١٢\٤\٢٠١٢
پرۆسەی ریسواکردن
و سکاڵاتۆمارکردن لەسەر وەفیق سامەڕائی.

عەلی مەحمود محەمەد
ناوەندی چاک مەبەستم (چاودێری کوردۆساید)ە، لە یەکەمین ڕۆژەکانی دەست
بەکاربوونییەوە کە دامان مەزراند، یەکێک لە کارەکانی ئەوەبوو فشار
بخاتە سەر تاوانباران بۆ دەرخستنی زانیاری لەسەر تاوانی کۆمەڵکوژییەکان
و دان نانیان بەو تاوانانەی ئەنجامیان داەو و ئاشکرا کردنی وردە کاری
ئەو زانیارانە لەسەر پرۆسەی ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون ، وەفیق
سامەڕائی ئەندازیاری بیر و کردەی ئەنفال یەکێک بووە لەوانە.
وەفیق سامەڕائی لە یەکەم ڕۆژەکانی ھاتنی بۆ کوردستان ، پاش ئەوەی
پاڵەپەستۆکان لەسەر ئەو ڕژێمە توند دەکرانەوە، ئومێدێک بە مانی ئەو
ڕژێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەنگ دەبوەوە ، ھەر لەو ڕۆژانەی کە وەفیق
سامەڕائی وەک فریاد ڕەسێک بۆ سەرتاسەری عێراق سەیر دەکرا ، ھێزە
سەربازییەکان دەخرانە بەردەستی گوایە سەدام دەڕوخێنێت ، بەتالیۆن و تیپ
و ھێزەکانی پێشمەرگە لە خزمەتیدا بوون ، بۆ ئەوەی کودەتای سەربازی لە
بەغداد ئەنجام بدات، لایەنە سیاسییەکان دواڕۆژی سیاسیان لەسەر
نەخشەکانی ئەو بنیات دەنا ، ئێمە لە " ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی
کوردستان -لەو کاتە من سەرۆکی ئەو رێکخراوە بووم "کەمپینمان لە دژی
رێکخست بۆ ئەوەی چارەنوسی ئەنفالکراوەکانمان بۆ ئاشکرا بکات ، تا
ئەوکات ئەو کەمپینە بەرفراوانترین کەمپین بوو دژ بە کەسایەتییەکی
ئۆپۆزسیۆن بەڕێوە ببردرێت " ئەوانەی ماندوو بوون بەو کەمپینەوە سەرباری
خۆم ( بەدرەدین حەمە ساڵەح ، مامۆستا فەرھاد خالید ، فەلاح حەسەن ،
سەرھەد تۆفیق ، عادل قەشقە ، ڕزگار مام بۆرە .... " لە کەمپینەکە وتمان
ئەگەر وەفیق سامەڕائی ئەمڕۆ زانیاریەکان لەسەر تاوانی ئەنفال ئاشکرا
نەکات، سبەی لە بەعس خراپتر بە کورد دەکات ، بۆ مێژوو ئەوە یەکەمین
کەمپین بوو راستەوخۆ بەرەو رووی کەسایەتیەکی عێراقی بکرێتەوە بۆ ئاشکرا
کردنی چارەنووسی ئەنفالکراوەکان ، دیارە دەربڕین و ئاشکرا کردنی
زانیاری لەسەر تاوانی ئەنفال، لە لایەن کەسێکەوە بە گووتەی تاوانبارانی
ئەنفال، ئەندازیاری سەرەکی و نەخشە داڕێژەری ئۆپەراسیۆنەکە بوبێت
ئەستەمە.
ئەمانەی خوارەوە ، بەشێکن لە دەقی ئەو ھەڵمەتە، بۆ فشار خستنە سەر
وەفیق سامەڕائی، بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی ئەنفالکراوان ئەنجاممان
داوە ،کە لە ساڵەکانی ١٩٩٥-١٩٩٦ لە رۆژنامەکانی " کوردستانی نوێ، ئەمڕۆ،
ڕێگای کوردستان - عەرەبی" بڵاوکراونەتەوە.
