په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١١

پرسی ئازادیی رادەربڕین و ترسی دروستبوونی دیکتاتۆریی!

سه‌رکه‌ش      


ئەگەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری حکومەتی تالیبان و بەعس بە هۆکاری ڕاستەوخۆی سەربازی دەرەکی ڕووخا، ئەوا ئەمڕۆهەڕەفانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە باشووری سوودان و حکومەتە گەندەڵەکانی تونس و میسر، بێ ئەم هۆکارە ڕاستەوخۆیە هاتۆتە پێش، گەل ڕاپەڕیوە، داوای ئازادی، ڕیفۆرم، دیماهی هاتنی گەندەڵی، نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ملهوڕی دەسەڵات دەکا، داوای ژیانیێکی شایستەی مرۆ دەکا! جامی ستەم و زۆرداری حکومەتی پۆلیسی پڕ بووە و لێی دەڕێ! ئیتر لەمە زۆرتر بەرگە ناگیرێ!


ئەگەر ئەم ئاگرە سوورەیەی ڕاپەڕین و بەرخۆدانە و سەرهەڵدانە بۆ جارێکی تر و لە نۆژەن لەم چرکە ساتانە لە ئوردن و ئێران سەر هەڵداتەوە، بە دوور نازانرێ ڕووخانی تەواوی حکومەتە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات یەک بە دوای یەک مسۆگەربکا.


ئیتر سەردەم ببێتە سەردەمی بوژانەوە و ڕابوون لە دژی بەربەریزمی دەسەڵاتدارانی خۆرهەڵاتی ناڤین!


کاتی خۆی کتێبێکم دەربارەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلانی ئەفریقام١ خوێندەوە، قسەی یەکێک لە ڕێبەرەکانم لەبیرە ئاوا بوو: هەر گەلێک بەرگری لە ئازادی خۆی نەکا گەورەکانی دەبنە گەلە گورگ و دەمیتێدەنێن!


ئەمڕۆ کە دەبینم تا دێ هەڕەشەی دەسەڵات لە هەرێمی باشووری کوردستان بۆ کپ و خامۆشکردنی دەنگی ئازاد و جیاواز، زەق و زەقترتردەردەکەوێ، ئەم قسەیەی سەرەوەم لا دەبێتە ڕاستییەکی بەرجەستە! بۆیە نابێ خەمسارد لەم پرسە گرنگە ژیارییە ڕامێنین، وەک تەماشاچییەکی ڕاگوزەر سەرپێیی و بێباک بەلایدا تێپەڕین!


ئەگەر تا ئەمڕۆ بەهانەیەک هەبووبێ بۆ تەنگ پێهەڵچنینی دەنگە جیاوازە، رەخنەگرەکان لە لایەن دەسەڵات، ئەوا ئەمڕۆ ئیتر هیچ پاساوێک نەماوە بۆ پراکتیزەکردنی هەڕەشە و تۆقاندن و ڕاوە دوونانی ئەم دەنگانە، ئیتر نە ترسی دیکتاتۆر ماوە، نە حکومەت و پەلەمان ساوا و مەمک مژە.


کوژرانی ڕۆژنامەڤان سۆرانی مامە حەمە، نووسەر و سیاسی عەبولستار تاهیر شەریف٢ ڕۆژنامەنووس و خوێندەڤان زەردەشت عوسمان و ئاشکرا نەبوونی بکوژانیان. ئابلۆقە و گەمارۆ خستنە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و میدیا ڕەخنەگرەکان، بە شێوەی جیا جیا، تۆمارکردنی داوای یاسایی پڕوپوچی بێ مانا لە سەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاکانی دەرەوەی دەسەڵات، شوێن پێ هەڵگرتن و زانیاری کۆکردنەوە لە ڕێگای دام و دەزگا نهێنیەکانی پاراستن و زانیاری لە سەریان، ڕێگیری لە بڵاوکردنەوە و چاپکردنی زانیاری لە سەر پێشێلکارییەکان، پرسی ئازادی دەربڕین، ئازادی ژیان، ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی و گش ئازادیەکانی تر و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە ژێر سایەی سیستێمی دەسەڵات و دام و دەزگاکانی دەخاتە ژێر پرسیار!!


هاوکات دەرکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری، یاسایی مافی خۆپێشاندان و چەندان یاسای تر بۆ پاراستنی ستەمی دەسەڵات و سنووردارکردنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.


چاندن و پڕکردنەوەی هەموو کون و قوژبنێکی ئەم بستۆکە ئازادەی نیشتیمان بە ئەندام و لایەنگرانی خۆیان لە تەواوی دام و دەزگاکانی دەوڵەت، بەدادگا و دامەزراوە بە ناو سڤیل و شارستانییەکانیشەوە، دانانی پێشمەرجی دامەزران و مانەوە لە سەرکار و گرێدانەوەی بە دڵسۆزی و لایەنگری لە یەکێ لە پارتەکانی دەسەڵات بۆ مسۆگەری لوقمەی نان و کونجی حەوانەوە و ژیانکردن. قۆرخکردنی هەموو پانتاییەکی جموجۆڵی سیاسی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی ژیاری بۆ خۆیان و لایەنگیرانی سیاسەتی خۆیان. هەر بۆ وەبیر هێنانەوە گرتن، فڕاندن، بێسەر و شونکردنی د.کەمالی سەید قادر دواتر ترساندن و لێدانی، کە تا ئێستاش لەژێر هەڕەشە و ترس ژیان بە سەر دەبا. لە بەرامبەردا داڵدە دان و چاوپۆشی لە کەیسی تاوانبارانی وەک خەزرەجی، وەفیق سامەڕایی، قاسمە کوێر و دەیان و سەدان فایلدار! شاردنەوەیان لە دەستی دادگا، درۆکردن لە جیاتیان، پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان، گومانی هەبوونی دەستی ئەستووری دەسەڵاتی مافیایا لە ناو دەسەڵات زۆر بەهێز دەکا.


دابەش بوون و فرە بوونی قڵشتی جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، دوەڵەمەند بوونی خەیاڵی چینێکی مشەخۆر لە ژێر سێبەری فێنکی دەسەڵات و هەژار بوونی خەیاڵی چینێکی تری کۆمەڵگا لەدەرەوەی ئەم سێبەرە، پرسی ئازادی ڕا دەربڕین و ترسی دروست بوونی دیکتاتۆری دەخا سەر مێزی گفتووگۆ.
_____________________________________________________
١.ئەم کتێبە بە زمانی عەرەبی بوو( شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلانی ئەفریقا) ناوی نووسەر،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەیم لە بیر نەماوە.
٢.تا ئێستا بکوژان نادیار و نەناسراون، ڕاگەیەندراون لە لایەن دەزگاکانی پۆلیس و دادگای دەسەڵات.


٦\٢\٢٠١١ - ئوپسالای سوید

ماڵپه‌ڕی که‌ریم سه‌رکه‌ش