٢٩\٦\٢٠٢٣
خوێندنەوەی پەرتووک:
پڕۆژەی
لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی پاسۆک.
ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە
٥
- ٨.

هەڵۆ محەمەد
ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە
٥.
پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری
کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.
پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کورد بین
چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە
ئاڵای سووری کوردایەتی
ژمارە - ٥ - حوزەیرانی ١٩٨١/ جۆزەردانی ٢٥٩٣ نرخی بە پێی توانایە
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی - پاسۆک-...
بۆیەکەم جارە نرخ لەسەر بڵاوکراوەیەکی پاسۆک بەرچاو دەکەوێت.. دەبێت
باری ئابوری زۆر لە ژێر سفرەوە بوو بێت..
لەگەشتەکەماندا گەیشتووینەتە ژمارە پێنج کە ١١ بابەتی لە خۆ گرتووە..
ئەم جارەش خوێنەر بەسەر کۆپلە شیعرێکی پڕ مانادا دەکەوێ...
یەکەم ھەنگاوی بەرەوژوور، بۆ لوتکەی بەرز بۆ لوتکەی دوور، ئەژنۆی
ڕۆیشتن.. ئەلەرزێنێ، بەڵام ئەڕۆین.. چونکە ئەسپی، شەھیدانی لوتکەی بێ
سوار، بەسەرماندا..
دەحیلێنێ!.ناپلیۆن دەڵێ: " نەتەوەیەک ئاڵای ئازادی و یەکێتی بشەکێتەوە
ھیچ کاتێ نانەوێ". کوردیش شۆڕشەکەی خوێناوییەی ھەزاران قوربانی
لەپێناوی ئامانجی سەربەخۆییدا داوە.. تا نەگاتە دوا ئامانج دەستبەرداری
خەبات نابێ، ھەر ناشتوانێ بوەستێ چونکە لافاوی خوێنی شەھیدانی
ڕایدەماڵێ!..
خاوەنی ئەم شیعرە کێیە دیار نییە ! .. ئێمە دەزانین شیعر تا ئیمڕۆش
چەندە کاریگەریی لەنێو پانتایی رۆشنبیریی کوردیدا ھەبووە و ھەیە. شیعر
وەک چەکی بەرگریش لەمێژووی گەلاندا بەکارھاتووە و شیعر مێژوویەکی
پرشنگداری ھەیە، لە جۆشوخرۆش بەخشینە جەماوەر . تەلیسمی شیعر لەوەدایە
زوو بەزوو دەگاتە خەڵکی و مانای خۆی بەدەستەوە دەدات.. ئەم بژێوییەش
گەر بارگاوی بێت بە پرسگەلێکی فیکری و فەلسەفی و نەتەوەیی و سیاسی زوو
بە دڵەوە دەنووسێ و جێ پەنجەی خۆی لەسەر رووداو و بابەتەکان دیاری
دەکات..فەیلەسووفی ئەڵمانی کانت لە پێناسەیەکی شیعردا دەڵێ:" شیعری باش
ئامڕازێکی بڕندەیە بۆ چالاک کردنی مێشک".
دواتر سەروتاری ئەم جارە لە گۆمی خوێنی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی مانگی
حوزەیران ھەڵکێشراوە و بەناونیشانی[[ لە گۆمی خوێنی حوزەیراندا، ئازادی
و یەکسانی گزنگ دەدات]].. وتارێکی تێروتەسەل لە وڵایی مێژوەوە زۆر لە
ڕووداوەکانی ئەم ھەیڤە خوێناوییەی لە کوردستاندا بەسەر کردۆتەوە..[
کورد "سیزیفی" چارەنووسی مرۆڤایەتییە لە بەرەنگاربوونەوەی نەھامەتی و
کۆسپ و لەوێردا]]..
ئاڵای سوور رۆژمێری رووداوەکانی ئەم مانگە بەسەر دەکاتەوە، بەتایبەت
دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانی . لەم یادەورییە ناخۆشانەدا باسەکانی
شۆرشی شێخ سەعیدی پیران و ڕاپەڕینەکانی سمکۆی شکاک و بەتایبەت لە
سێدارەدانی چوار ئەفسەرە ئازادیخوازەکەی کورد لە ١٩/٦/١٩٤٧ واتە پاش
ڕووخانی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی پێشەوا و ھەڤاڵەکانی... بەشی
شێری وتارەکەیان بردووە بۆ خۆیان..
چمکێک لە مێژووی خوێناوی و کارەساتە دڵتەزێنەکانی کورد بەسەر کراوەتەوە.
زۆرجار لەئامانجەکانی نزیک بۆتەوە بەڵام دواتر بە پلانێکی ناوچەیی و
نێودەوڵەتی گەمارۆ دراوە و بە توندی و نامۆڕاڵی سەرکوت کراوە..
کورد تا ئێستا ویستوویەتی ڕێی سەربەخۆی تەنیا بە خوێن پاک بکاتەوە. لەم
ھاوکێشەیەدا دەبێ بیر لە ھێنانە ناوەی ستراتیژی نوێ بکات و شێواز و
میتۆدی تریش بگرێتە بەر بۆ گەیشتنە ئامانج.. داگیرکەران زۆر و بەھێزن،
کورد دەبێ لەبەرانبەردا یەکگرتوو بە ئسابی وردەوە مەیدان و جۆری
شەڕەکەی دیاری بکات.. لەئاستی نێودەوڵەتیشدا بایەخی زیاتر بە ھەردوو
بواری دیبلۆماسی و لۆبی سازی بدات.
جارێکی تر وتارەکە جەخت لەسەر پێویستی یەکگرتن دەکاتەوە و دەنووسێ:[[
ئێمەی کورد لەم جیھانە پڕ جەنجاڵە پڕ بەرژەوەند و شیرازە پساوەدا تەنیا
بە یەکگرتن، بە قوربانیدان، بە کوردایەتی دەتوانین بوون و ویست و
خواستی خۆمان بچەسپێنین]].. پاشان لەسەر باسەکە دەڕوات و کۆتایی
وتارەکە بەچەند دروشمێکی شۆڕشگێڕیی [[ بروخێ دەنگ و ڕەنگ و ویستی (
کورد نەویستی و خۆدان بەدەستەوە).. بڕوخێ گیانی بەزین و بڕوا بە
خۆنەبوون، بمرێ دەڵاڵ و ھەراجکەرانی کورد و مەسەلەی ڕەوای
نەتەوایەتیمان.. تا سڵاو لە پێشمەرگە و دڵسۆزانی کورد، بژی دروشمی
نەمری ( کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان)]]..
وەک ھەموو ژمارەکانی پێشوو، ئەم جارەش بە وێستگەی [[ ڕازێکی کوردانە]]..
تێدەپەڕین و بابەتێکمان بەناو نیشانی [[ لەسەرەڕێی ڕزگاری دا]]
دەکەوێتە بەرچاو!.. بایەخ و گرنگی بابەتەکە لەوەدایە نزیکەی ١٠ لاپەرەی
گرتۆتەوە..
[[ ئێمە کە داوای ( رزگاری و یەکگرتنەوەی کوردستانی مەزن) دەکەین چ
پەیوەندییەکی ھەیە بەسەر برایەتی و ( ھاونیشتمان) ییەوە.. ئێمە دۆست و
ھاوکاری ھەموو نەتەوەیەکی ژئردەستە و چەوساوە و دۆستی کوردین و ئەگەر
ڕاست" برایەتی" و " دۆستایەتی" کوردیان دەوێ، دەبێ و کورد ئازاد و
سەربەخۆ بێت تا بتوانێ وەکو نەتەوە و تاکانێکی ئازاد و بەرپرسیار
برایەتی و دۆستایەتی بکات.. کۆیلە و ژێردەستە کەی ویست و خواستی خۆی لە
چنگی خۆیدایە تا برایەتی و " دۆستایەتی" ببەستێ(..) ئێمە چۆن دەتوانین
ئەو ( برایەتی) یە بکەین یان کەی " برایەتی " لە نێوان " ئازاد" ێک و "
کۆیلە" یەکدا گرێ بەند بووە؟.. یان ئەو برایەی ڕێم پێ نەدا یان بۆم
نەسەلمێنێ یان یارمەتیم نەدا و لە من سوورتر نەبێت لەسەر داوای ڕەوام چ
جۆرە برایەتی و چ برایەکە؟.. ئەو " برایە" ئەگەر سەرکەوتنی من
بەسەرکەوتنی خۆی و سەربەخۆیی من بە سەربەخۆیی خۆی و ئازادی من بە
ئازادی خۆی نەزانێ بەپێی کام دەستوور ( برا) مە؟؟! ]].
" بێ نیشتیمان بیت، واتە لە ئازاردا دەژیت" دیسکۆفسکی.. بێ نیشتیمان
واتە بێ ئازادی و بێ سەربەخۆیی و ھەتا دەگاتە بێ قەوارەی سیاسی
دەگرێتەوە.. ژیانی میللەتانی بێ دەوڵەت ھەمووی تاڵاو چەشتنە.
داگیرکەران چەند بەھێزی سەربازی و سیاسەتی کولتووریی و ئابووری شەڕی
کوردیان کردووە، زۆر ھێزی تری گۆڕەپانەکە بەدروشمگەلی چەواشەکارانە و
فریودان، ھەوڵیان داوە، ئامانجی راست و رەوانی رزگاری سەربەخۆیی لە
کورد بگۆڕن و کورد لەم جۆرە خەباتە دوور بخەنەوە! بەئەندازەیەک تاکێکی
کورد پێی شەرم بێت، بڵێ کوردم و کوردستانیم و دەمەوێ وەک ئێوە و ھەموو
تاکە ئازادەکانی دیکەی ئەم جیھانە بژیم!.. ئەوەی ئەوان لە ئێمەی داوا
دەکەن برایەتی گەلان بەس خۆیان سەردەست و خاوەنی دەوڵەت و ناسنامە و
ھەموو دامودەزگا و ئاڵا و زمانی فەرمی بن!
نۆرە دێتە سەر [[ قوتابخانەی پاسۆک]] و ئەوەی ئەم جارە تێیدا
دەخوێندرێت[[ وانەی پێنجەم]] کە بریتییە لە دروشمێکی ناوەندیی و
کۆڵەکەیەکی فیکریی و لۆگۆیەکی سەر ھەموو ئۆرگانەکانی پاسۆک[[ بۆ " پێش
ئەوەی ھەر شتێ بین .. دەبێ کورد بین"؟]]...
لەبەرانبەر ئەو ھەموو بیر و ئایدۆلۆژیا و مەزھەبانەی ھێندرانە
کوردستانەوە و زۆربەشیان تا سەر ئێسک نامۆ بوون بە واقعی کوردی و جێیان
لە فەرھەنگی کوردیدا نابێتەوە.. بە شێوازی جیاجیا و بە زۆردارەکی
سەپێندران..
گرفتی بنەڕەتی لەوەدا خۆی دەنوێنێ بەشی زۆری ئەم بیرکردنەوانانە تاکی
کوردیان ھێناوەتە ئاستی خۆلەبیرچوونەوە و خانەی کۆسمۆپۆلێتێتی..
لەدواجاردا کورد تاکێک و سەدان و ھەزارانی لەدەست داوە، داگیرکەرانی
کوردستان سوودیان لەم سەرلێشێواویی و شپرزەییە فیکرییە وەرگرتووە..
بۆیە دەبینین ھەڵگرانی ئەم بیر و ڕێبازە تەواو جیاوازن لە ھی میللەتانی
سەردەست!!..
عەرەبێکی کۆمۆنیست و چەپ بەشانازییەوە شەڕی داگیرکەرانی وڵاتەکەی دەکات
و باسی برایەتی گەلانیش ھەرگیز ھیچ لە ئارادا نییە!.. قەت نەبیستراوە و
نەبینراوە پارتێکی چەپی فەلەستینی/ عەرەبی ھەڵگری دروشمی برایەتی بێت
لەگەڵ ئیسرائلییەکان دا... نازیم حکمەت شیعری بۆ ھەموو میللەتان و
دەوڵەتانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتینی وت، کەچی ئاوڕێکی لە
کورد نەدایەوە..
ناوەندە فەرمیی و رێکخراوە فەرمییەکانی جیھانی ئیسلامی، ھەر بزاڤێک دژ
بە ئیسرائیل بکرێ، چەپیش بیکات بە ڕەوا و بە شۆڕشگێریی لە قەڵەم دەدەن،
کەچی ھی کورد بەدەستی ئیسرائیل و چەپی کافر و لادەر دەدەنە قەڵەم
فەتوای لەناوبردنی دەدەن و دەچنە سەنگەری دەسەڵاتی ناوەندی ئەو
دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە و کوردکوژی ئەنجام دەدەن..
ئا لەم دیدەوە ئەم دروشمەی پێش ھەر شتێ بین دەبێ کورد بین ھاتۆتە
دنیاوە... بەواتای ئەوەی رێگریی لەھیچ بیر و ڕێبازێک ناگری و دژیشی
ڕاناوەستین ئەگەر بێت کوردبوون نەکاتە قوربانی دروشمە نەزۆکەکانی و
کوردیش وەک میللەتانی تری جیھان ، بۆ سوود و قازانجی نەتەوە و نیشتمانی
خۆی سوود لەو بیرە دەرەکییانە وەرگرێ و بەکاریان بھێنێ!. ئەوەیشی
بچووکە و کوردبوونی پێ شەرم و کەمە، با باشتر و ڕوونتر سەیری جیھان
بکات و بیر لە خۆی بکاتەوە.
پەشێو لەم ژمارەشدا ئامادەیی ھەیە، ئاخر شیعرەکانی لە کورتترین وێنەدا
مانا و بەھاکانی بیرۆکەیەکی نەتەوەیی دەوڵەمەند و زیندوویی لە خۆ
گرتووە.. لەمەش زیاتر ئاڵای سووری کوردایەتی ھەواری راستەقینەی بیر و
رۆشنبیریی نەتەوەیی بووە ھەر بۆیە شیعرگەلی لەم چەشنە نامۆ نییە بە
لاپەڕەکانی..
[[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]] ناونیشانی سەروتارێکی ترە کە بەرەو ڕووی
ھاووڵاتیەکەم و ھاونەتەوەکەم ... ھتد کراوە..
دیارە ئەم بانگەشەش ڕەنگدانەوەی دۆخی ئاڵۆز و سەخت و پڕ لە گیروگرفتی
نەتەوە و پەیوەندی نائاسایی نێوان حیزبەکانە..
شیعرێکی تری مەلا محەمەدی کۆیە [[لە کەلەپووری شۆڕشگێڕیمان]] بەرچاو
دەکەوێ ، کە ناوەڕۆکەکەی نزیک و تەواوکەری ناوەڕۆکی وتاری بانگەکەی
لەسەنگەری پاسۆکەوە...
[[شادەمارە سەرەتاکانمان]].. بریتییە [[ دژی خۆبەستنەوەین بە ھەر
بەرەیەکی دەوڵەتییەوە، مەگەر بەرژەوەندی بەرزی کوردی تێدا بێت و مەترسی
بۆ سەر ئازادی و سەربەخۆیی کوردی تێدا نەبێت]]..
بابەتەکە زۆر زرنگانە شی کراوەتەوە لەبەر رۆشنایی ریال پۆلەتیکی لە
دنیادا بەرقەرار بووە و تا ئێستا لە ڕەوتی خۆی نەکەتووە.. سیاسەتی
ناوخۆی وڵاتان رێکخستنی شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک. مەودایەکی
تایبەتە بە خودی گەلان و دەوڵەتان لێ سیاسەتی دەرەکی وەک وتارەکە
ئاماژەی پێداوە بریتییە لە [[ پاراستن و پارێزگاری بەرژەوەندییە
نەتەوایەتییەکان بەپێی یاسا و دەستووری نێودەوڵەتان]].. ئەم سیاسەتە
گەر رەواش بێت بۆ زۆر دەوڵەت نابەجێ و پڕ لەشەرمەزارییە، چونکە
بەرژەوەندیتەکان گلاو و چاوچنۆکانە لەسەر ھەژماری میللەتانی دیکەیە..
بۆیە وەک وتارەکە ئاماژەی پێداوە[[ مەگەر بۆ ئارایشکردن و تیفتیفەدانی
خرابێت وبخرێتە بەر تیشک و پێویستییەکانی دروشم و ڕواڵەتی " دادپەروەری"
و " مرۆڤاتەتی" و " ڕەوشتی مرۆڤانە" " ئازادیخوازی" و" پێشکەوتن " و "
ھاوکاری و بەرژەوەندی نێو گەلان" و لەم بابەتانە!]]..
راستە کەوا [[ بەرژەوەندی و سوودی گشتی گەلان لە ھاوکاری و لێک
تێگەیشتن و مامەڵەی بەرانبەری و ھاوسانیدایە]].. بەڵام ھێزە
ئەھریمەنەکان و ئەوانە باڵادەستن کەمتر بەدووی ئەم ھەقیقەتەوەن و
کەموزۆر نامۆاڵانە و بەرژەوەندی تەسک بڕیاریان پێ دەدات..
ئەو دەم دووبەرە لەئارادا بووە، بەرەی سەرمایەداری بە ناوەڕۆکێکی
ئازادیخوازی و دیموکراسی بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا و دژی دیکتاتۆری و
کپکردن و نەفەسبڕژردن و پێشێلکردنی مرۆڤ کە بەرەی ئەو رابەراتەتی دەژرد..
بەرەی پێشکەوتنخواز و بەسەرۆکایەتی شورەوی.. دژی سەرمایەداری و
چەوساندنەوە و ئیمپریالیزم خۆی دەنواند.. بسمارک دەڵێ:" لە سیاسەتی
دەرەوەدا هەست و سۆز و بەزەیی نییە، بەڵکو بەرژەوەندی بەرابەری و بۆ
وەرگرتنی ئاڕاستەکان هەیە".
پاسۆک بەردەوام وەک سیاسەتێکی نەگۆڕی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کورد
دۆستی بەرژەوەندی خۆی بێت و ھەرگیز دژی ئازادی گەلان نەوەستینەوە و
بایی ئەرکی مۆڕاڵی سەرشانمان لەبەرەی گەلان و ئازادیخوازان و چەوساوە و
مرۆڤدۆستەکاندا بین و بەشداری بکەین لە بنیاتنانی ئەم رۆحییەتە گرنگە
بۆ ئایندەیەکی بەختەوەرتر بۆ مرۆڤایەتی . وتارەکە و شرۆڤە بابەتییەکەی
٩ لاپەڕەی ئەم گۆڤارە ھەژارەی بۆ تەرخان کراوە!.. ئەمەش بەڵگەی
گرنگیتێگەیشتن و کارکردنە بەو شادەمارە و دروشمە!.. بە کورتی باسە
جۆراوجۆرەکانی سەر شانۆی سیاسەتی جیھان و ئەو نمایشتانەی دەوڵەتان
دەکەین ، زادەی لەدایک بوونی شادەماری ناوبراوی پاسۆکە...
پاشان لە لاپەڕەیەکی نوێدا دوو وتەی تاریک و دووی ڕوون لەسەر کورد لەم
ژمارەدا ھێنراوەتەوە.. تاریک بەواتای ناحەزانەی دوژمنکارانە و روون
دۆستانەی ھاوسۆزانەیە.
لە دوا لاپەڕەکان دا جارێکی تر شیعرێکی پەشێو سەرەڕێ خوێندنەوەمان لێ
دەگرێ...شیعرەکە پڕاوپڕی رووداوە مێژوویەکانە.
تکایە
زۆر تکایە
بۆئەوەی مناڵی ئێمەش
بووکەشووشەیان دەستکەوێ
ـ وەکو ھەموو مباڵانی ئەم دنیایە-
فێریان کەن، ڕایان بێنن
تانک و تۆپی داگیرکەران
تێک بشکێنن
پەیامی ئەم شیعرە روون و ئاشکرایە، بۆیەکا زۆری لەسەر نانووسین.
ئەوجا بە کاوە بەرەو دادانەوەی پەردەی شانۆکە دەبینەوە یاخود ھەنگاو
بەرەو وتاری [[ ماڵاوا]] کردن لەم ژمارەدا دەنێین.. وتارەکەش بەناوی [[
دەرەبەگایەتی نێو بزووتنەوەی کوردایەتی]... باسێکی قووڵ و فرە ڕەھەندی
سیاسی و کۆمەڵایەتی فیکرییە..
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە
٦.
پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری
کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.
پێش ئەوەی ھەر شتێ بین ، ئەبێ کورد بین
ئاڵای سووری کوردایەتی
ئۆرگانی ناوەندیی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک
چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە
ژمارە شەش /// پووشپەڕی ٢٥٩٣ کوردی - تەمووزی ١٩٨١
سەرەتا.. پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، لەم رۆژانەدا برایەکی نووسەر و
رۆژنامەنووس، کەدەیەوێ ماستەر بکات لەسەر بڵاوکراوە کوردییەکانی
سەردەمی شاخ، بەتایبەت ئەوانەی لە دشڤەری شارباژێر دەرچوون. ئاگاداری
کردمەوە کەوا ئەم کتێبەی خوێندۆتەوە و پێی شتێکی زۆر چاک بووە و
دەستخۆشی لێ کردم و ھاوکات سەرنجێکی لەشێوە ڕەخنەدا پێ راگەیاندم..
گوایە من شوێنی دەرچوونی ئاڵام نەنووسیووە!.. جا لەڕاستیدا تێبینی بێت
یان ڕەخنە، ئەوە لەشوێنی خۆیدایە و دەبوو ئاماژەی پێ بدەم.دیارە تا
ساڵی ١٩٧٨/١٩٧٩ خەباتی پارتیزانی بووە و بنکە و بارەگایەکی دیاری کراوی
حیزبەکان نەبووە، دواتر پاسۆک لە شێنێ، مەھاباد، کانی شینکێ، کانی
ئەستێران، داوداوێ ئاشقوڵکە، سوورێن، مالومە، نۆکان، سلێمانی ،
تەوێڵەوبیارە، قەڵاچوالان، سلێمانی بارەگای سەرکردایەتی ھەبووە و
دەزگەی راگەیاندنیشی لەتەکدا بووە.. ئەم گوند و دەڤەرانە شوێنی
لەدایکبوون و دەرچوونی بڵاوکراوەکانی پاسۆکن..
لەم ژمارەدا ٨ بابەت جێی بۆتەوە...
چوارینەیەکی شیعری شۆڕشگێڕی کامەران موکری بێ ئەوەی ناوی لەسەر بنووسرێ
بڵاوکراوەتەوە...
وەک لە خوێندنەوە و ناساندنی ژمارەکانی پێشوودا ئاماژەمان پێدا، شیعر
بایەخی لە مەیدانی شۆڕشگێریدا ھەبووە و ھەتا ئێستاش ھەیە.. نووسەرو
شاعیری ئەڵمانی یوسف شۆیفەل دەڵی:" شیعری باش و راستەقینە مرۆڤ
گەرموگوڕ و تەندروست دەکات" . ئەو شاعیرە کوردانەی شیعری باش و واقعی و
دەربڕی ویستوخواستەکانی کورد و شۆڕشەکانی بینیوە،ئەوە بە زوویی لەنێو
دڵی جەماوەردا ھەواریان ھەڵداوە..
سەروتاری ئەم ژمارە ئاوڕدانەوە لە مێژوو، بە تایبەت مێژووی رێکەوتنامە
و پەیمانامەی جیھانی کە کورد تێدا بە دۆڕاوی دێتە دەرێ.. وتارەکە
بریتییە لە [[ پەیمانی لۆزان ئەوەمان فێر دەکات:" ئەوە کوڕی خۆی بکاتە
قوربانی کچی خەڵک وەجاخ کوێر دەبێت"]]..
ھەر ھێز و گەل و نەتەوەیەک بەرژەوەندی باڵای خۆی نەبێ و ھەمیشە بۆ
ئەوانی دی بژی و خۆی بکاتە قوربانی، ئەوە دواجار مایەپووچ دەردەچێ!. بە
دەربڕینێکی تریش دەتوانین لەمانای ئەم سەروتارە نزیک بکەوینەوە!
ئەوانەی شتگەلێکی لەدەرەوەی بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمان دەژین، ھەمیشە
مردوون! یا رەنج بەخەسار چوو دەردەچن.. تاکێکی کورد نابێت بۆ تورک و
فارس و عەرەب و بەھەوەندییەکانیان بژی و خەبات و خزمەت بکات ، لەئاکام
وەک نۆکەرێک دێتە مەیدانەوە.
پاسۆک لە پەرۆشی تەواویدا بۆ دۆخەکە لە کۆتایی وتار ەکەدا دەنووسێ: [[
با ئەم ھەلە مێژووییە لەدەست نەدەین و خۆ نەکەینە کلکی ڕوداوەکان..
با خۆمان روداو بین و مەسەلەی کورد اکە ڕوانگەی ھەموو چالاکییەکان بێت.
ئەگینا لەژێر ھەر ناو و بۆ ھەر مەبەستێک کوڕی خۆمان بکەینە قوربانی کچی
خەڵکی ڕەنجمان دەبێت بە ڕەنجی پیازفرۆش..]].
ئەرکی کوردبوون لەپێشڕایە و سەرەکی و تاکە داواکراوی یەکەمە لەتاکی
کورد، ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێ و داکۆکی لێ بکات...
بابەتی [[ پوازی کوردی]] ناونیشان و ناوەڕۆکی وتاری [[ ڕازێکی کوردانە]]
ی ئەم ژمارەیەی ئاڵای سوورە.
پرسی ناکۆکی ناوخۆیی لە مێژووی کورددا ، پرسێکی تیرئاوێی بەئازاری
درێژخایەنە و رەگی قوڵی مێژوویی ھەیە.. بەداخەوە لەبەرەبەیانی مێژووە
کورد گەمارۆدراو بووە و چواردەوری لێی ترساون و دژایەتیان کردووە.
ئەم دیاردەیە زۆری لەسەر نووسراوە لەنێو نووسین و ئەدەب و شیعری
کوردیدا . بۆتە پرسێکی سیاسی گرنگیش... بەداخەوە دەرئەنجامی داگیرکاری
و دابەشکاریی کورد و کودستان وا شکاوەتەوە ، داگیرکەران بتوانن
بەردەوام پوزاری خۆیان بدەن لە جەستەی بزاڤەکەی.. ئەمەش ئەگەرچی لە نێو
ئەزمونی زۆر لە میللەتانی تری بندەستدا بەرچاو دەکەوێ، لێ لای کورد لە
ئەنجامی درێژە کێشان لە زەمانی روخانی دەوڵەتی میدیاوە تا ئیمڕۆ
دیمەنێکی تری ھەیە و لە ئاسایی بوون دەرچووە.. ھەڵکەوتی جوکرافیشی لە
نێو دوو ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و سەفەوی و دەوڵەتە تازە دروستکراوەکانی
تورکیا و ێران وعێراق و سووریادا ھێندەی تر سەختی ھێناوەتە بەردەم کورد
و دەستی ئەو داگیرکارانەی واڵاتر کردووە ، درێژە بە دوژمنایەتی
فرەلایەنی خۆیان دەرھەق بە کورد بدەن..
بۆیە دەبینین زۆربەی گلان و تێکشکاندن سەرنەکەوتنەکانی کورد دەگەڕێتەوە
بۆ ھۆکاری ناوخۆیی .. کە سیمای یەکنەگرتوویی و خۆخۆری و ناوچەگەرێتی و
تێدا زەقە و دواتریش دەروێشایەتی بۆ مەزھەب و ئایدۆلۆژیا بووە سەرباری
خەمە قورسەکەی کوردبوون.
[[ ھەر بۆیەشە کەھێشتا قوتابخانە و پارت و ڕێکخراو وفەلسەفە و بیری
چوارچێوە گرتوو و سیاسی" پرۆفیشیۆنال" / محترف و شۆڕشگێڕی خۆتەخان
کردیش نەبووە لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا بەڵام ھەرکە مەترسی شەبەنگی
خستۆتە سەر بوونی نەتەوایەتی کوردەوە، ھەستە خۆڕسکییە " غەریزە" یەکەی
کورد پاڵی بە جەماوەری کوردەوە ناوە لە دەوری کێ خڕ وەبن..]]..
وتارەکە دوا دێڕی بەم بۆچوونە کۆتایی پێ دێنێ:
[[ "ئێمە ناڵێین دوژمن بەھێز نییە، بەڵام ویستی کورد زۆر بەھێزترە" و
دڵنیای سەرکەوتنیشین چونکە " زەحمەتکێشانی کوردبەردی بناغەی شۆڕش و
بزوتنەوەی کوردایەتییە و کوردایەتی چارەنووس و بوونی نەتەوەی کوردە"..]]
ئەوجا دەگەینە لای ناونیشانە دڵگیرەکەی [[ لەکەلەپووری شۆڕشگێڕمان]]..
شیعرێک بە ناوی ( کرمی ناوخۆ) کتومت مانا و ناوەڕۆکی وتاری پێشتری تێدا
بەرجەستە بووە. {{ ھەر دارێ کرمی لەناوخۆی دایە/// دەشکێ و دەکەوێ بە
سووکە بایە}}.. ئەم شیعرەش ناوی شاعیریی لەسەر نەنووسراوە.. شایانی
ئاماژە پێدانە شاعیرە زیندووەکان ناویان نەنووراوە، تاوەکو تووشی کێشە
و گرفت نەبن..
ئێستا زەنگی [[ وانەی شەشەم]] ی [[ قوتابخانەی پاسۆک]] لێدەدات و
خوێنەر بانگھێشتی گوێگرتنی باسێک دەکرێ بە ناونیشانی[[ لەگەڵ گورگدا
دەخوا و لەگەڵ مەڕدا شین دەکا!!]]..
[[ نابێ ڕێگە بدرێ لەناوجەرگەی شۆڕشی کورددا ، شۆڕشی چەواشە
ھەڵگیرسێندرێت و جەماوەری زەحمەتکێشی کورد لە شۆڕش بێزار کەن و تەرەیان
کەن.
نابێ ڕێگا بدرێت ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کورد بەدەستی ئەو دەستکێشە
ئیمپریالیزمییانە لە گۆڕەپانی خەبات دووروەخرێن و پلانی گڵاوی گۆڕەپان
بۆ تەخت بوونیان بۆ بچێتە سەر]]..
[[تاکەی کوڕی کورد دەکەنە خۆراکی شەڕی چەپەڵی کوردکوژی؟
تاکەی لە قاپگرتنی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کورد ناکەون؟!.
تاکەی ھەرگوڵە شێوێنەی نێو ریزەکانی کوردایەتف دەبن؟!.
کەی لەدرۆ و بوختان و پلانگێڕی دەکەون؟!.
بۆ دەستی چەور وگڵاویجاشێتی خۆتان بەسەر خەڵکی دادەسوون؟!.
بۆ لە کۆڵمان نابنەوە و ناچنەوە ژێر باڵی دایکی داگیرکەرتان؟!.]]
وتارێک لە پێگە و ویژدانێکی بەرپرسانەوە بۆ ھەمووان ڕاگەیەندراوە!.
وتارێک ھەر ناخ ھەژێن نییە، بەڵکوو بەھێزترین شەیپوور بە گوێی خوێنەر و
جەماوەردا لێدەدات. ئیدی ئەوەی لە دەمی جەنگ و بۆمبارانی تانک و تۆپ و
فرۆکەدا، گوێبیستی ئاگادارییەکان نەبێت، گەر بەر بۆمبا کەوت، گوناحی
خۆیەتی بکوژرێ یاخود بریندار بێت!..
[[ بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]]..
ئەم بانگەش وەک کتومت تەواوکەری وتاری پیشووە و ئاڕاستەی ھەموو تاکێکی
کورد کراوە، بەتایبەت پێشمەرگە کە بەدڵێکی پاک و رۆحێکی کوردانەی
بەتینەوە گیانبازی بە ژیانی خۆی بۆ رزگاری و سەربەخۆیی نیشتمانەکەی
دەکات.. لە تارەکەدا ھاتووە:
[[ تۆش وەکو من چەکی مەردایەتی و شەرەفت کردۆتە شان و تۆش دەتەوێ خۆر
بە دیاری بۆ شەوگاری تاری کوردستان بەریت.. تۆش دەتەوێ کەللەی سەرت
بکەیتە بەردەبازی ئازادی و یەکسانی کورد .. دایکت ، باوکت، خوشک و
براکان و دەزگیرانەکەت ناسۆری جێ جۆڵیت بەنازی پێشمەرگانە و شەرەفمەندی
ئەو سەنگەرەت دادەمرکێنن. ئەوان سەربڵندن بەوەی ڕۆڵەکەیان ،
خۆشەویستەکەیان پێشمەرگەیە.
لەموە بزانە پێشمەرگایەتی چ شەرەف و بەخت جەختێکە، کە تەنھا ئەوانەی
ھەڵکەوروو و بەختەوەرن ئەو شەرەفەیان پێ دەبڕێ. پێشمەرگایەتی دەستێ جلی
خاکی و تفەنگێک و ناو لە خۆنان نییە، پێشمەرگایەتی مانا و بوون و
چەمکێکی دیاری و پیرۆزە، ڕەفتار و ھەڵسوکەوت و ڕێباز و گیانە.]]..
ئالەمەوەیە پاسۆک یەکێ لەدروشمە نێوەندییەکانی بریتی بوو لە: "چەکی بێ
بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە". ئاخر ھەر چەک ھەڵگرتن بەس نییە، دەبێ
بزانی بۆ و لەپێناوی چی دا؟!... وتارەکە درێژەی دەداتێ و دەنووسێ:
[[ دەبێ مێژووی تراژیدیای کوردایەتی لە پێش چاو بگریت، ڕێگا نەدەیت بە
ھەڵدێر و کەندەڵانی چاڵە کۆنی جاری جارانتدا بەرن، چونکە ئەکتەر و
دەمامک بە ڕووەکانی سەر شانۆ ساختەکە ھەر ھەمان " جاش" ی کوڕی کەری
داگیرکەرەکەن!..]]..
مێژوویەک چەند جارێ دووبارە بێتەوە دەبێتە تراژیدیا، بۆیە ئێمە ھێشتا
لەزۆر لایەنەوە لەم پێچەڵپێچییە دەرباز نەبووین.
[[ ھاوسەنگەرەکەم.. لەو کاتەدا کە دەیانەوێ ئەفیونی براکوژیت بە قوڕگدا
بکەن، کاتێ دەیانەوێت ڕێت لێ ڕەوێڵ کەن و وەرتچەرخێننەوە و بەرەوڕووی
ھاوسەنگەرەکانت کەنەوە، ڕۆڵی داگیرکەرەکەت پێ دەبفنن. لەو کارانەدا کە
قوڕمیشت دەکەن و و کۆکت دەکەن، بزانە لە مرۆڤانە و کوردانەت دەخەن و
دەتکەنە بووکەشووشەی شەڕ و بەگژ کورددا دەکێیت!..دەبێ لەسەر
زیندووییەتی و مرۆڤایەتی خۆت بکەیتەوە، دەبێ لەواقعی لە گرژەنە براوت
یاخی بیت و لەو فێڵبازە / دەجال دەستبڕە کوردکوژانەی ساڵەھای ساڵ
چەندین گەنجی وەکو تۆیان خلسکاندبووە زەلکاوی خیانەتەوە و لە مۆڵگا
جاشایەتییەکاندا ئابڕووی کوردایەتییان دەبرد، یاخی ببە و ڕێ نەدەی
بتترازێنن]]..
بڕوانە چەند بەزمانێکی سادە و ھەڵقوڵاوی ناو دڵ و دەروون و ئازار و
ژانی کوردبوونەوە رووی لە خەڵکە نراوە ھۆشیار بن و بزانن لوولەت
تفەنگەکانتان دەکەنە سنگی کێ؟!..
[[ کەرکووک و ژەنگار و خانەقین ڕەنگی ھەڵبزڕکاویان چاوەڕێی وەرزی
گەڕانەوەی سەر نەخشەی کوردستان. تەلبەندی چوار سنووری کوردستان بە
مقەستی بیروچەکی تۆ دادەڕزێت و کوردی بەندکراو لە ئاسۆی خوێنی تۆدا ،
مندا ھەموو پێشمەرگە کوردستان دا، لەشەقەی باڵ دەدا بەرەو ئاسمانی "
ئازادی و یەکسانی"]]..
ئەرکی رۆڵەی کورد و پێشمەرگە دڵسۆز و قارەمانەکانی رزگاری خاکی
داگیرکراوە؟!..
[[ ئاسانیشە دەست بە کونی ماران گەستەدا مەکە و جادوگەران " جارێ
ھەڵیان خەڵەتانی خوا بیان گرێ، بەڵام کە دوو جاران ھەڵیان خەڵەتانی
خواخۆت بگرێ]]..
لە لاپەڕە و ناونیشانێکی نوێدا چاومان دەکەوێ بە پرسەیەک بەبۆنەی
شەھیدکردنی سەیدا ساڵح یوسفی سکرتێری یەکەمی حزبی سۆشیالیستی کوردستان
- عێراق نێرداوە
[[شادەمارە سەرەتاکانمان]] لەم ژمارەیەدا بە ناونیشانی [[ دەستی
یارمەتی و ھاوکاری بۆ ھەموو بەرە و لایەکی خێرخوای کورددرێژ دەکەین، بە
مەرجێ بەرژەوندی کوردی تێدا بێت و لەگەڵ ڕێکخستنی ھەوڵی خێرخوایانەی
کورداین و داوای " یەکگرتنی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کورد لە بەرەیەکی
یەکسانی ھاوتادا" دەکەین، بۆ ئازادی و یەکسانی]]..
ئەم ناونیشانە پر س و باس و ھەڵوێست و چەمکێکی لە خۆ گرتوە، تەواو ئەرک
و بارێکی گرانی لە سەرشانی خۆی ناوە.. ئاخر ھیچ شۆڕشێ بێ کومەکی دەرەکی
سەری نەگرتووە، فەرەنسیتەکان ھاوکاری شۆرشی ئەمەریکا بوون ئەوجا
سەرکەوت، ئەڵمان ھاوکاری لینین بوو، ئەوجا شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە ئاکام
گەیشت! دنیا لەگەڵ شۆڕشی ڤێتنام بوو، کاتێ دژ بە ئەمەریکا دەجەنگی..
کورد ھەڵکەوتی جوگرافیایی واتە، ھەر کۆمەک و ھاوکارێکی دەرەکیشی ھەبێت،
ھەر دەبێت بەڕێی رازیکردنی یەکێ لەدەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە
بێت! ئەم خاڵە ھەستیارەیە کەوای کردووە، کورد بەدیقەت بێت لە ھێنانەدی
ھاوکێشەیەک ڕەشمەی دۆزەکەی خۆی لەدەست نەدات و میکانیزمێ بدۆزێتەوە
سەربەخۆیی خۆی نەدۆڕێنێ!.. تا ئێستا سەخت بووە، بەوھیوایەی دەرفەتی
تێپەڕاندنی ئەم کۆسپەش بە حیکمەتەوە بێتە پێشێ!..
[[ سەگ بە زەبری کلکی، ئێسقان دەشکێنێ]].. وتار و شرۆڤە و ھەڵوێستێکی
پاسۆکە لە ناواخنی وتاری [ ماڵئاوا ]]ی ئەم ژمارەیەدا...
وتارەکە ڕەخنەئامێزە و لە سەر سیاسەت و پێکھاتەی حیزبی کوردی و ئەوانەی
بوونەتە مقاشی دەستی داگیرکەری عێراقی دەڕوات.. یەکێ لە ڕستەکانی کە
بارگاوییە بە ھەموو مانا و مەبەستی وتارەکە بریتییە لە:
[[ئەوەی بەعس بە زەبری کلکی ئێسکی کورد دەشکێنێ، ئەگینا خۆی کەڵبەی
کەوتووە]]..
داگیرکەر هەرگیز نەیتوانیووە کورد ببەزێنێ، ئەگەر هێزێکی کوردی هاوکاری
نەبووبێت..
ماڵاوایی.. دوا وشە و بیر و بابەت و ھەڵوێستی ئاڵای سوری کوردایەتی
ژمارە شەشە..
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە
٧.
پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری
کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.
پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، دەبێ کورد بین
ئاڵای سووری کوردایەتی
ژمارە حەوت / خەرمانانی ٢٥٩٣ ئابی ١٩٨١
ناواخنی ئەم ژمارە بە ٩ بابەتی ھەمەجۆر ڕازاوەتەوە..
سەرنجێکی ورد کە لە مێژووی ئەم گۆڤارەدا جێی بایەخە، بریتییە لەوەی
کەوا سەرباری ئەو ھەموو سەختی و گرفتانەی ئەو ڕۆژانەی خەباتی چەکداری و
ناکۆکی نێوخۆیی کەچی گۆڤاری (ئاڵای سووری کوردایەتی) وەک بڵێی
نووسینگەی لە پایتەختێکی ئارامدایە و بەدەیان رۆژنامەنووس و ھەواڵنێری
ھەیە و گفتی جەنتڵمانانەی بە خوێنەرانی داوە، لە کات و ساتی
دیاریکراویدا مانگانە بە ڕێکوپێکی دەردەچێت.. گرنگی و بەھای ئەم لایەنە
سەرنجی لێ بگیرێ لەھەر ڕەھەندێکی مێژوویی و رۆشنبیریی و تەکنیکی و
پەرۆشییەوە، ھەر زیاتر دەدرەوشێتەوە..
شیعرێکی ع. پەشێو کە پڕە لە ھیوا و بڕوا بە خەبات و ئاسۆی دوارۆژێکی
گەشت تر ، لەبەرئەوەی منداڵانیش یاری بە بووکەشووشە ناکەن، بەڵکوو لە
کەرەسەی بووکەشووشە تفەنگ دروست دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ئازادی... بەڵێ
شیعری پەشێو بەم مانا و ناوەڕۆکەوە ئەم جارەش دەبێتە کلیلی کردنەوەی
نووسین و لاپەڕەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی..شیعری ( سەردەکەوین)!...
سەروتار، بە تایتڵێک ڕازاوەتەوە، ھەڵگریی ھەموو مانا و مەبەستەکانە.
ھەروەک ئەوەی بۆ خۆی قسە دەکات و خوێنەریش لێی تێدەگات و چێژی لێ
وەردەگرێ.ئاخر روون و زەلالە و جگەلەوەی وتارەکە لە ھەناوی مێژوودا کار
دەکات، ھەمان کات وانە و پرنسیپێکیش پێشکەش دەکات!..[[ پەیمانی سیڤەر
ئەوەمان فێر دەکات" ھەق ئەگەر کوتەکی لە پشتەوە نەبێت دەچەمێتەوە"]]..
بەداخەوە بەدرێژایی مێژوو رووداوگەلێکمان بەرچاو دەکەوی، ھێز زاڵە
بەسەر ھەق و دادپەروەریی و راستی دا.. وەک مەسەلەی ھەق دۆزی کورد بۆخۆی
یەکپارچە ھەق و ڕەوایە، بەڵام نەتەوەی کورد خاوەن ھیزی پێویست نییە،
بتوانێ داکۆکی پێ لە ھەقەکەی خۆی بکات، لەڤەرئەوەیە وا خەریکە لە
ناھەقیدا لەناوی دەبەن..ڕەنگە زۆربەی گەلانی دنیا مافی بڕیاری چارەنووس
بۆ کورد بە ھەق و ڕەوا بزانن، بەڵام سیستەمی جیھانی ئەھریمەن ئەو ھەق و
دەسەڵاتەی ناداتێ!.. لەزۆر کایە و بواری دیکەشدا ھێز و دەسەڵات جێی بە
ھەق و ڕاستی لەق کردووە.. بەداخەوە ھێز چارەنووس دیاری دەکات، نەک مافی
ڕەوا و ھەق و دروستی!... لەگەڵ ئەوەشدا وەکوتراوە:" واز لە ھەق مەھێنە
! لەبەرئەوەی کەوازت لێھێنا، ئەوە بۆ ناھەقی بەجێ دێڵی". بەڵێ ئەوە
گرنگی و بەھای ھەقە و ھەر بۆیەشە ئەگەر لەگۆشەنیگایەکی گەورەترەوە لە
جیھان بڕوانین ، دەبین ناھەقی پانتاییەکی زۆری لەسەر نەخشەی جیھان و
چارەنووسی مرۆڤایەتی داگیر کردووە!!.. داکۆکیکارانی ھەقیش ئیمڕۆ زیاتر
کۆک و تەبا و ھەرەوەزی دەکەن و سەنگ و قورسایی نێوچەیی و جیھانییان
ھەیە، دەستبەرداری ھێنانەدی ئاواتەکانیان نابن!..
لە دنیای ئەمڕۆشدا ھێز واتە دەوڵەت! بێدەوڵەتی دیسان دەبێتەوە کارەسات
و قوربانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.. ئێستا کورد قوربانی دەستی ھێزە و
ھەتیوی نێو مێژووی مرۆڤایەتییە!..
[[ڕازێکی کوردانە]] کە بابەتێکی ھەمیشە ئامادەی ژمارەکانی ئاڵایە، بە
ا[[ پێشنیارێک]].. روومان لێ دەنێ و دەنووسێ:[[
حیزب دەتوانێ پێشەنگ و پێشڕەوی خەباتی جەماوەر بێت بەڵام نابێتە
جێگرەوەی. جەماوەر و دەفری ھیچ حیزبێک ھێندە فراوان نییە ھەموو جەماوەر
بگرێتە خۆی و بیری ھیچ حیزبێک ھێندە بێ سنوور و لەبەر کشاوە نییە ھەموو
بیروڕاکان لە خۆی گرێ و بەرژەوەندیتەکانی چینە جۆربەجۆرە زەحمەتکێشە
شۆڕشگێڕ و دڵسۆزەکانی کۆمەڵگای لەوە بەرفراونتر و ئاڵۆزتر و لێک
نەچووترە کە تاکە حیزبێک بتوانێ لەنگەر گری پێ بکات]]..
ئەقڵێتێکی تەسکی حیزبی و خەیاڵێکی سەرمەستانە بە ئایدۆلۆژی لە وڵاتی
ئێمەدا باوە، ھەر دەستە و تاقمو رێکخراو و حیزبێ دەیەوێ ملیۆنەھا تاکی
کورد لەخۆیدا کۆبکاتەوە و بەواتایەکی تر نادیدانە خۆی بەنوێنەری
سەراپای ھەموو نەتەوەی کورد دادەنێ.. ئەمەش جگە لەوەی ناواقعێتی و
گومڕاییە، ھاوکات دەردێکە مرۆڤ بە ھەڵەی سەیردا دەبات.. لەخۆبایی بوون
و عەنتەریاتی لێ دەکەوێتەوە و ھەڵەی کوشندەی پێ دەکات و نائومیدی لێ
دەچنێتەوە!! .. بەتایبەت لەسەردەمی شۆڕش و خەباتی رزگاری دا.. سارتەر
دەڵێ:" من دەسەڵاتم بەسەر ئەو تاکەدا نامێنێت کە دەرک بە ئازادی خۆی
دەکات".. ھوشیاری بە ئازادی ، مایەی رزگارییە لە بندەستی و رێگریی لە
دادۆشین و فریودان.. بەشێک لە حیزبایەتیش بریتییە لە قاڵب دان و
زاتکوێرکردن و بزرکردنی ھەقیقەت و بەکارھێنان و دادۆشین!.. محەمەد حسین
ھەیکەل دەڵێ:" گرنگ نییە مرۆڤێکی سیاسیی بیت یان نا، بەڵکوو گرنگ
ئەوەیە ئەو کەسانەی سیاسین دەبێت ھوشیار بن". ئەم جۆرەھوشیارییە لەنێو
کورددا داواکاری لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیە لەسەروو ھی
حیزب و کەسەوە!..
ھەموو ئەو ڕۆژە سەختانەمان لە یادە کە دروشم و نەعرەتەی حاکمی: ئێمە
گۆڕەپان و پارتی تاقانەی پێشڕەو و حیزبی گەلین، ماڵکاولی بەسەرماندا
ھێنا.. لە ورارەژەدا ھاتووە
داوا دەکەین [[ سەرکردایەتی بەڕێوەبەری شۆڕشی میللی کورد" وەکو
دەزگایەکی بەڕێوەبردنی شۆڕش لە - یەکگرتنی دڵسۆزانی کورد- بۆ
بەڕێوەبردن و چاودێری و بەئەنجام گەیاندنی شۆڕشی میللی دابمەزرێ]]..
ئەم پێشنیازەش لە چرکەساتە مێژووییەدا بایەخی نەتەوەیی و مێژوویی و
سیاسی و حیزبیشی ھەیە!.
[[پرۆگرامی شۆڕشی میللی]].. بەتێروتەسەلی شەنوکەوی پرۆگرامەکە کراوە و
بەگیانێکی کوردانە و بەرپرسانەوە، وەک پرۆژەیەک بۆ دیالۆک پێشکەش کراوە
بە گشت لایەنەکان و رۆشنبیران و خەمخۆرانی کورد !...
{{ لە کەلەپووری شۆڕشگێڕمان]]
دوو شیعری ناوەڕۆک دەوڵەمەند و پڕ لە مانای شیعریی و ھونەری بەرز
بڵاوکراونەتەوە ، بێ ئەوەی ناوی خاوەنەکانییان نووسرا بێت. ئێمە لێرەدا
یەکێکیان دەخەینە بەرچاوتان، کە نمایشتی حاڵی کورد دەکات..
لەبەھاری نەھاتوو!!
لاوە دۆمێک بووە مێردی دوو ژنە
یەک ناوی: نازێ ،ئەویتر : شنە
زستان بوو.. دەیگووت: ئەمساڵ بەھارێ
دوو کەوان دەگرم بۆ شنە و نارێ
بوو بەشەڕە ژن لەسەر کەوی نێر
ئەو دەیگووت بۆ من، ئەم ئەیووت نەخێر
یەکتریان شێلا بە پێلەقە و پێ
ھاواریان دەکرد زار و زیچی دێ
نە بەھار ھەیە و نە کەو گیراوە
قژی دۆمە ژن گشتی ڕناوە!!
زۆر لاوە کوردیش وەک ژنی لاوە
شەڕیانە و ھێشتا کەو بە چیاوە!!
[[قوتابخانەی پاسۆک]] وانەی حەوتەم [[خۆشەویستی کوردانە]]...
وتارێکی سیاسی لەفۆڕمی پەخشاندا نووسراوە، باس لەخۆشەویستی نیشتمان
دەکات لە لای گەلانی دنیا دێتە سەر خۆشەویستی ھاوبیرانی پاسۆک بۆ
کوردستان و دەنووسێ" خۆشەویستی ئێمە بۆ کوردستان، خۆشەویستییە بۆ بوون
و سرووشت، خۆشەویستییە بۆ سەرچاوەی ژیانی مرۆڤ کە نیشتمانە"..
جارێکی تریش شیعرێک لە کۆتایی وتاری سەرێ" خۆشەویستی کوردانەدا" ھاتووە..
بێ ئەوەی ناوی شاعیری نووسرا بێت!..
ئەوینی گەورە
چی زۆر بەنرخە و من شکی ئەبەم«»نیشتمان بە دڵ پێشکەشتی ئەکەم
من ئەوینی وام بۆت کەوتۆتە دڵ«»ئاوەڵمە کاتێ دەشکەومە ژێر گڵ
ئەوینی ھەرگیز ناکا پرسیار«»تاقی کەرەوە جارێک نا سەد جار
ئەوینی ھەرچی تۆ بڵێی دەوێری «»زوو ئامادەیە نرخی بژمێرێ
ئەوینێک ھەرچی ھەستی زۆر و کەم«»دەڵێ ئامادەم قوربانتی دەکەم
لە کوردستان ھیج رۆژێ بێ بانگدان بەسەر جەماوەردا تێناپەڕێ و ئاڵاش ھیچ
ژمارەیەکی بێ [[ بانگێ لە سەنگەری پاسۆکەوە]] دەرناکات... جا خوێنەر
دەبێ چاوەڕێی چی بێت... پاسۆک بێت بیەوێ بانگ بۆ جەماوەر بدات!.. دەبێ
چ بانگێ بێ و جەماوەر چاوەڕێی چ بێت لێی؟!...
بانگەکە پەخشانێکی چڕوبەپێزی دیالۆکئاسایە و دیسانەوە ئاڕاستەی ناوخۆی
کورد کراوە:
[[من ڕۆڵەی میللەتێکی چەوساوەی ژێردەستەم دوژمنان و داگیرکەرانمان
ژیانمان پێ ڕەوا نابینن دەیانەوێ لە چۆکدادانی خزمەتکاری ئەواندس بژین
و بمرین دەیانەوێ وەکو ئاژەڵێک دامان دۆشن و بارمان کەن..ئەوان ڕقیان
لە ناوی کورد لە بوونی کورد چاویان ھەتا بەو چەند پیتەی ناوە ڕووتەکەی
کوردستانیشدا ھەڵنایەت.. ئەمە حاڵ و باری میللەتەکەم بێت، من بۆ مردن
لە پێناوی گێڕانەوە و سەندنەوەی بوون و کەرامەتی مرۆڤانەی کوردیدا
نەبێت بۆچی چاکم؟!]]..
دوو شیعر ناویان لەسەر نەنووسراوە! یەکێکیان نەناسراوە ئەوی دیکەیان ھی
کامیل ژیرە..
[[شادەمارە سەرەتاکانمان]].. ئەو زنجیرە دروشم و بنەما فیکرییانەن کە
ناسنامەت پاسۆک لە خۆ دەگرن و پاسۆک لە پێناویدا تێدەکۆشێ..[[ ڕێز لە
ھەموو یارمەتی و کۆمەکێکی خێرخوایانە دەنێیین کە پێشکەس بە کورد بکرێ،
لە ھەر لایەکەوەبێت بە مەرجێ سەربەستی و سەربەخۆیی کوردی تێدا نەکەوێتە
مەترسییەوە]]..
ئەو پریسنیپەی ئەزموونی گەلان بەدیاری خستووەو نەخشاندوویەتی، ھیچ شۆڕش
و خەباتێکی ڕزگاری میللەتێک بێ کۆمەک و پشتیوانی دەرەکی سەرکەوتوو
نابێت.. لە شۆڕشی ئەمەریکاوە تا دەگاتە ڤێتنام! شۆڕشی فەرەنسی و
ئەڵمانی ئاوارتەن، چونکە پەرچەکرداری داگیرکاری نەبوون!...
ئەو پرسیارەی لێرەدا پێویستە بکرێ سەرچاوەی کۆمەک و ھاوکاریی چەند
خاوێن و بێ مەبەستە! ئەمە خاڵێکی گەوھەرییە، بەتایبەتی بۆ دۆخێکی
ناھەمواری سەختی ھەڵکەوتووی جیوپۆلەتیکێکی دژواری وەک کورد لەنێو چوار
داگیرکەری دڕندە و دواکەوتوودا!..
کوردی باشوور لە کێ و لە کوێوە دەستی دەگاتە ھاوکاری و پشتیوانی دەرەکی!
ھی رۆژھەڵات و رۆژئاوا و باکوور کە دۆخی باشترە، چونکە ئەرمینیا و
یۆنان و قوبرسی وەک دوژمنی کلاسیکی لە تورکیاوە نزیکە!.. بەڵام دیسان
سەختە!..
کەواتە بە حوکمی مێژوو کورد راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئەگەر پەیوەندییەک
لەگەڵ داگیرکەری بەشێکی تری وڵاتەکەیدا پێک بھێنێ! دەبێ لەسەر چ
بنەمایەک بێت و چ میکانیزمێ ھەڵیسووڕێنێ و چۆن و لەسەر ھەژماری چ
مەرامێک بێت...
گومانی تێدا نییە و بەڵگەنەویستە، کەوا داگیرکەر ھەرگیز رێگەنادات کورد
ھێندە سەربزێوی بکات، مەترسی بۆ خۆی لێ بکەوێتەوە!.. ھەر نەبێ بەشێک لە
کورد لەژێر چنگی خۆیدایەو بڕیاری داوە بەبندەستی بیانھێڵێتەوە و ھەر
بزاڤێک بکەن سەرکوتیان بکات!.. ئیدی ھاوکێشەکە زۆر ئاڵۆزە و خوێندنەوە
و زرنگی ورد و بەدیقەتی گەرەکە!..
[[ماڵاوا]].. ئەم جارە بابەتەکە لە سەر ڕۆڵی پرسنیپێکی سیاسی دەوەستێ و
گرنگی پێدەدات ولەسەری دەدوێ[[ ڕەوشتی سیاسی]]..
ئەم بابەتە لە کاتەی زانستیشدا دەخرێتە پاڵ سیاسەت و سیاسەتی بێ مۆڕاڵ
، ھەمیشە دڕندەیی و ڕەفتاری قێزەون و نامرۆڤانەی لێ کەوتۆتەوە..
دەتوانین سیاسەتێ بە تەندروست دانرێ، کە بەھا و رەوشتی سیاسی تێدا بزر
نەبووبێ..
وتراوە لە سیاسەتدا ڕەوشت نییە! یاخود سیاسەتی بێ مۆڕاڵ دڕەندەییە!!
ئەم خاڵە باسوخواستێکە قسەی زۆری لەسەر کراوە.
تا خوێندنەوە بۆ ژمارەی داھاتوو منیش دەڵێم:
ماڵئاااااااااااااواااااااااااا...
<><><><><><><><><><><><><>«»«»«»«»«»«»«»«»«»
تێبینی: لەم ژمارە بەدواوە بەپێی توانا پۆستەر یان وێنەی پۆلێک لە
شەهیدانی پاسۆک بەرودوا بڵاو دەکەمەوە ، چونکە بێ ناو و خەباتی ئەم
پۆلە شەهیدە، ناو و مێژووی پاسۆکیش نابێت!…
هیوادارم خۆم یان هاوبیرێ ئەمە بکاتە پرۆژەیەکی سەربەخۆی تێروتەسەل لە
ژیان و خەباتی هاوبیران و چاپ و بڵاو بکرێتەوە!…
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------
ئاڵای سووری کوردایەتی، ژمارە
٨.
پڕۆژەی لەچاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی - پاسۆک - گۆڤاری ئاڵای سووری
کوردایەتی.. بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦، چاپی ٢٠٢٢.
پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، دەبێ کورد بین
ئاڵای سووری کوردایەتی
پێش ئەوەی ھەشتێ بین.. دەبێ کورد بین
ژمارە (ھەشت) ئەیلوولی ١٩٨١ گەلاوێژی ٢٥٩٣
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک
چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە
ئەم ژمارەیە قەبارەکەی زۆر ئەستوورە و لە ٧٢ لاپەڕە پێکھاتووە و
باسەکانی چڕوپڕ و دەوڵەمەندن بە کۆمەڵێ بابەت و وتاری گرنگ . بۆیەکەم
جاریش لەسەر کۆمەڵی بابەتی کوردستانی و بارودۆخی ئەو قۆناغە و پێگەی
پاسۆک، چاوپێکەوتن کراوە لەگەڵ بەشێک لە بەرپرس و کادێر و پێشمەرگەکانی
پاسۆک دا..
تێکڕای بابەتەکان ١٢ و پێدەچێ بۆنەی یادی ڕسکانی پاسۆک لە ١١ی ئەیلوولی
١٩٧٥ دا، لە قورسایی ئەم ژمارەیەشدا بایەخی خۆی بەدەر بخات..
دوو بۆنەی گرنگ و پێکھاتەی زیندوویی ناسنامەی پاسۆک... یادکردنەوە و
ڕێزگرتن و ستایشیان پێداویستییەکی نەتەوەیی و حیزبییە.
{سەروتار]..
سەروتارەکە کورت و خەستوخۆڵە و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی بۆ شۆرشی ئەیلوول
و ڕسکانی پاسۆک دەخاتە سەر خەرمانی تەمەن ..
بڕگەیەک لەم وتارە " لەتەک ئەم یادەدا لەگەڵ شەشەمین ساڵڕۆژی
نوێبوونەوەی حیزبمان پێشوازی دەکەین کە ھەر جووتبوونەوەی ساڵڕۆژی
حیزبمان و گەورەترین شۆڕشی کورد لەم چەرخەدا ئەوە دەسەلمێنێتەوە کە (
پاسۆک) ویژدانی نەتەوەی کوردە و دەربڕی / معبرخساز و خواستی
نەتەوەکەمانە".
وتارەکە وەک پرنسیپ دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕ و ستراتیژە سەرەکی و بنجییەکەی
فەلسەفەی ڕێبازی کوردایەتی و گوتاری کوردبوون و دەنووسێ:" بام
داگیرکەرامان و دوژمنانی بیروباوەڕ بڵندی کوردایەتی داخ لە دڵانی
خۆفرۆش چاویان بە بەژن و باڵای " پاسۆک" دا ھەڵنەیە و مەرگی خۆیان لە
گەشەیدا ببینن و ھەزار و یەک داوی " ئینگلیزی" مان لەسەر ڕێدا بچێنن..
بەڵام ھەر دەڕۆین و دەشگەینە ( کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان)
چونکە ئەوە حوکم و حەتمییەتی مێژووە"..
چەند باوەڕێکی پتەو وا لە پشت ئەم دێڕانەوە، چۆن ئیرادە و ویستێکی
پۆڵاین ئەم قسانەی مەحکەم کردووە..؟؟ بەڕاستگۆیی، چەند دروست ڕێی سەختی
کوردایەتی خستۆتە ڕوو و چەندیش بە ھوشیاریی و زیرەکانەوە باس لە داوی
دەستی ( ئینگلیز) دەکات.. ئەو داوەی بە نامرۆڤانەترین شێوە بۆ کورد
چنراوە و تنۆک بە تنۆک نامەردی و ستەمکاریی کۆلۆنیالیزمی لێ دەتکێ و
قێزەونترین وێنەی جیھانی بێ مۆڕاڵ لە ئاست بوون و چارەنووسی نەتەوە و
نیشتمانێک نیشان دەدات..
چیرۆکی تاوانەکانی ئینگلیز بەرانبەر بە کورد، بەدەیان و سەدان داستان و
هەزاران تێزی دکتۆرا کۆتایی نایەت و لەو ڕۆژەوەی کۆت و نیری بندەستی
کراوەتە پێ و ملی کورد، ھەتا ئیمڕۆ و تا کوردیش دەگاتە سەربەخۆیی ئەو
ھێزە کۆلۆنیالیستە بەرپرسە لەو تراژیدیاییانەی بەسەر کورددا ھێناوێتی و
هاتوون و دواتریش دێن!.
ئەم پەیامە کورتە لێ بەناوەڕۆک دەوڵەمەند و مانابەخشە بارگاوییە بە بیر
و ھزری پاسۆک و چەندایەتی و چۆنایەتی خەباتی لەسەر ئاستی ناوخۆ بە
ناحەز و دژبەرە ناھەموارەکانەوە.. من دڵنیام گۆڤاری ئاڵا و دەستەی
رێداشیۆنی ویستوویەتی زیاتریش دەست لەسەر ئەم پەیامە داگرێ و خەستتری
بکاتەوە،لێ لێرەدا ھەر ڕاگەیاندنی ئەم مشتەی وەک نموونەی خەرمانێک بە
چاک زانیوە..
[ڕازێکی کوردانە]..بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ لە ( شۆڕشی
سەخت).. پێناسەی شۆڕش و ئامانج لە شۆڕش، ئەمەش دیسان لەپەراوێزی یادی
شۆڕشی ئەیلوولدا نووسراوە.. مامۆستا مەسعوود محەمەد وتەنی:
"ئەوەیە جیھانی جەنگ بەھەموو واتایەک و لە ھەموو جێیەک و سەردەمێکدا
نەفرەتلێکراوی نەفرەتییانە، ئەوە نەبێ وەک پێشتر گوتم شەڕی بەرگریکردن
شەرەفێکی گەورەیە و ئەوەشی دەخەمە سەر کە وەرگرتنەوەی زەوی داگیرکراو
شەرەفێکی گەورەترە".
شۆڕشی کوردیش کتومت بەم مانایە دێ و لە بنەڕەتدا شەڕی بەرگری کردند لە
خود، پاراستینی ناسنامە و کەینوونەی بوونە ! شەڕی مان و نەمانی فیزیکی
و ڕۆحییە!
ھەڵسەنگاندنێکی بابەتی و بێلایەنانەی شۆڕش و کەموکوڕی و لایەنی ئەرێنی
و نەرێنییەکانی و خستنە ڕووی واقعی ئەو ڕۆژە لە وێنەیەکی گەورە و
فراوانتر لەوەی لێرەولەوێ باسی لێوەکراوە و نیشان دەدرێ..
" جەماوەر لای گرنگ نەبوو ئەو چەکە بەشانی کێوەیە بۆ چ مەبەستێکە و
خاوەنەکەی کێ بووە چییە و سەرئەنجامەکەی چی دەبێت! .. جەماوەر شتێکی
نەبوو بیدۆڕێنێ و ڕامان / تصور نەدەکرا لە ھیچ بارێکدا بارێکی لەوەی
بەسەریدا سەپاوە سەختر بێتە پێش. سیاسەتی " چی دەبێ با ببێ" و " تەڕبوو
لە باران ناترسێ" ئەو ڕۆژە زاڵ بوو بوو بەسەر ھۆشی جەماوەردا" ..
ئەمەش خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژی گەرەکە و پرسیارێ کە خۆی قووت
دەکاتەوە،بریتییە لەوەی ئایا ئەم میللەتە چ هیوایەکی بە و هێزانە
هەبووە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ بەدەست بهێنن و دواتریش بۆچی خۆی داوەتە
دەست قەزا و قەدەر و بێ هیوایی! بەلایەوە گرنگ نییە چ دەبێت و چ ڕوو
دەدات؟؟!…
دواتریش دەنووسێ " ئەوەش دڵخۆشکەرە کە ئەم سەختییەیەی شۆڕشی پاشەڕۆژێکی
ڕوون و سفت و بێ گرێی لێ چاوەڕوان دەکرێت.. چونکە ئەم سەختیە تەختەی
سەر ئاوەکان لادەدات و جەوھەر دەھێڵێتەوە.. دروشمی نەمری حیزبیشمان(
پێش ئەوەی ھەر شتێ بین.. دەبێ کورد بین) ھۆ و زامنی ھەرە بنەڕەتی ئەم
شۆڕشە سەختەیە".
[بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]
پەخشانێکە لە فۆڕمی نامەی کوڕێک بۆ باوکی.. دیالۆگێکی بەرزی ئەدەبی و
سیاسی لەنێوان ئەو دوو کاراکتەرەدا خوڵقاندووە... ئەدەبێکی بەرز و
ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند بە باسوخواستی کورد و شۆڕش و پێشمەرگایەتی و
سەرکەوتن و چەند باسێکی تر!..
ئەو هەستانەی سەرکوت دەکرێن هەرگیز نامردن. ئەوان بە زیندوویی
دەنێژرێن و دواتر لە شێوەی ناشیرینتردا دەردەکەونەوە. زیگمۆند فرۆید
چیرۆک.. لەم ژمارەیەدا لە دەرەوەی شیعر ژانرێکی تری ئەدەبیمان بەرچاو
دەکەوی ئەویش چیرۆکە.. ئاڵای سووری کوردایەتی ئامانجی بووە، بەجۆرێک
لاپەڕەکانی بڕازێنێتەوە، بەشی ھەموو جۆرە خوێنەرێکی تێدا بێت.. زەوق و
چێژی ئەدەبیش بۆ ھەموو جۆرە کەسێک جێی بایەخە با پێشمەرگە بێت و
لەسەنگەری بەرگریدا بێت! با خەریکی خەبات و شۆڕشیش بێت!.. یاخود کەسێک
بوو بێت لە ڕێکخستن کاری کرد بێت ، یان هەر پلە و بەرپرسیارێتییەکی
هەبوو بێت..دەشێ فرەڕەنگ کردنی بابەتەکانی ئاڵا، جگەلەوەی
پێداویستییەکی ڕۆشنبیریی و سیاسیشە، ھاوکات وەڵامدانەوەی ویستوخواستی
خوێنەرەکانی بێت .
بە دوای چیرۆکەکەدا جارێکی تر دەچینەوە نێو کەشکۆڵی ئەدەبی کوردیی و
لەو سەرچاوە دەوڵەمەندەی [کەلەپووری شۆڕشگێیمان] ەوە، شیعرێکی بەرز
بڵاوکراوەتەوە..بە ناوی (کورد)... ناوی شاعیری لەسەر نییە، لێ شیعرەکە
هی مامۆستا ھەژارە، باس لە کوردبوونی خۆی دەکات:...
برا زۆر سەیرە زوو نامناسی من ھەر لە زوو کوردم
کە تۆ پێنج شەش کەرەت گۆڕاوی من بێ سێ و دوو کوردم
[ قوتابخانەی پاسۆک] وانەی ھەشتەم
" ئەوانەی لە خۆشەویستی دەتریسن دەبێ بە زووخاوەوە سەر بنێتەوە"
وتارێکە بۆ تیشک خستنە سەر ناسنامەی زیاتری پاسۆک و دەنوسێ:" « پاسۆک»
کۆگایەکی پاتاڵ نییە لە قەیسەری ھەراجخانەی سیاسەتدا کرابێتەوە ھەر
ڕۆژەی بەپێی مۆدێل و باوی سەردەم و زەوقی نەخۆش ئەم یان ئەو دیکۆر و
کاڵای ناوماڵ بگۆڕێ"..
ئێمە دەزانین دۆخێک لە کوردستان دا هاتە پێشەوە وڵاتێکی داگیرکراو و
دابەشکراو بکرێتە کۆگا و پێشانگای حیزب و حیزبایەتی…لە کاتێکدا زۆر لە
مۆدێلانە لە مۆزەخانەکانیشدا باویان نەمابوو..
وتارەکە شۆڕدەبێتەوە بۆ دیوی ناوەوەی مانای پاسۆک و ئەرکی پاسۆک و
ئامانجی پاسۆک ، لە کۆنتێکسی خەباتێکی نەتەوەیی و کوردایەتی کردنێکی بێ
نیاز و دڵسۆزانەدا نمایش دەکات ...
دێڕێکی تری زێڕینی ئەم وتارە" ئێمە ئەگەرچی ( پاسۆک) بە باڵاترین
ڕێکخستنی کۆمەڵگەی کوردەواری دەزانین بەڵام دیسانەوە خۆمان و
حیزبەکەمان و بیروباوەڕەکەمان ھۆ و ڕێگەیەکن بۆ ئامانجێکی پیرۆز کە [[کوردستانێکی
ئازاد و گەلێکی یەکسانە]]..
پاسۆک بە درێژایی تەمەنی سیاسی و فیکری خۆی بەردەوام جەتی لەوە کردووە
کە سەروماڵی دەکاتە قوربانی خاک و نەتەوەکەیی و ئامانجی ئازادی و
سەربەخۆیی و یەکسانی.. هەموو ئەمانەش بە مەرجی یەکگرتوویی و یەک باڵی و
یەک هطزی ئەقڵی دێتە دی ! پاسۆک سەد دەر پابەندی ئەو گوتەیە بوو کە
“حیزب ئامڕازە نەک ئامانج” .. ئامادەیە ھەر قوربانییە بدات، لەپێناوی
یەکێتی و تەبایی و سەرکەوتنی کورد دا..
[سیمینارێکی کوردانە]
لەژێر دروشمی " با ھەمیشە ڕاستی پێشەنگی کاروان بێت"..
سیمینار لە ڕاستیدا چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٤ ھاوبیردا بە ناوەکانی ( ڕێبوار،
نەبەز، شێرکۆ، ملازم شوان، بێستون، سامان، ئاراس،بەختیار، مەلاشوان،
نەسرەدین، جەمال، ملازم سەیفوڵڵا، ڕێباز، ملازم کەریم، ئازاد) کراوە.
پرسیارەکان داڕێژراون و کراون لەسەر زۆر ڕەھەندی حیزب و بیروباوەڕ و
ستراتیژ و مێژوو و پەیوەندی کوردستانی و ھەلومەرجی شۆڕش و زۆر
ڕاشکاوانە پرسیار کراوە و بە تەواوی ئازادییەوە وەڵام دراوەتەوە...بە
تێکڕا لە میانەی پرسیارکەر و و وەڵام دەرەوە پانۆڕامایەکی زیندووی
دۆخەکە دەخەنە بەرچاو.
پاش ئەم بابەتە دوور و درێژە ، شیعرێکی چەند بەیتی ھەژاری شاعیرمان
بەرچاو دەکەوێتەوە.. ئەوجا نۆرە دێتە سەر بابەتێکی ھەمیشە گرنگ و
ستراتیژی بەناوی:
[شادەمارە سەرەتاکانمان]
)لەگەڵ دیاریکردنی مافی چارەنووسی ھەموو میللەتانی جیھانین، بەتایبەتی
( باسک و بلوج و فەلەستینی و ئیرلەندی..)
گوتارە دوورودرێژەکەی ئەم جارەی ئاڵای سوور بەمێژووی ئەم دروشمەدا و
جۆرەکانی ماف و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دێتە خوارێ و باسی : دروستبوونی
نەتەوە و گەشە و فراژبوونی دەکات و دێتە سەر باسی نەتەوایەتی و
مرۆڤایەتی و دوایی خودی مافی چارەنووس و چۆنیەتی بەکارھێنانی و لە
چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی یان فیدڕاڵی تا کۆنفدڕاڵی و جیاوازی نێوان ئەم دوو
فۆڕمەی دەسەڵات دەخاتە ڕوو!...
شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنێکی بابەتی ئەم پرسە سیاسی و یاسایی و
نەتەوەیەیە و زۆر باباتییانە دۆزی کوردی تێدا دەخوێنێتەوە...
وەک شادەمارێکی ستراتیژی مافی چارەنووسی کورد بە فەرمی چەسپێندراوە و
وەک تاکە حیزبێکیش لەو سەردەمە ئەنگوستەچاوەدا ئەو دیکۆمێنتە تۆمار
کراوە. بایەخی ئەم دروشم و داوا و ستراتیژە لای مێژوونووسانی ئەم
بوارەیە و ئەوانەی خەمخۆر و بە پەرۆشی کوردایەتی و چارەنووسی
نەتەوەکەیانن و دەتوانین قسەی ڕژدی خۆیان بکەن و بە ویژدانەوە
ناوەڕۆکەکەی هەڵسەنگێنن..
زۆر لایەنی مێژوویی و رەنگە لە زۆر شوێنی دیکەدا رووبەڕووی باسێکی لەم
جۆرە بینەوە بۆیە لێرەدا بەکورتی دەیبڕێنینەوە.
شایانی ئاماژە پێدانە دواتر ناوەڕۆکی ئەم وتارە بووە نامیلکەیەکی
سەربەخۆی پاسۆک و بەناوی ( نەتەوە و نەتەوایەتی) و وەک کتێبی گیرفان
چاپ و بڵاو کرایەوە.
[ماڵاوا]..
جارێ ئەسپیان نییە شەڕ لەسەر چی دەکەن؟!
ناونیشانی وتاری ماڵئاوایی ئەم ژمارەیەیە..
وتارەکە" دە ئەی جەماوەری بەشەرەفی کورد.. ڕاپەڕە بەڕووی کرمی ناوخۆ و
پوازی کوردیدا.. ناوماڵی خۆ لەو جەردە و دز و جادوگەرانە پاک وەکە..
گۆتەی شاعیر وتەنی"
نەزانەکان بەوە بناسنەوە، ئەو پرسیارانە دەوروژێنن کە زاناکان هەزاران
ساڵ لەمەوبەر . وەڵامیان داوەتەوە"...وتارەکە ڕوونی دەکاتەوە کەوا جارێ
بەھیچ نەبووین، ھیچ بەدەست نەھاتووە، داگیرکەر زرمەی دێ و دەکوژێ و
دەڕمێنێ؟!.. کەچی ناتەبایی و خۆخۆری بازاڕی گەرمە ! شپرزەیی و شیرازە
پچڕاوی دیاردەیە و ھەموو لایەنەکان ھەر خەریکی خۆیان و بەرژەوەندییە
تەسکەکانی خۆیانن .. ئایدۆلۆژیا و وردە بابەتی لاوەکی ھۆکاری دڕندوکی و
لێک ترازانن!...
لە کاتێکدا دەرفەتێک ھاتۆتە پێش، ٢ داگیرکەری کوردستان کەوتوونەتە
گیانگ یەکتر و شەڕێکی خوێناوی و کاولکاری گەورەیان بەرپا کردووە..
بۆ بەرەنگاری ئەم دۆخە تەنھا دروشمی" پێش ئەوەی ھەر شتێ بین.. دەبێ
کورد بین" دەخوا و چارەسەرە.
ماڵئاوا تا خوێندنەوەی ژمارەیەکی تری ئاڵای سوور..
_______________________________________________
ژمارە ١ - ٤:
https://emrro.com/pirojeylecapdaneweybp1-4.htm
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|