په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١٥

بەیاننامەی کۆمەڵەی منداڵانی کورد - نەرویج:

پیرۆز بێ رۆژی جیهانیی منداڵان.

 

جەژنی ئێمەیە.
یـــەکی شــەشـــە جـــەژنــەیـــە
جــــــــەژنــی رۆژی ئـــێــمــەیـە
لـە جیـهــان و کــوردســـتـان
بـــۆتــــــە رۆژی مـــنـــــــداڵان
رۆژی خــۆشــیی و شــادیـــیـــە
سـەربـەستیی و ئـــــازادیــیـه
جــلی جوانـــمان پــۆشــــیـوە
دەمـوچــــــاومـان نـەخشـــیوە
بـــــەزم و رەزم و یـــاریـیــە
گــوڵ بـەخشین و دیـــاریـیـە
گـــۆرانــیــیــە و هـەڵـــپەڕکێ

راکــردنـــــــــە و کێـــــبــڕکــێ
چـەپ چەپ چـەپڵــەلێــدانە
هـەی هـەی لەم رۆژە جوانـە
ئـەم جـەژنـەمـان پیـرۆز بێ
پر لە خەندە و لە سـۆز بێ.


رەزا شوان - ٢٠١٥ - نەرویج


بە بۆنەی رۆژی جیهانیی منداڵان.. جوانترین پیرۆزبایی لە منداڵانی کوردستان و.. لە سەرجەم منداڵانی جیهان دەکەین. هەموو ساڵێک لە رۆژی (١ی حوزەیران)دا کە (رۆژی جیهانیی منداڵان )ە یان (جەژنی منـداڵان)ە.. منداڵانی جیهان، لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، دەموچاویان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ دەنەخشێنن و .. ئاهانگی خۆشی و شادی دەگێڕن.. ئەوەبوو کە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی (١٩٥٤) دا، داوای لە هەموو وڵاتـانی جیـهان کرد، کە رۆژێک بە نـاوی (رۆژی جیهانیی منداڵان) ەوە دیاری بکەن، کە رۆژی برایەتی و لێکگەیشن بێت لە نیوانی منداڵان لە جیهاندا .. مەبەستیش لە یادکردنەوەی (رۆژی جیهانیی منداڵان) بە بیرهێنانەوەی وڵاتانە بە پابەندبوونیان بە بەڵێندانیان بە جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان بە بێ جیاوازی.. بیهێننەوە یادی خۆیان کە بەڵێنیان دا، رێزگر لە ئازادی و لە ڕای منداڵان و، لە هیوا و لە خواست و لە بەهرە و لە ئارەزووەکانیان بگرن.. بەڵام بە داخەوە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە واژۆی جاڕنامەی مافەکانی منداڵانیان کردووە.. تا ئەمڕۆش بە زەقی پێشێلی مافەکانی منداڵان دەکەن و پشتگوێیان خستوون و جیاوازي رگەزی و چینایەتی لە نێوان منداڵاندا دەکەن.. بە تایبەتیش منداڵانی کوردمان لە سایەی رژێمە زۆردار و رەگەزپەرستە داگیرکەرەکانی کوردستان دا، پشکی شێریان لە جیاوازی و لە چەوساندنەوە و لە نادادپەروەری و لە کوێرەوری و لە سەرکوتکردن و دەمکوتکردن بەرکەوتووە.


لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو دڵسۆز و لایەنانە دەکەین کە خۆیان بە دڵسۆز و بە خەمخۆری منداڵانی کوردستان دەزانن و.. هیواخوازی ئایندەیەکی گەشتر و ژیانێکی شیاوترن بۆ کورد و کوردستان.. پێویستە ئەم راستییە بە ئەرێنی وەربگرن، کە چارەنووس و داهاتووی کورد و کوردستان و هێنانەدیی هیوا و خواستەکانمان .. هێنانەدیی خەونی گەورەی گەلەکەمان، کە دامەزراندنی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان)ـە لە سایەی پەروەردەیەکی دروست و ئارەستەکردنێکی راست و رێنماییەکی باشی کوردیلەکانی ئەمڕۆماندا دێنەدی.. لە سایەی تتێکۆشان و بەرخودانی و، مەچەک و بازوو و هۆشی ئەماندا دێنە دی .. هەر ئەمانیش لە ئایندەدا هەموو کاروبارێکی کوردستان بەڕێوە دەبەن.. بۆیە پێویستە کوردیلەکانمان بە هەستی کوردایەتی و بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستتان.. بە جوانی و بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین.. بێگومان کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن، کە لە سامانی نەوەت و زێڕیش زۆر بە نرختر و گرنگترن.. کوردیلەکانمان نەوەی ئەمڕۆمانن و هیوای داهاتوومانن .. بەشێکن لە ئەمڕۆ و هەموو داهاتووشن .. لەسەر حکوومەتە کە بژێوی ژیان و، هەموو پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەن.


پێویستە لەسەر حکوومەتی کوردستان، لە (رۆژی جیهانیی منداڵان)دا، دەست بەسەر منداڵانی شەهیدانی کوردستان دا بهێنن و.. (خـەڵاتی شانـازی و شـکۆدارییان) پێشکەش بکەن و، خۆشەویستییەکی زیاتریان بۆیان هەبێت و، رێزێکی زیاتریان لێبگرن.. بە کوڕە یا کچە قارەمان ناویان بەرن.. تا وا هەست نەکەن کە قوربانیدانی باوکیان یا کاکە و دادەیەیان لەبیرکراون.


لە کۆتاییدا دەڵێین: ''جیهان بە بێ منداڵان.. جیهانێکە بە بێ ژیان''.

 


رەزا ساڵح / سسەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد
٣٠\٥\٢٠١٥ - نەرویج

 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک