١٨\١٠\٢٠١٣
پڕۆژەی هەڵکەندنی
سەنگەر لە دەوری کەرکوک.

جەلال دەباغ
دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویان کردۆتەوە کە پڕۆژەیەکی هەڵکەندنی سەنگەرێک
بەدەوری شاری کەرکوکدا بڕیاردراوە کە سێ فەرمانگەی میری بەشداری
تێدادەکەن. بڕی پارە سێ ملیاردو ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ ئەم پڕۆژەیە
بڕیاردراوە! دەشڵێن ئەم پارەیە بەش ناکات و لە ئایندەدا پارەی دیکەی بۆ
تەرخان دەکەن.
ئەمەش لە رۆژی سێ شەمە ٢١ئایاری رابوردودا
لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کۆمیتەی ئاسایشی پارێزگای کەرکوکەوە بڕیار
دراوە، بە ئامادەبوونی پارێزگار و بەڕێوەبەری پۆلیس و بەرپرسی لیوایەکی
پێشمەرگە و... تاد ..گوایە بە مەبەستی پاراستنی شاری کەرکوک لە هێرش و
کرداری توندوتیژیی.
کە ئەم هەواڵەم خوێندەوە سەرسام بووم، بە رادەیەک وام هاتەوە بیر کە لە
تاقیکردنەوەکانی سەردەمی "غەزوەی خەندەق"ی ساڵانی سەرەتای کۆچیی و
دواتر کەڵکیان وەرگرتبێ، یان لە چەرخەکانی ناوەڕاست ئەزموونیان
وەرگرتبێ کە قەڵا و دیواری بەردینیان بە دەوری شارەکاندا دروست دەکرد،
گوتم تۆ بڵێی ئەوەیان لەیادچووبی کە ئێستا چەرخی بیست و یەکەمە و
سەردەمی زانست و تەکنۆلۆژیای یەکجار پێشکەوتووە.
دەمەوێ بە راشکاویی بڵێم ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە هەڵەیەکی
یەکجار گەورەیە و پارە بەفیڕۆدانێکی دوورە لە هەستکردن بە برپرسیی.
کارێکی وا رەنگە زۆر پارێزگەی دیکەش چاوی لێبکەن و بڕیاری وا هەڵە بدەن.
ئەم بیرۆکەیە کاتی خۆی بە بیری بەڕێز پارێزگاری هەولێر کاک نەوزاد
هادیشدا هات کە دوای بوونی بە پارێزگاری هەولێر لەگەڵ شاندیکدا چووینە
سەردانی بۆ پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەرکی پاریزگاری هەولێر. کاتێک باسی
ئەوەی کرد کە پێشنیازێک هەیە بۆ هەڵکەندنی چاڵێکی گەورە کە پڕ لە ئاو
بکرێت و ٢٥ هەزار پێشمەرگەی بۆ تەرخان بکرێت، تا تێرۆریستان نەتوانن
بێنە ناو شاری هەولێر و باسی خەرجیی و توانای مرۆیی کرد بۆ ئەنجامدانی
ئەو پڕٶژەیە، لەوێدا گوتم ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و بێ ئەنجامە و دەکرێ
بە پەنجا تیپی چەکداریی ٣ کەسی کە هەمووی دەکاتە ١٥٠ پێشمەرگە گشت رێگا
قاچاغەکان کۆنترۆل بکرین، و... تاد.
بۆ خۆشبەختیی وازیان لەو پڕۆژەیە هێنا و، پارێزگاری هەولێرو
بەرپرسانیتر دیارە دووربینانە سەرنجی ئەو بابەتەیانداوە و دەستبەرداری
بوون.
ئەم پڕۆژەیەی کەرکوکیش هیچ قازانجی نییە و زیانی زۆرترە لەبەر ئەم
هۆیانەی خوارەوە:
- پارەیەکی زۆری بەفیڕۆ تێدا خەرج دەکرێ.
- خاکێکی زۆری دەوری کەرکوک بەفیڕۆ لەدەست دەدات.
- ئەو سپێڕە ناتوانێ پاش چەند ساڵێکیتر رێگەی فراوانتربوونی شارەکە
بگرێت.
- ئەو دیوارو خەندەقە بە هیچ جۆرێک نابێتە هۆکاری پاراستنی شاری کەرکوک
لە هێرش و کرداری توندوتیژیی.
- بەشی زۆری تێرۆریستان بە کۆنترۆڵە فەرمییەکانی سەر رێگاکاندا دێنە
شارەکان کە پڕیشن لە ئاسایش و پۆلیسی چەکدار.
- تێرۆریستان "دەستە دزیان" هەیە، هاوکاریان هەیە.
- هێرش و کرداری توندوتیژیی لە ناوەرۆکدا هۆکاری سیاسییان لە پشتەوەیە.
- ئەوەی دەگوزەرێ ئەنجامی سیاسەتێکی تایەفەگەریی نەگریس و ئابووریی
هەڵە و دزیی و بەرتیلخۆرییە، دەبێ بە جۆرێکی جیاواز چارەسەر بکرێن.
- تێرۆریستان سوود لە دەیان کون و کەلەبەری سیاسی و ئابووریی و
کۆمەڵایەتی وەردەگرن بۆ پیادەکردنی تاوانەکانیان بەناوی ئاین و
خواپەرستییی درۆزنانەوە.
- دەبێ بە وردیی بیر لە سیاسەتێکی راست و دروست بکرێتەوە لە هەموو
بوارەکاندا بۆ بنەبڕکردنی هێرش و کرداری توندوتیژیی.
ئەم پێشنیارەی دەستبەرداربوونی ئەو پڕۆژەیە دەخەمە بەرچاوی بەرپرسە
بەڕێزەکانی پارێزگای کەرکوک و هیوادارم لایان پەسندبێت و سەرکەوتووبن
لە بەربەستکردنی هێرش و کار و کردەوەی تێرۆریستیی بە شێوازیتر.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|