ئەم واژۆیانە پارتی عێراقی و کوردستانی، پارتی دەسەڵاتدار و لە دەرەوەی
دەسەڵات، بە کوردی و عەرەبی و زمانەکانی دیکەش بڵاو کرایەوە، ڕجا و
تکای دنیامان لە کەسی نزیکییەوە بۆی نارد، تەنھا لەسەر چارەنووسی ئەو
کەسوکارانەمان لێدوانێک بدات، نھێنیەک ئاشکرا بکات و بدرکێنێت، ئەگەر
ماون کەسوکاریان دڵنیا بکاتەوە، ئەگەر مردوون دیسانەوە با ئەو
چاوەڕوانییە ئەبەدییە کۆتایی پێ بێت، تاکو بەشێک لە کەسوکاریان ژیانێکی
سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە و لە چاوەڕوانی ئەبەدیدا نەژێن، وەلێ ئەم
تۆمەتبارە تەنھا وشەیەکیشی نەدرکاند، ئاوڕێکی لێمان نەدایەوە، خۆی کەڕ
و لاڵکرد، لەولاوە ھەزاران ھەزار کوڕ و کەسوکاری ئەنفالکراو خرانە
خزمەتیەوە بۆکردە سەربازیەکانی، نە ڕجا دادی ھەبوو، نە فیغان و
پاڕانەوەی کەسوکاری قوربانیان، لە کەلی شەیتانی بەعسیانە نەھاتە
خوارەوە ، یەک وشەشی لەسەر ئەنفال نەوت ، ئادرەسی یەک گۆڕی نەدرکاند،
ئەمە چ دڵڕەقییەکە، ئەمە چ بەعسییەتیەکە نھێنییەکان تا ناو گۆڕ
بپارێزیت .
لە پاڕانەوەوە بۆ شەرمەزارکردن.
وەفیق سامەڕائی بە پەیوەست بوونی بە ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ھەموو
تاوانەکانی پاک نابێتەوە، ئەگەر لایەنی سیاسی لە مافی خۆیان بە
بەرژەوەندی خۆیان خۆش بن، ئەوە دادگاییە دەتوانێت پاکی ئەو و
بێبەریبوونی لە تاوانەکان یەکلا بکاتەوە لە بەرامبەر مافی قوربانیان،
لێبوردنی کەسوکاری قوربانیان تەنھا لە ئەنجامگیری بڕیاری دادگایەکی
سەربەخۆی ئازادەوە دەبێت بەوەی بڕیار لەسەر بێتاوانی گومانلێکراو بدات
.
لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە گەشت و ھەڵمەتی ئاشکراکردنی تاوانەکانی وەفیق
سامەڕائی لە لایەن کەمپینی ھەڵەبجە و ئەنفالەوە دەستیپێکرد کە دواتر
ناوەکەی گۆڕا بۆ ناوەندی چاک و دواتر چاودێری کوردۆساید، ھەر لەو
کاتەشدا لایەنە شیعەکان بەھۆی پشکداری ناوبراو لە سەرکووتی ڕاپەڕین
بەتایبەتیش بەشداریکردنی لە سەرکووتکردنی ئەواندا ، دەستیانکرد بە
ھەڵمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەکانی ناوبراو و شەرمەزارکردن و
بەرەو بە دادگاییبردنی، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو فایلانەی پەیوەست بوون بە
تاوانەکانی وەفیق سامەڕائی دران بە کەمپینی ھەڵەبجە و ئەنفال " ھاوکات
پەیوەندی بە پارێزەرەوە کرا لە لەندەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای فەرمی
لەسەری، لەو کاتە ھیچ کەس و لایەنێک پشتیوانیان لەو ھەڵمەتە ناکرد بگرە
بەھۆی نزیکی ناوبراو لە ینک ەوە زۆر تانە و تەشەر و بووختانیش بۆ
ھەڵمەتەکە ھەڵدەبەسترا جگە لە کاک دکتۆر. ج ق نەبێت کە ھاوکارییەکی
زۆری کردم لە وەرگێڕانی بەڵگەنامەکان بۆ زمانی کوردی و نوسینەوەی
بەیانامەکان بە زمانی عەرەبی .
لە خوارەوە نموونەیەک لەو تاوانانەی وەفیق
سامەڕائی ، کە لە کاتی خۆیدا بڵاومانکردەوە دەخەمە بەردەستتان:
" بەناوی خوای گەورە و میھرەبانەوە ئیفادە من رائیدی پیادە عەبدولستار
حوسێن عەبود ئەلحمیرییە کە لە فرقەی (٢٨) دانراوم سەر بەلیوای پیادە(٧٠٥)
ی فەیلەقی یەکەم ، بەو پێیەی کە وەکیلی ئامر فەوجی یەکەم و ئەفسەری
پەیوەندی بە کەرتەکانەوە بووم ، بەڵێن دەدەم لەبەردەم دادگای
نێودەوڵەتی بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی جەنگ وقەڵاچۆکردنی رەگەزی
مرۆڤ ئامادە بم بۆ ئیفادە دانم ، چونکە من شایەت حاڵی پرۆسەکانی
لەناوبردن و کوشتن و وێرانکردن بووم لەشاری ھەڵەبجەو لە کردەوەکانی
ئەنفال و ئامادەشم بۆ زانیاریدان و بەناوەکانەوە لەبارەی ئەو
تاوانانەوە. ئیفادە پلە: رائید( پیادە) ناو: عەبدولستار حوسێن عەبود
ئەلحمیری پۆست: وەکیلی ئامر فەوجی یەکەمی ئەفسەری پەیوەندی کەرتەکان
یەکە : لیوای (٧٠٧) فرقەی (٢٨) فەیلەقی یەکەم دەمانەوێت تەواوی ئەو
زانیارییانەی کە تایبەتن بە تاوانەکانی لیوای روکن وەفیق سامەراییەوە
رابگەیەنین: * لەساڵی (١٩٩٠) وەکو بەرپرسی لێژنەو ھۆبەی لێکۆڵینەوەی
ورد دامەزراوەو کاتێکیش راپەرین کراوە ، سەدام فەرمانی پێکھێنانی (
لێژنەی ئیعدامات) ی لە ناوچەکانی باکوور بەسەرۆکایەتی لیوای روکن وەفیق
سامەرایی داوە ، ئەو لێژنەیە ژمارەیەک ئەفسەری ئیستخباراتی لەخۆگرتبوو
لەوانەش عەمید مەروان خزەیر کازم کەناوبراو بە فەرمانی وەفیق سامەرایی
ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیانی کوردی لە ئافرەت و مندالڕ ھێناوە کە
ژمارەیان زیاتر لە (٤٥٠) کەس بووە و لە مەعسکەری خالید ئیعدام کراون و
بۆ شاردنەوەی ئەو گۆرە بەکۆمەڵەش بارەگای قوتابخانەی کۆشتنکاری
مەعسکەری خالیدیان لەسەر بنیاتنناوە .*
لەدوای دەرچوونی سوپای عێراقی لە کویت ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی
ئیستخباراتی عەسکەری بە لیوای روکن وەفیق سامەرایی سپێردرا لەجێگەی
بەڕێوەبەری پێشوو ( تەڵعەت نووری )، یەکەم کردەوەش کە وەفیق سامەرایی
ئەنجامی دا گومان کردن بوو بە سەرکردە عەسکەرییەکانەوە لەوانەش لیوای
روکن ( عیسمەت سابر) سەرۆکی ئەرکانی کردەوەکانی کەنداوی عەرەبی ، و
بەھۆی ئەو راپۆرتانەش کە سامەرایی لەسەری نووسیوە و بۆسەدامی
بەرزکردۆتەوە ، لیوا روکن عیسمەت سابر ئیعدام کراو کۆمەڵێک ئەفسەری
دیکەش دەستگیرکران لەوانەش لیوای روکنی ئەوکات کامل ساجت ئەلجەنابی. *
لەبارەی راپەرینەکەی قەزای سدەتولھیندییەوە ، ئەوا لیوا روکن وەفیق
سامەرایی سرییەی یەکەمی لە سەرکردایەتی ھێزەکانی ئەلعابد ( حەرەس
جمھوری) ئیعدام کرد بەھۆی ئەو گۆمانەی کەلە ئامری سرییەکە موقەدەم (
عەبدوڵڵا ترکی حتحوت ) ھەیبوو ، بۆیە ئەو تەواوی سەربازانی سرییەکە
ئیعدام کران.
ئیفادەی موستەشارە کوردەکان ئیفادەی (م. گ. ش) : لە بەراوی (١٠/٦/١٩٨٨)
موختاری گوندی کەندک جەلال لە قەزای زاخۆ بە رائید ئەحمەد حەسەن مستەفا
ئەفسەری ئیستخباراتی سەرکردایەتی ھێزەکانی عومەر عەبدولعەزیز راگەیاند
کە (١٩) ھەڵاتوو ئەوانەی کەدەیانەوێت بگەڕێنەوە گۆندەکانیان بەگوێرەی
بڕیاری لێبوردنی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرشەوە. رائید ئەحمەد حەسەن
بەھێزێک کە لە چوار سرییەی مغاویر پێکھاتبوو گەیشتنە گوندەکەو داوی
ئەوەی بەفێل ئەوانەی لەوە دڵنیا کردەوە کە بڕیاری لێبوردن دەیانگرێتەوە
، ھەر (١٩) کەسەکە تەسلیم بوون ، رائید ئەحمەد حەسەن مستەفا
رێنماییەکانی ئامری مەفرەزی ئیعدام ( وەفیق سامەرایی ) خوێندەوەو ھەر
لەوێش ئەو (١٩) کەسە ئیعدام کران.
ئیفادەی موستەشار (ا.ا. ح. الب): لەسەرەتای قەسابخانەکانی ئەنفالەوە ،
وەفیق سامەرایی فەرمانی دا بە عەمید محەمەد یاسین ئەلجبوری ئامری ھێزی
دووەمی لە تەق تەق بە وێرانکردنی گوندەکانی سەر بە کۆیە و
دەستبەسەرداگرتنی مەڕو ماڵات و کۆکردنەوەی خەڵکانی ئەو گوندانە و
گواستنەوەیان بۆ بارەگای سەرکردایەتی فەیلەقی یەکەم، ژمارەی ئەو
گوندانەش (٢٠) گوند دەبوون . رائید سلێمان بەڕێوەبەری ھۆبەی مەنزوومەی
باکوور لە ھەولێر (١٩٨٤-١٩٩١) لەنێو ئەو دەستبەسەرانەی ئەو گوندانەوە
دەگەڕاو گومانی لە کوێ بکردابوایە دەستگیری دەکرد و بەپێی فەرمانەکانی
وەفپق سامەراییەوەش یەکسەر حوکمی ئیعدامی بەسەر جێبەجێ دەکرد ، بۆیە
لەپێش چاوی خەڵکی و بە وجوودی منیش دوو کەس ئیعدام کران بەناوی: ١ـ
حاجی جاجی ئاغا. ٢ـ مەعرووف ئیسماعیل رەزا. " .
بڵاوکردنەوەی چەند جارەی ئەم ئیفادانە ، بە زمانی کوردی و عەرەبی ،
ویژدانی پارتە کوردییەکانی نەجوڵاند، واداریانی نەکرد بەوەی دەست لە
ھاوکاری و پشتیوانی ئەو تۆمەتبارە ھەڵبگرن تاکو لە ڕێگەی دادگاوە ئەم
گومانانە یەکلا دەبنەوە ، کار گەیشتە ئەوەی لە ئەنجامدا بە دەنگی
کەسوکاری قوربانیان ، ناوبراو یەکێک لە پۆستە گرنگەکانی لە عێراقی نوێد،
لەسەر بەشی کورد وەرگرت، ئەمەش شەرمزارییەکی دیکەی بۆ دەسەڵاتی کوردی
تۆمار کرد .
بۆچی دان بە تاوانەکان نانێن؟
ئەم تاوانانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێیان د، لەگەڵ ئەو
بەتاوانبارکردنەی لە دادگا لەسەر زاری تاوانکارانی ئەنفالەوە
ڕاگەیەنران، دەکرێت لە دادگا یەکلا بکرێنەوە، وە خاوەند ئیفادەکانیش
بانگ بکرێن بۆ دادگا بۆ ئەوەی شایەدییەکانیان دوبارە بکەنەوە، لە ڕاستی
شایەدیەکانیان بکۆڵرێتەوە ، مەرجیش نییە ھەموو ئەم ئیفادانە لە دوای
لێکۆڵینەوە ڕاست دەرچن، یاخود وەفیق سامەڕائی تاوانباری یەکەم بێت لە
ئەنجامدانیان و بکەریان بووبێت ، وەلێ لە ئاکامی لێکۆڵینەوەو دەرکەوتنی
ڕاستییەکان، کەسانێک دەردەکەون لە پشت ئەنجامدانی ئەم تاوانانەوەن ،
گرنگ ئەوەیە خودی تاوانەکان ئاشکرا بکرێن ، تاوانبار ھەر کێیەکە سزای
خۆیان وەربگرن، کورد ھیچ کێشەیەکی شەخسی نە لە گەڵ وەفیق سامەڕائیدا
ھەیە نە کەسی دی ئەوەی ھەیە تاوانکار نابێت لە سزا رزگاری بێت.
ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمن و ئیستخبارات و
بەعسی گلاونەتە ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە نەتەوەی کورد ئەنجامدراون ،
یەکێک لەوانەی گریمانەی ئەوەی لێدەکرێت ڕۆڵی پێشەنگانەی لە ئەنجامدانی
ئەو تاوانانەدا ھەبوبێت ، بە حوکمی جێگە و پێگەکەی لە ھەرەمی
دەسەڵاتداریدا وەفیق سامەڕائییە، بێشک لەو پێگە گرنگەوەی و دەسەڵاتیش
بەو ھەموو دڕندەییەوەی ھەر گلاوەتە بەشێکییەوە .
سکاڵا تۆمارکردن لە وەفیق سامەڕائی.
دیسەمبەری ساڵی ٢٠٠٦ لە گەشتەکەم بۆ کوردستان ھێشتا لە ماندوویەتی ڕێگا
دوورو درێژە ٤٠٠٠ کم یەکە بە ئۆتۆمۆبیل نەحەسابومەوە ، لە ئاکامی ٤ ڕۆژ
گەشتی بەردەوامی شەو ڕۆژ ڕێکردنی بێپشوو و بەردەوامی ناو ئۆتۆمۆبێل ،
لە ھۆڵەنداوە تاوەکو کەرکووک ، لە ناکاو زەنگی تەلەفۆنەکەم لێی دا ،
وتیان ڕاستە بەڕێزت ھاتوویتەتەوە بۆ کوردستان بۆ بە دادگاییگەیاندنی
وەفیق سامەڕائی؟ وەک لە مانشێتی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرتدا نووسراوە
"، گوایا وەفیق سامەڕائی لە لایەن ئیوەوە دەدرێتە دادگا " پرسیارێک لە
ناکاو بوو بۆ من و قەت لەو لەحزەیە چاوەڕوانیم ناکرد، وە خۆشم ئامادە
نەکردبوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری قورسی لەو چەشنە ، ھەرچەندە پێشتر لە
گەڵ کاک قادر نادر و کۆبونەوەی ناوەندی چاک ئەو بڕیارەمان دابوو وە
منیش ئەو بەڵێنەم دابوو لە کاتی گەڕانەوەم بەس بوار ھەبێت جێبەجێی
بکەم،بەڵام بەو خێراییە ن، بێ دوو دڵی وتم : بەڵێ ڕاستە ، ھەرچەندە من
ئەو ژمارەیەی کوردستان ڕاپۆرتم بەرچاو نەکەوتبوو کەھەواڵەکەی
بڵاوکردبوەوە، وەلێ ئاگام لە بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵە بەھیچ جۆرێک
نەبوو کە کاک قادر نادر پێیانی دابوو، وە چاوەڕوانیشم ناکرد شتی وا بەو
زوییە بڵاو بکرێتەوە، ئەگەر پرسیان پێم بکردایە نام ھێشت بڵاوبکرێتەوە
، بەتایبەتیش لە مانشێتی ڕۆژنامەیەکەوە ڕابگەیەنرێت، ھەواڵەکە زۆر گران
بوو بۆ من و خستمیە بەردەم ھەوڵی جدییەوە بۆ بە پراتیککردنی، بۆ
ھەنگاوی یەکەم دەبوایا پارێزەر پەیدا بکرێت ، ئەمەش گران بوو بتوانرێت
پارێزەرێک پەیدا بکرێت ، بۆ بە دادگایی گەیاندنی کەسایەتیەک "
موستەشاری سەرۆک کۆمار بێت " لەو کاتەدا کە ترس زیاتر بوو وە ھێشتا
مانگی ھەنگوینی جەماوەر لەگەڵ ئەو پۆستە لە پۆپەدا بوو، کەس لە
پارێزەران ئامادە نەبوون شان بدەنە شانی ئەو کەیسە گەورەیەوە، بەرێزێک
کە زۆر قسەی گەورە لە بارەی ئەنفالەوە دەکات، بە پێی وتەیەکی خۆی کەس
شان لە شانی نادات بۆ کارکردن بۆ ئەنفال و خۆی بە خاوەندی شەرعی
ناوەندی چاک دەزانێت، پێم وت: خەریکی کارێکی وام ، وتی تەداخولی کاری
وا ناکەم و ناوێرم، بە پەلە گەڕامەوە ھەولێر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکە و بە
پراتیک کردنی ھەواڵەکە . قادر نادر کە سەرچاوەی مانشێتەکەی کوردستان
ڕاپۆرت و پاڵنەری سەرەکیم بۆ ئەو کارە بوو وتی : کاک گۆڤەند بابان
ئامادەیە پارێزەریمان بۆ بکات بە خۆڕایی ، بەم شێوەیە توانی پارێزەریش
دابین بکات ، منیش لە دوای گەڕانەوەم بۆ ھەولێر ، یەکسەر چووم بۆ لای
کاک گۆڤەند کە زۆر ئازایانە ھاتە پێشەوە و وەکالەتێکم بۆی کرد.
نابێت بۆ مێژوو ئەوەشم لە یاد بچێت ، ھاوڕێی خۆشەویستم " رزگار مام
بۆرە " لەو سەفەرە سەربەرزییە ، وەک ھەمیشە تا سەر ھاوڕێم بوو ، یەک
لەحزەش لێم دانەبڕ، تاکو تەواوی کارەکانم ئەنجامدا ،واتا لە دەرەوە جگە
لە تەواوی رێکخراوەکەمان چاودێری کوردۆساید بە تایبەتیش قادر نادر لە
ناوەوەش رزگار مام بۆرە و کاکە گۆڤەند بابان تاکە پشتیوانم بوون .
لە گەڵ رزگاردا لە بازاڕەوە کە چووین بۆ سەر ڕێێ کۆیە بۆ فەرمانگەی
دادنووسی دووەمی ھەولێر ، شۆفێری تاکسییەکە کرێی ڕێگاکەی لێمان نەسەند،
وتی دەتناسم و دەست خۆش بۆقسەکانت ھەموو جارێک لە تەلەفزیۆنەوە
دەیانکەیت ، چوینە لای عەریزە نووس ھەقی دەستیان نە سەند وتی سەربەرزم
بە نووسینی ئەم عەریزەیە، خاوەند فۆتۆکۆپی بە ھەمان شێوە وتی : لە ئاست
ئەم کارە گەورەیە چۆن پارە وەردەگرم ، ڕێمان دەکەوتە لای ھەر کێیەک بۆ
تەواوکردنی کارەکە ، ھەمووی دەرگای دڵیان بۆمان دەخستە سەر گازی پشت و
کارەکەیان بێ بەرامبەر بە خۆڕایی ئەنجامدەد، ھەموو لە ئێمە گەرمتر بوون
بۆ دۆزەکە، بە پەرۆشتر بوون بۆ ئەنجامدانی کارەکە .
ڕێک بۆ ڕۆژی ٦-١٢-٢٠٠٦ ، کاتژمێر ١٠،٣٧ خولەک لە دادگای ھەولێر و
کابینەی عەریزە نو وسی و فۆتۆکۆپییەکانەوە ، ئەم سکاڵایەمان نووسی ، بە
ھەمان شێوەی ئەوانی پێشووتر ، تایپێست و خاوەند کۆپییەکە بێبەرامبەر
ئەنجامیان دا ، وەک لە خوارەوە ناوەڕۆکەکەی ھاتووە ، عەریزەیەکی تاکو
بڵێی سادە ، وەلێ تاکو بڵێیت کاریگەر ، عەریزەیەک لە دەرگایەکی
بەرینەوە چووە مێژووی دادگایی تاوانبارانەوە ، بۆ ھەتا ھەتایە سکاڵا
لێکراوی خستە ڕیزی تاوانبارانەوە ، تەنھا دادگایەکی ئازادی سەربەخۆیە
دەتوانێت پاکی بکاتەوە لێی :
چەند خولەکێک لە کاتژمێر ١٢ ی نیوەڕۆ لایداوە ، بە پەلە لە ترسی تەواو
بوونی دەوام، لەگەڵ " ڕزگار مام بۆرە "، بە پەلە تاکسییەکمان گرت و
سکاڵاکەمان برد بۆ نووسینگەی ھەولێری دادگای باڵای تاوانەکان ، لەوێ
سکاڵانامەکەیان زۆر بە سارد و سڕی و سادەیی لێم وەرگرت ، لە کارەکە
کەوتمە گومانەوە ، لە دڵی خۆمدا وتم ئایا بەم سادەییە سکاڵا لە
کەسایەتییەکی وا گەورە دەکرێت ؟ ، بەو بەڕێزەی سکاڵاکەی لێم وەرگرت وتم
: پارچە کاغەزێکم بدەنێ لە بەرامبەر ئەم سکاڵایەی تۆمارم کردووە ، ئەو
بەڕێزەی سکاڵانامەکەی لێم وەرگرت وتی : بە سەرچاو ، خەمت نەبێت
دەیگەیەنینە جێگەی خۆی ، ئەم پارچە کاغەزۆکەکیشی
پێم دا :
کە ئەو پارچە کاغەزۆکە سادەیەم بینی ، زیاتر کەوتمە گومانەوە ، لێ
ئێستا ٦-١٢-٢٠٠٦ کاتژمێر ١٢،٤٣ خولەکەو بە فەرمی سکاڵا لە ئەندازیاری
ئەنفال وەفیق سامەڕائی تۆمار کراوە، دادگا ڕەوتی ئاسایی خۆی وەرگرتووە
، لە دوای گەڕانەوەم لە کوردستانەوە بۆ ھۆڵەندا ، ناوەندی چاک
بەیاننامەیەکی لەسەر ئەم سکاڵایە بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاو
کردەوە ، خۆشبەختانە ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی لەندەنی ، ڕۆژی دواتر
بەیاننامە عەرەبییەکەی بڵاوی کردەوە ، ھاوکات منیش چەندین جار
پەیوەندیم کرد بە دادگای باڵای تاوانەکانەوە ، ڕایان گەیاند سکاڵاکەمان
گەیشتووەتە جێگای مەبەست .
کاتێک دادگای باڵای تاوانەکان بڕیاری دادگای لەسەر تاوانباران خوێندەوە
، لیستی بانگ کراوان بە وەفیق سامەڕائی دەستی پێکرد ، ئەمەش دەربڕی
ئەوە بوو ، سکاڵای ھەموو ھاووڵاتییەک لە بەرامبەر ھەر دەسەڵاتدارێک
چەندە بەرز بێت شوێن خۆی دەگرێت.
لە دوای ئەوەی وەفیق سامەڕائی ناوی لە ڕیزی لیستی تاوانکاران وەک گومان
لێکراو ھاتەوە ، لە عێراق ھەڵات و پۆستە باڵاکەی بەجێھێشت، لە سەرەتادا
لە ھەموو بۆنەو دانیشتن و چاوپێکەوتنەکان بزر بوو ، لە ژیانی سیاسی ئەم
وڵاتە فڕێدرایە دەرەوە، شوێن ژیان خۆی گۆڕی،بەڵام دوایی کە بڕیارەکانی
دادگای باڵای تاوانەکان کاری پێ نەکرا ئەویش کەم کەمە ھاتەوە سەر خەت و
لە راگەیاندنەکان دەرکەوتەوە . لێ تازە بۆ ھەتا ھەتایە تارمیایی
ئەنفالکراوان بەسەر سەرییەوە دەبن و بڕیاری ناڕەوای دادگا و شەفاعەتی
خیانەتکارانەش لە لێپرسینەوە نایپارێزن ، دەستی دادپەروەری ھەر پێی
دەگات ، ھەنگاوی یەکەم لە ڕێگای ئەم عەریزە سادەیەوە ، لە ژیانی سیاسی
عێراق ناوی سڕایەوە ، تاکە پاکبونەوەی تەنھا لە ڕێگای بێتاوانکردنییەوە
دەبێت لە دادگایەکی ئازادی بێلایەن .
http://www.kurdistanreport.com/newspaper/2007/06_Jun/236/kr_01.pdf
http://www.kurdistanreport.com/newspaper/2007/06_Jun/236/kr_03.pdf
http://www.aawsat.com/details.asp?section=4&issue=10301&article=405730
http://www.elaph.com/ElaphWeb/Politics/2007/4/223053.htm
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|