په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠١٩

پیرۆزە یادی ٢١ ساڵەی بڕیاری پێکھێنانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی.
 


پەیماننامەی ڕۆما کە ٢١ ساڵ لەمەوپێش و لە ١٧-٧-١٩٩٨ بریاری لەسەر دراوە, کە ئەمساڵ پێی نایە ٢١ەمین ساڵی تەمەنی خۆیەوە، تا ئێستا چەندین جار ھەموارکراوەتەوە و ١٧ ساڵ لەمەوپێش و لە یۆلی ٢٠٠٢ ەوە دەستی بەکار کردووەو ١٢٣ دەوڵەت پەسندی پەیمانامەکە و دادگاکەیان کردووەو ھەنووکە ئەندامن تیایدا، ھەروەھا ١٣٩ وڵات واژۆیان لەسەر کردووە.


دادگای تاوانی نێونەتەوەیی ئامرازێکی گرنگ و بەھادارە بۆ ڕێگە گرتن لە ئەنجامدانی تاوانی ژینۆساید و تاوان دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دوژمنکاری و بە دادگایی گەیاندنی بکەرانی و رزگار نەبونیان لە سزادان.


بۆ ئەوەی لەعێراقی نوێی دوای رژێمی فاشستی بەعسی روخاو تاوانی ژینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی دوژمنکاری ھەر رۆژە و بەردەوام دووبارە نەبنەوە، کە تا ھەنوکە بە خەستی بەردەوامەو ناوچەکە بۆتە ناوەندی کۆمەڵکوژی لە جیھان وەک لە شەنگار و دوز و ناوچەکانی دیکە رۆژلنە دەیبینین, پێویستە عێراق بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی کوردستان و کەمایەتی ئاینی و مەزھەبییەکانی ئەم وڵاتە بە پەیماننامەی ڕۆماوەوە پەیوەست بێت و ببێتە ئەندامی دادگاکە, خۆ دزینەوە لە پەسەند کردنی مانای نیەتی بەردەوامیدانە بە تاوانەکان رابردوو.


بۆ بیرھینانە وەی ھە موو لایەک ، عێراق لە بەرواری ١٥-٢-٢٠٠٥ بەو ڕێککەوتنەوە پەیوەست بووە، بەڵام بێ ھیچ ڕوونکردنەوەیەک دوای دوو ھەفتە پاشەکشەی لێکردووە.


ئەمرۆ ١٧ی ی تەموز یادی ٢١ ساڵەی پەسەند کردن و ١٧ ساڵەی دەستبەکاربوونی یەکەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە لە جیھان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا, ١٧ ساڵە ئەم دادگایە بەھەموو کەموکوڕیەکان و ئەو رەخنانەی لێی گرتراوە بۆتە بەربەستێک تا رادەیەک ھەستپێکراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەکان و تا رادەیەک کەمکردنەوەیان وێڕای دوژمنایەتییەکی زۆری گەورە دەڵەتان, بەرزترین حوکمڕانەکانی ھەندێک وڵاتانی ئەم جیھانەی دادگایی کردووە یان بڕیاری تاوانباری بۆیان دەرکردووە نموونەیان عومەر حەسەن بەشیر و معەمەر قەزافییە, مەخابن تا ئێستا ھیچ یەکێک لە وڵاتانی عێراق, ئێران, تورکیا و سوریا لە ریزی ئەو وڵاتانە نین پابەندی خۆیان بە دادپەروەرییەوە راگەیاندبێت, لە کاتێکدا ناسنامەی حوکمڕانی باش لە ئێستای جیھاندا پەیوەست بوونی وڵاتانە بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە, ترسی ئەوانیش لە ئەندام بونیان لە دادگاکە سزادانیانە لەسەر ئەو تاوانانەی خۆیان بۆ ئەنجامدانی بەرامبەر بە گەلەکەمان و کەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەکانی ئەنجامی دەدەن یاخود خەون بە ئەنجامدانیەوە دەبینن, بۆیە بە ئەندام نەبوونی ئەم وڵاتانە نیشانەی ئەوەیە لە ھەر کات و ساتێکدا ئامادەن تاوانە گەورەکان دوبارە ئەنجام بدەنەوە.


