٨\٣\٢٠١٠
پیرۆزبێ ههشتی
مارس لە سەرجەم ژنانى کوردستان.
ئامادەکردن و وەڕگێڕانى: کەژاڵ عەلا
سیمۆن دۆبۆڤوار دەڵێ:
'' ئەوشتەى ژنان هەوڵى بۆدەدەن یەکسانى نێوان
ژنان و پیاوانە. ئەم یەکسانیەش پێویستە هەموو بوارەکانى ژیان بگرێتەوە
جا چ ژیانى تاکەکەسى و چ ژیانى کۆمەلایەتى بێت. ''.
هەروەها (فروغى فەڕوغزاد)یش دەڵێ :
'' ئارەزووى من ئازادى ژنانە و یەکسانى
مافەکانیانە بە پیاوان، من لەبەرامبەر ئەو ئازارو ئەشکەنجانەى کە
خوشکەکانم دەیچێژن لەلایەن پیاوانەوە، بەهەموو وجودمەوە ڕادەوەستم و
نیوەى هونەرەکەم بۆ پەیکەرى ئازارەکانى ئەوان و داکۆکى لەوان
بەکاردەبەم.. ئارەزووى من ئەوەیە کە پیاوان وازبهێنن لە خۆپەرستى و
مۆڵەتبدەنە ژنان کەتوانا و بەهرەکانى خۆیان بخەنە گەڕ تابەشداربن لەگشت
بوارەکانى ژیان ''.
ئاشکرایە ئامانج و خۆزگە و داخوازیەکانى ژنانى کوردستانیش هەر هەمان
خواستى ژنانى جیهانە. ئازادى ، یەکسانى، بەرابەرى، ئاشتى، نەهێشتنى
توندوتیژى، نەهێشتنى چەوساندنەوە و دەستدرێژى سێکسى و هەژارى و
نەخوێندەوارى...هتد.
لەمسەردەمەدا هەرچەندە کۆمەڵگا پێشکەونێکى زۆرى بەخۆوە بینیووە بەڵام
هێشتا زۆرێک لە کچان و ژنان گرفتارى جوداکارین. هێشتا دەگمەنن ئەو
ژنانەى کە بەهۆى دابوونەریتى پیاوسالارییەوە نەکەوتبنە ژێرفشار و
ئەشکەنجەى دەرووننیەوە و جگە لەکۆمەڵگا لەلایەن خێزانەکەى خۆشیانەوە
مافیات پێشێل نەکرابێت و نەچەوسابێتنەوە..!
بەداخەوە هەرلە کۆنەوە تاوەکو هەنووکەش زۆربەى هەرەزۆرى نەخوێندەوارى و
بێکارى و هەژارى، بەدیاردەیەکى ژنانە ناسراوە. لەکوردستان هەزاران ژنان
و کچان بآ پشت و پەناء بێبەرین لە مافى خزمەتگوزاری و تەندروستی و
خوێندنگاء...هتد، ئەمە جگەلەو ژنانەى کە بەهۆى جەنگ و ئەنفال و
ماڵوێرانیەوە بوونەتە بێوەژن . بەداخەوە ئەم جۆرە ژنانەش پەراوێزخراون
و تائێستاش بەکولەمەرگى ژیان دەگوزەرێنن و دەرامەتێکی ئەوتۆشیان نیە بۆ
بژێوى ژیانیان. لەلایەکى تریش بەدەست دابونەریتى کۆنەپەرستانەى
کۆمەڵایەتیەوە گرفتار و دەناڵێنن کەسیش نیە ئاوڕێکى جدیان لێبداتەوە.
لەگەڵ پێشکەوتنەکانى سەردەم، کەچى هێشتا بەردەوام خۆسوتاندن، سوکایەتى
کردن، لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی ژنان لەلایەن کەس و کاریانەوە و
تەنانەت کوشتنیشیان بەبیانووى شەرەف بەشێوەیەکى زەق دەبینرێت لەگەڵ
ئەوەشدا ژمارەیەکى کەم سکاڵا لەدژى توندوو تیژى تۆماردەکەرێ.
لە کوردستاندا هێشتا ڕێکخراو و میدیایەکى سەربەخۆ و ئازاد نەهاتۆتە
ئاراوە بەدەر لەژێر چەترى هیچ لایەنێکى سیاسى و حزبیدا، کە بەشێوەیەکى
جدى تەنها لەبەرژەوەندى و لەخزمەتى ژناندابێ، تابتوانێ بەشێوەیەکى
گونجاو و درووست داکۆکى لە مافە ڕەواکانى ژنان بکات. بتوانن لە ڕێى
ڕاگەیاندنەکەیانەوە کچان و ژنان هوشیاربکرێنەوە و سوودمەندبن. هانى
کچەلاوەکانمان بدەن کە تواناکانى خۆیان بخەنەگەر و بێنە مەیدان و
ڕێگەیان بۆخۆشبکەن بخوێننەوە و بنووسن و نووسراوەکانیان بۆ بڵاوبکەنەوە
و مەشقیان پێبکەن پێیان بگەیەنن تا ژمارەى ژنانى نووسەرمان زیادبکات ..
بەداخەوە ڕێکخراوەکانى ژنان گرنگیان نەداوە بەم مەبەستە و زۆر
کەمتەرخەم بوون ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەشى کە هەیانە تەنها
بۆ بەرژەوەندیەکانى خۆیان تەرخانیان کردووە و لەخزمەتى خۆیان و
پارتەکەیاندا بەکارى دەبەن. دەرفەت نادەن کەس لەڕێى ئەوانەوە پێبگات و
بێنەمەیدان ئەگەر کەسانێکى بەتواناو چالاکیش بن، جگە لەخۆیان و ئەوانەى
خۆیان مەبەستیانە هەر ئەوانەن.. هەرچەندە بابەت و نووسینەکانیشیان
لاواز و بێکەڵکیش بێت.
ڤێرجینیا ووڵف لەکتێبى
(ژوورێک تایبەت بەخۆ)دا دەڵێ:
'' بەڕاستى هەزارجار جێگەى داخبوو ئەگەر ژنان
وەکوو پیاوان بیان نووسیایە، یا وەکو پیاوان عیشقیان بکردایە، یا
هەڵسووکەوتی پیاوانەیان هەبوایە! لەکاتێکدا کەدوو ڕەگەز بەهەموو مەعنا
جیاوازن، چۆن دەتوانرآ گەورەیى و جۆرا و جۆرى جیهان، بەهێزوو تواناى
یەک ڕەگەز تەواو بکرێت! ''.
ژنان چیان دەوێ؟
• کچان و ژنان دەیانەوێ چیدى پیاوان،
بۆهیچ کارێ فشارنەخەنە سەریان و دەستهەڵبگرن لە هەڕەشە و سوکایەتى کردن،
تەنها بۆ بەرژوەندیەکانى خۆیان هەڵیان نەسەنگێنن، بەڵکو کێشەکان بە
ئاخاوتن و لەیەکگەیشتن چارەسەر بکرێ.
• ئەوان دەیانەوێ کۆمەڵگا چ لەناوماڵ و چ
لەدەرەوەى ماڵدا وەک بوونەوەرێکى لاواز "زەعیفە" ناویان نەبەن و تێیان
نەڕوانن هەروەها وەک کوڕان ڕێگەیان پێبدرآ بخوێنن و پێشبکەون. ئاشکرایە
ئەمڕۆ ژنان توانیویانە لەگشت بوارەکانى ژیان بەشداربن، بەڵام هێشتا
ڕێژەیەکى ئیجگار زۆر لە کچان و ژنان بەنەخوێندەوارى ماونەتەوە.. جگە
لەو ڕێژە زۆرەش کە بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکیان نیە بۆ بژێوى ژیانیان..
• ژنان دەیانەوێ ڕۆڵیان هەبێ لە
هەڵبژاردنى هاوسەر و لەناو خێزانێکى پڕلەبەختەوەرى وئاسوودەیدا بژین.
هەرگیز بەژمارە دوو و ژمارە سێ ئەژمارنەکرێن. بەڵکو وەک مرۆڤێک حسابیان
بۆبکرێ.
• هەروەها دەیانەوێ لە ئەنجامدانى
تەڵاقیشدا خاوەن مافبن و بتوانن بڕیاربدەن. لەلایەن خانەوادەکانیانەوە
سەرکوتنەکرێن و نەکرێنە قوربانى دابونەریتى دواکەوتوو.
• ئەوان دەیانەوێ لە ئەشکەنجەى جەستەیى و
ڕۆحى بەدووربن کەهێشتا باوە لەناو هەندى خێزاندا، هەروەها حکومەت
دەستوور و یاسایەک پیادە بکات کە بەجدى بەرگرى و داکۆکى لەمافەکانی
ژنان َبکات لە بەرامبەر هەر تووندوو و تیژییەکدا.
بۆ پێشەوە بەرەو ئاسۆیەکى گەش و درەوشاوە لە
ئایندەیەکى نزیکدا.
************* *************
|