١٣\١\٢٠٢٠
پڕۆژەی چاکسازیی.
بۆ بەڕێز پەرلەمانی کوردستان
بابەت: پڕۆژەی چاکسازیی.
ئێمە لە
١١ ساڵەی رابردوو تا ئەمڕۆ، بۆ ٣٢ەمین جار، لەبەردەم پەرلەمانی
کوردستان لە پێناو مووچە و خوێندن و ژینگەو ھەڵبژاردن و.. دادپەروەرانە
گرددەبینەوە، زۆرمان بۆتان نووسی و داوامان لێتان کرد، سنورێک بۆ
نادادپەروەریی لەکوردستان دابنرێت، ئێستا دەسەڵات دەیەوێت لە رێگای
ئێوەوە نادادپەروەریی خۆی بە یاسا بکات لە رێگای بەخشینی ئیمتیازات
پێتان، داواکارین ئەمجارە وەک رابردوو مەبنە دەسکەلا بۆ تێپەڕاندنی
باسای نادادپەروەریی و لە گەڵ گەلدا ژیانی شەرافەتمەندانە ھەڵبژێرن،
مووچە و ئیمتیازاتی خۆتان بە قوربانی دادپەروەریی بکەن، چاکسازی بۆ
دادپەروەریی نەبێت، جگە لە خراپەکاری ھیچی دیکە نییە، داواکارین لێتان:
١- مووچەی بنەڕەتی تەواوی پلە باڵاکان بۆ ٥٠٪ی ئێستا
کەمبکرێتەوە.
٢- خانەنشینی رێک بخرێت لە گەڵ داھاتی وڵات و تاک گونجاو بێت، ھیچ
خانەنشینیەک لە ٣ ملیۆن دینار زیاتر نەبێت لە ھەرێمی کوردستان.
٣- لانی کەمی مووچەی خانەنشینی لە ٥٠٠ ھەزار دینار کەمتر نەبێت.
٤- مووچەی کەمئەندامان و چاودێری کۆمەڵایەتی بە رێژەی ١٠٠٪ زیاد
بکرێت، دیارە ئەویش بە پێی پێویست و دابینکردنی ژیانێکی شەرافەتمەندانە
نییە.
٥- دەستکاری ئەمتیازاتی بنەماڵەی قوربانیان و شەھیدان و زیندانیانی
سیاسی نەکرێت، ئەوە بەشێکی بچوکی قەرەبووکردنەوەی ئەوانە.
٦- لیستی ناوی شەھیدان، قوربانیان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین
بڵاو بکرێتەوە، بۆ ئەوەی شەفاف بێت لە داھاتوودا پاک بکرێتەوە.
٧- ئەو پەرلەمانتارانەی تەمەنی خانەنشینی نایانگرێتەوە، کارێکی شەرافەت
مەندانەیان دوای تەواو بوونی کارکردنیان لە پەرلەمان بۆ دابین بکرێت،
خانەنشین نەکرێن، لە جیھاندا دیاردەی سەیرو سەمەرەی وا نەبووەو نابێت.
٨- دامەزراندن تەنھا بۆ ئەوکەس و خێزانانە بێت ھیچ سەرچاوەیەکی
داھاتیان نییە، کۆتایی بە دامەزراندن لەسەر بنچینەی تەسکیەی حیزبی
بھێنرێت.
تا داواکارییەکانمان بەدینەیێ لەسەر ھەوڵەکانی خۆمان بۆ کوردستانێکی
دادپەروەر بەردەوام دەبین.
ھەڵمەتی دادپەروەریی
١٢\١\٢٠١٩
|