٥ ساڵ پێش ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بە فەرمی سکاڵای لەسەر داعش لە بەرامبەر تاوانەکانی بەرامبەر بە ئێزیدی و کریستان و شیعەو شەبەک تۆمارکرد, چوار ساڵی رابردوو و ساڵانی دواتر لە کۆنگرەی وڵاتانی ئەندام ئێمە بە فەرمی لە دانیشتن چەندین جاریمان لە گەڵ داواکاری گشتی پشتیوانیمان لە ھەموو سکاڵاکان کردو نامەی پێکھاتەکانمان پێیان دا, ھەرچەندە ئێمە وەک تاکە لایەن کە بە فەرمی کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەین لە کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناسینی تاوانی دژ بە ئێزیدییەکان ویستیان ئێمە پەراوێز بخەن لە دۆسیەکە, خەڵکانێکی نەشارەزایان کردە ئەندامی لیژنەی باڵای بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەی ئێزیدی و پێکھاتەکانی دی, کەچی ئێمە گوێمان بەو پەراوێز خستنە نەدا و ئەوانیش مخابن شکستیان لە سکاڵاکەیان ھێناو ھیچیان پێ نەکرا شایانی باس بێت, ئێمەش لە پەراوێزەوە کاری سەرکەوتووانەی خۆمان کرد, دیارە بەشی زۆری بەھۆی ئەندام نەبوونی ئێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و ھەنگاو نەنانی پراتیکی بۆ ئەوەی ئەم دۆسییەیە ببردرێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە ھۆکاری شکستەکەو و رەتکردنەوەی سکاڵاکەی حکومەت و پەرلەمان بوون, ئەمەش سەلماندیەوە کە بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە چەندە بۆ رێگەگرتن لە ئەنجامدانی تاوانەکان بە گشتی و پاراستن و دڵنەوایی گەلەکەمان لە مانەوەی لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە بە تایبەتی گرنگە, ھاوکات لە ساڵی ٢٠١٧ لە دەڤەری دوز و ناوچەکانی دی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەدواوە جارێکی دیکە گەلەکەمان کەوتەوە بەر تاوانی نێو دەوڵەتی " تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی", مخابن بەھۆی ئەندام نەبوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی , دیسانەوە دۆسیە بۆ ئەم تاوانە نەکرایەوە, ھەرچەندە لە ئاستی نێو دەوڵەتی بۆ لە قاو دانی ئەوتانە ئەوەی کرا پشکی شێری بۆ ھەوڵەکانی ئێمە دەگەڕێتەوە.


ئێمە زیاتر لە ١٤ ساڵە بێ پسانەوە کار بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەکەین, لە درێژەی ھەڵمەتەکەمان بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە تا ئێستا واژۆی زیاتر لە ١٥٠٠ پارت و لایەنی سیاسی و رێکخراوی کوردستانی و وەزیر و پەرلەمانتاری خولەکانی پێشوی پەرلەمانی عێراق و ٨٥ و ٨٩ پەرلەمانتاری ئەم خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ٦٠ پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراقی سەر بە لیست و پێکھاتە جیاجیاکان و ٥٠٠٠ واژۆی چالاکوانان و ھاووڵاتیانی کوردستانمان کۆکردۆتەوەو داومانە بە لایەنە جیاجیاکانی کوردستانی و عێراقی لە پێناو بە ئەندام بوونی عێراقی لە دادگای ناوبراو, ھاوکات ٣ کۆنفرانسی نێو دەوڵەتی و سەدان کۆبونەو گردبونەوەمان ئەنجامداوە, ئەم ھەوڵانەش لە پێناو ئەوەی جارێکی دیکە بەرەو روی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی رابردوو نەبینەوە, وەک لە ئابی ٢٠١٤ ی شەنگار و ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بینیمان جارێکی دیکە گەلەکەمان لە شەنگار جینۆسایدو لە دوزیش تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەری ئەنجامدرایەوە.


ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ حکومەتی عێراقی کە نەبێتە ئەندامی دادگای ناوبراو جگە لە نیاز خراپی لە ئەنجامدانی تاوان, ھاوکات ھیچ بەھانەیەکیش نییە بۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ئەوەی کاری جدی بکەن بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای ناوبراو, بۆ ئەوەی گەلەکەمان دڵنایی زیاتر بێت کە جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی ناکرێتەوە لەم وڵاتە چ لە لایەن حکومەتەوە بێت یاخود دەستەی چەکداری تاوانکاری وەک داعش و ھاوشێوەکانی کە زەمینەی بەرھەم ھێنانی گروپی تاوانکار لە بارە لەم وڵاتەو ناوچەکە.


