په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٠

پرسی جینۆسایدی کورد لە بەرنامەی هەڵبژاردنی لایەنەکاندا.


عەلی مەحمود محەمەد

لە بەرنامەکانیاندا گرنگی پێ نادەن،پاڵێوراوانیش بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵکی نەگبەتی قوربانی درۆ ڕیزە کەن.
کاتێک کار کردن بۆ پرسی جینۆساید دەبێتە ریکلام بۆ دەنگ کۆکردنەوە ،هیچ بەهایەکی نامێنێت و دەبێتە بەشێک لە بازرگانی.

لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر داوای چاودێری کوردۆساید (ناوەندی چاک) لە هەردوو مەملەکەتی نەرویج و سوئید و لە کۆماری سویسراش لەسەر داوای دۆستانمان 3 پارتی سیاسی ئەوروپی ،پرسی جینۆسایدی کوردیان خستە بەرنامەی پارتەکەیانەوە،لە شانشینی هۆڵەنداش نامەی تایبەتی بۆ سەرجەم پارلەمانتاران و فراکسیۆنەکانی پارلەمان نێردراوە،دەتوانم بڵێم ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو پرسە لە ئاستی جیهانی.


ئەوەی بەلامەوە سەیرە و سەرنجی دەدەمێ،پاڵێوراوانی پارلەمان لەسەرجەم لیستەکان،وەک تاک ، سەرجەمیان بە گینۆساید ناساندنی تاوانەکان دەرهەق بە خەڵکی کوردستان دەچنە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە،لە ناو پاڵێوراوەکانیش چەند کاندیدێک هەیە لەو بوارەدا کاری باشیان ئەنجام داوە لە ناویان "شۆڕِش حاجی،مارف عومەر گوڵ،سەلاح مەزن،بەکر حەمە سدیق،سەردار عەبدوڵا..."و هەندێکی دیکە وەک چێنەر جۆڵا هۆشیاریان لەو ئاستەیا هەیە کە بزانن ئەم پرسە هەستیار و گرنگەو بایی ئەوە دێنێت بخرێتە ناو بەرنامەی هەڵبژاردنەوە"مزایەدە لەسەر هەموو شتێک دەکرێت،با لەمەشدا بکرابایە"،وەلێ کە سەیری بەرنامەی خودی لایەنەکانم کرد، بزانم چۆن لەو پرسە سیاسی و یاساییە گرنگەیان ڕوانیوە،کە بینیم بۆم دەرکەوت کە دەڵێی بەرنامەی هەڵبژاردنیان بۆ واقعی کوردستان و کارکردن بۆ پرسی گەلێکی جنۆساید کراو دانەڕشتووە،بە گشتی هیچ گرنگییەکان بەو پرسە چارەنووس سازە یاسایی و سیاسییە نەتوەیییە نەداوە،من لێرەدا بەرنامەی 4 لیستی گرنگی کوردیم بە نموونە هێناوەتەوە.


لە هەموو بەرنامەی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بەو ئەزمونەوە کە 7 ساڵە لە پارلەمانی ئێراقی هەیانە ،تەنها لە بەشی بواری ژینگە لە خاڵی 2دا چەند وشەیەک هاتووە، دەتوانین بە بەشێک لە پرسەکە دیاری بکەین "پاککردنەوەی عێراق لە مین و ئاسەوارەکانی چەکی کیمیاوی و بایۆلۆجی....."دیارە ئەمەش ناچێتە بواری کارکردن لەسەر پرسی گینۆساید و کارکردن بۆ پەیوەست بوونی ئێراق بەو پەیماننامە جیهانیانەی کە زامنن لە داهاتوودا گەلەکەمان گینۆساید نەکرێتەوەو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ بەرامبەرمان پیادە نەکرێت.وەک خۆیان ڕیز بەندیان کردووە دەچێتە بواری کارکردن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی خاوێن لە کوردستان.


هەرچی لیستی گۆڕانە لە برگەیەکی بەرنامەکەیدا هاتووە:4بژاردنه‌وه‌ی ئابوری ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ر تاوانه‌کانی کۆمه‌ڵکوژی که‌وتن و، سه‌رله‌نوێ دروستکردنه‌وه‌یان به‌ شێوه‌یه‌کی هاوچه‌رخانه‌. ".


لیستی گۆڕانیش وەک لستی کوردستانی گرنگی بەم پرسە نەداوە،تەنها لە بڕگەیەکی بەرنامەکەیدا لایەنێکی پەیوەست بەم کەیسەوە هاتووە،سەرەتا دەستەواژەی کۆمەڵکوژی دەستەواژەیەکی ناڕونە لە فەرهەنگی گینۆسایدا،چونکە دەتوانرێت لە هەمبەر دوو وشەی عەرەبی"الابادە الجماعیە و القتل الجماعی "دابندرێت،بۆیە باشتر بوو ڕونتر ئاماژەی پێ بدرایا .


هاوکات چۆن وەک ئاماژەمان پێیدا لە بەرنامەی هاوپەیمانی کوردستاندا،قەرەبووکردنەوە تەنها لایەنێکی پرسەکەیە نەک هەموو،هەروەسا ئەم لایەنە لەبەر ئەوەی تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان ئەوا پێویست بوو ڕونتر ئاماژەی پێ بدرێت،بە تایبەتیش ئایا ئەو قەرەبوووکردنەوەیە دەسەڵات وەری بگرێت یان قوربانیان؟.


لە بەرنامەی لیستی گۆڕانیشدا هیچ ئاماژەیەک بۆ پرسی گینۆسایدی کورد و کارکردن بۆی و ناساندنی لە ئاستی ئێراقی و هەرێمی و جیهانی ئاماژە و گرنگی پێ نەدراوە و هەڵوێستەی لەسەر نەکراوە.


هەرچی بەرنامەی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە،ئەوا سەرمان لە شیکردنەوەی هەڵوێستی ئەم لایەنە سەبارەت بەم پرسە گرنگەی کورد زۆر سووکەو هیچ ئاماژەیەکی پێ نەدراوە لە بەرنامەی ئەم لایەنە،تەنانەت وەک کوردستانی و گۆڕان ئاماژە بەو پرسانەش نەدراوە کە نزیکن لێوەی.


هەرچی بەرنامەی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە بەم شێوەیە باسی ئەو پرسە لە بەرنامەی هەڵبژاردنی ئەم قەوارەیەدا هاتووە: 9کارکردن بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیان لێکه‌وتوانى کرداره‌کانى جینۆسایید ( که‌ به‌ ئه‌نفال ناونراون ) و کیمیا باران و راگواستانى زۆره‌ ملێ له‌ شار و گونده‌کان له‌ کوردستان هه‌روه‌ها قوربانیانى کرداره‌ جه‌نگیه‌کانى هێزه‌ فره‌نه‌ته‌وه‌کان و قوربانیانى تیرۆر له‌ عێراق دا .


لە برگەی تایبەت بە پرسی قەرەبووکردنەوە، دەستەواژەی گینۆساید ڕاشکاوانە ناوی هاتووە،وەلێ ئەم بەکار هێنانەش تژییە لە کەماسی لە لایەکەوە لە بری دەستەواژەی ئەنفال وەک لە ناو کەوانەکە دەیبینین بەکار هاتووە،کە ئەو دەستەواژەیە "ئەنفال" لە زووەکەوە برا ئیسلامیەکان کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان لە زمانی کوردیدا بەرامبەر بەو پرۆسە گەلکوژییە بەکار نەهێنرێت.


پاشان ئەم قەربووکردنەوەیە دەبەستنەوە بە قەرەبووکردنەوەی ئەو کردارە جەنگییەی بەرامبەر بە خۆیان ئەنجامدرا،دیارە ئەمەش مافی ڕەوای خۆیانە خواستاری بن وە پێویستە هەموو کۆمەڵگەی کوردیش پشتیوانیان بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان ،وەلێ نەک لەناو خواستە گشتییەکانی کەسوکاری قوربانیانی گینۆساید و کیمیاباراندا بیشارنەوەو لەوێوە ڕەوایەتی زیاتری پێ بدرێت. دەبوایە ئەم دوو خواستە لە دوو بڕگەی جیادا بخرانایاتە ڕووە.
ئەمەی لەسەرەوە ئاماژەم پێی دا،پرسی گینۆساید بوو لە بەرنامەی لایەن و قەوارە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق،کە هیچ دورنمایەکی تێدا نییە بۆ کارکردن بۆ ئەو پرسە و بە دادگایی گەیاندنی تاوانباران و کارکردن بۆ پەیوەست کردنی ئێراق بەپەیمانامە نێو دەوڵەتییەکان بەتایبەت پەیماننامەی ڕۆماو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوە.