١٦\١\٢٠١٠ پرۆژەی کرانەوەی ئاکەپە و، داخرانی دەتەپە؟!
ئەم دوو نەیارە بە پێی وتەی هێندێک لەو کەسانەی کە پسپۆڕن لە سیاسەتی تورکیا، بەرژەوەندیەەکانیان لەوێدا دەبینن کە پارتی دادو گەشەپێدان بخەنە بەردەم ئەمری واقیع، لە نێو شەقامی تورکیادا بۆ کوردو تورک ئەوە بسەلمێنن کە ئەم پارتە خاوەنی ئەجیندای چارەسەری نییە بۆ دۆزی کوردو لە بەرنامەیدایە لە رێی ئەو پرۆژەوە ئیحتیوای شەقامی کوردی بکاو هەوادارانی هەردوو پارتی هاو سۆز بۆ لای خۆی رابکێشێت، بە لایەنی پارتە شۆڤێنیستەکانیشەوە پرۆژەیەکی هاو شێوەی ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ئیش لە سەر کولاندنەوەی ئەو برینانە بکات کە لە نێو زیهنی هاوڵاتییانی تورکدا وێنەی تیرۆری پەکەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە رابردوودا کێشراوە، بۆ هاندانی ئەو جەماوەرە دژ بە پرۆژەکە، تەنها خوێ کردنە سەر برینێک بەسە بۆ ئەوەی باری ئەو پارتە لاسەنگ بکەن، ئەم جۆرە هاوکێشانە، کە دەتوانین بە هاوکێشە هاو دژەکان ناو زەدیان بکەین، هاو کێشەێلێکن کە لە سەر حیسابی بەرژەەندیی گشتی زیان لە بەرژەوەندیی گشتی دەدەن! ئەمەش ئەوەمان بۆ پشت راستدەکاتەوە ئەو تورکیایەی کە بۆ ماوەی هەشتا ساڵ زیاتر دەڕوات لە سەر بنەمای عیلمانییەت دامەزراوە، هەر لە بەرایی دامەزراندنییەوە رەچاوی خاڵێکی گرنگی تێدا نەکراوە، کە ئەویش جەوهەری عیلمانییەتە! بۆیە دەبینین ئەو سیستمە دیمۆکراتییەی تورکیا تەنها لە توانایدایە ئاڵوگۆڕ بە دەسەڵاتەکان بکات، ئەو دەسەڵاتانەی کە لە بارتەقایاندا نییە پەنجە بۆ شتە حەرامەکانی کەمالیزم درێژ بکەن؟! هەر ئەوەش بووە بە هۆکاری ئەوەی هیچ هێزێک نەتوانێت لە هەوڵی پەیدا کردنی دەرمانێکدا بێت بۆ دەردێک، کە لە لایەن شارەزایانەوە دەست نیشان کراوە!
ئەم تێڕوانینە سەقەتە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لە گەڵ رووداو پێشهاتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا، بە شێوەیەک تۆخکراوەتەوە، کە حیزبە سیاسییەکان هێندەی بیریان لە لای بەرژەوەنییەکانی خۆیانە، بەرژەوەندی گشتییان فەرامۆش کردووە، هەر کاتێک بچووکترین هەلیان بۆ رەخسابێت، ئەوا بە بێ سڵەمینەوە ئەگەر بۆیان کرابێت هەستی هەوادارانییان بوورژێنن، ئەوا خەڵکیان خستووەتە سەر شەقام. ئەم مۆدیلە لە دیمۆکراسییەت، دەتوانین بە دیمۆکراسییەتێکی " وەستاو" ناو زەدی بکەین، چونکە هیچ لایەک لە سەر ئەوە رێکناکەون تا تەکانێکی پێ بدەن، سەرەڕای ئەوەی کە خودی دیمۆکراسییەت خاوەنی زۆر میکانیزمە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەر بۆ هەر کێشەیەک، ئەم تەرزە لە دیمۆراسییەت بە شێوەیەک خۆی پێشان دەدات، کە هەڵگری هیچ جۆرە ئەلتەرناتیڤێک نییە بۆ کێشەکان، چونکە چوار چێوەیەکی وەهای بۆ دانراوە، کە هەر کرانەوەیەک کە تۆزێک داکشان بە چوار چێوەکەی بکات، بە مەترسی لە سەر ئەمنی ئەو وڵاتە دەیدەنە هەژماردن، بەم شێوە بیرکردنەوەیەش، هەر لایەنێک لە هەرەمی دەسەڵات بێت یان لە سەر چیای قەندیل، بیەوێت ئیش لە سەر گۆڕینی ئەو وێنەیە بکات، کە هێما بۆ تورکییایەک دەکات یەک نەتەوە، یەک زمان، خاک لە خۆی دەگرێت، بخرێتە خانەی خییانەتی نیشتیمانییەوە.
بۆیە ئەو پرۆژەی ئەردۆغان لە حەقیقەتدا کە نێوی کرانەوەیە بە رووی کورددا، لێ ئەگەر بە وردی سەرنجی نێوەڕۆکی پرۆژەکە بدەین، دەبینین ئەو پرۆژەیە هێندەی لە هەوڵی رزگارکردنی دیمۆکراسییەتە لەو پەتا کووشندەیەی کەمالیزم، کرانەوە بە رووی کورد تەنها مەبەستێکە لە ئامانجێکدا! ئەو پارتانەش وا بە هەموو توانای خۆیان بەرهەڵستکاری پرۆژەکەی ئەردۆگان بوون، بە باشی هەست بەوە دەکەن، کە ئەگەر بە رووی دیمۆکراسییەتدا بکرێنەوە، ئەوا دیمۆکراسییەتی راستەقینە موزایەداتی سیاسیی قبووڵ ناکاو جیاوازییەکان لە سەر ئەرزی واقیع دەسڕێتەوە، بۆیە ئەگەر بەوە رازی ببن کرانەوە لە فەزایاندا بەر جەستە ببێت، دەبێت دەسبەرداری پەیڕەو و پرۆگرامی پارتەکانیان ببن!
بە رای من ئەو پرۆژەیەی پارتی دادو گەشە پێدان بەر لەوەی کرانەوە
بووبێت بە رووی کورددا، کرانەوە بوو بە رووی دیمۆکراسییەتدا، بەر لەوەی
لە هەناویدا هەڵگری بیرۆکەی چارەسەری بووبێت بۆ دۆزی گەلێک، ویستیان
وڵاتێک لە قەیرانێک رزگار بکەن، گەلێک کە لە خەونێکی قووڵ دایە
وەخەبەریان بهێنن، چونکە بە بێ کرانەوە بە رووی دیمۆکراسییەتدا، مەحاڵە
ئەوان بەو تەرزە بیرکردنانەوە بتوانن بە رووی هیچ شتێکدا لە دەرەوەی
خۆیان بکرێنەوە، بۆیە دەبینین بۆ ئەوەی کرانەوە لە زیهنی تاکەکاندا
بسڕنەوە، وەکو پیشەی هەموو جارێکیان، لە پێناو مانەوەی کێشەکان وەکو
خۆیان، پرۆژەی کرانەوە بە رووی نەتەوەیەکدا، بە داخستنی پارتێک لە
مناڵدانی مێژووی ئەو وڵاتە نەزۆکەدا، سەری نایەوە!
|