په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠١٠

پرۆژەی پێکھێنانی سەنتەری پشتیوانی کورد بە قازانجی کێیە؟
- چەند سەرنجێک لەسەر پرۆژەی پێکھێنانی سەنتەری پشتیوانی کورد لە ئوسترالیا -


موزەفەر عەبدوڵا


لە چەند مانگی رابردوودا چەند کەسێکی رۆشنبیری بەرواڵەت سەربەخۆ لە حیزبە دەسەڵاتدارە ملیشاو دژی ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان ، دەستیان کردووە بە پەیوەندی کردنو ھاتوو چۆ و سازدانی کۆبونەوە، بەمەبەستی پیکھینانی ناوەندێک، بەناوی پشتیوانی کورد لە ئوسترالیا، ھەروەک ئامانجەکانیان لە یازدە خاڵدا راگەیاندوەو بڵاوکردۆتەوە .


رۆژی سێی ئەم مانگەش کۆبونەوەیەکیان، لە نوسینگەی حکومەتی ھەرێم لە شاری سدنی - ئوسترالیا ،و بە پشتیوانی ئاشکرای پارتی سازداوە. دیارە ھەرکەسێکی ئازادیخوازو بەرگریکار لە مافو ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان گەر چاوێکی خێرا بخشێنێت بەو بەرنامەو ئامانجانانەی کە بڵاویان کردۆتەوە بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت کە ئەوانە بە شیوەیەکی گشتی لە قازانج و بەرژەوەندی ئەو کۆمەڵە سەرمایەدارە دەسەلاتداریە کە ئەمرۆ بریتین لە، بەربرسە حیزبی یەکان، لەسەرو ھەمویانەوە بنەماڵەی بارزانی و، بەرپرسەکانی تریان ،و ئەوانەش بە شیوەی جۆراوجۆر لە دەوری پارتین، یاخود یەکیتی و حیزبە ھاوپەیمانەکانی ترن. ئەوانەی کە بە ھەزارو یەک شیوە سەروەت و سامانی کوردستانیان لوش کردوەو بە یەکێک لە دەسەڵاتە ناودارە گەندەڵەکانی جیهان بە ئەژمار دێن.


لەو ئامانجانەی کە ئەوانە ڕایانگەیاندووە جگە لە دوو خاڵی کۆتایی کە باس لە مافی چارەنوس و مافی مرۆڤ دەکات، کە ئەمەش تەنھا بۆ ترش و خوێ کردن پرۆژەکەیانە، تا ھەرچی زیاتر خەلکی لە خۆیان کۆکەنەوە، ئیتر بەشەسەرەکی یەکانی ئامانجەکانیان زیاتر لە دەوری ئەوە دەخولێتەوە کە چۆن پەیوەندی یە بازرگانی و پیشەیی و دبلوماسی و رۆشنبیر ی و... پتەو بکەن لە قازانجی دەسەڵاتداران.بی گومانە ئەمانەش بە بی سەرپەرشتی و رێنوێنی و کۆمەکی سیاسی و دارایی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ھەرگیز مەیسەر نابێت: بۆیە لەھەر گۆشەیەکەوە سەرنجی ئەم پرۆژەیە بدەیت ھەر بە قازانجی دەسەڵات دەشکیتەوە.


دیارە ھەوڵی پێکھینانی ئەم سەنتەرە، لە لایەن ئەمانەوەو بە ھاوکاری راستەوخۆی پارتی، لە کاتیکدایە کە ھیچ کات ناوەرۆکی سەرکوتگەرانەو دژی ئازادی ھەمەلایەنەی پارتی ویەکێتی ئەوەندەی ئەمرۆ ئاشکراو دیار نەبووە. بە تایبەتی لەم یەک دوو ساڵەی دوایی دا، کە تەرازووی ھیزەکان بە تەواوی لە کوردستان بە قازانجی پارتی وپاشکۆیەتی ئەوانی تر شکاوەتەوە. وە ئەم راستیانە لە ھیرشەکانی ئەم دواییانەی پارتی بۆ سەرکوتی ئازادی یەکان بە گشتی و ئازادی رادەربرین و رۆژنامەگەری بە تایبەتی ، لە کەیسی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و، راگەیاندنی سیناریۆیی گاڵتەجارانەی ئاکامی لێکۆڵینەوەکەیەوە، بگرە تا راکێشانی چەندین رۆژنامە بۆ دادگا بێ دادەکانی ژێر دەسەڵاتەکەیان، روون و ئاشکرا دیارە.


ھەڵبەت سەرەرایی ئەوەی بە ئاشکرا ئەوە دیارە کە ئەو ئامانجانەی ئەمانە رایانگەیاندووە بە شێوەیەکی گشتی لە دەوری سیاسەتەکانی پارتی و حیزبە ھاوکارەکانی دەخولێتەوەو لە قازانجو بەرژەوەندی زیاتری کەڵەکەی سەرمایەو گەندەڵکاریو مشەخۆرییاندایە ،ھاوکات لە باریکی تریشەوە راستەوخۆ بۆ لە خشتە بردن و لاواز کردنو تەفرەدانو بەلاریدابردنی سەرنج و راو نارەزایەتی ئازادیخوازانەی ھاووڵاتیانی کوردستانە لە ئوسترالیا لە دژی پارتی لە چەند مانگی رابردوودا.بە تایبەتی ھەروەک تیبینی کراوە دەسپیشکەرانی ئەم پرۆژەیە زۆربەیان لە کەیسی تیرۆری سەردەشت و راگەیاندنی ئاکامی لێکۆلینەوەی گاڵتەجارانەو سەرجەم نارەزایەتی یەکان، ئەمانە نقەو جقەیان لێوە نەھاتووە.


خاڵێکی تر کە شایانی ئاماژە پێکردنو رۆشنکردنەوەیە ئەوەیە، کە ئەمانە لە سەرەتاوە، سەرەرای ناوەرۆک پوچی ئامانجەکانیان بۆ بەرژەوەندی یەکانی خەڵکی کوردستان، بە بەھانەی سەربەخۆ بوونەوە، خەریک بوو کەسانیک لە خشتە بەرنو لە ریزی نارەزایەتی یەکانی دژی پارتی دەریان کێشن وبە چاوی بەستراوەوە بیان خولێننەوە بە دەوری سیاسەتەکانی پارتی دا. بەڵام خۆشبەختانە پاش ئەوەی بۆیان ئاشکرا بوو کە سەریان دەکەن بە نوسینگەکەیاندا ئەوکات بۆیان روون بۆوە کە ئەم کارە ئەگەر دەستی پارتیشی لە پشتەوە نەبێت ئەوە ھەر بە قازانجی دەسەلات دەشکێتەوەو ھەر بۆیەش بەشیکی بەرچاو لەوانەی کە خۆشخەیاڵ بوون پێیان راستییان بۆ دەرکەوت و کۆبونەوەکەیان بایکۆت کرد.


بۆیە پیویستە لەسەر ھەرکەسێک کە دڵی بۆ مافو ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان لێ دەدات و دژی سیاسەت و کردەوەکانی ھەمو ئەو حیزبە دەسەڵاتدارە دژی ئازادییانەیە، لەسەروو ھەمویانەوە پارتی، کە بەرچاوو رۆشنتر بنو تەفرە نەخۆن بە کارو کردەوەی ئەو رۆشنبیرانەی کە بەھەر پلەو بیانوویەکەوە لە خولگەی ئەم حیزبە قەومی _عەشیرەتیانەو بزووتنەوەکەیان دەخولێنەوە.وە ریزی ئەو نارەزایەتیانە بەجی نەھێڵنن کە بۆ بەرگری لە مافو ئازادی یەکانی خەڵکی کوردستان لە ئوسترالیا و دەرەوە بەرێدەخرێت.وە ھەمیشە ئەو راستی یە لەبەرچاو بگرن کە قازانج و بەرژەوەندی یە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی یەکانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لە ھیچ کات و شوێن و برگەیەکدا لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندی یەکانی پارتی و یەکێتی و دەستەوتاقمە ھاوکارەکانیان لە دەسەڵاتەکەیان یەکناگرێتەوە.


5\10\2010

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا