١٩\٦\٢٠١٢
پرسی ئازادیی و
ترسی پەیدابوونی دیکتاتۆرێکی تر!

سەرکەش
چەندە مایەی بەختەوری و شاگەشکە بوونە! مرۆ گوێی لە دەنگی ڕق
ئەستوورانەی سەرۆک و ڕێبەرانی نیشتیمانەکەی بێ لە هەمبەر هەڕەشەی
دەرکەوتن و سەرهاڵدانی ئەگەرەکانی دیکتاتۆرێکی تر. چەندەش جێی شانازی
پێوەکردنە! کە بە چاوی خۆت ببینی ئەو سەرۆک و ڕێبەرانە هەوڵ و
تەققەللای چڕو پڕدەدەن بۆ ئەوەی مەترسی سەرهەڵدانەوەی کارەساتە پڕ
تراژیدیە مرۆییەکان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتدارەتی دیکتاتۆرانە لە زێد و
نیشتیمان دوورخەنەوە.
بەڵام زۆر لە مانە و لە هەموو ئەمانەش پتر جێ ئومێد دەبوو ئەگەر سەرۆک
و ڕێبەرانی ئێمە، خۆیان لە پرۆسەیەکی دیموکراسی، لە دەنگدانێکی ئازاد و
دوور لە دەست تێوەردانی حزب، دوور لە هەڕەشە و گوڕەشەی چەکدارانەی حزب،
دوور لە گەندەڵکاری حزب هاتبانە سەر کورسی دەسەڵات! لەمانەش هیوا
بەخشتر، ئەگەر خۆی لە خۆیدا ئەم سەرۆک و ڕێبەرانە بەکردەوە بڕوایان بە
سەرەتاگە و بنەما ژیارییەکانی دیموکراسی هەبوایە، هەر چوار ساڵ جارێک
وەک پراکتیزەکردنی داب و نەریتی دیموکراسی ڕاستەقینە(١)
ئامادەی ئاڵوگۆڕ و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بوان! ئەگەر
ئەوەندە لێبووردە و دڵاوا بوان ڕێ بە ڕکابەرەکانیان بدەن ئەگەر هەر بۆ
تاقە جارێک لە جاران بوایە لە گەمەی دەنگدان براوە بن، ئەگەر بۆ هەمیشە
کورسی و پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتیان تەنێ بۆ خۆ و بۆ خزم و کەسە هەرە
نزیکەکانی بنەماڵەکانیان پاوان نەکردابا! ئەگەر هەمیشە و بۆ تا هەتایە
بە هەر نرخێک بووبێ هەر خۆیان بە دەست هینەری زۆربەی دەنگەکان نەبووان،
ئەگەر تا هەتا و تا دوا هەناسەی ژیان هەر خۆیان بە سەرۆک و ڕێبەری
سەرتاو دیماهی نەبینیبوایە!
هەموو کەسیکی بەئاگا لەوە بە ئاگایە، کە بارزانی هەر لەو ڕۆژەوە کە
بارزانی باوک و دواتر بارزانی برا لە ژیاندا نەماون، ئۆتۆماتیکی وەک لە
سیستێمی پاشایەتی و شاهانە پەیڕەو دەکرێ بووە بە سەرۆکی حیزب، هەر
لەوساوە بۆ چاوتروکانیک ئەم کورسی و پۆستەی چۆلنەکردووە بۆ هیچ یەکێک
لە ئەندامانی حزبەکەی، لەوەتەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستانی
بەرکەوتووە، بە ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی لەگەڵ تاڵەبانی، ئەم پۆستەش
بەکەس ڕەوا نەبینێ!
تالەبانیش بە گوتەی خۆیی و بە پێی بەڵگە مێژووییەکانی ینک (هەردوای
هەرس و ئاشباتاڵ و چۆلکردنی گۆڕەپانی خەباتی چەکدارانە لەلایەن بارزانی
و بنەماڵەکەی) ١٩٧٥/١٩٧٦کە بۆتە سکرتێری گشتی ینک و کەسی پلە یەک لەم
نیمچە بەرەیەی ئەوێ ڕۆژێ، هاوشێوەی بارزانی(٢)
ئەمیش ئەم کورسی و پۆستەی بۆ کەس چۆلنەکردووە، هیچ کۆنفرانس و کۆنگرە و
گۆڕانکارییەکی ناو ینک نەیتوانیوە، نەیوێراوە خۆی لە قەرەی دەسکاری ئەم
پۆستە بدا، هەر لەو ڕۆژەوەش کە بۆتە سەرۆک کۆماری عێراق هەوڵدەدا ئەم
پۆستە بەهەر نرخێک بێ، بە جێ نەهێلێ، ئامادەی هەموو سازش و ڕێککەوتنێکە
لەگەڵ هەموو لایەک بە دۆست و دووژمنەوە بە تەنێ بۆ ئەوەی ئەم کورسی و
پۆستە گرنگە لە دەست نەدا!
ئالێرەدا نائومێدی، خەفەتخانی بەرۆکی هەر تاکێک لە کۆمەڵگای مە دەگرێ
کە دەبینین، کە دەبیسین ئەم سەرۆک و ڕێبەرانە ڕەخنە دەگرن ململانە
دەکەن بەڵام چاوێک بە درێژایی و پانایی خۆیان ناخشێنن، ڕامانێک،
دیقەتدانێک لە خۆناکەن، سوکە ڕەخنە و ڕەخنەگرتنێک بە خۆ ڕەوا نابینن،
خۆ لە دەرەوە و لە سەرەوەی ئەم پرسە چارەنووس سازە، ئەم ترسە زەندەق
بەرە دادەنێن، بە هەمان ڕبە بۆ خۆ نا پێون!! ئامادەنین وەک پێشینان
گوتوویانە دەرزی بکەن بە خۆیان و ئینجا سوژن و درێشە بکەن بە خەڵکا!
ئەگەر سەنج دەین ئەمە چەند هەفتەیەکە دام و دەزگاکانی حزبی دەسەڵاتدار
لە باشووری کوردستان، یەکجار بە تاو و گوڕ لە گژ ئەم بابەتە گرنگە، ئەم
پرسە ژیارییە ڕاچووە، لێ مخابن بە ئاراستەکی ئاراستەکراو، یەکلایەنە،
بێ ئاوڕدانەوە بۆ دواوە، بێ دیتنی ڕاست و چەپ، سەر و خوار، وەک ئەوەی
ئەم ڕەخنە و ڕەخنەکارییە سەرۆک و ڕێبەرانی کورد نەگرێتەوە، ئەمانی لێ
بە دەربن!
بەڵام هەر بە سووکە پێکگرتنێکی هەڕەمەییانەی تەمەنی دیکتاتۆریەتی نوری
مالیکی و حکومەت و دەسەڵاتە دیکتاتۆرانەکەی بە هەموو گەندەڵی،
پاشەڵپیسی، تاوان و پێشێلکارییەکانی لەگەڵ تەمەنی پاوانکردنی دەسەڵات
لە لایەن سەرۆک و ڕێبەرانی ئێمە هێشتا ئاسمان و ڕێسمانیەتی!
ئەمەی گرنگە هەموومان درکی کەین ئەوەی ناکرێ چاوی لە ئاست بنوقێنین
ئەمەیە کە بانگەشەی دیموکراسی نابێ تەنێ لە پڕوپاگەندەی سیاسی
میدیاکانی حیزب قەتیس کرێ! بەڵکە دەبێ قووڵکرێتەوە بۆ ناخی کۆمەڵگا،
سەرۆک و ڕێبەرانی ئێمە ناچارکا بە کردەوە پراکتیزەی بکەن!
دەبێ خەڵکی مە، مینا خەڵقێ دنێ فێری ڕەخنەی ڕاستەقینە بن، پڕ گرنگە
ڕەخنە لە خۆمان و لە کۆمەڵگاکەمان، لە سیستێمی دەسەڵات، لە
بیرۆکراتیەتی حزب، لە دەسەڵاتی حزب، دەسەڵاتی ئاین و مەزهەبەکان،
سیستێمی پەروەردە بگرین، بەڵام ڕەخنەیەک لە ئەلف تا یێی دیکتاتۆری
بداتە دواوە!
گرنگە خەڵکی ئێمە ڕابێ و ڕاپەڕێ، داوای ماف و ئازادییەکانی، داوای
ڕیفۆرم، داوای دیماهی هاتنی گەندەڵی، نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ملهوڕی
دەسەڵات، داوای ژیانیێکی شایستەی مرۆکا!
زۆر پێویستە گەلی کوردستان لە هەموو پارچەکان بەتایبەت لە باشووری
کوردستان ستەم و زۆرداری حکومەتی پۆلیسی بداتە دواوە، حکومەتی پۆلیسی
لە هەر بەرگ و بە هەر زمانێک بدوێ.
ئەم تێبیینیانەی ئیرە بە هۆکاری ئەم ڕەخنە و ڕەخنەکارییەی ئەم چەند
هەفتەیەی میدیاکانی حزبی دەسەڵاتدار هاتە بەر، ئەم تێبیینیانە بە هیچ
جۆرێک پاسا و ڕەوایی نادا بە دیکتاتۆریەتی نوری مالیکی و حکومەت و
دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکەی، ئەم تێبیینیانە بە هیچ ئاوایەک بەرگری لە
دیکتاتۆریەتی نوری مالیکی و حکومەت و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی ئەو ناکا!
با بەهەڵە لەیەکتر نەگەین!
_________________________________________________________________
١. لە
زۆربەی ووڵاتانی دیموکراسی هەرچوارساڵ جارێک دەنگدان، هەڵبژاردن دەکرێ،
دوای ئاشکرا بوونی دەنگەکان پیرۆزبایی لە پارت و سەرۆکی براوەی خولی
نوێ دەکرێ، حکومەتی کۆن هەڵدەوەشێتەوە، حکومەتی نوێ دێتە سەرکار، زۆر
دەگمەن وا ڕێ دەکەوێ لە چەند خولێکی هەڵبژاردن، هەمان پارت، هەمان
سەرۆک لەسەرکار بمێنێ، زۆرجار ئەگەر هەمان پارت براوە بێ ئەوا کاندیدی
سەرۆکایەتی کەمتر هەمان سەرۆکی پێشوو دەبێ.
٢. بە پێی
گەڕانەوە بۆئەو دیکۆمینتانەی لەڕۆژگاری سەرەتایی پێکهاتنی ینک
بڵاوکراونەتەوە، هۆکاری درووست بوونی ینک دەگەڕێنرایەوە بۆ سەر ڕەخنە و
دانە دواوەی بارزانی و بنەماڵەی بارزانی، بۆیە دەبوو هەرگیزینک و
سکرتیری گشتیەکەی پراکتیزەی ئەو داب و نەریت و پڕنسیپانەی نەکردبا کە
تەواوی ڕەخەکانی خۆی تیا چڕدەکردەوە.
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|