو نەبوونی زەمانەتی کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم کرێکاران وھەلومەرجی سەختی کار وڕووداوەکانی شوێنی کار.. ئاستێکی بەرزی لەچەوسانەوەی کرێکاران داسەپاندووە وژیانی نەوە یەک لەدوایەکەکانی کرێکاران وخێزانەکانیانی سپاردووە بەیاساکانی بازاڕ، کەبەتەواوی بەقازانجی خاوەنکارو کۆمپانیاکان وبەزەرەری چینی کرێکاری کوردستان تەواوکردووە.


٢- لەلایەکی تریشەوە دابەشکردنی کرێکاران بەسەر ھەردووبەشی "کەرتی تایبەتی وحکومی"دا، ناھاوتاییەکی گەورەی لەنێوان مافەکانی کرێکاران وڕیژەی کرێ وسەعاتکاری ڕۆژانەو بەھرەمەند بوون لەبیمە کۆمەڵایەتیەکان ولەوانەش بیمەی خانەنشینیدا پێک ھێناوە.


٣- یاسای وەبەرھێنان کەلەکۆشەیەکی خۆیدا، وەگەڕخسنی ھێزی کار وچۆنیەتی فرۆشی ھیزی کاری کرێکاران لا‌یەنێکی سەرەکیەتی، ھیچ حسابێکی بۆ کرێکاران نەکردەوە وماف و زەحمەتی ئەم چینەی کردۆتە پاشکۆی خاوەن کارو سەرمایەکان ویەک لایەنە دەستی ئاوەڵاکردوون کەبەدەر لەیاسا ومافی ھاوڵاتی بوونی کرێکاران ھێزی کار بخنە خزمەتی خۆیانەوە.


٤- ئەو سەندیکایانەی کەبەناوی کرێکارانەوە دروستکراون، جگەلەوەی سەندیکای حزبەکانی دەسەڵاتدارە وبۆمەرامی حزبایەتی کاردەکان، بەدرێژایی تەمەنی پێکھاتنیان کارێکی ئەوتۆیان بۆ کرێکاران نەکردوە ولەڕاستای جێگیرکردنی ماف وخواستەکانی کرێکاراندا ھەنگاویان ھەڵنەگرتووە..


ھەموو ئەم خاڵانەی سەرەوە سەلمێنەری ئەوەن کەکرێکارانی کوردستان و نوێنەرانی کرێکاریی ورێکخراوەکانیان چ لەپڕۆسەی بەرھەمھێنانی کۆمەڵایەتیدا وچ وەک ھاوڵاتیەک ‌ڕۆڵیان نییەو بەتەواوی کراونەتە پاشکۆی یاساکانی بازاڕو ھەڵسوکەوتی خاوەنکارو کۆمپانیاکان. ئەمە لەکاتێکدایە کەتەواوی بەرھەم وداھاتی کۆمەڵایەتی لەسەر ڕەنج وماندوبوونی ئەم چینە بەڕیوەدەچێت.


لەم سۆنگەیەوە رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی ئەم پڕۆژە ‌یاسایە پێشنیار دەکا و جه‌خت دەکاتەوە کە ئازادیی رێکخراوبونی کرێکاریی وجێگریکردنی لەیاساکانی ھەرێمدا، یەکەم مەرجی حەیاتیە بۆ ئەوەی کرێکارانی کوردستان بەھۆیەوە بتوانن داکۆکی لەماف وخواستەکانیان بکەن وئالوگۆرێکیش لەھەلومەرجی کاروژیانیاندا پێک بھێنن. ئازادیی ھەر کۆمەڵگایەکیش، بە ئازادیی و سەلماندنی مافەکانی کرێکارانەوە پێوانە ‌دەکرێت.


ئەم پرۆژە یاسایە بواری جێبەجێکردنی ئاڕاستەیە بۆ:
یەکەم: حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
دووەم: پەیوەندیکانی دەرەوە.
سێھەم: وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەم مەسەلەیەوە.


مادەی یەکەم:
١- ئازادیی بێمەرجی پێکھێنانی سەندیکا، ئەنجومەن، کۆبوونەوەی گشتی وشورا کرێکارییەکان و ھەر کۆڕوکۆمەڵێکی تری کرێکاریی لە کارگە و ناوەندەکانی کارادا، کەلەلایان کرێکاران خۆیانەوە پێکدەھێنرێن، مافێکی ڕەوای ھەموو کرێکارانی کوردستانە. بەم پێیەش ئەرکی حکومەت ودەزگا پەیوەندیدارەکانە کە بەبێ مەرج مۆڵەتی یاسایی بەھەر ڕیکخراوەیەکی کرێکاریی بدا وھەموو ئەو پێداویستیە مادی ویاساییانەی کە بۆ ئازادیی ھەڵسورانیان پێویستە دابین بکات.
٢- ھەرجۆرە دەخاڵەتێکی خاوەنکراو دەستێوەردانی نیھادەکانی حکومەت لەکاروباری ڕیکخراوە ‌کرێکارییەکاندا قەدەغەیە وبەکارێکی نایاسایی دەژمێردرێت.


مادەەی دووەم:
بەڕەسمی ناسینی نوێنەرانی کرێکاران ورێکخراوەکانیان لەچارەسەرکردنی ‌ئەو کێشەو گرفەتانەی کەلەکارگەو ناوەندەکانی کاردا لەنێوان خاوەنکارو بەرێوەبەرایەتیەکان وکرێکاراندا دێتەکایەوە. بەجۆرێک کەلەھەر کێشەو گرفتێکدا کرێکاران لەبەرابەر یاساو دادگادا نوێنەرایەتیان زامن بکرێ.


مادەی سیھەم:
تەرخان کردنی دوو نۆبەتی یەک سەعاتی لەدوو ڕۆژی جیای ‌یەک ھەفتەدا بۆ سازدانی کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران لەھەموو کارگەو ناوەندەکانی کاردا، بۆ کرێکاران تا لەکێشەو گرفەتەکانی کارو ژیانی کرێکاران بکۆڵنەوە وڕیگا چارەی بۆ بدۆزنەوە. ئەم کۆبونەوانە بەبێ دەخاڵەتی خاوەنکارو بەڕێوەبەرایەتی ناوەندەکان وبەسەربەخۆ لەلایەن کرێکاران خۆیانەوە سازدەدرێ وماوەکەشی وەک بەشێک لەسەعات کاری ڕۆژانە بەموچەی تەواوەوە لەبەرچاو بگیرێت.


ماددەی چوارەم:
بەمەبەستی دابینکردنی بەکردەوەی ئازادیی ھەڵسورانی رێکخراوە کرێکارییەکان، حکومەت ئەرکیەتی کەموچەی تەواو بۆ سکرتێر وئەندامانی باڵای رێکخراوەکریکاریەکان ببڕێتەوە وکارو ھەڵسوران وماندوبوونیان وەک پیشەیەک بەرامبەر بەموچە بۆحساب بکات.


ماددەی پێنجەم:
تەواوی ئەم ماددانەی سەرەوە، لەیاسای کاری کرێکاراندا جێگیر بکرێ وبەڕەسمی بناسرێ. یاسای کاری کرێکاران وھەر یاسایەکی تر کەپەیوەندیان بەوەبەر ھێنان ووەگەڕخستنی ھیزی کاری کرێکارانەوە ھەیە، نابێت پێچەوانە ‌بێت بەم ماددانەی کەلەم پڕۆژە یاسایەدا ھاتووە.


ماددەی شەشەم:
ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندی دارەکان ئەم یاسایە جێبەجیبکەن وبیخەنە بوواری کارپێکردنەوە.


ماددەی حەوتەم:
نوێنەرانی رێکخراوە کرێکارییەکان چاودێرن بەسەر جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەم پڕۆژە ‌یاسایەوە.‌

 


رێکخراوی کرێکارانی بیناسازیی لە کوردستان
٥
\٢\٢٠١٢
rekxrawy.bynasazy@gmail.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک