١٣\٥\٢٠٢٠
پڕۆژەی بە ھەرێم
(کانتۆن)کردنی پارێزگاکانی ھەرێمی (باشووری) کوردستان.

سالار باسیرە
سەرنج.
ئەم وتارەی بەندە گوزارشت نیە لە تێروانینێکی حیزبیی بەڵکو لە پێناوی
بەرژەوەندی گشتی نوسراوە، ھەروەھا پەیوەندیشی نیە بە بیرۆکەی ئەو شێوە
لامەرکەزیەی پارێزگای سلێمانی داوای دەکات بەلکو پڕۆژەکەی نوسەر داوای
بە ھەرێم ( کانتۆن ) کردنی پارێزگاکانی باشووری کوردستان لە دەکات لە
چوارچێوەی یەکێتیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی فیدرالیدا.
ناوەڕۆک:
• بە ھەرێم (کانتۆن ) کردنی پارێزگاکانی باشووری کوردستان لە ناو
یەکێتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا
• ئەم پڕۆژەیە بۆچی؟
• سودەکانی ئەم فرە ھەرێمیە (کانتۆنیە) فیدرالیە.
• پارێزگای سلێمانی وەک نموونە.
• باری ئابوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوون بە ھەرێم (کانتۆن).
• ئەزمونی سویسرا.
• ڕێگری یاسایی نییە بۆ بە ھەرێم بوونی پارێزگاکانی باشووری کوردستان.
• دەستوری عێراق (ماددەی ١١٩).
• فیدرالی بۆ عێراق ، مەرکەزیەت بۆ کوردستان.
• سیستەمە سیاسیە لامەرکەزیەکان.
بە ھەرێم (کانتۆن) کردنی پارێزگاکانی باشووری کوردستان لە ناو
یەکێتیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا.
ئەو ڕاستیەی کە فکری مەرکەزیەت ئەقڵی دەسەلاتی سیاسی کوردیشی تەنیوە لە
باشووری کوردستان و ئەو ڕاستیەش ھەتا ئێستەش ھەرێمی کوردستان سەرەڕای
بوونی پەڕلەمان و حکومەت بەلام بە کردار دوو ئیدارەیە و ھەروەھا
پارێزگای سلێمانی بە ڕوونی پەراوێزخراوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانە
بە پێویستیەکی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری و ئیداری دەبینم وەک
چارەسەرێکی مەنتقی پارێزگاکانی ھەرێمی (باشووری) کوردستان ببنە ھەرێمی
(کانتۆنی) فیدرالی سەربەخۆ. دەکرێت پارێزگای سلێمانی ھەرێمێک بێت ،
ھەولێر ، ھەروەھا پارێزگای دھۆک و ھەڵەبجەش ببنە ھەرێمی (کانتۆنی)
سەربەخۆ. ھەمان ئەم مۆدێلە بۆ پارێزگای کەرکوکیش ئەویش بە پێی واقعی
پارێزگای کەرکوک خۆی. بەلام ئەم فرە ھەرێمیە (کانتۆنیە) لەناو
جوگرافیای (فیدراسیۆنێکی) سەربەخۆی کوردستان ، تەنانەت لە ئایندەدا
لەناو دەوڵەتێکی کوردیدا کە خواستێکی ڕیالیستانەی گەلی کوردە. مۆدێلێک
بێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر یەکێتی و ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی
دروستبکات.
مۆدێلی بەلجیکا.
بڕوانە بەلجیکا دەوڵەتێکی فیدرالی و فرەنەتەوەیەو لە دوو فیدراسیۆنی
ھۆلەندی زمان و فەرەنسی زمان پێکھاتوە کە بریتین لە ناوچەی فلاندەرن (ھۆڵەندی
زمان) و سنوریان بە ھءڵەنداوە ھەیە. ناوچەی ڤالۆن (فەرەنسی زمان)،
سنوریان بە فەرەنساوەیە. ھەر فیدراسیۆنێکیش لەم دووانە پێنج پارێزگای
ھەیەو کراون بە پێنج ھەرێمی سەربەخۆ لە ناو فیدراسیۆنە یەک
نەتەوەییەکەدا ، لەناو دەولەتێکی ئیتحادی بەلجیکادا.
بەم جۆرە دەکرێ باشووری کوردستانیش ، لانی کەم لەم دۆخەی ئێستەدا
ھەرێمی کوردستان بکرێتە فیدراسیۆنێکی کوردی و لەناو ئەم فیدراسیۆنەدا
پارێزگاکانی بکرێنە ھەرێم یان کانتۆنی سەربەخۆ. ئەڵمان زمانەکان لە
بەلجیکا لە ناوچەیەکی ئاوتۆنۆم ئەژین و سنوریان بە ئەڵمانیاوە ھەیە
بەلام وەک ھەرێمێکی تایبەت دیارینەکراوەو بە "کۆمەڵەی زمان ئەڵمانەکان"
ناودەبرێن. ژمارەیان تەنیا ٧٦ ھەزار کەسەو لە ناوچەیەکی جوگرافی بچوکدا
دەژین لە ڕوبەرێکی ٨٥٤ کم دوجا. ژمارەی پەڕلەمانتارەکانی بریتیە لە ٢٥
و حکومەتیش لە ٤ وەزیر پێکھاتوە. ئەم ناوچەیە ھەتا دوای جەنگی یەکەمی
جیھانی سەر بە بەلجیکا نەبوو بەلکو سەر بە ئیمپراتۆریەتی ئەلمانیا بوو.
دیارە فاکتەری ژمارەی دانیشتوان و بچوکی شوێنە جوگرافیەکەیان ھۆیەکە کە
بەناوچەی چوارەمی بەلجیکا ناونەبراوە. رێژەی دانیشتوانی بە بەراورد
بەدانیشتوانی سەرجەم بەلجیکا ١% کەمترە بەلام خاوەنی پیادەکردنی
مافەکانی خۆیەتی. ئەزمونی ئەم کەمایەتیەی بەلجیکا دەشێت وەک مۆدێلێک
وەربگیرێت بۆ تورکومان و مەسیحی و ئێزیدی زمانزانەکانی عێراق بە
باشووری کوردستانیشەوە بەلام بێگومان لێرەدا گرنگە ژمارەی ئەو
کەمایەتیانە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافیدا ئەو مەرجە بەدی بھێنێت.
ڕاستە ، بۆنمونە مەسیحیەکان ، یان تورکومانەکانی کوردستان پەرش و بلاون
بەلام ئەگەر بڕوانینیە مۆدێلەکەی سویسرا ئەوا چارەسەر ھەیە بۆ پاراستنی
مافی ئەو کەمایەتیە پەرش و بلاوانەش. کەواتە لێرەدا ھەمان مۆدیلی
سویسراشمان ھەیە.
ئەم پرۆژەیە بۆچی؟
ھەرێمی کوردستان ٢٤ ساڵە بە بارودۆخێکدا گوزەر دەکات کە لە ئایندەیەکی
نزیکدا ھیوام بە چارەسەر کردنی کێشەکانی نیە چ لە زۆنی زەرد و سەوزو
نیلیدا و ھەروەھا مەسەلەی لامەرکەزی کە دانیشتوانەکەی باجی گەورەی
ھەَلەو ئەقلی سیاسەکانی ئەدەن ، ھەربۆیە گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی کە
دروستبوونی ئیدارەی (کانتۆنی) سەربەخۆی فیدرالی پارێزگاکانی باشووری
کوردستان بۆتە پێویستیەکی سیاسی و ئیداری و ئابوری و کۆمەلایەتیش.
خۆئەگەر وەک واقیع بۆی بڕوانین ھەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیە. ھەروەک
ئەوەی دوو ھەرێمی جیاواز بێت لەیەکتر ھەرچەندە بە ناوی یەک پەڕلەمان و
یەک حکومەتی ھاوبەشەوە قسەدەکرێ. بادینان (پارێزگای دھۆک) بە کردەوە لە
لایەن پارتیەوە مامەڵەی ھەرێمێکی سەربەخۆی لەگەڵدا دەکرێ و ھەموو شتێکی
لە سۆران جودایە تەنانەت ئاڵوگۆڕی نوسین لە نێوان دائیرەکانیداو
خوێندنی قوتابخانە لە بادینان بە زاراوەی بادینیە ، کەواتە لێرەدا
خاوەنی زمانێکی ستانداریش نین بۆ تەواوی ھەرێمی (باشووری) کوردستان.
سوودەکانی ئەم فرە ھەرێمییە (کانتۆنیە) فیدرالییە.
* دەبێتە ھۆی دابەشبوونی دەسەلات و ڕێگر دەبێت لە چڕبوونەوەی دەسەلات و
مەرکەزیەت لە دەستی لایەنێکدا.
* فیدرالیەت و فرە ھەرێمیی وەک خۆی دەبێتە بەھێزکردنی دیموکراسیەت و
سەقامگیریی سیستەمی سیاسی و کەمکردنەوەی گەندەڵی بەلام دیموکراسیەت و
سەقامگیریی مەرجی پێشوەختیشن بۆ دروستبوونی سیستەمێکی فیدرالی
لامەرکەزی تەندروست.
* سودێکی تری ئەم فرەھەرێمیە دروستبونی کێبرکێیە لە نێوان ھەرێمەکان (کانتۆنەکان)
و بە ڕوونی دەردەکەوێت کام لا توانیویەتی بوارە جیاوازەکانی ژیان
ببوژێنێتەوەو ببێتە مۆدێلێکی باشتری حوکمرانی بۆ ھەرێمەکەی (کانتۆنەکەی)
خۆی.
* دەبێتە ھۆی ئاسانکردنی بەشداری سیاسی ھاولاتیان. ھەروەھا بەرێوەبردنی
ھەرێمەکە لەلایەن خەَلکی ناوچەکە خۆیەوە ئەنجام بدرێ کە لە ڕووی
کەلتوری و کۆمەلایەتی و سیاسیەوە نزیکە لێوەی. * خەَلکی ناوچەکە باشتر
ئاشنان بە کەلتورو سیاسیەکانی ناوچەکەی خۆیان وەک لەوەی کە ئاشنا نین
بۆنمونە ناوچەی سلێمانی و ھەلەبجە بەوانەی دھۆک و بادینان و ھەروەھا بە
پێچەوانەشەوە. دیاردەیەکی خراپ بەلام لە ئەنجامی ئەقڵی دەسەلاتی سیاسی
ھەرێمی کوردستانەوە خوڵقێندراوە.
* بۆنمونە پارێزگای سلێمانی دەبێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ و دەبێتە خاوەن
پەڕلەمانێکی ھەَلبژێردراوی خۆی و حکومەتی ھەرێمی خۆی بە وەزارەتە
پێویستیە ھەرێمیەکانیەوە .
* لەم شێوازی سیستەمەدا دابینکردنی لامەرکەزی بۆ شارۆچکەو ناحیە و
قەزاکان لەچوار چێوەی ئەو کانتۆنەدا (ھەرێمەدا) بەپَیی سیستەمی
لامەرکەزی فیدرالی.
* ھەر ھەرێمە توانای بەسەر ئیدارەکەی خۆیدا باشتر دەشکێت و کاری
دانیشتوان خێراتر بەڕێوەدەچێت و کێشەو پێداویستیەکان (ئابوری ،
کۆمەلایەتی ، ئیداری ، پەروەردە ، ژینگە..) باشتر دەبینرێن.
* ھاولاتیان دەتوانن بەھۆی کورتی رێگاکان لەم سیستەمی فرە ھەرێمیە
فیدرالیەی کوردستان زووتر پەیوەندی بە سیاسەتمەدار و دامودەزگاکانەوە
بکەن و لە پڕۆسەی سیاسی زۆرتردا بەشداربن ، ھەروەھا ڕێگای فشاری
جەماوەرییش کورتتر و کاریگەرتر دەبێت. دیاردەیەک دەبێتە ھۆی
چارەسەرکردنی زۆرێک لە گرفتەکان.
* ئەو تۆمەتبار کردنانەش کە ھەن لە نێوان ھەولێر و سلێمانیدا زۆر کەمتر
دەبنەوەو ئەو کات دەردەکەوێ حیزبەکانی ناو ئەو ھەرێمە تاچەند توانای
دروستکردنی سیستەمێکی سیاسی و ھەرێمایەتی و ئیداریی کارای ھەیە بۆ
چارەسەری کَیشەکانی ھاولاتیانی ناو ھەرێمەکەی.
* لەم سیستەمی فرەھەرێمیە (فرە کانتۆنیە) فیدرالیە لامەرکەزیەدا مەترسی
لایەنێک بۆ سەر ئەوەی تر کەمە.
* لەم سیستەمەدا ھەمان ئەو دەزگایانەیان ھەیە وەک ئەوانەی لە دەوڵەتی
ئیتحاد ھەن (پەڕلەمان ، حکومەت ، دادوەری...تاد). ھەَلبژێردەر بە پێی
بڕیاری پەڕلەمان ھەر چوار ساڵ جارێک ، لەناو ئەو ھەرێمەی تێیدا تۆمار
کراوە پەڕلەمانی ھەرێمەکەی خۆی ھەڵدەبژێرێت و ھەروەھا توانای ساختەکاری
لە ھەڵبژاردنەکانیشدا (لەوانەیە) کەمتر بنەوەو ئاسانتر چاودێری دەکرێن
و خوێندنەوەی باشتری بۆ دەکرێت.
*حیزبە سیاسیەکانی ناو ھەرێمەکان (کانتۆنەکان) دەتوانن چۆنایەتی
سەرکردەبوون لە ھەرێمەکانیاندا تاقیبکەنەوەو بەم ھۆیەوە دەتوانن
مومارەسەی سیاسەت لەسەر ئاستی "ناوەند" بەرز بکەنەوە وەک ئەو پێکھاتە
سیاسیە جیاوازانەی ھەرێمی کوردستان ئێستە لە بەغدا پیادەی دەکەن. بۆ
کورد لە باشووری کوردستان پیادەکردنی فەرمانڕەوایی سیاسی و مامەڵەکردن
لەگەڵ سیستەمی سیاسی لەسەر ئاستی ھەرێم ئەزمونێکی گرنگە بۆ مامەلەکردن
لەگەل دەوڵەتی ئیتحادیدا ، یان لە دواڕۆژدا لەگەڵ ئەنجومەنی فیدرالی
عێراق (ئەنجومەنی ھەرێمەکان) ھەروەھا ڕۆژگارێک لە دەوڵەتێکی کوردیدا.
* لەوانەیە زۆرێک لە کێشمەکێشی ناو ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەم
رێگایەوە کەم بێتەوە.
* بە پێی ئەزمونی دەوڵەتە فیدرالیەکان ، ھەرێمەکان یان کانتۆنەکان
بۆیان ھەیە بە پێی سروشت و پێویستی ھەرێمەکەیان ھەندێک یاسا دەربکەن
گونجاو لەگەڵ دانیشتوانی ھەرێمەکەی خۆیدا ، بۆنمونە لەسەر ئاستی
پەروەردەو خوێندنی بالا.
* ئەم مۆدیلە کێشمەکێشی بودجە و نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان
دەکرێ کەمبکاتەوە لەوەدا بۆنمونە ھەرێمی تازە دروستبووی سلێمانی بودجەی
خۆی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بەغداوە بۆ دێت و ڕێگایەک بۆ ڕزگار بوون لەو
کێشمەکێشانەی پارتی لەگەڵ بەغدا دروستی کردوون بە ناوی حکومەتی
ھەرێمەوە بە تایبەت پرسی نەوت. ھەرێمە (کانتۆنە) نوێکە دەتوانێت مامەلە
لەگەڵ سامانە سروشتیەکانی ناو ھەرێمەکەی خۆی بکات بە پێی یاسا
فیدرالیەکانی ناوەند. ڕزگار بونێکیش دەبێت لەو تۆمەتانەی ئێستە لە
نێوان ھەولێر و سلێمانیدا ھەیە بەرامبەر بە پەراوێز خستنی پارێزگای
سلێمانی لە لایەن ئەو دەسەلاتانەی پارتی بەکاری دەھێنێت.
* لێرەدا دەبێت سەرجەم حیزبە سیاسیەکان توانای سیاسی و جەماوەریی خۆیان
لە ناو ئەو ھەرێمەدا تاقی بکەنەوە بە حیزبە گەورەو بچوکەکانیشەوە و
لەوانەیە کۆتایی ھێنانیکیش بێت بە حیزبەکانی سێبەر.
* ھەر ھەرێمە مامەڵەی خۆی لەگەل ئێتنیک و کەمایەتیە کەلتوری و
ئاینیەکانی ناو ھەرێمەکەی خۆی دەکات لە پێدان و ڕێکخستنی مافەکانیان.
ئەگەر بڕوانینە پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان ئەو ڕاستیە دەبینین کە پارتی
١١ کورسیەکەی کۆتاکانی کڕیوەو ھەروەھا بە تەواوی دەستی گرتوە بەسەر
ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێرداو حیزبەکانی تریش لە بارودۆخێکی وادا
نین بتوانن یان بیانەوێَ ئەو ھاوکێشەیەی ئێستە لە پێویستیەکی
نەتەوەییدا بگۆڕن.
* ھەرێمی (کانتۆنی) نوێی سلێمانی و ھەڵەبجە سیستەمی سەرۆکایەتی لابەرێت
و دەسەلاتەکان بەسەر پەڕلەمان و حکومەت و دادوەریدا دابەش بکات.
(بەواتا ئەم مۆدێلە بێئەوەی کاریگەریی نەگەتیڤ بکاتە سەر یەکێتی
نیشتیمانی و ھەست و ھوشیاری نەتەوەیی و پاشە کشە نیە لە ئامانجە
نەتەوەییەکان).
پارێزگای سلێمانی وەک نموونە.
سەبارەت بە ھەرێم (کانتۆن) بوونی پارێزگاکانی ھەرێم پێویستە پەنا بۆ
ڕێکارە مەدەنی و یاساییەکان ببرێت ئەویش وەک ھەنگاوی یەکەم بە رێگای
ئەنجومەنی پارێزگاوە بە پێی یاسا نوسراوەکانی دەستوری عێراقی. ڕێگایەک
بۆ بە دەست ھێنانی ئارامی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەلایەتی و ئاسایی
کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە بە تایبەت پارێزگای سلێمانی سوودمەند دەبێت
لەم بیرۆکەیە. بەم ڕێگایەوە دەکرێ مەترسی شەڕی ناوخۆش دوور بخرێتەوەو
بۆ ھەر ئەگەرێکی نەخوازراو و ھەڕەشەی لایەنێکی تر بۆ سەری دەکرێ
پەڕلەمان و حکومەتی ھەرێمی سلێمانی ، یان ھەربَمە نوێکان بڕیاری خۆی
بەرامبەری دەربکات وەک ئۆرگانێکی یاسایی و دەستوریی وشەرعیەتی یاسایی و
جەماوەریی بدات بە خۆی بۆ ھەر بەرگریکردنێک لە بەرژەوەندی ھەرێمەکەی.
ھەر پارێزگایەک دەتوانێت ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ. ئەم مافە لەماددەی
١١٥ی دەستوری عێراقدا ھاتوەو دەَلێت: "ھەر پارێزگایەک یان زیاتر مافیان
ھەیە ھەرێمێک پێکبێنن لەسەر داوایەک کە ڕاپرسی لەسەر بکرێت ، بە یەکێک
لەم دوو رێگایانە پێشکەش دەکرێت:
یەکەم: داوایەک لەسێ یەکی ئەندامانی ھەر ئەنجومەنێک لە ئەنجومەنەکانی
ئەو پارێزگایانەی دەیانەوێت ھەرێم پێک بھێنن.
دووەم: داوایەک لە دەیەکی (١/١٠)ی دەنگدەران لەو پارێزگایانەی دەیانەوێ
ھەرێم پێک بھێنن. دواتر لە ڕاپرسیەکداو بەپێی دەستور دەکرێ ئەم داوایە
ببێتە واقع. پارێزگای سلێمانی و ...تاد. دەتوانن سوودمەند بن لەم یاسا
نوسراوەی پەڕلەمانی ئیتحاد کە کورد خۆشی دەنگی پێداوە.
ئەوە ڕەفتاری چەوتی حیزبە کوردیەکانە بەرامبەر بە کەرکوک بووە ھۆی
دروستبوونی بیرۆکەی ھەرێمی سەربەخۆ لای کەرکوکیەکانیش.
باری ئابوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوون بە ھەرێم.
لە راپۆرتێکی تایبەتی ڕێکخراوی دۆر سەبارەت بە نەوت و گازی پارێزگای
سلێمانی کە لە مسای ٢٠١٥ بلاوکراوەتەوە ، ھاتوە: پارێزگای سلێمانی
خاوەنی ٧٠٪ ی نەوتی ھەرێمەو ١٥٪ یەدەگی نەوتی عێراقە..
دوەم پارێزگای عێراقە دوای بەسرە لە ڕووی یەدەگی نەوت و گازی سروشتی و
بەشێکی زۆری ئەم ڕێژەیە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان. کەواتە پارێزگای
سلێمانی لە ڕووی ئابوریشەوە ، نەوت و بواری کشتوکاَل و پیشەسازی محەلی
و .. تاد. لە توانایدایە کێشە ئابوری و داراییەکانی خۆی چارەسەر بکات و
دانیشتوانی ھەرێمەکەی خۆی خۆش گوزەران بکات ئەگەر دادپەروەرانە مامەڵەی
لەگەڵدا بکرێت و خاوەنی سیستەمێکی سیاسی و ئابوری ئەقلانی بێت.
پاریزگای سلێمانی پەراوێز خراوە ھەروەک پارێزگاکانی بەسرەو ئەنبار
ھەربۆیە کاردانەوەکانیش لای ئەمانە بەھێزە بۆ دروستبوونی ھەرێمی
سەربەخۆ.
ئەزمونی سویسرا.
سویسرا کە لە چەندین نەتەوەو ئێتنیک پێکھاتوە خاوەنی ٢٦ کانتۆنە
(شەشیان نیو کانتۆنە). زۆرینەی دانیشتوانی سویسرا لە ناوچەی زمان
ئەڵمانەکان دەژی کە شارو شارۆچکەکانی دابەشکراوە بەسەر ١٨ کانتۆندا
(ھەرێمدا ، خۆبەرێوەبەریدا). وەک ئەوە وایە بوترێ پارێزگاکانی باشووری
کوردستان و شارۆچکەکانی وەک گەرمیان (مەلار و کفری) ، ڕانیەو کۆیەو
قەلادزەو چەمچەمال و سۆران و زاخۆو ..تاد. لە چوارچێوەی دەوڵەتی
عێراقدا کە فیدرالیزمی کردۆتە دروشمی خۆی بەسەر کۆمەَلێک کانتۆندا
دابەش بکرێت و ئیدارەو خۆبەرێوەبەری لامەرکەزی و بودجەی خۆیان ھەبێت
بێئەوەی کاریگەریی لەسەر ھەست و ھوشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی ھەبێت ،
باشترین مۆدێل بۆ ئیدارەو چارەسەری کێشەکانیان کە خۆیان باشتر لێی
تێدەگەن و ڕێگا بیرۆکراتیەکانیش کورت دەکاتەوە.
دانیشتوانی ھەرێمی (کانتۆن)ی Zürich بریتیە لە ملیۆن و نیوێک بەلام
کانتۆنی Uri دانیشتوانەکەی بریتیە لە ٣٥.٠٠٠ کەس و ھەردوکیشیان کانتۆنی
سەربەخۆن و سیستەمەکەش دەڕوات بە ڕێگاوە. ڕێژەی کەمە نەتەوەو ئاینی
ریتۆڕۆمانیش کە دەکاتە ٠,٥٪ ی دانیشتوانی سویسرا بچوکترین گروپی
زمانی سویسریە (وەک تورکومان و مەسیحیەکان لە عێراق و لە کوردستان)
بەلام خاوەنی ئاوتۆنۆمی کەلتوریی خۆیانن.
پەڕلەمانەکانی کانتۆنەکان ژمارەی ئەندامەکانی لە نێوان ٤٩- ١٨٠ یە بە
پێی ژمارەی دانیشتوانی دیاری دەکرێت. ئەمانە ئاسایی لەلایەن گەلەوە بۆ
ماوەی چوار ساڵ بەلام لە کانتۆنەکانی Freiburg und Waadt بۆ ماوەی پێنج
ساڵ ھەڵدەبژێردرێن.
لەم تێڕوانینەوە دەکرێ ژمارەی ئەندام پەڕلەمانەکانی کانتۆنی (ئیدارەی)
سلێمانی ، ھەولێر و دھۆک یان ھەڵەبجە دیاری بکرێت. حکومەت بەرپرسە لە
جێبەجێکردنی یاساکان. ئەو یاسایانەی کە پەڕلەمان و گەل بریاریان
لەسەرداوە.

ئامادەکردنی لە لایەن نوسەرەوە
رێگری یاسایی نیە بۆ بە ھەرێم بوونی پارێزگاکانی باشووری کوردستان.
لە بەشی پێنجەمی دەستوری عێراقدا لە ماددەی ١١٦دا ھاتوە: "ھەرێم
دەستورێک بۆخۆی دادەنێت کە دەسەلات و ئەرکەکان و شێوازەکانی
کارپێکردنیان دیاری بکات بەجۆرێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستورەدا" ،
بەواتا لەگەَل دەستوری عێراقدا.
* بەلام ئەگەر ھەردوو دەستوری ھەرێمی کوردستان و ئەوەی دەسەلاتی
فیدرالی ئیتحاد لە بەغدا بەراورد بکەین بە یەکتر سەبارەت بە
دەسەلاتەکانی ھەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆنمونە گرێبەستە نەوتیەکان
دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ھەرێمی کوردستان لە دەستورەکەیدا مافێکی تری
بەخۆیداوە لەسەر ئەم ئاستە وەک لەوەی دەسەلاتی فیدرالی ئیتحادی بەغدا
نەیداوە پێی. (بڕوانە ماددەی نۆی دەستوری ھەرێمی کوردستان). لەوانەیە
ئەوەش یەکێک بێت لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان بەغداو ھەولێر. ئەوە دەکرێت
بۆ نمونە لە ھەرێمی سلێمانیدا چارەسەر بکرێت و ببێتە ھۆی چارەسەری
بەیکی بەرچاو لەو کێشە لەسەرانە.
لێرەدا حکومەتی ھەرێمی (کانتۆنی) سلێمانی بەلام گونجاو لەگەڵ دەستوری
عێراق بۆی ھەیە ھەندێک لە پەیوەندیە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکانی خۆی
دروست بکات بۆنمونە لەسەر ئاستی بازرگانی و نەوتیش.
* خالێکی تری گرنگ بۆ پتەوکردنی پێگەی ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق
کردنەوەی نوسینگەیە ... لە مادەی ١١٨ی دەستوری عێراقدا ھاتوە: "نوسینگە
بۆ ھەرێم و پارێزگاکان دەکرێتەوە لە باڵیۆزخانەو قونسولگەریەکاندا بۆ
بەدواداچوونی کاروباری کەلتوری و کۆمەلایەتی و گەشەپێدان". ھەرێمی (ھەرێمەکانی
، کانتۆنەکانی) کوردستان دەتوانن سوود لەم یاسایە وەربگرن بۆ
بەھێزکردنی پەیوەندیە دبلۆماسی و کەلتوری و ئابوریەکانی. کارێک کە
دەسەلاتی سیاسی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی نەداوە. لەبری ئەوە نوێنەری
حیزب و حکومەتی ھەرێم ھەن لە دەرەوە کە تەنیا نوینەرایەتی حیزب و
بنەماڵە و سەرۆکەکانیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە ھەرێمی کوردستان خۆی
لە دەستورەکەیدا ئاماژەی پێداوەو لەماددەی ١٠، فەقەرەی ٢دا ھاتوەو وەک
مافێکی دەستوری و بنچینەیی ھەرێمەکە ئاماژە پێدراوەو دەلێت: "ھاوبەشی
کردنی لە پۆست و فەرمانبەرایەتیەکانی فیدرالی بە شێوەیەکی ھاوشان و
رێژەیی". ئەو کاتە ھەریمی سلێمانی دەتوانیت بەم کارە دەستوریە ھەستیت ،
بە تایبەت کە ئێستە تەواوی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ھەرێم لە دەستی (پ.د.ک)
دایە. بەلام ھەموو ئەوانە ئەگەر دەسەلاتی سیاسی ھەرێمی ئەو کاتەی
سلێمانی دەسەلاتێکی تەندروست بێت ، نەوەک دوبارە کردنەوەی ھەمان مۆدیلە
تەقلیدیەکەی ئێستا بێت کە ھەیە.
* ڕێگری دەستوریی نیە بۆ کردنەوەی قونسولگەری و نوێنەرە دبلۆماسیە
نێودەوڵەتیەکان لە ھەرێمە نوێکاندا ، دیاردەیەک نەک ھەر کاری وەرگرتنی
فیزە ئاسان دەکات بۆ ھاولاتیانی ئەو ھەرێمە بەڵکو پەیوەندیە
دبلۆماسیەکانی ھەرێم (کانتۆنە) نوێکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش
دروستدەکات ، ئەوە لە کاتێکدا شاری سلێمانی خاوەن فڕۆکەخانەیەکی
نێودەوڵەتیە دیاردەیەک کە بە گشتی بە سوودی نەتەوەیی دەگەرێتەوەو
پەیوەندیەکانی دەرەوە بە تەنیا لە دەستی یەک حیزبدا نامێنێت کە ئێستە
بریتیە تەنیا لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
* ئاسایی لە دەوڵەتی فیدرالیدا ناوەند بەرپرسە لە بابەتی جەنگ و
پاراستنی تەواوی دەوڵەت لە ھەر ھەڕەشەیەکی دەرەکی ، بەلام لەبەر ئەوەی
بارودۆخی ئێستەی ھەرێمی کوردستان بەو جۆرەیە خاوەن ھێزی چەکداری خۆیەتی
بە تایبەت کە ھێزە چەکدارەکان لە کرداردا نیزامی نین بەڵکو بە پێوەری
حیزبی بەرێوە براوە تەنانەت لە شەڕی دژ بە داعشیشدا ، ھەربۆیە ئەو
لایەنانە دەتوانن لە ھەرێمە نوێکەی خۆیاندا ھەروەک ئەوەی ئێستە ھەیە
ناوچەکەی ، ھەرێمەکەی خۆیان بپارێزن.. بەلام دەکرێ لە نێوان
ھەرێمەکاندا ئەوەندەی غیابی ناوەند ھەبێت ڕێکەوتنی ھاوبەش ھەبێت بۆ
بواری ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و پاراستنی کوردستان ، لێرەدا
خاَلێکی ئیجابی ھەیە لە کوردستان بەوەی شەڕی تائیفی و مەزھەبی تێدا نیە
بە پێچەوانەی خواروی عێراق.
*ھەر پارێزگایەکیش نەیەوێ ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ ، ئەوا دەتوانێت بە
پێی دەستوری عێراقی فیدرالی وەک پارێزگا بە سیستەمی لامەرکەزی
بمێنێتەوە ، بەلام پارێزگاکانی ئێستەی ھەرێمی کوردستان بێ دەسەلات
ومەشلول کراوون.
دەستوری عێراق (ماددەی ١١٩).
بەپێی دەستوری عێراق (ماددەی ١١٩) ھیچ رێگریەک نیە لە بریاری بە ھەرێم
بوونی پارێزگایەک بۆنمونە بەھەرێم بوونی پارێزگای سلێمانی. عێراق
دەستورێکی ھەیەو لەو دەستورەدا مافی فیدرالیزم بۆ پارێزگاکان
چەسپێندراوە. لە دەستوری عیراقدا ھاتوە : "ھەر کاتێک پارێزگاکان ھەست
بکەن کە ماف و ئیرادەیان زەوت دەکرێت دەتوانن پەنا بۆ فیدرالی بەرن".
بەلام بە پێی برگەی ٣ ماددەی ٢ی ڕەشنوسی دەستوری ھەرێمی کوردستان ھاتوە
"نابێت ھەرێمێکی نوێ لەناو سنوری ھەرێمی کوردستاندا دابمەزرێت".
بریارێک پێچەوانەی دەستوری عێراقە ، ئەو دەستورەی کورد خۆی دەنگی
پێداوەو لە دەسەلاتەکەشی بەشداری کردوە لە دروستبونەوەی ئەم دەوڵەتە
دوای ڕوخانی دەوڵەتی بەعس. ئەوە لە کاتێکدا کە دەستوری ھەرێم کێشەی
لەسەرەو ڕاپرسی گەلی لەسەر نەکراوە بەواتا شەرعیەتی نیە. لێرەدا
پێویستە بڕگەی ٣ ماددەی ٢ی لە دەستووری ھەرێمدا لابرێت. بۆنمونە ئەگەر
پارێزگای سلێمانی بیەوێت ببێتە ھەرێمێکی فیدرالی سەربەخۆ ئەوا بەپێی
ماددەی ١٢٠ی دەستوری عێراقی بۆی ھەیە دەستوری ھەرێمیی خۆی ھەبێت و
ھەروەھا بە پێی ماددەی ١٢١ ببێتە خاوەنی ھەر سێ دەسەلاتەکان. بەم پێیەو
بە پێی برگەی ٣ی ئەو ماددەیە دەبێتە خاوەن بودجەی خۆی لەلایەن حکومەتی
ئیتحادیەوە ئەوەش بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی ھەرێمەکە. سامانە سروشتیەکان
ھی ئەو ھەرێمەیە کە تێیدایە. بەلام ئەوەندەی سامانە سروشتیەکان زۆر
جیاواز بەسەر ھەرێمەکاندا دابەش بووبن دەبێت ناوەند یەکسانیەک بەدەست
بھێنێت بۆ ئەو ھەرێمانەی تر کە ئابورییان کورت دەھێنن ، ئەوەش بەشێکە
لە سروشتی دەوڵەتی فیدرالی. دروستبوونی ھەرێمی زۆرتری فیدرالی لە
عێراقدا فشارێک دەبێت بۆسەر دەسەلاتی ئیتحادیش بۆ دروستکردنی
ئەنجومەنێکی فیدرالی / ھەرێمەکان (ئەو ئەنجومەنەی کە ھەرێمەکان تێیدا
نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن) و ھەروەھا دەبیتە ھۆی دابەشبوونی
دەسەلاتەکانیش و لاواز بوونی دەسەلاتی ناوەندو دوور کەوتنەوەیە لە
دەسەلاتی مەرکەزی. ئەوە ئەوەندەی کورد بیەوێ لە ناو دەوڵەتی عێراقدا
بمێنێتەوە.
ئەو بۆچوونەی ئەگەر پارێزگای سلێمانی ببێتە ھەرێمێکی سەربەخۆ دەبێتە
ھۆی پەرتبوونی قورسایی کورد لە عێراقداو کاریگەریی لەسەر سەنگی
نەتەوەیی دەبێت ، لێرەدا دەبێت بوترێت کورد بە ھۆی جۆری جیاوازی
پەیوەندیە دەرەکیەکانیەوەو ململانێی حیزبی ، لە بەغداش یەکگرتوو
نەبووە. بوونی فرەھەرێمی لە کوردستان نابێتە رێگر بۆ قورسایی کورد لە
بەغدا ئەگەر خاوەن ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ھاوبەش بێت.
فیدرالی بۆ عێراق ، مەرکەزیەت بۆ کوردستان.
ناکۆکە بەخۆی ئەگەر دەسەلاتی سیاسی ھەرێمی کوردستان خۆی بەفیدرالی
ناوزەند بکات و داوای فیدرالیەت بکات بۆ عێراق بەلام لە ھەرێمەکەی
خۆیدا بروای بەلامەرکەزی پارێزگاکان نەبێت و ئەنجومەنی پارێزگاکان
بێدەسەلات کرابن. یاسای پارێزگاکان وەک پێویستیەکی ئیداری گرنگ لەلایەن
پەڕلەمانەوە دادەنرێت، بەلام بە حیزبی کردنی پەڕلەمان و بە پەیڕەو
نەکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە ولاتدا ڕۆلی ئەنجومەنەکانیش نامێنێت.
سیستەمی لامەرکەزی ئەمڕۆکە لە جیھانی ھاوچەرخدا مۆدێلێکی گونجاوی
فەرمانڕەواییەو جیھان لە سیستەمی مەرکەزیی بێزار بووەو داوای حوکم و
بەڕێوەبەرایەتی لۆکالی دەکات.
مەرکەزیەت نەک تەنھا کۆی ئەقلی سیاسی و سیستەمی سیاسی دەوڵەتی عێراقی
تەنیوە بەَلکو لە ھەرێمی کوردستانیشدا ھێشتا لە ژیانی حوکمرانی و سیاسی
و حیزبیشدا ئەقڵیەت و سیستەمی مەرکەزی و کەلتوری مەرکەزی زاڵە.
کارەکانی ھاولاتیان و پارێزگاکان ئەمڕۆکە لە سایەی ئەو دەسەلاتەی
ئێستەدا لە ھەرێمی کوردستان و بەپێی ئەزمونەکان لەسەر سیستەمی
لامەرکەزی ناڕۆن بەرێگاوەو سیستەمەکە سیمای سەنترالیزمی ھەَلگرتوە.
ئەوە ناکۆکە بەخۆی دەسەلاتی کوردی ئیدیعای ئەوە بکات گوایە حوکمرانی
مەرکەزیی لە عێراقدا قبوڵ ناکات کەچی لە کوردستاندا خۆی مەرکەزیەت
پەیڕەو دەکات.
مەرکەزیەت و دیموکراسیەت دوو شتی ناکۆکن بە یەک. ھەتا ئەمڕۆکەش ھەندێک
لە لایەنە عێراقیەکان بە کوردیشەوە کار بۆ دەسەلاتی مەرکەزی دەکەن و دژ
بە دروستبوونی ھەرێمی فیدرالین. کورد لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا و لە
ناو ھەموو گەلانی تری ناو عێراق گرفتاری سیاسەتی مەرکەزیەت و بەو
ھۆیەوە ڕوبەرووی زیان بۆتەوە. ھەربۆیە مەرکەزیەت لە بەرژەوەندی کوردا
نیە. فکری مەرکەزیەت لە عێراق و لە کوردستاندا بە تەنھا بۆ بەرژەوەندی
نوخبەیەکی دیاری دەسەلات بووە.
سیستەمە سیاسیە لامەرکەزیەکان:
١- سیستەمی لامەرکەزی پارێزگاکان.
٢- سیستەمی فیدرالی.
جیاوازی لامەرکەزی پارێزگاکان لەگەل ئەوەی فیدرالیەتدا لەم خالانەدا
خۆی دەبینێتەوە:
- لە لامەرکەزی پارێزگاکاندا یەک دەولەت و پارێزگاکان ھەیە کە یەک
دەستوری مەرکەزیی تێدایەو یەک دەسەلات دابەشە لە نێوان مەرکەزو ناوچەو
پارێزگاو یەکە ئیداریەکانی یەک دەولەتداو کاروباری ئیدارەی دەسەلات
رێکدەخات و لامەرکەزی پارێزگاکان ھەیە.
- لە کاتێکدا لە فیدرالیەتدا چەندین (ھەرێم / ، کانتۆن ، ویلایەت)
دەچنە ناو ئیتحادێکەوە کە ھەر ھەرێمێک / کانتۆنیکی ناو ئیتحادەکە دەست
لە بەشێک لە سیادەی ناوخۆی خۆی و ھەروەھا لە سەرجەم سیادەی دەرەوە بۆ
بەرژەوەندی کیانە ئیتحادیە فیدرالیەکە ھەڵدەگرێت. دەوڵەتی ئیتحادی
(حکومەتی فیدرالی ناوەند) بەرپرسە لە سیادەی دەرەوەو ئەرکی سیاسەتی
دەرەوە ، دارایی ، دراو ، جەنگ ، سنور ، پاسپۆرت ، ئاسایشی
نەتەوەیی...تاد. لە کاتێکدا ھەرێمەکان بەرپرسن لە بواری پەروەردەو
ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیس و پەسەندکردنی بودجەی دارایی ھەرێم و
خۆشگوزەرانی کۆمەلایەتی...تاد.
- ھەرێمەکان ، کانتۆنەکان یان ویلایەتەکان لە دەوڵەتی فیدرالی یەکەی
دەستورین نەک یەکەی کارگێری ھەروەک ئەوانەی پارێزگاکان لە دەوڵەتی
یەکگرتودا ھەیانە. ھەموو ھەرێمێک دەستورێکی ھەرَیمیی خۆی ھەیە و
ھەروەھا فیدرالیزم بە تەنیا بنچینەیەکی سیاسی نیە بەَلکو ئابوری و
کۆمەلایەتی و کەلتوریشەو فیدرالیزمیش بە گشتی وەک بەشیک لە سیستەمی
سیاسی پێویستی بە ڕێفۆرم کردن و ھەموار کردنەوە ھەیە.
- سەرجەم کاروبارەکانی دەسەلات لە ناوچەی لامەرکەزی پارێزگاکاندا
لەلایەن دەستوری نیشتیمانیەوە رێکدەخرێت و ڕێگا بەھەر پارێزگایەگ ئەدرێ
کاروبارەکانی (الحکم المحلی) رێکبخات کە لەسەر ڕێکەوتنامەو تێگەیشتنی
نێوان مەرکەزو دانیشتوانی ئەقلیمەکەیە. لە کاتێکدا دەوڵەتە ئیتحادیە
فیدرالیەکان ھەر یەکێکیان دەستورە تایبەتیەکەی خۆی دەپارێزێت و بریتیە
لە دەستھەَلگرتنی ئیتحاد لە ھەندێ لە بەشەکانی دەسەلات بۆ ھەرێمەکان و
ھەروەھا ھەرێمەکانیش بەھەمان شێوە بۆ بەرژەوەندی کیانی ئیتحادی.
- فیدرالی بۆ باشووری ، ھەرێمی کوردستان گرنگترە چونکە لامەرکەزی
پارێزگاکان بە پێچەوانەی فیدرالی ھەرێمەکان ئاسانتر ھەڵدەوەشیتەوەو
مەشلول و بە حیزبی دەکرین.
مۆدێلی خۆبەرێوەبەرایەتی هەرێمیی (کانتۆنی) ، لامەرکەزی لۆکالی و
پارێزگاکان و فیدرالیەت بۆتە چارەسەرێکی پێویست بۆ تەواوی دەوڵەتەکانی
ناوچەکەش ، تەنانەت بۆ ھەر گەلێک تەنانەت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی
نەتەوەیی خۆی، سیستەمی لامەرکەزی گرنگە بۆی.
dr.salarbasira@hotmail.com
|