١٨\٩\٢٠١٣
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن
گه‌وره‌ترین درۆیه‌که له مێژوودا،
که له بەرامبەر
خه‌ڵکانی ئاسایی بێده‌سه‌ڵات ئەنجامدراوە.

زاهیر باهیر
ئه‌وه‌ته‌ی مێژووی ململانێی چینایه‌تی سه‌ریهه‌ڵداوه، له‌و کاته‌وه‌ی
که توێژاڵی ده‌سته‌بژێر و چینی سه‌روه‌ر خوڵقاوه، له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ی
که سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی، جا ئیدی له هه‌ر شێوە‌یه‌کیدا بووبێت سه‌پێنراوه
، هه‌رچییه‌ک له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سته و چینه داپڵۆسێنه‌رانه‌وه بۆ سه‌رکوتکردنی
فه‌رمانپێکراوان و له خشته‌بردنیان کرابێت، ئه‌وه‌نده‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن
له مێژوودا، کارایی خۆی بۆ ماوه‌یه‌کی ئاوا دوورودرێژ له‌سه‌ریان،
دانه‌ناوه. تا ئێستاش وه‌کو چه‌کێکی کۆمه‌ڵکوژ له‌لایه‌ن سه‌روه‌ران و
ده‌سته‌بژێره‌وه، چه‌کێکی خۆکوژیش له‌لایه‌ن بێده‌سه‌ڵاتانه‌وه، له
گه‌لێک شوێنی ئه‌م جیهانه‌دا به‌کارده‌برێت.
مێژووی ڕه‌شی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژارندن له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا به‌تایبه‌ت
ئه‌مه‌ریکا و خۆراوا و وڵاتانی دیکەی گه‌شه‌کردوو، نه‌وه یه‌ک به‌دووایه‌که‌کان
گه‌ر ژیان مۆڵه‌تی دابێتن، لایەنیکه‌م نۆ تا ده جارێک بینیوویانه و
چه‌ندجارێکیش خۆیان له‌م یارییه‌دا به‌شدارییانکردووە، که گوایه ئه‌مه
ته‌نها ڕێگەیه‌که و ڕێگەیه‌کی مه‌ده‌نیانه و ئاشتیانه‌یه، ڕێگه‌یه‌که
که خه‌ڵکی مافی خه‌ڵکانی دیکه ده‌بینێت و ده‌ناسێت، که ئیدی له‌وێوه
گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان له‌ژێر "فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل بۆ گه‌ل" دا
، سه‌رچاوه ده‌گرن.
ده‌ردی کوشنده‌ی ئه‌م خۆره‌یه، ئه‌م چه‌کی خۆکوژییه، ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک
زیاتره له سایەی ڕامیاره‌کان [سیاسییەکان] و نوێنه‌ران و کۆمه‌کارانی
لیبراڵ و ئابووری لیبراڵ و بازاڕی ئازاد‌دا وه‌کو خه‌ڵاتێک ، له‌لایه‌ن
ئه‌مانه‌وه به هه‌ندێک وڵات که له ڕێگه‌ی میلیته‌رییه‌وه یا
ئابورییه‌وه به پاڵپشتی کۆمپانیا و ده‌زگه دراوییه‌کانیانه‌وه،
داگیریانکردوون، دراوه . له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌شدا عێراقه و له‌نێو
عێراقیشدا کوردستانه.
هات و هاواری هه‌ڵبژاردن و شه‌ڕه‌په‌ڕۆو شه‌ڕه‌ده‌ست و هه‌تا شه‌ڕه‌چه‌کیش،
ئه‌مڕۆ له کوردستاندا، هه‌موو هاووڵاتییه‌کی له‌م پرۆسه شوومه به
ئاگاهێناوه‌ته‌وه. ڕێکلامه‌ی یه‌کێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامییه‌کان
و زیاتر له ٣٠ پارت و ڕێکخراوی دیکە، به‌ڵێنی
فشه و پێشبینیکردنی باشتری ژیانی ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌که و بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی
و گه‌لێکی تر له‌وانه، له‌کاتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات لای هه‌ر
کامێکیان، گوێی هه‌مووانی پڕکردووه و ئومێدەواری کردوون، به‌تایبه‌ت
له‌لایه‌ن گۆڕان و ئیسلامییکانه‌وه، ئه‌مه له کاتێکدا که ئه‌وه‌ی
هه‌ر لایه‌کیان ده‌یانه‌وێت، ته‌نها ئاڵوگۆڕکردنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییه
[سیاسییە] نه‌ک سیسته‌مه‌که، گۆڕینی ده‌م و چاوه‌کان و پڕکردنی
گیرفانی تاکه جیا جیاکانه، نه‌ک گۆڕینی ژیانی خه‌ڵکه ئاساییه‌که.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که گۆڕانکارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کان نه له‌سه‌ر ده‌ستی
ئه‌واندا ده‌کرێن و نه له سه‌ره‌وه‌ش دەتوانرێت بکرێن، به‌ڵام له‌تەک
ئه‌وه‌شدا هیچکام له‌م لایه‌نانه به‌رنامه‌یه‌کی ئاوایان پێنییه، که
به‌ژیانی خه‌ڵکییه‌وه، په‌یوه‌ستبێت ، ئیدی له‌وه‌ی گه‌ڕێ که بۆیانده‌کرێت،
یا خۆیان وته‌نی بۆیانده‌گۆڕدرێت.
ئیمه‌ی ده‌نگده‌ر هه‌رگیز نابێت بڕوا به ڕامیاره‌کان بکه‌ین، چونکه
ئه‌وان ته‌نها به ته‌نها دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان و خێزانه‌کانیان
ده‌که‌ون، ئه‌وان درۆزن و ساخته‌چی و ڕامکارن [سیاسه‌تبازن]. من ئێستاش
پاش 50 ساڵ، ھێشتاکە ده‌نگی هه‌ندێک له پیره‌کانی هاوته‌مه‌نی باپیره‌م،
له گوێم‌دا ده‌زرنگێته‌وه، که له کوێره دێیه‌کدا ده‌ژیاین، ئەگه‌ر
باسی کەسێکی ساخته‌چی و فێڵبازیان بکردایه، ده‌یانوت "به‌خوا سیاسه‌تبازه
! ".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش، ئێمه له پرۆسه‌ی دیمۆکراسی
پارلەمانییدا، به‌باشی ده‌یبینین هه‌ر که‌س جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ده‌ست،
نه‌ک هه‌ر له کوردستاندا، به‌ڵکو له هه‌موو جیهانیشدا، ناتوانێت
گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی، له ڕێگەی هه‌ڵبژاردنه‌وه بکات، بۆیه هه‌ر
که‌سێک و هه‌ر پارتێک له‌و پله‌و پایه‌یه‌دا بێت، ناتوانێت له بازنه‌ی
وابه‌سته‌یی بۆ بازاڕی ئازاد، بۆ ڕامیاری [سیاسه‌تی] نیو-لیبراڵ و
کۆمپانییه گه‌وره‌کان و بانکه‌کان و ده‌زگه دراوییه‌کانی سه‌رده‌م،
ده‌ربچێت، که له ئێستا‌دا له هه‌موو کونجێکی ئه‌م دونیایه‌دا به‌ئاشکرا
دیاره ڕامیارییە‌کانیان شکستیانهێناوه و جگه له بێ‌کاری و هه‌ژاری و
نه‌بوونی و بێخانووبه‌ره‌یی و وێرانکردنی ژینگه و جه‌نگ و کوشت‌وبڕ، نه‌ک
هه‌ر مرۆڤ، به‌ڵکو له‌نێوبردنی ئاژه‌ڵ و ته‌واوی گیانله‌به‌رانیش و
زۆری دیکە له‌مانه، زیاتر شتێکی دیکه‌ی بەرھەمنه‌هێناوه.
جێگەی به‌زه‌یی و داخه، که خه‌ڵکانی چه‌وساوه و زه‌حمه‌تکێش، له
کوردستانێکدا، له گه‌نده‌ڵستانێکدا، له وڵاتێک‌دا که نه‌ک خۆیان ئه‌زموونێکی
چه‌ند ساڵه‌ی مێژووی ڕه‌شی ئه‌م گه‌مه ڕامیارییه‌یان هه‌یه، بگره خه‌ڵکانێکی
زۆریش له نێویاندا ئەزموونی وڵاتانی دیکەشیان، به‌تایبه‌ت ئه‌و
وڵاتانه‌ی که ئه‌م گه‌مه و کایه‌یان به ئێمه ناساندوه و هه‌نارده
کردووه، بینیوه. ته‌نها به تێڕامانێکی که‌م له مێژووی چه‌ند ساڵێکی
ئه‌و پرۆسه شوومه له وڵاتانی خۆراوا و ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی دیکەی
گه‌شه‌کردوودا، ده‌بینرێت، گۆرانکارییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌کردووه، ئیدی ده‌بێت
چۆن له کوردستان و شوێنه‌کانی دیکەدا چاوەڕوانیمان ھەبێت ئه‌و
گۆڕانکارییه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێت، له کاتێکدا که بنەڕەتی پرۆسه‌که
له‌و وڵاتانه‌ی که به‌رهه‌میان هێناوه و بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژه
به‌کاریده‌هێنن، شتێکی ئاوای نه‌گۆڕییه‌وه، ئه‌ی ئێستا چۆن کۆپییه‌کی
خراپی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌توانێت له کوردستانێکی وه‌کو ئه‌وه‌ی ده‌یبینین،
کاربکات و شتێک بگۆڕێت؟!!! به ڕاستی جێگەی سه‌رسوڕمانه!!!
دیاره ئه‌مه‌ش که من سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردن ده‌یڵێم، خه‌ڵکانێک
هه‌ن له تاک و له‌لایه‌ن و ڕێکخراو و پارته ڕامیارییە‌کان ده‌یڵێن و
نه‌ک هه‌ر بایکۆتی ئه‌م پرۆسه‌یه‌شیانکردوه، به‌ڵکو داواش له
هاووڵاتیان ده‌که‌ن، که ئه‌وانیش بایکۆتی بکه‌ن. بایکۆت و ڕێکلامه له
تۆره کۆمه‌ڵایه‌تیییه‌کاندا و که‌مپه‌ینی گه‌وره‌ی 'نا' بۆ هه‌ڵبژاردن
کارێکی له‌به‌رچاوه و بووه‌ته ڕێڕه‌وێک و شه‌پۆلێک له جه‌ره‌یانی
خودی پرسی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگداندا.
بێگومان بایکۆتکردن و که‌مپه‌ینی بایکۆتکردن جێگەی دڵخۆشییه و لای من
دەربڕی چوونه‌پێشه‌وه‌ی هوشیاری و بۆچوونی خه‌ڵک و تێگه‌یشتنیانه له‌م
ساڵانه‌ی دوواییدا، دەربارەی ئەو پرۆسه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانهیە. ئه‌م
پێشه‌وه‌چوونه‌ش به ئاشکرا ده‌بیبین به به‌راوردکردن به هه‌ڵبژاردنه‌کانی
پێشتر، که ئه‌وانه‌مان له‌گه‌ڵ بایکۆتی هه‌ڵبژاردندا بووین ، که‌مینەیەکی
زۆر زۆر کەم بووین.
له‌م بایکۆتکردنه‌دا کۆمه‌ڵێکیش له خه‌ڵک هه‌م وه‌ک تاک و هه‌م وه‌کو
ڕێکخراو و پارت به‌تایبه‌ت هه‌ندێک له چه‌په‌کان، ده‌بینین، که له
ڕوانگه‌ی ناپاکیی [نا نەزیھی] خودی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌وه، به‌شداریناکه‌ن،
گوایه به‌شداریکردنێکی ئاوا له کوردستاندا دادپەروەرانە ئەنجامنادرێت
و پڕ ده‌بێت له ساخته به هه‌موو چه‌شنه‌کانییه‌وه، بۆیه، به قه‌ولی
ئه‌وان، هه‌رچی بکرێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که، پاک و ڕەوا [شەرعی]
نابێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش ئه‌وان له هه‌ڵبژاردن بەشداریناکەن و ده‌کشێنە
و بایکۆتیده‌که‌ن.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌م خه‌ڵک و لایه‌نانه، جێگەی داخێکی زۆره، چونکه
ئه‌وان ئه‌وه نابینین که خودی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ساخته‌یه، فێڵێکی
ئاشکرایه و بۆ له‌باربردن و خاوکردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی
داهێنراوه، ئیدی گرنگ نییه، که له هه‌ڵبژاردندا دزی و ساخته هه‌بێت
یا نه‌بێت، بکرێت یا نه‌کرێت. پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارندن و ده‌نگدان داوێکه،
ته‌ڵه‌یه‌که بۆ خه‌ڵکی، تاکو له‌جیاتی به‌کارهێنانی چالاکی ڕاسته‌وخۆ
، چالاکی ناراستەوخۆ [ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن] هه‌ڵبژێرن، له‌جیاتی
نوێنه‌رایه‌تی ڕاسته‌وخۆ، ڕەدووی سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی په‌ڕلمانته‌ری
بکه‌ون، لەجیاتی بڕواکردن به خۆیان و پشتگرتنی یه‌کتری، بڕوا بکه‌نه
سه‌ر نوێنه‌ره‌کان و پشتی ئه‌وان بگرن، له‌جیاتی لاوازکردنی سیسته‌مه‌که
و به‌لاوه‌خستنی، به‌هێزیبکه‌ن و به‌رده‌وامی پێب‌د‌ین، لەجیاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
ئه‌م سیسته‌مه و شێواندنی پێکھاتەکەی " نوێنەرایەتی ڕامیارەکان بۆ گه‌ل"
، که له‌خشته‌بردنی گه‌له به‌ناوی خودی گەلەوە، به‌ڕێده‌کرێت، کاری
ئێمه ده‌رخستنی ڕووی ڕاستینه‌ی سیسته‌مه‌که و فریوکاریی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه
و دروستی تێگه‌یشتنمانه له پێکھاتەی فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل بۆ گه‌ل
واته خۆ به‌ڕێوه‌بردنی گەلیی.
فه‌رمانڕه‌وایی گه‌ل یا خۆبه‌ڕێوه‌بردنی گەلیی واتە هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
خودی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی سەرووخەڵکی، پێکه‌وه‌ژیانه له‌نێو
کۆمۆنێتییه‌که‌دا، بڕیاردانه به هه‌ره‌وه‌زیانه و کارکردنی هه‌ره‌وه‌زیانه
و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه‌یه، که له‌م جۆره ژیانه‌دا فه‌رمانڕه‌وایی،
سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه ، خاوەندارێتی تایبەت، سیاسه‌تبازێتی، کارکردن
بۆ به‌ئه‌نجامدانی سوود و قازانج له‌تەک هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که
بێسووده بۆ خود و به‌های مرۆڤ، هه‌ر هه‌موویان، له‌نێوده‌چن. که سه‌رجه‌می
ئه‌وانه‌ش له‌سایەی هه‌موو چه‌شنه فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌کی
سەرووخەڵکیدا، هه‌موو جۆره نوێنه‌رایه‌تییه‌کدا، ھەموو جۆره په‌ڕله‌مانتارییه‌کدا،
نه‌ک هه‌ر له‌نێو ناچن، به‌ڵکو له گه‌شه‌و بره‌ویشدا ده‌بن.
بەکورتی، تێگه‌یشتنی ئێمه سۆشیالیسته ئازادیخوازه‌کان بۆ پرسی هه‌ڵبژاردن
و ده‌نگدان، ئه‌مه‌یه و له‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌ره‌وه بایکۆت و دژایه‌تی
هه‌ڵبژارندن ده‌که‌ین، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له جیهاندا به
گشتی و له کوردستانیشدا به‌تایبه‌تی، ساخته‌یه و له پاکی و ڕەوایییه‌وه
دووره.
١٧\٩\٢٠١٣
- له‌نده‌ن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|