لە یادی ٢١ ساڵەی بڕیاری پێکھێنانی دادگاکەو ١٧ ساڵەی دەست بەکار بونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری جیھانی داواکارین:


- حکومەتی ھەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆی لە رێگای بە ئەندامبونیەوە لە دادگاکە بۆ پێکھاتەکانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید رابگەیەنێت کە دژ بە دوبارەبوونەوەی تاوانەکانی رابردووە کە بەسەر گەلەکەماندا ھاتووە( ھەڵەبجە, ئەنفال, بارزانی, فەیلی, تەعریب, قەڵادزێ ,موسڵ , شەنگار, سمبێل, پردێ , دوز و پەڵکانە و شەبەک و کاکەی و ... .... )).
- داوا لە دەسەڵاتدارانی کورد دەکەین, داواکاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بکەنە یەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان لە دانوساندنەکانیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی بەغدا لە گەڵ لایەنە عێراقیەکان و سازشی لەسەر نەکەن.
- داواکارین لە حکومەتی ھەرێم و دەسەڵاتدارانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان ھاوکاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بکەن لە دانی زانیاری لەسەر ئەو چەکدارانەی داعش کە ناسنامەی وڵاتانی ئەندامیان ھەیە, ھەروەھا دیلەکانی جەنگ ئەوانەی ھەمان پێناسەیان ھەیە بە تایبەت بڕیار بە دەستانیان تەسلیم بە دادگای ناوبراو بکەن بۆ بە دادگایی کردنیان, مخابن لەم روەوە ھیچ دەستپێشخەری و ھاوکارییەک نەبینراوە, ئەمەش جێگای رەخنەو نیگەرانییە.
- حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتبارانەی ھاووڵاتی کوردستانن و تاوانی گەورەی نێونەتەوەییان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێیدا کردووە دادگایی بکات و ناویان بداتە پۆلیسی ئینتەرپۆل بۆ دەستگیر کردنی ھەڵاتوەکانیان نموونە ٢٥٨ تۆمەتباری ئەنفال .
- حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ھیچ کەسێک نەکات لە ھەرێمی کوردستان کە لە لایەن دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوە بانگ کراوبێت, لە کاتی سەردانیکردنیان دەستگیریان بکات و تەسلیم بە دادگای ناوبراویان بکات.
-ھەرێمی کوردستان نابێت پێشوازی لە ھیچ کەسێک بکات کە تاوانە مەزنەکانیان ئەنجام دابێت یان ھاوبەشیان کردبێت, یان ھانی دابێت , یاخود بانگەشەی بۆ بکات سەر بە چ نەتەوەو وڵاتێک بن و ھەر پۆستێکیشی ھەبێت.
-ھەر کەس و لایەنێک لە کوردستانەوە ریکلام بۆ داعش و بیری داعش بکات, پێویستە بە تاوانی ھاوکاریکردنی تیرۆرو ھاوبەشی لە جینۆساید دادگایی بکرێت, لە ھەر پێگەو جێگاو رێگایەکدا بێت.
- نوێنەرانی کورد و دیموکراسیخوازان لە حکومەتی ناوەندی و پەرلەمانی عێراق پێشوازی لە ھیچ داواکراوێکی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی نەکەن یاخود سەردانی وڵاتەکانیان نەکەن بە بەھانەی پەیوەندی دیبلۆماسیەوە.
- ھەر کەس و لایەنێک نکۆڵی لە جینۆسایدی ئێزیدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکە بکات, یاخود قوربانیانیان بە شەھید نەزانێت, پێویستە سزا بدرێت و ئینکار کردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیر بکرێت لە ھەرێمی کوردستان و لە داھاتوودا یاسای تایبەتی بۆ دەربچێت.
- پێویستە ھەمووان کاربکەین بۆ دۆزینەوەی بڕیار بەدەستان و تاوانبارانی داعش و گروپە تیرۆریستیەکان بدۆزینەوەو سکاڵایان لە وڵاتەکانیان لەسەر تۆمار بکەین, یاخود ناوەکانیان و شوێنی ژیانیان بدەینە دادگایی تاوانی نێو دەوڵەتی و ھاوکاری ئەو ناوەندانە بکەین لە ھەوڵی دۆزینەوەو بە دادگایی گەیاندنیاندان.

 


تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
١٧\٧\٢٠١٩
k_cicc@yahoo.com

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک