په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠١٣

پرسی ئەلفوبێ لە ھەر دوو کۆنفرانسی زمانی کوردی.


سوداد ڕەسول       

''سەرھەڵدان و نەمانی ئەلفوبێ ھۆیەکەی زیاتر سیاسی و کولتورییە تا زمانەوانی'' (ئەندرو رۆبینسن)١.


ئەلفوبێ لە زمانی ھەر نەتەوەیەکدا بۆی ھەیە فاکتەری یەکگرتن بێت و لە ھەمان کاتدا فاکتەری دابڕان و جودابوونەوەش بێت. ھیچ گومان لەوەدا نیە کە یەکخستنی ئەلفوبێ بۆ زمانی کوردی ھەنگاوێکی گرنگ دەبێ بۆ نزیکبوونەوەی لەھجەکانی کوردی لەیەک، کە ئەمەش لەھەمان کاتدا زەمینە خۆش دەکا بۆ دروستبوونی زمانێکی ستانداردی یەکگرتووی کوردی. نووسین بە دوو ئەلفوبێی جیاواز بۆ زمانی نەتەوەیەک، جیاوازییەکانی زمانیی زیاتر دەکات و ئەندامەکانی نەتەوەش زیاتر لەیەک دادەبڕێ.‌ بە بێ ئەلفوبێیەکی یەکگرتووش ھەرگیز ناکرێ باس لە زمانێکی یەکگرتووی کوردی بۆ سەرانسەری کوردستان بکرێ.


سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەلفوبێی لاتینی لە رۆژھەڵات، لە سەرەتادا بە تەئسیری مسیۆنێران و رۆژھەڵاتناسان و ھێزە کۆلۆنیالییەکانەوە بووە، دواتر لەلایەن چینە ڕۆشنبیرە نوێگەرەکەی ئەم وڵاتانەوە لە ژێر بیانوی جۆراوجۆر ڕەوتی ئەم بە لاتینیکردنە درێژەی پێدراوە. کەم زمان ھەیە لە دنیادا لە ئاسیا و لە ئەفەریقیا لە سەدەی ڕابردوو، ھەوڵی بە لاتینیکردنی بۆ نەدرا بێت، تەنانەت زمانی عەرەبیش لەم ھەوڵی بە لاتینیکردنە ڕزگاری نەبووە.
٢‌ ئەم ھەوڵانە ھەتا ئێستاش ھەر بەردەوامە، ئەمڕۆش بە ھۆی ھەیمەنەی کولتوری رۆژئاوایی بەسەر جیھاندا و بە ھۆی دەستگرتنیان بە سەر میدیای جیھانی و تەکنەلۆجیای پەیوەندیکردن، وێڕای پێشکەوتنیان لە بواری ئابوری و پیشەسازی و سیاسییەوە، ئەلفوبێی لاتینی رۆژئاوایی بە ڕوواڵەت بووە بە ئەلفوبێی کاریزما و ڕەمزی پێشکەوتن و بەمۆدێرن بوون و بەرۆژئاوایی بوون.‌ تەوژمی بە لاتینیکردن لە جیھاندا ئەوەندە بە ھێز و خۆسەپێنە، زۆر کەم دەرفەتی مشتومڕ و لێکۆڵینەوە دەڕەخسێنێ بۆ رەتکردنەوەی، بۆیە ئەستەمە مەسەلەی گۆڕینی ئەلفوبێ لە ڕوانگەیەکی زانستی و ئەکادیمییەوە، دوور لە ئەجێندای سیاسی و کولتورییەوە تاوتوێ بکرێ.


لە چەند مانگی ڕابردوو دوو کۆنفرانسی زمانی کوردی گیراوە یەکەمیان لە ڕێکەوتی ٢٢ ئەیلولی ٢٠١١ لە شاری ھەولێر و ئەوەی دواییان لە ڕێکەوتی ٢ ئادار ٢٠١٢ لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان. ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە لە ھەردوو کۆنفرانسەکە، داوای ئەوە دەکرێ لە باشوری ‌کوردستان لە پاڵ ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی، ئەلفوبێی کوردی بە پیتی لاتینیش لە ھەموو شوێنێک بەکار بێ، بەڵام ھەمان ئەو داوایە بۆ کوردەکانی باکوری کوردستان ناکا کە لەپاڵ ئەلفوبێی کوردی بە پیتی لاتینی، ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبیش لە ھەموو شوێنێک بە کار بێنن. ئایا چ پاساوێک ھەیە بۆ بەکارھێنانی ئەلفوبێی لاتینی لە باشوری کوردستان؟ ئەم دوو کۆنفرانسانەی دوایی زمانی کوردی چ بەرنامەیەکیان بۆ ئەلفوبێی کوردی لە ھەگبە ‌دایە؟‌


لەم باسەدا ھەوڵ دەدەین بایەخی ئەلفوبێی کوردی بۆ زمان و فەرھەنگی کوردی ڕوون بکەینەوە، سەرەڕای شیکردنەوەی تێڕوانین و ئامانجی کۆنفرانس بۆ مەسەلەی ئەلفوبێ. سەرنجێکی ئەزمونی گۆڕینی ئەلفوبێ لە ئاسیای ناوەڕاست دەدەین، ڕوونی دەکەینەوە کە چۆن کورد دەتوانێ سوود لە ئەزمونی گۆڕینی ئەلفوبێی زمانەکانی ئەو ناوچەیە وەرگرێ، ھەروەھا بۆ ھەڵومەرجی ئەمڕۆی زمانی کوردی کامە ئەلفوبێ پێویستە.


بایەخی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی.


لای ھەموو شارەزایەکی زمانی کوردی ئاشکرایە کە ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی تا ئێستا گونجاوترین ئەلفوبێیە بۆ زمانی کوردی. ئەگەر بەراورد بکرێ لەگەڵ ئەلفوبێکانی دی کەمترین کێشەی بۆ دەنگەکانی زمانی کوردی ھەیە، کە بۆ ھەر فۆنیمێک پیتێک ھەیە، کەچی لە ئەلفوبێی لاتینی حەوت فۆنیمی زمانی کوردی کە ئەمانەن: (ئ، ح، ع، غ، ڵ، ڕ، وێ) ھیچ پیتێکیان بۆ دا نەنراوە،
٣ ھەندێکیان بە بیانوی ئەوە لە زمانی کوردی وەدەرنراون کە گوایە دەنگی کوردی نین، بە ئەسڵ عەرەبین بە تایبەت پیتی (ح،ع). ئەم جۆرە ئیدیعایە نە لەگەڵ واقیعی زمانی کوردی دەگونجێت کە لە ئەدەبی کلاسیکی کوردی و زمانی ئەمڕۆی کوردی ئەم دەنگانە بوونی ھەیە، نە ڕاستییە زمانەوانییەکانیش ئەم ڕەتکردنەوەیە قبوڵ دەکەن.


ھیچ گومان لەوەشدا نیە کە ئەم ئەلفوبێ کوردییە بێ کەموکوڕی نیە، بەڵام کەموکوڕییەکانی دەکرێ چارەسەر بکرێ، دەکرێ زیاتر ھەموار بکرێ و پوختەتر بێ بۆ زمانەکە.‌ لە ماوەی سەدەی ڕابردوو ڕێنووسی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ دەنگەکانی زمانی کوردی ھەوڵی گونجاندنی دراوە، بە تایبەت کە لە ژێر و بۆری ڕێنووسی عەرەبی خۆی ڕزگار کردووە، بەمەش زۆربەی گیروگرفتەکانی ڕێنووسیی چارەسەر کراوە. زۆربەی زمانان لە دنیا لەگەڵ ئەلفوبێکەیان کێشەیان ھەیە، تەنانەت زمانی عەرەبیش لەگەڵ ئەلفوبێکەی کۆمەڵێک کێشەی ھەیە،‌ ‌زمانی فارسیش کێشەی لەگەڵ ئەلفوبێەکەی بە بەراورد لەگەڵ زمانی کوردی یەکجار زۆرترە، کەچی نە عەرەبەکان و نە فارسەکان مەسەلەی گۆڕینی ئەلفوبێ بە ھیچ شێوەیەک لە بەرنامەی وڵاتەکانیاندا نیە.
٤ ‌ ‌


ھەر ئەم ئەلفوبێیە کوردییە لە ھەموو ئەلفوبێکانی دی، چ لە سەردەمی کۆن و چ لە ‌سەردەمی نوێدا، زیاتر خزمەتی زمان و ئەدەب و مێژووی کوردی کردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە زۆرترین کتێب و چاپکراوی کوردی ھەتاوەکو ئەمڕۆ ھەر بەم ئەلفوبێیەیە. تا ئێستا بە ڕێژەیەکی زۆر نزیکەی لە ٩٠٪ کتێب بەزمانی کوردی بەم ئەلفوبێیە لە چاپ دراوە.


ئەم ئەلفوبێیە بایەخێکی یەکجار زۆری ھەیە بۆ نووسینەوە و خوێندنەوەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی. زۆر وشەی عەرەبی کە لە شیعری شاعیرانی وەک ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیران و مەلای جزیری و نالی و سالم و کوردی،.. ھتد ھەیە ئەگەر بە پیتەکانی لاتینی بنووسرێنەوە، شیعرەکان مانای تەواوی خۆیان نابەخشن، لە ھەمان کاتدا لە ڕووی جوانناسی و ڕەوانبێژییەوەش بایەخە ئەدەبییەکەی ون دەبێت.


ئەم پیتانەی ئەلفوبێی عەرەبی( ث، ط، ص، ض، ظ، ذ، ع، غ) لە ئەلفوبێی لاتینیدا نییە. بەم پێیە ئەگەر پیتی (ث، ص) بە (سs) و پیتی (ذ، ض، ظ) بە (زz) یانیش پیتی (ض) بە (د d) و پیتی (ط) بە (ت t)، بنووسرێن، لە ھەندێک شوێن لەگەڵ وشەی دیکەی عەرەبی تێکەڵ دەبن، بۆ نمونە ئەگەر (ضەلال) کە وشەیەکی عەرەبییە مانای (گومڕایی) دەدا، ئەگەر بە پیتی لاتینی بنووسرێتەوە، تەنھا دوو ئیحتیمال ھەڵدەگرێ:‌ delal دەلال واتە ناز یان zelal زەلال واتە ئاوی ڕوون و خۆش. وەک لەم دوو بەیتەی خوارەوە لە مەم و زینی ئەحمەدی خانی کە بە ھەردوو ئەلفوبێ نیشان دراوە، دەکرێ ھەست بە جیاوازییەکەی بکرێ:


لەم بەیتە بە مانای زەلال ھاتووە:


لەب تەشنە طەلەب دکن زەلالێ
وێ دانە و دامێ، زلف و خالێ
٥

Leb teşne teleb dikin zelal
W dane dam zulf xal


لە بەیتێکی دی بە مانای ضەلال ھاتووە:

ھەرچی تە دڤێ ببێ ضەلالێ
پابەند دکی ب زلف و خالێ

Her te div bib delal
Pabende dik bi zulf xal
٦


لە بەیتی دووەم کە وشەی (ضەلال) ھاتووە، چونکە پیتی (ض) لە لاتینییدا نیە، کە بە لاتینی دەنووسرێتەوە دەبێتە دەلال delal کە مانای دەلالی (ناز) دەدات نەک گومڕایی، بەم شێوەیە مانای بەیتە شیعری دووەم تێک دەچێ. ئەمەش نمونەیەکە لە ھەزاران نمونەی دی کە لە شیعری شاعیرانی کلاسیک بە بەرچاو دەکەوێت. ھەر بۆیە نووسینەوەی ئەم بەرھەمە ئەدەبییانە بە پیتی لاتینی مانای زۆرێک لەم جۆرە شیعرانە لەنگ دەکات. بەم پێیە ئەم گەنجینە ‌دەوڵەمەندەی ئەدەبی کلاسیکی کوردی بە پیتی لاتینی دوچاری شێواندن و ون بوون دەبێت.


ئەم ئەلفوبێیە ئەوە نزیک بە سەدەیەکە خوێندەواری کورد بە زمانی کوردی پەروەردە دەکات. ‌بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە باشوری کوردستان لەمێژە خوێندن لە قوتابخانەکان بە زمانی کوردی بووە، ھەر بۆیە زۆرینەی جیلی خوێندەواری کوردیش ‌بە زمانی کوردی ھەر بەم ئەلفوبێیەیە، ئەمە لە کاتێک لە باکوری کوردستان بە ئەلفوبێی لاتینی نەک ھەر جیلێکی خوێندەواری بە زمانی کوردی پێ پەروەردە نەکراوە، بەڵکو زمانی کوردی ھەر قەدەغە بووە، تەنانەت خوێندن و نووسینیش بە ئەلفوبێ لاتینییەکە زۆر کەم و دەگمەنە، بە ڕادەیەک تەنانەت کتێبی چاپکراوی کوردیش بە لاتینی لە نێو کوردەکانی باکور خوێنەری کەمە. کەواتە گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی ھەنگاوێک دەبێ بەرەو دواوە نەک ھەنگاوێک بۆ زیاتر بڵاوکردنەوەی خوێندەواری بە زمانی کوردی.


ئەگەر لە ڕوانگەی ناسنامەی فەرھەنگی رۆژھەڵاتییەوەش سەیری ئەم ئەلفوبێیە بکرێ، دوبارە بایەخی ئەم ئەلفوبێیە بۆ کورد زیاتر بە دەردەکەوێت.‌ نەتەوەی کورد وەک پێکھێنەرێکی گرنگی کولتوری رۆژھەڵات و ئیسلام، لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە وەک عەرەب و فارس و ئازەری و بەلوچ و تاجیک و پەشتۆن ... ھتد ھاوئایین و ھاوفەرھەنگن، پێکەوەش خاوەن ئەلفوبێیەکی ھاوبەشن، مانەوەی کورد لەسەر ئەم ئەلفوبێیە ئەم پەیوەندییە کولتورییەی کورد لەگەڵ ئەو نەتەوانە بە ھێز دەکات، بەڵام گۆڕینی بۆ لاتینی زیان بە ناسنامەی رۆژھەڵاتیی کوردی دەگەیەنێ، بەلاتینیکردنیش ھەرگیز نامانکات بە ئەوروپی، چونکە ئێمە ھیچ پەیوەندییەکی کولتورییمان لەگەڵ ئەو‌روپا نیە.‌


وەک دەبینین ئەم ئەلفوبێیە بایەخێکی یەکجار زۆری ھەیە بۆ کورد، بە ڕادەیەک تێکەڵ بە زمان و ئەدەب و فەرھەنگ و مێژووی کورد بووە،‌ بووە بە بەشێکی گرنگ و جیانەکراوەی ناسنامەی فەرھەنگیی کورد، بە گۆڕینی گورزێکی کوشندە بەر ئەو ناسنامەیە دەکەوێ.


لە ئاست ئەم ڕاستییانەی بایەخی ئەلفوبێی کوردی، لەجیاتی ئەوەی کۆنفرانسی زمانی کوردی زیاتر پێداگری لەسەر ئەم ئەلفوبێیە گرنگە بکاتەوە، برەوی پێ بدا بۆ کورد و زیاتر ھەوڵی چەسپاندنی بدات، کەچی لە ھەردوو کۆنفرانسی دوایی ھەوڵی پەڕاوێزخستنی دەدات یان ڕاستتر بڵێین لە ئاست ئەلفوبێی لاتینی زۆر بێبایەخ سەیری دەکات.

تێڕوانینی کۆنفرانسی زمانی کوردی بۆ ئەلفوبێی کوردی.


ئەگەر لە بۆچوونێکی زانستی و ئەکادیمییەوە سەرنجی بۆچوونەکانی کۆنفرانس بدرێ بۆ بایەخدانی بە ئەلفوبێی لاتینی، دەکرێ لە زۆر ڕووەوە بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەندامانی کۆنفرانس لە ڕووی بایەخی زمانەوانی و فەرھەنگییەوە سەیری ئەلفوبێ ناکەن، بەڵکو بە فاکتەری سیاسی، بە تەئسیری خۆشەویستی ئەلفوبێی لاتینی و لاواندنەوەیەکی رۆمانسیانەی کوردەکانی باکور، لە باشوری کوردستان ھەوڵی چەسپاندنی دەدەن. ئەگەر لە رووی بایەخی زمانەوە بێت ئەوا دەبوایە کۆنفرانس بە پێچەوانەوە بڕیاری ئەوە دەر بکات کە ئەلفوبێی کوردی بەپیتی عەرەبی لە کوردستانی باکور فێری کورد بکرێ و لە ھەموو بوارێکیش لە پاڵ ئەلفوبێی لاتینی بەکار بێ، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە باشوری کوردستان نزیک ببنەوە.


ئەگەر مەبەستی کۆنفرانس لە برەودان بە ئەلفوبێی لاتینی لە باشور بۆ ئەوە بێ کە کوردەکانی باکور لە گەنجینەی فەرھەنگی باشوری کوردستان ئاگادار بن، ئەوا دیارە کۆنفرانس ئەو ڕاستییە ھەڵدەگێڕێتەوە کە دەبێ ئەو لایەنە ئەو ئەلفوبێیە فێر بێ کە بایەخی فەرھەنگیی ھەیە، کە ئەمەش ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی دەگرێتەوە نەک لاتینییەکە، یان ھەر ھیچ نەبێ دەبوایە داوای ئەوەی بکردایە کە ھەردوو لا وەک یەک ھەردوو ئەلفوبێ فێر بن، بەڵام سەپاندنی ئەلفوبێی لاتینی تەنھا بەسەر کوردستانی باشور و فەرامۆشکردنی ئەوەی دی بۆ کوردستانی باکور، ئەمە ئەوە نیشان دەدا کە ئەوان بە تەنگ زمانی کوردی و پێشخستنی نین، بەڵکو تەنھا لە خەمی ئەوەدان کە پاشەڕۆژ بدەن بە ئەلفوبێی لاتینی، ھەروەھا لە خەمی ئەوەشدا نین کە کوردەکانی باکور لەم گەنجینە دەوڵەمەندەی زمانی کوردی لە باشور ئاگادار بن.


ئەگەر بەھانەی کۆنفرانس ئەوە بێت کە کوردەکانی باکور بۆیان سەختە ئەلفوبێی کوردی بە پیتی عەرەبی فێر بن، ئەمەش دوبارە ھیچ پاساوێکی زانستی نیە،‌ چونکە ھەر مرۆڤێک ئەگەر بیەوێ، دەتوانێ ھەموو ئەلفوبێیەک فێر بێ. چینییەکان لە ئەو‌روپا کە منداڵەکانیان لە ژینگەی ئەلفوبێی لاتینی گەورە دەبن، بۆ فێر بوونی زمانی چینی ھەر بە شێوازی نووسینی چینی فێری دەبن کە ئەلفوبێ نیە، جۆرە سیستەمێکی نووسینە لەسەر بنەڕەتی لۆگۆگراف logographic کە ئەمەش ناسینی کۆمەڵێک ھێما و سیمبۆڵە، ھێماکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ نرخی فۆنەتیکییان نیە یان نوێنەری فۆنیمەکان نین، یەک رەمز بۆی ھەیە یەک وشە بێت یان چەند ھێمایەک پێکەوە یەک وشە دەگەیەنێ یان یەک ڕ‌ستە، ژمارەی ئەم ھێمایانە لە ٦٠ ھەزار زیاترە، خوێندەوارێکی ئاسایی پێویستی بە فێر بوونی سێ ھەزار ھێما ھەیە بۆ ئەوەی وتاری رۆژنامەکانی پێ بخوێنێتەوە،
٧ رۆشنبیرێک ‌دەبێ نیشانەی زیاتر تا شەش ھەزار ھێما بناسێ بۆ ئەوەی کتێبی جۆربەجۆری پێ بخوێنێتەوە. ئەرمەنییەکانیش لە دەرەوە بۆ فێر بوونی زمانی خۆیان ھەر بە ئەلفوبێی خۆیان فێری دەبن، کە ئەلفوبێیەکی مێژووییە و تەنھا تایبەتە بۆ زمانی خۆیان، ھیچ نەتەوەیەکی دی بەکاری ناھێنێ. مەسیحییە سریانییەکان سەرەڕای کەمی ژمارەیان، لە پێناو پاراستنی فەرھەنگ و زمانی خۆیان ھەرگیز پشتیان لە ئەلفوبێی مێژوویی زمانی خۆیان نەکردووە،‌ ھەر بە ئەلفوبێی سریانی زمانی خۆیان دەخوێنن و منداڵەکانیشیان فێر دەکەن. جولەکەیەک چ لە ئیسرائیل و چ لەدەرەوە کاتێک زمانی عیبری فێر دەبێ بە ئەلفوبێی عیبری کە ئەلفوبێیەکی مێژوویی جولەکەکانە فێری دەبن. ئەمانە و زۆر نمونەی دی، چینیەک، ئەرمەنیەک، سریانییەک، جولەکەیەک ھەرگیز ناڵێ ئەلفوبێی زمانەکەم فێر بوونی زۆر سەختە ناتوانم فێری بم، با لاتینییەکە بەکار بێنم بۆم ئاسانترە. نەتەوە ئەگەر زمانەکەی خۆی ویست بە ھەر ئەلفوبێیەک بێ دەبێ فێری بێ و پەرەی پێ بدات. شیاوی باسە ھەردوو نەتەوەی ئەرمەن و سریانی کە بە دین مەسیحین، ئەمە وای لەوان نەکردووە بە بیانوی ھاوئاینییان لەگەڵ ئەوروپا، یانیش بە بیانوی نوێگەریی فەرھەنگی ئەو‌روپی، ئەلفوبێکەیان بۆ لاتینی بگۆڕن. جولەکەیش بەھەمان شێوە پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ رۆژئاوا وای لێ نەکردوون پشت لە ئەلفوبێی ڕەسەن و مێژوویی خۆیان بکەن ئەلفوبێی لاتینی بەکار بێنن.٨


ئەگەر بەھانەی کۆنفرانس ئەوە بێت کە کوردستانی باکور بە ژمارە لە کوردستانی باشور زۆرترە، زۆرینە دەبێ کەمینە قوت بدات، ئەمە بە ھیچ شێوەیەک پێوەرێکی زانستی و زمانناسی نیە بۆ بڕیاردان و یەکلاکردنەوەی مەسەلەی ئەلفوبێ، چونکە لە ڕووی زانستییەوە دەبێ بایەخی فەرھەنگیی و مێژوویی و ئەدەبی ئەو ئەلفوبێیە ‌ڕەچاو بکرێ نەک زۆری و کەمی ژمارەی بەکارھێنەرانی.


پرسی گۆڕینی ئەلفوبێ لە ئاسیای ناوەڕاست.


نەتەوەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە گۆڕینی ئەلفوبێ زۆر زەرەر‌مەند بوون، لە ماوەی سەدەی ڕابردوو سێ جار ئەلفوبێیان گۆڕیوە. بەسەرھاتی گۆڕینی ئەلفوبێ لەم ناوچەیە دەرسێکی گەورەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە مەترسییەکانی گۆڕینی ئەلفوبێ حاڵی بن. شایانی ئەوەیە،‌ ھەموو کوردێک، بە تایبەت کۆنفرانسی زمانی کوردی پەندی لێ وەرگرێ.


ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست کە لە پێشدا بە تورکستان ناسراو بووە،‌ زۆرینەی دانیشتوانەکەی لە ڕووی ئەتنیکییەوە تورکن چوار نەتەوەی سەرەکی تورکی لەم ناوچەیە نیشتەجێن: کازاخ و قەر‌غیز و تورکما‌ن و ئۆزبەک. تاجیکەکان کە بە فارسی دەدوێن، لە ڕووی فەرھەنگییەوە ئێرانین، ئەوانیش لە باشوری ئەم ناوچەیە لەپاڵ تورکەکان یەکێک لە نەتەوەکانی ئەو دەڤەرە پێک دێنن. تورکە ئازەرییەکان کە لە دەرەوەی ئاسیای ناوەڕاستن لە ناوچەی قەوقاز نیشتەجێن، لە ڕووی ئەتنیکی و زمانەوە لەگەڵ تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست ھاوڕیشە و ھاوفەرنگن، ھەر بۆیە لە پرسی زمان و ئەلفوبێش لەگەڵ تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست ئامانجییان یەکە.


لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و قەوقاز دەکەوێتە ژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریەتی ڕوسیای قەیسەری. ڕژێمی قەیسەری زۆر بە چڕی سیاسەتی بە ڕوسیکردنی نەتەوەکانی ئەو ناوچانە دەگرێتە بەر، قوتابخانە بە زمانی ڕوسی دەکاتەوە، برەو بە زمان و فەرھەنگی ڕوسی دەدات، زمانی ڕەسمی ئەم ئیمپراتۆریەتەش ڕوسی بوو. دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ھاتنە سەر کاری بۆلشەڤیکەکان(حزبی کۆمۆنیستی ڕوسی) لە مۆسکۆ، جارێکی دی ئەم ناوچانە بە دەسەڵات و ئایدیۆلۆژیایەکی نوێ دەکەوێتەوە ژێر حوکمڕانی ڕوسەکان، دەبن بە کۆمارە سۆشیالیستەکانی یەکێتی سۆڤیەت. سیاسەتی بۆلشەڤیکەکان لە ھەمبەر نەتەوەکان ئەوە بوو کە ھەموو نەتەوەکانی نێو یەکێتی سۆڤیەت لە کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی بە کولتورێکی نیشتیمانی ھاوبەش کۆ بکەنەوە، ئامانجیان ئەوەش بوو کە لە نێو ھەموو ئەتنیک و نەتەوە و زمانە ھەمەچەشنەکانی ئیمپراتۆریەتەکەی لەسەر بنەماکانی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستی ناسنامەی کەسی سۆڤیەتیhomo sovieticus دروست بکەن.
٩ ھەروەھا باوەڕیان وا بوو بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی لەم چەشنە، زۆر پێویستە خەڵکەکە خوێندەوار بکەن و لەسەر بنەماکانی بیری کۆمۆنیستیش پەروەردەیان بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک لە ئامرازەکانی گەیشتن بەم ئامانجە پیادەکردنی سیاسەتێکی زمانیی تایبەت بوو کە لە دوای ساڵی ١٩١٧ دەستیان پێکرد. لە پێشدا، ھەو‌ڵی ئەوەیاندا زمانە مەحەلییەکان بە ستاندارد بکەن و بیانکەن بە زمانی خوێندن بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە، لەپاشان گۆڕینی زمانەکان لە ڕووی لێکسیکەوە بۆ ئەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگەیەکی نوێی پیشەسازی دابین بکات.١٠ بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە یەکێتی سۆڤیەت پێویستی بە چەسپاندنی ئەلفوبێیەک و زمانێکی ھاوبەش بوو بۆ ھەموو گەلانی سۆڤیەت کە ئەویش زمانی ڕوسی و ئەلفوبێی کریلیکی بوو.


لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ لە سۆڤیەت ١٣٠ زمان ئاخاوتنی پێ دەکرا، لەوانە تەنھا ٢٠ زمان لەسەردەمی قەیسەرەکان ئەلفوبێی نووسینی ھەبوو، ئەوانی دی تەنھا زمانی زارەکی بوون.
١١ ھەر بۆیە لەو سەردەمە،‌ بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندەواری بە زمانە ناوچەییەکان، زۆر لە زمانە بچوکەکان کە ئاخێوەرانیان بە ژمارە کەم بوون یان زمانی کەمینە نەتەوەکان بوون لە ‌ لەناوچوون رزگار بوون، لە زمانی زارەکییەوە بوون بە زمانی نووسین و خوێندن.١٢


یەکێتی سۆڤیت وەک ئیمپراتۆرییەتێک کە بە ئایدیۆلۆژیایەکی مارکسی بێدینی بەڕێوە دەچوو، لەوە ئاگادار بوو کە بوونی ئەلفوبێی عەرەبی لە نێو گەلانی موسڵمانی ئەو ناوچەیە،‌ لەگەڵ سیاسەتی نوێی یەکێتی سۆڤیەت ناگونجێ، چونکە ئەم ئەلفوبێیە قورئان و پێشینەی فەرھەنگی ئیسلامی پێ نووسراوەتەوە، ھەروەھا ڕەمزی یەکگرتنی موسڵمانان و کەناڵێکی سروشتی پەیوەندی موسڵمانەکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ موسڵمانانی دەوروبەری خۆیان وەک فارس و عەرەبەکان، زمانەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆریش وشەی فارسی و عەرەبی تێدایە. بەم ئەلفوبێیە پەیوەندی نێوان تورکەکانی ئەو ناوچەیە لەگەڵ موسڵمانەکانی ئەو بەری سنووەرەوە بە بەھێزی دەمێنێتەوە، بۆیە بەرژەوەندی سیاسیی سۆڤیەت لەوەدا بوو کە ئەو پەیوەندییە نەمێنێ و ئەو ناوچەیە بە حکومەتی سۆشیالیستی تازە دامەزراوی سۆڤیەت ببەستێتەوە، ھەروەھا سۆڤیەت لە بزاڤی یەکێتی موسڵمانان Pan -Islamism و یەکێتی تورکان Pan -Turkism یش دەترسا کە ئەوسا لە ناوچەکە لەلایەن تورکەکانەوە ھەوڵی بۆ دەدرا، ھەڕەشە بوو بۆ سەر ئیمپراتۆرییەتەکەی.
١٣


بۆلشەڤیکەکان لەوەش ئاگادار بوون، ئەلفوبێی عەرەبی کە لە نێو موسڵمانەکانی ئەم ناوچەیە بە درێژایی مێژوو بەکارھاتووە ناکرێ ڕاستەوخۆ بیگۆڕن بۆ کریلیکی،‌ چونکە ئەمە بەرھەڵستییەکی گەورەی لە نێو خەڵکەکەدا دروست دەکرد. نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە لەو ماوەی کە لە ژێر حوکمڕانی قەیسەرەکانی ڕوس بوون، دوچاری چەوسانەوەی نەتەوەیی و بە ڕوسیکردن ھات بوون، ئەلفوبێی کریلیکی بیرەوەرییەکی ناخۆشی بە ڕوسیکردن بوو بۆیان.
١٤ وێرای ئەوەی کە لە بیستەکانی سەدەی بیستەم ھەستی نەتەوایەتی لای چینی ڕۆشنبیرانی نەتەوەکانی تورک بە ھێز بوو، گۆڕینێکی لەم جۆرە،‌ زۆر بە توندی دژی دەوەستان.١٥ بۆیە سۆڤیەت بۆ ڕیشەکێشکردنی ئەلفوبێی عەرەبی و گۆڕینی بۆ کریلیکی، ھەنگاو بە ھەنگاو دەستی پێکرد. ‌


لە ھەنگاوی یەکەم سیاسەتی سۆڤیەت ئەوە بوو کە ئەلفوبێ عەرەبییەکە ھەموار بکەن، ئەمەش بە دانانی ژێر و بۆر بۆ پیتە عەرەبییەکان بۆ ئەوەی کێشەی بزوێنەکانی زمانە تورکییەکان چارەسەر بکات. ئەم ھەوڵە سەرکەوتو نەبوو، چونکە لە نێو چینی ڕۆشنبیرانی تورکەکان لەو سەردەمە ھەوڵی بە لاتینیکردن زۆر بە ھێزتر بوو.


لە پێشترین کۆمارە تورکەکانی سۆڤیەت کە زۆر بە جۆش بوو بۆ گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی ، کۆماری ئازەربایجان بوو. لە نێو چینی ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە زۆر بە ‌گەرمی مشتومڕی ئەو گۆڕینەیان دەکرد، زۆرینەی ڕۆشنبیران پێیان وابوو کە ئەلفوبێی عەرەبی کۆسپێکە لەبەردەم پێشکەوتن و بڵاوبوونەوەی خوێندەواری لە ئازەربایجان، بەڵام ئەلفوبێی لاتینی، ئەلفوبێی زانست و شارستانیەت و تەکنەلۆژیایە. یەکێک لە نووسەرانی ئازەربایجان بەناوی ڕەزا سولەیمان لەو سەردەمە بەم شێوەیە سەبارەت بە ئەلفوبێی عەرەبی دەدوێ:


" ئەلفوبێی عەرەبی کۆسپێکە لەبەردەم دەرکەوتنی شارستانیەتی گەلی تورک. زۆر دژوار و ئەستەمە بەم پیتانە نەفامی بنبڕ بکرێت. حەرفی عەرەبی چەند نەخش و نیگارێکە لە باوەڕی دینێکی کۆن بۆمان بەجێ ماوە. ھیچ پەیوەندییەکی بە ڕۆحی تورکەوە نیە. تورک خۆی ئەم حەرفانەی ‌ وەک پێویستییەکی ڕۆحیی خۆی و زمانەکەی بەکاری نەھێناوە، بەڵکو لە ڕێگەی خەڵکێکی بێگانە و شارستانیەتێکی بێگانەوە بۆی ھاتووە، ھەر ئەمەشە بۆتە مایەی کڵۆڵی ئێمە لە بواری زانستەوە".
١٦


لە پێشەنگی ئەو کەسانەی کە لە ئازەربایجان پشتگیری ئەم گۆڕینەیان دەکرد: نەریمان نەریمانۆڤ سەرۆکی کۆماری سۆشیالیستی سۆڤیەتی ئازەربایجان بوو، کە ئەم گۆڕینەی بە (شۆڕش) ناو ‌برد. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٢٤ بە ڕەسمی ئەلفوبێی لاتینی لە ئیدارەی ئازەربایجان بەکارھێنرا، ساڵی دواتر، قوتابخانەکان بە لاتینی دەستیان بە خوێندن کرد و رۆژنامەکانیش بە لاتینی دەرچوون.


ئەم گۆڕینە لە ئازەربایجان ڕێگە خۆش دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی تورکناسی لە باکۆ لە ساڵی ١٩٢٦ کە ١٣١ نوێنەری ھەموو کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەت تێیدا بەشدار بوون. لەم کۆنگرەیەدا سەبارەت بە ئەلفوبێ و زاراوە و گرفتەکانی زمانی خوێندن بۆ ھەموو زمانە تورکییەکان و ئەلفوبێیەکی ھاوبەش و ھەندێک بابەتی دیکە گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام ئەو بابەتەی کە زۆر بە گەرمی لێدوانی لەسەر کرا بابەتی گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بوو بۆ لاتینی، زۆرینەی نوێنەرانی ئەم کۆنگرەیە پشتگیرییان لەم گۆڕینە دەکرد، ھەرچەندە ھەندێک نوێنەر پێیان باش بوو کە لەسەر ئەلفوبێی عەرەبی بمێننەوە، ئەوە بوو لە کۆتایی کۆنگرەکە بە زۆرینەی دەنگ ١٠١ نوێنەر لە کۆی ١٣١ نوێنەر بڕیار لەسەر گۆڕینی ئەلفوبێ دەدەن بۆ لاتینی، بەم پێیە زۆرینەی نوێنەرانی تورک زمانەکان بڕیار دەدەن لە وڵاتەکانیان ئەلفوبێی لاتینی بەکاربێنن کە ناوی دەنێن ئەلفوبێی یەکگرتووی تورکی.
١٧ دوای ئەم کۆنگرەیە زۆربەی نەتەوە غەیرە تورکەکانیش لە یەکێتی سۆڤیەت ئەلفوبێیان گۆڕی بۆ لاتینی، تا لە ساڵی ١٩٣٥ نزیکەی ٧٠ زمانی جیاوازی سۆڤیەت ئەلفوبێ دەگۆڕن بۆ لاتینی. ھەر لەو سەروبەندە تورکیاش لە ساڵی ١٩٢٨ بە تەئسیری کەمال ئەتاتورک ئەلفوبێی عەرەبی دەگۆڕێ بۆ لاتینی. بەم پێیە تورکەکان ھەر لە ئاسیای ناوەڕاستەوە ھەتا ئاسیای بچوک دەبن بە خاوەن یەک ئەلفوبێی ھاوبەش کە ئەویش ئەلفوبێی لاتینییە.١٨


لەم گۆڕینە سۆڤیەت دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت، دەسەڵاتی دینیی موسڵمانان کە ئەلفوبێی عەرەبی سیمبوڵی بوو، بنکۆڵی بکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خوێندەوارکردنی موسڵمانان بە ئەلفوبێی لاتینی بەربەستێک دەبێت بۆ دابڕینیان لە ڕابردووی کولتوری ئیسلامی و بەرھەمھێنانی خوێندەوارێکی نوێ بە کولتوری کۆمۆنیستی سۆڤیەتی.
١٩


یەکێتی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالین سیاسەتێکی مەرکەزی توندڕەوانە پیادە دەکات، پشت لە مافی یەکسانی نەتەوەکان و زمانەکان دەکات، بەرنامەی ڕاگوێزانی نەتەوەکانی سەرسنووری سۆڤیەت و سەرکوتکردنی نەتەوەکان و زمانەکان دەگرێتە بەر. بۆ ئەم مەبەستەش لەکۆتایی ساڵەکانی ١٩٣٠ بڕیاری گۆڕینی ئەلفوبێ دەردەکات ئەمجارە لە لاتینییەوە بۆ کریلیکی، سەرەڕای سەپاندنی زمانی ڕوسی وەک زمانی دووەم لە گشت قوتابخانەکانی سۆڤیەت. ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٤٠ ئەلفوبێی کریلیکی بە زۆرەملێ بەسەر ئاسیای ناوەڕاست و زۆربەی نەتەوەکانی سۆڤیەت دەسەپێنرێ، بەبێ ئەوەی ھیچ دەرفەتێک بدرێ بۆ گفتۆگۆکردن لەسەر ئەم گۆڕینە، ھەموو دەنگە ناڕازییەکانیش لە دژی ئەم گۆڕینە زۆر بە توندی سەرکوت دەکرێن و پاکسازی دەکرێن، یانیش دوور دەخرێنەوە.


ئامانجی سۆڤیەت لە گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ کریلیکی بە ھیچ شێوەیەک زمانەوانی نەبوو،‌ بەڵکو تەنھا بە ئامانجی سیاسی بوو، چونکە ئەلفوبێی کریلیکی بۆ دەنگەکانی زمانە تورکییەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە لاتینییەکە باشتر نەبوو. لەم گۆڕینە، سۆڤیەت ھەوڵی دەدا ئەو پردەی کە تۆرانیەتی لە تورکیاوە بە تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەگەیاند، بیڕوخێنێت، واتە نەھێشتنی ئەو پەیوەندییەی کە تورکەکان بە یەک دەبەستێتەوە. ‌ئامانجێکی دیکەی ئەوەبوو لە ڕێی گۆڕینی ئەلفوبێوە بۆ کریلیکی وشەی ڕوسی بە ڕێنووسی ڕوسی بخاتە نێو زمانەکانی ئاسیای ناوەڕاست، بۆ ئەوەی فێر بوونی زمانی روسی ئاسانتر بێت بۆیان.
٢٠ ھەر لەم ڕێگەوەش بەڕوسیکردن و بەسۆڤیەتیکردن ئاسانتر دەبێت.


ڕوسەکان دەیا‌نزانی کە تور‌کەکان ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئاسیای ناوەڕاست پێک دێنن، لە ھەر ١٠ کەس ٩ کەس لەم ناوچەیە بە نەتەوە تورکە، ھەستێکی بە ھێزشیان ھەیە بۆ پاراستنی زمانی خۆیان. ھەروەھا زمانی تورکەکانی ئەو ناوچەیە بە ڕادەیەک لەیەکنزیکن نەک ھەر بۆ تورکەکانی ئەو ناوچەیە بەڵکو بۆ تورکەکانی دیکەی دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتیش. سیاسەتی زمانناسە ڕوسەکان ئەوەبوو کە ھەوڵ بدرێ لەیەکنزیکی و لەیەکگەیشتنی ئەو زمانە تورکییانە نەمێنێت و لەیەک دوورکەونەوە، ئەمەش لە ڕێی تێکەڵکردنی وشە و موفرەداتی ڕوسی بۆ ناو ئەو زمانانە،‌ بۆ ئەوەی لە زمانە تورکییەکانی دی دوور کەوێتەوە، ئەوجا نزیک کردنەوەی ئەو زمانانە لە ڕوسی نەک تەنھا بە ئەلفوبێ و وشەوە،‌ بەڵکو بە ڕێزمان و ڕستەسازی و تەنانەت دەنگسازییەوەش. ھەوڵدان بەم ئاراستەیە ئەو زمانانە ئەوەندە پڕ دەبێ لە وشەی ڕوسی، لە رووی دەربڕینەوەش ئەوەندە بە زمانی ڕوسی دەچێت تا لە کۆتاییدا شایانی ئەوە نابێت کە بە زمانێکی سەربەخۆ دابنرێت، ئیدی بە کەڵکی ئەوەش نایەت کە لەبواری پەروەر‌دە بەکار بێت.
٢١ سۆڤیەت لە قۆناغی یەکەم ئامانجی بەرقەرار کردنی دوو زمان بوو لەم ناوچانە، زمانی ناوچەکە لەگەڵ زمانی ڕوسی، لەپاشان گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ کریلیکی ‌بۆ ئەوەی بتوانێ لەم ڕێگەیەوە نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە لە نێو بۆتەی کولتوری ڕوسی بتوێنێتەوە، ئەمەش لە ڕێی بێبایەخکردنی زمانەکانیان و زاڵکردنی زمانی ڕوسی بەسەریاندا، واتە بە ڕوسیکردنی ئەو زمانانە بە پڕۆسەیەکی لەسەرخۆ و درێژخایەن لە ڕێی گۆڕینی ئەلفوبێ و گۆڕینی پێکھاتی زمانەکان.‌ لەم پڕۆسەیە، بە خوێندەوار کردنی میللەتانی سۆڤیەت ئامرازێک بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە: دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی یەکگرتوو بە زمانی ڕوسی و کولتوری ڕوسی.


لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە سیاسەتی زمانیی لە سۆڤیەت لە سەرەتادا بە ھەمەچەشنی زمانیی و ڕێزگرتن لە مافی نەتەوە جیاوازەکانی سۆڤیەت دەستی پێکرد، بەڵام لە دواییدا بوو بە پڕۆسەی توانەوە و لەناوبردنی زمانەکان و بەڕوسیکردنی نەتەوەکان.


ئەم سیاسەتە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ کە بووە ھۆی سەربەخۆبوونی کۆمارەکانی سۆڤیەت. دوای سەربەخۆیی، ھەموو نەتەوەکانی سۆڤیەت ھەڵپەی ئەوەیان بوو کە ھەرچی زووتر خۆیان لە کولتوری سۆڤیەت و زمانی ڕوسی و ئەلفوبێی کریلیکی ڕزگار بکەن، چونکە کاتی خۆی بە زۆر بەسەریاندا سەپێنرا بوو. تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە مەبەستی نزیکبوونەوەیان لە تورکەکانی تورکیا چەند جارێک لە تورکیا کۆنگرەی زمانەوانی دەگرن. لەیەکەم کۆنگرە لە ئینستیتوتی لێکۆڵینەوە تورکییەکان لە زانکۆی مەڕمەڕە لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ١٩٩١ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەلفوبێیەکی لاتینی تورکی ھاوبەش لە سەر بنەڕەتی ٢٩ پیتی ئەلفوبێی لاتینی کە ئێستا لە تورکیا بەکار دێت، پێنج پیتی دیکەشی بۆ زیاد بکرێ بۆ ئەو فۆنیمانەی کە لە زمانە تورکییەکانی ئەو ناوچەیەدا ھەیە. دوای چەند کۆنگرەی دی، بۆ لێکۆڵینەوە لەم باسە زمانەوانییانە لە نێوان تورکەکانی سۆڤیەتی پێشوو لەگەڵ تورکەکانی تورکیا، لە دوا کۆنگرە لە ئەنقەرە لە ساڵی ١٩٩٣ نزیک بە سەت وەفدی ھەر پێنج کۆمارە تورکەکانی سۆڤیەتی پێشوو، لەسەر ئەم خاڵانە ڕێک دەکەون: ١- ھەموو تورکەکانی یەکێتی سۆڤیەت بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەلفوبێی لاتینی، ٢- ھەوڵ بدرێ لە زمانی نووسین و ئاخاوتن زاراوەی تەکنیکی ھاوبەش بەکار بھێنرێ بۆ ئەوەی لەیەکگەیشتن لە نێوانیان ئاسانتر بێ، ٣- ھەوڵ بدرێ بۆ دروستکردنی زمانێکی ھاوبەش بۆ گشت تورکەکان ھەر لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تا تورکیا. کۆماری ئازەربایجان و ئۆزبەکستان و تورکەمەنستان ھەر لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەرنامەی گۆڕینی ئەلفوبێیان لە وڵاتەکانیان دەست پێکرد، دەوڵەتی تورکیاش ھەموو ئاسانکارییەکی بۆیان کردووە. کۆمارەکانی دی وەک قەرغیزستان و کازاخستان و تاتارستان
٢٢ بە ھۆی بارودۆخی سیاسی و ئابوری، لە حاڵی حازر بۆیان ناڕەخسێ دەست بەم گۆڕانە بکەن، بەڵام ھیواخوازن لە پاشەڕۆژ ھەمان ڕێگە بگرنە بەر.٢٣


ھیچ گومان لەوەدا نیە کە ئەلفوبێیەکی تورکی ھاوبەش لە نێوان تورکەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لەگەڵ تورکەکانی تورکیا پەیوەندی سیاسی و ئابوری و فەرھەنگی ئاسانتر دەکات، ھەروەھا زمانێکی ھاوبەشی تورکیش ناسنامەی تورکی بەھێز دەکات و خەڵکی ئەو ناوچەیەش لەیەک نزیک دەکاتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە گۆڕینی ‌ئەلفوبێش لە کریلیکەوە بۆ لاتینی ھەنگاوێک دەبێ بۆ زیاتر خۆدوورخستنەوە و خۆڕاپسکاندن لە تەئسیری کولتوری ڕوسی کە تازە لە سۆڤیەت جودا بوونەتەوە،‌ دەیانەوێ ناسنامەیەکی تایبەت بەخۆیان ھەبێ.
٢٤


بێجگە لەم ھۆیانە،‌ ھۆی دیکە بۆ گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی لەبەر ئەوەیە کە دەوڵەتێکی بەھێزی تورکی لە ئاسیای بچوک خاوەن فەرھەنگێکی دەوڵەمەندی نووسینە بە ئەلفوبێی تورکی - لاتینی، ئەمە بۆ ئەوان پشتیوانێکی گەورەیە کە پشتگیری لەم ڕەوتە فەرھەنگییە بکەن کە ھەموو تورکەکان بە یەک دەبەستێتەوە.
 

ئەوەی جێگەی سەرنجە، وەک دەبینین ڕۆژگار سەلماندی، ھەموو ھەوڵ و تەقەلای سۆڤیەت بۆ لێکدابڕین و ڕوخاندنی پردی پەیوەندی نێوان تورکەکان لە ئاسیای ناوەڕاست لەگەڵ تورکیا، ھیچی سەرکەوتو نەبوو. وا ئەمڕۆ تورکەکان لەسەر ئەلفوبێیەکی ھاوبەش و زمانێکی ھاوبەش ڕێک دەکەون.


لێرەدا بۆمان رۆشن دەبێتەوە کە گۆڕینی ئەلفوبێ لە ئاسیای ناوەڕاست لە ماوەی حەفتا ساڵێک بۆ سێ جار، زیانێکی گەورەی کولتوریی لە گەنجینەی نووسینی میللەتانی ئەو ناوچەیە داوە. ھەر جارێک لەگەڵ گۆڕینی ئەلفوبێ دوچاری دابڕان و لێکترازانی فەرھەنگیی نەتەوەکەیان بوون. ئەمڕۆ کە گەڕاونەتەوە بۆ سەر لاتینی، جیلی ئەمڕۆ ناتوانێ سامانی ئەدەبی و فەرھەنگی خۆی کە لە پێشدا بۆ ماوەی زیاتر لە ھەزار ساڵ بە ئەلفوبێی عەرەبی نووسراوە بخوێنێتەوە، تەنھا دەتوانێ ئەو بەرھەمانە بخوێنێتەوە کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە سییەکانی سەدەی بیست بە ئەلفوبێی لاتینی بووە، بەڵام دواتر کە لە ١٩٤٠ ەوە تا ١٩٩١ واتە بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵ بە کریلیکی بووە،‌ ئەویش بۆ جیلی نوێ ھیچ سوودێکی نابێ، دەچێتە ناو ئەرشیف، مەگەر یەکێک خۆی فێرە ئەلفوبێی کریلیکی بکات بتوانێ سوودیان لێ وەرگرێ. بەم پێیە ئەم نەتەوانە بە ھۆی گۆڕینی ئەلفوبێوە، ھەرگیز بۆیان نەلواوە فەرھەنگێکی بەھێز و یەکگرتوو و بەردەوام لەسەر ئەلفوبێیەک بنیات بنێن.


سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی ‌ئازەربایجان ئەنار ڕزایێڤ لەبارەی ڕەوشی گۆڕینی ئەلفوبێی زمانی ئازەری و زمانەکانی دیکەی تورک بەم جۆرە دەدوێ:


" گۆڕینی ئەلفوبێ لە ساڵی ١٩٣٩ لە لاتینییەوە بۆ کریلیکی تاوانێک بوو بە زەبر و زۆر ‌دژ بە شارستانیەتی ئازەربایجان ئەنجام درا، بەڵام گۆڕینی ئەلفوبێ لەساڵی ١٩٢٦ لە عەرەبییەوە بۆ لاتینی، ھەرچەندە ئەمەیان بە شێوەیەکی ئیختیاری ئەنجام درا، بەڵام ئەویش بە ھەمان شێوە بڕیارێکی ھەڵە بوو. مەسەلەکە نە سەروەری ئەلفوبێی عەرەبییە و نە مەسەلەی ئەوەشە کە بۆ زمانەکەمان نەدەگونجا، بەڵکو ڕاستی مەسەلەکە لەوەدایە کە ئەو ئەلفوبێیە بۆ ماوەی زیاتر لە ھەزار ساڵ ئەلفوبێی ئێمە و گەلانی تورک بوو. ھەموو فەرھەنگی نووسراوی ئێمە بە پیتی عەرەبی بوو. واز ھێنان لێی، دابڕانێکی قووڵی لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا دروست کرد ".
٢٥

 
گۆڕینی ئەلفوبێ ئەم جۆرە دابڕانە کوشندە،‌ کارەساتبارە دروست دەکا کە ئەمڕۆ نووسەرێکی ئازەری بەم جۆرە داخ و خەفەت بۆ ئەلفوبێیەکی مێژوویی و فەرھەنگیی زمانەکەی دەخوا، کە کاتی خۆی بە بڕیارێکی ھەڵە وازیان لێ ھێناوە.


ڕەنگە زۆر کەس پێیان وابێ لەسەردەمی ئەمڕۆ زۆربەی نەتەوەکان بۆ خۆنزیککردنەوە لە رۆژئاوا، ھەوڵ دەدەن ئەلفوبێیان بگۆڕن بۆ لاتینی بۆ ئەوەی ببن بە ڕۆژئاوایی و مۆدێرن. ئەم حاڵەتە بۆ تاجیکەکانی تاجیکستانی سۆڤیەتی جاران تەواو بە پێچەوانەی ئەم ئاراستە جیھانییەیە. تاجیکەکان، وەک تورکەکانی ئەو ناوچەیە، دوای تاقیکردنەوەی ھەردوو ئەلفوبێی لاتینی و کریلیکی، ‌وا ئەمڕۆ بڕیاری گەڕانەوەیان داوە بۆ ئەلفوبێی فارسی - عەرەبی کۆنی خۆیان.


زمانی تاجیکی کە لەھجەیەکی زمانی فارسییە،‌ لەگەڵ زمانی فارسی ئێران و فارسی دەری ئەفغانستان لە ئەسڵدا یەک زمانە. ئەم سێ زمانە بە ڕادەیەک لەیەک نزیکن وەک نزیکی دوو بن لەھجەی کوردیی موکریان و سلێمانییە.
٢٦ زمانی تاجیکیی تاجیکەکانی سۆڤیەتی پێشوو لە سەرەتادا بە ئەلفوبێی فارسی - عەرەبی بوو. دوای ئەوەی کە تاجیکەکانی ئەو ناوچەیە دەبن بە کۆمارێک لە نێو یەکێتی سۆڤیەت، لە ساڵی ١٩٢٩ سۆڤیەت ئەلفوبێیان پێ دەگۆڕێ بۆ لاتینی و ناوی زمانەکەش لە فارسییەوە دەگۆڕێ بۆ تاجیکی. لەپاشان لە ساڵی ١٩٤٠ ئەلفوبێی کریلیکیان بەسەردا دەسەپێنرێ. دوای ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ بە پێچەوانەی تورکەکانی ئەو ناوچەیە، لەجیاتی گەڕانەوە بۆ لاتینی، بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئەلفوبێی فارسی - عەرەبی دەدەن.


گەڕانەوەی تاجیکەکان بۆ ئەلفوبێی فارسی- عەرەبی، ڕێگەیان بۆ خۆش دەکا بۆ خوێندنەوەی ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی زمانی فارسی - تاجیکی کە پێش گۆڕینی بۆ لاتینی لە ئاسیای ناوەڕاست پێی نووسراوە، ھەروەھا خوێندنەوەی قورئان و کتێبە ‌دینییەکانی دیش ئاسان دەکات، سەرەڕای دروستکردنی پردێک لەگەڵ ئێران و وڵاتە موسڵمانەکانی دەو‌روبەری خۆیان کە پێکەوە فەرھەنگێکی ھاوبەشیان ھەیە.
٢٧ واتە گەڕانەوەیە بۆ ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان و گەڕانەوەیە بۆ ئەو خەرمانە دەوڵەمەندەی کتێبی فارسی کە لە ئێران و ئەفغانستان چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.


تاجیکستان بە ھۆی شەڕی ناوخۆ و خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری وڵاتەکەی تا ئێستا بۆی نەکراوە بە تەواوەتی ئەم ئەلفوبێیە لە وڵاتەکە جێگیر بکات. ئێستا ھەردوو ئەلفوبێی کریلیکی و فارسی - عەرەبی لە وڵاتەکە بەکار دێت. لە ساڵی ١٩٩٩ ەوە قوتابخانەکانی تاجیکستان لە ساڵی سێھەمەوە قوتابییەکان بەم ئەلفوبێ نوێیە دەرس دەخوێنن، لە زانکۆش لە ساڵی یەکەم، لە ھەموو شوێنە گشتییەکانیش وەک ئیدارە و دوکان و بازاڕ بە ھەردوو ئەلفوبێ نووسراوە. ھەوڵی ئەوەش دەدرێ کە لە ساڵانی داھاتوو ئەم ئەلفوبێیە بە تەواوەتی جێگیر بکرێ. ئەوەی یەکلا بۆتەوە ئەوەیە کە گەڕانەوە بۆ ئەلفوبێی لاتینی چیدی لە بەرنامەی ئەم وڵاتەدا نیە.
٢٨


وەک دەبینین ئەمجارە تاجیکەکان لە گۆڕینی ئەلفوبێ بە ھۆشیارییەوە مامەڵە دەکەن، وەک میللەتێک کە تەجرەبەی ھەیە لە گۆڕینی ئەلفوبێ و زەرەرمەند بوون. پێشتر دوو ئەلفوبێی ئەوروپییان تاقی کردۆتەوە، ئەمجارە ھەمان ھەڵەی ڕابردوو دوبارە ناکانەوە. بەرژەوەندی زمانەکەیان و ناسنامە فەرھەنگییەکەیان ڕەچاو دەکەن، ھەرچەندە لە کەموکوڕییەکانی ئەلفوبێی فارسی بە پیتی عەرەبی ئاگادارن کە کۆمەڵێک کێشەی ھەیە بۆ زمانەکە، بەڵام گەڕانەوە بۆ ناسنامەی فەرھەنگیی خۆیان و ئەو پێشینە دەوڵەمەندەی کە بەم ئەلفوبێیە ھەیانە لایان گرنگترە لە گەورە ‌کردنی چەند کێشەیەکی ڕێنووسیی کە کەم ھەتا زۆر لە ھەموو زمانێک ھەیە. ئەگەر ھەر لە سەرەتادا لەسەر ھەمان ئەلفوبێی کۆنی خۆیان بەردەوام بوان، بێگومان ئێستا خاوەن سامانێکی دەوڵەمەندی نووسین بە زمانی خۆیان ‌بوون، دوچاری ئەو دابڕانەش نە دەھاتن کە لە سەدەی ڕابردوو لە ھاوزمان و ھاونەتەوەکانی خۆیان بێئاگا بوون.‌

ئەزمونی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە گۆڕینی ئەلفوبێ ئەوە نیشان دەدا کە گۆڕینەکان زیاتر بە ئامانجی سیاسی و کولتوری بوون نەک زمانەوانی. سۆڤیەت گۆڕینی ئەلفوبێی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکار ھێناوە بۆ لەیەکدابڕینی تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە تورکەکانی تورکیا، ھەروەھا دابڕینی تاجیکەکانی سۆڤیەت لە ھاوزمانەکانی خۆیان لە ئەفغانستان و ئێران، کە لە ئەنجامدا نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە گورزێکی کوشندە بەر زمان و فەرھەنگی نەتەوەکەیان دەکەوێ، دوچاری دابڕانێکی گەورەی فەرھەنگیی ھاتوون، ئەمە سەرەڕای دابڕینی میللەتانی ئەو ناوچەیە لە ھاونەتەوە و ھاوئاینانی دەورو‌بەری خۆیان. دوای ھەڵوەشانەوەی سۆڤیەت و سەربەخۆبوونی کۆمارەکان، ئەمجارە ڕەوتی گۆڕینی ئەلفوبێ ئاراستەیەکی دی وەردەگرێت: ھەر نەتەوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەلفوبێیەک کە ناسنامەی خۆی تێدا دەبینێتەوە و دەیبەستێتەوە بە ھاوفەرھەنگ و ھاوزمانەکانی دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی خۆی.‌


کام ئەلفوبێ؟


لەبەر ڕۆشناییی ئەم گۆڕانکارییانەی کە لە بواری ئەلفوبێ لە ئاسیای ناوەڕاست و جیھان ڕوو دەدەن، ھەروەھا بە لەبەرچاوگرتنی بایەخ و گرنگی ئەلفوبێی کوردی بۆ زمان و فەرھەنگی کوردی، ئەگەر ئەم دوو کۆنفرانسەی دوایی زمانی کوردی، ئامانجی نیشتیمانیی و نەتەوەیی کورد و بەرژەوەندی زمان و فەرھەنگی کوردی ڕەچاو بکردایە،‌ دەبوایە وەک تاجیکەکان زەمینەسازی بۆ کوردەکانی باکور بکات کە ھەرچی زووتر ھەوڵی فێر بوونی ئەم ئەلفوبێیە کوردییە بدەن، بیکەن بە بەرنامە بۆ پێشخستنی زمانی کوردی لە کوردستانی باکوور، بۆ ئەوەی لە ڕێی فێربوونی ئەم ئەلفوبێیەوە بتوانن لەم خەرمانە دەوڵەمەندەی نووسینی کوردی لە باشوری کوردستان بەرخوردار بن، و بگەڕێنەوە سەر ئەلفوبێی مێژوویی و ڕەسەنی خۆیان، کەچی جێگەی داخە ھەردوو کۆنفرانس تەواو بە پێچەوانەی ئەم ڕەوتە نیشتیمانی و فەرھەنگییە ھەنگاویان ناوە.


کۆنفرانسی زمانی کوردی دەبوایە ئەو گۆڕانکارییانەی ئاسیای ناوەڕاست بۆ گۆڕینی ئەلفوبێ ڕەچاو بکات، کە چۆن تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست بە ئەلفوبێ لە تورکیا نزیک دەبنەوە و تاجیکەکانیش بە ئەلفوبێ لە ھاوزمانانی خۆیان لە ئەفغانستان و ئێران نزیک دەبنەوە،‌ واتە ھەر نەتەوەیەک بەرەو ھاونەتەوەی خۆی و زمانێکی دەوڵەمەندی نەتەوەکەی دەگەڕێتەوە. لەم بارودۆخەی ئێستای زمانی کوردی و ئەلفوبێیەکەی دەبێ کورد بۆ کام ئەلفوبێ بگەرێتەوە؟ دەکرێ ئەم پرسیارە ڕووبەرووی ھەموو کوردێک بە تایبەت شارەزایان و ئەندامانی کۆنفرانسی زمانی کوردی بکرێتەوە. کام ئەلفوبێ بایەخی فەرھەنگیی و زمانیی ھەیە؟ کامەیان بۆ دەنگەکانی زمانی کوردی گونجاوتر و لەبارترە؟ کامەیان زیاتر خزمەتی زمانی کوردی و نەتەوەی کوردی کردووە؟ کامەیان ڕۆلێکی بەرچاوی لە پێشخستنی بزاڤی فەرھەنگیی کوردی گێڕاوە و دەگێڕی؟ کام ئەلفوبێ بۆ کورد ڕەسەنتر و مێژووییترە؟ کامە ئەلفوبێ وەڵامی پێویستییەکانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دەداتەوە؟ کامە ئەلفوبێ، کورد ناسنامەی خۆی تێدا دەبینێتەوە؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری دی ئەگەر ئەندامانی کۆنفرانس بە شێوەیەکی زانستی و دوور لە ئەجێندای سیاسی بیریان لێ بکردبایەوە،‌ دەبوایە لە بەرژەوەندی زمانی کوردی، برەو بەم ئەلفوبێیە کوردییە بدەن نەک لاتینییەکە، دەبوایە ئەم ئەلفوبێیە بکەن بە ئەلفوبێیەکی ستاندارد و ھاوبەش بۆ ھەموو کورد و لە ھەموو پارچەکانی کوردستانیش بەکاربێت. کەچی بەداخەوە ئێمەی کورد ئەوەی لە رووی زمان و فەرھەنگەوە بە دەستمان ھێناوە وا خەریکە لە ڕێی گۆڕینی ئەلفوبێوە ھەمووی بەرەو ھەڵدێڕ دەبەین.‌


کۆنفرانسی زمانی کوردی وا دیارە بە لایەوە گرنگ نیە بە گۆڕینی ئەلفوبێی کوردی، جیلی نوێی کورد بێبەش بکا لە ھەرچی دەستکەوتی کولتوریی و پەروەر‌دەیی و زانستیی و ھونەریی سەت ساڵی رابردوو بەم ئەلفوبێیە، ئەمە سەرەڕای دابڕینی لە فەرھەنگێکی دەوڵەمەندی نووسراوی کوردی لە ماوەی ھەزار ساڵی ڕابردوو کە بەم پیتە عەرەبییانە نووسراوە، وەک ئەو دابڕانە کولتورییەی کە دوچاری نەتەوەکانی ئاسیای ناوەڕاست ھاتووە، کە ئەمەش کۆمەڵێک ئەنجامی دژوار و کوشندەی بۆ سەر ژیانی فەرھەنگیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کورد دەبێت.‌


تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست و تورکیا تەنھا لە ڕووی ھاوڕیشەیی زمانە تورکییەکانەوە کە سەر بەیەک گروپی زمانیین، بەڵام لە ڕووی ئەتنیکی و زمانەوە،‌ نەتەوە و زمانی جیاوازی تورکیین، کەچی ئەمڕۆ وەک دەبینین، ئەو نەتەوە جیاوازە تورکانە،‌ پێکەوە لە ئەنقەرە و ئەستەنبول کۆ دەبنەوە کۆنفرانس دەگرن و ڕێککەوتنامە ئیمزا دەکەن، لە سەر ئەلفوبێیەکی ھاوبەش کە لە بەرژەوەندی ھەموو تورکەکان دایە ڕێک کەوتون، وا لەسەر زمانێکی ھاوبەشیش بۆ ھەموو تورکەکان ڕێک دەکەون. بۆ دەبێ ئێمەی کورد کە لە ڕووی ئەتنیکی و زمانەوە یەکین، نەتوانین لەسەر ئەلفوبێیەکی ھاوبەش و زمانێکی ھاوبەش بۆ کورد ڕێک بکەوین؟


بە پێی خوێندنەوەی ڕاستییە مێژوویەکان و زمانەوانییەکان و فەرھەنگییەکان، گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی بۆ باشوری کوردستان ھەمان ئەو ھەڵە مەزنە دەبێ کە ‌کاتی خۆی تاجیکستان پێیدا تێپەڕیوە، دوای ئەوەی دوو ئەلفوبێی ئەورو‌پی وەک لاتینی و کریلیکییان تاقیکردەوە،‌ کەچی لە کۆتاییدا دوبارە ھەر گەڕانەوە بۆ ھەمان ئەلفوبێی مێژوویی و فەرھەنگیی کۆنی خۆیان کە ئەلفوبێی فارسی - عەرەبییە.‌ ‌


کوردەکانی باکووری کوردستان ئەوە زیاتر لە ٩٠ ساڵە لە ژێر زوڵم و ستەمی سیاسەتی ئەتاتورک دەناڵێنن، لە ھەموو مافێکی نەتەوەیی بێبەش کراون. ھۆی ڕاستەوخۆی لە ناوچوونی ئەلفوبێی کوردی لەم بەشەی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە زمانکوژییەی ئەتاتورک کە لە د‌ژی نەتەوە غەیرە تورکەکان بە تایبەت کورد، ئەنجامی دا، بە بڕیارێکی سیاسی بەکارھێنانی ئەلفوبێی عەرەبی لە وڵاتەکە قەدەغە کرد، کە ئەمەش بووە ھۆی ڕیشەکێشکردنی ئەم ئەلفوبێیە و لەناوچوونی نووسینی کوردی لەم بەشەی کوردستان بەم ئەلفوبێیە. وەک کاردانەوەیەک لە دژی ئەم سیاسەتە داگیرکارییە، کۆنفرانس دەیتوانی ھەر ئەم ئەلفوبێ کوردییە بکا بە کەرەستەی خەبات بۆ کوردەکانی باکوور، بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەم ئەلفوبێیەوە دژایەتی بیری کەمالیزم بکەن و خۆیان لە تورکەکان جودا بکەنەوە،‌ بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەلفوبێی مێژوویی و ڕەسەنی خۆیان، دژایەتی خۆیان بۆ سیاسەتی زمانکوژی و چەوسانەوەی نەتەوەیی و زمانیی ئەتاتورک نیشان بدەن کە ئەم ئەلفوبێ لاتینیەی بە زۆرەملێ بە سەر میللەتی تورک و کوردا سەپاندوە.
٢٩ وەک تاجیکەکان کە ئەمڕۆ بۆ خۆدوورخستنەوە لە کولتوری داگیرکاری ڕوسەکان خۆیان لە ئەلفوبێی کریلیکیی ڕوسی ڕزگار دەکەن کە بە زۆر بەسەریاندا سەپێنرا بوو، دەگەڕێنەوە بۆ ئەلفوبێی مێژوویی و ڕەسەنی خۆیان. ھەنگاوێکی لەم جۆرە بۆ کوردەکانی باکور لە ڕووی سیاسییەوەش بایەخێکی یەکجار گەورەی دەبێ.٣٠


کۆنفرانسی زمانی کوردی دەبوایە لە ئاستێکی زانستی و زمانەوانی، بە ڕەچاو کردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و فەرھەنگیی کورد لەم پرسە چارەنووسساز و ستراتیژییە بڕوانێ، نەک بە پاساوی نازانستی و بە ئەجێندای سیاسی نادیار ھەوڵی کوژاندنەوەی ئەو چرایە بدات کە لە باشووری کوردستان بەم ئەلفوبێیە ھەڵ بووە،‌ ‌کە ئێستا وا خەریکە تیشک و ڕوناکی خۆی بۆ ‌سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
________________________________________________
ژێدەر و سەرچاوەکان:
 

١- Andrew Robinson, Writing and Script, a very Introduction, Oxford university press, 209, p. 142.

٢- ھەر لەسەدەی نۆزدەمەوە لەلایەن ھێزە کۆلۆنیالییەکان و رۆژھەڵاتناسانەوە ھەوڵی گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بۆ لاتینی دراوە. رۆژھەڵاتناسی ئەڵمانی ویلھێلم سپیتا Wilhelm Spitta لە ساڵی ١٨٨٠ بە ئەڵمانی کتێبی ڕێزمانی عەرەبی عامی میسری دەردەکات و داوا دەکا کە زمانی عا‌می میسری بە ئەلفوبێی لاتینی بۆ نووسین بەکار بێت. دواتر رۆژھەڵاتناسێکی دیکەی ئەڵمانی کارل ڤۆلەرس Karl Vollers ھەر ھەمان داوای رۆژھەڵاتناسی پێش خۆی دوبارە دەکاتەوە. لە پاشان کۆمەڵێک رۆژھەڵاتناسی دیکە بە پشتیوانی ھێزە کۆلۆنیالییەکان ئەو جۆرە داوایانە دوبارە دەکەنەوە کە ئەمە دواتر تەئسیری خۆی بۆ سەر ھەندێک لە نووسەرانی عەرەب بەجێ دەھێڵێ کە بانگەشەی گۆڕینی پیتە عەرەبییەکان بکەن بۆ لاتینی، وەک مەحمود عەزم، سەلامە موسا، عەبدولعەزیز فەھمی، سەعید ئەلعەقل. لە ساڵی ١٩٣٠ لە گۆڤاری (المجلە الجدیدە) مەحمود عەزم وتارێک بڵاو دەکاتەوە تیایدا داوای گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی دەکات بۆ لاتینی. دواتر لە ساڵی ١٩٤٤ عەبدولعەزیز فەھمی ئەندامی ئەکادیمیای زمانی عەرەبی لە میسر پرۆژەیەک دەخاتە بەردەم ئەکادیمیا بۆ بەلاتینیکردنی ئەلفوبێی عەرەبی و داوا دەکا لە ھەموو شوێنێکیش بەکار بێ، کتێبێکیش لەسەر ئەم بابەتە بە چاپ دەگەیەنێ بە ناوی(الحروف اللاتینیە للکتابە العربیە)، ئەم پرۆژەیە لەلایەن ئەکادیمیاوە زۆر بە توندی ڕەت کرایەوە، پێیان وابوو ئەم جۆرە پرۆژەیە زیانێکی زۆر بە فەرھەنگ و ناسنامەی ھەموو عەرەب دەگەیەنێ. لە پاشان ھەر بۆ ھەمان مەبەست لەلایەن چەند نووسەرێکی دیکەی سوری و لوبنانی چەند ھەوڵێکی دیکەی سەرنەکەوتو دراوە، بە تایبەت بۆ بەکارھێنانی ئەلفوبێی لاتینی بۆ لەھجە عەرەبییەکان. لە ساڵی ١٩٦١ سەعید ئەلعەقل ھەوڵی ئەوەی داوە کە لەھجەی لوبنانی بە ئەلفوبێی لاتینی بنووسرێتەوە، ھەر بۆ ئەم مەبەستە کتێبێکیش بەم لەھجەیە بە ئەلفوبێی لاتینی چاپ دەکات.
ئەم ھەوڵانەی کە دراون لە جیھانی عەرەب بۆ گۆڕینی ئەلفوبێ،‌ زیاتر ھەوڵی تاکە کەسی بوون و ھیچ دەزگایەکی زمانەوانیش پشتگیری لێ نەکردوون، بۆیە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەر بە مردوویی لە دایک بوون.
بۆ درێژەی ئەم باسە بڕوانە:

محمد الصاوی، کتابة العربیة بالحروف اللاتینیة، الأبعاد التربویة و السیاسیة، غیر منشور.
Jacob M. Landau, Attempts at Romanization in the Middle East and Central Asia, Journal of Semitic studies supplement, Oxford University Press, Volume 24, 2008, pp. 185 -186.
 

٣- فەرھاد شاکەلی، زمانی کوردی لە ئاستانەی سەردەمێکی تازەدا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر، ل٤٤.

٤- لە نێو ئێرانییەکان ھەر لە زووەوە مەسەلەی ریفۆرمکردن یان گۆڕینی ئەلفوبێ بۆ لاتینی باسوخواسی لەسەر کراوە، ئەلفوبێی فارسی - عەرەبی ھەرچەندە کۆمەڵێک کێشەی لەگەڵ دەنگەکانی زمانەکە ھەیە بەڵام ھەر لە کۆنەوە تا ئێستا زۆر کەم دەستکاری کراوە. ئەو ھەوڵەی کورد داویانە بۆ گونجاندنی حەرفە عەرەبییەکان لەگەڵ دەنگەکانی زمانی کوردی، لە زمانی فارسیدا نەکراوە.‌ میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە کە تورکێکی ئازەری بوو ھەر لە سەدەی نۆزدەمەوە دەستنیشانی گیروگرفتەکانی ئەلفوبێی فارسی کردووە، پێی وا بوو ئەم ئەلفوبێیە کۆسپێکە لەبەردەم پێشکەوتنی ئێران و وڵاتانی موسڵمان. بۆ ئەم مەبەستە سەردانی دەرباری عوسمانییەکان و قاجارییەکانی کردووە، ھەوڵی داوە قەناعەتیان پێ بێنێ کە ئەلفوبێ بگۆڕن بۆ لاتینی، بەڵام ھەردوو دەوڵەت رەتیان کردۆتەوە. دواتر مولکوم خان کە ئەرمەنییەکی ئێرانی بوو ھەر لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ ناوبراو نامە گۆڕینەوەیان دەبێ. مولکوم خان پێی وا بوو دواکەوتنی موسڵمانان بەھۆی دینی ئیسلامەوە نیە،‌ بەڵکو لە ئەلفوبێ دایە کە فێر بوونی زۆر سەختە، جۆرە خەتێک لەسەر بنەڕەتی ئەلفوبێی فارسی دادەھێنێ کە فێر بوونی ئاسانترە، بەڵام ئەم چاکسازییەی ئەویش بێ سوود دەبێ. دواتر، ھەر لەسەدەی ڕابردوو بەردەوام لە نێو چینی ڕۆشنبیران و نووسەرانی ئێران ئەم مەسەلەیە وتوێژی لەسەر کراوە وەک سەعید نەفیسی، ڕەشید یاسەمی، عەلی دەشتی، حەسەن تەقی زادە داوای چاکسازی ڕێنووسییان کردووە و ئەلفوبێی لاتینییان پەسند کردووە.‌ ھەتا ئەمڕۆش ئەم باسانە لەلایەن ھەندێک لە ئێرانییەکانی دەرەوە دەوروژێنرێ، بەڵام حکومەتی ئێران چ لە زەمانی قاجارەکان و پەھلەوی و چ لەلایەن حکومەتی ئێستای ئێرانەوە ھەمیشە دژ بەم ھەوڵانە وەستاون، ھیچ دەزگایەکی زمانەوانیش لە ئێران پشتگیری ئەم گۆڕانەی ئەلفوبێی نەکردووە. بۆ درێژەی ئەو ھەوڵانەی کە لەم بوارە دراون. بڕوانە:
یحیی ذکا، در پیرامون تغییر خگ فارسی، چاپخانە نقش جھان، تھران، ١٣٢٩.
دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر بانگەشەکانی ئاخوندزادە و مولکوم خان و ھاوبیرانی، واقیعی پێشکەوتنی گەلان بە ئەلفوبێی جیاواز لە جیھاندا بە گشتی و ئەلفوبێی عەرەبی بە تایبەت، سەلماندیان کە ئەلفوبێ ڕێگر نیە لەبەردەم پێشکەوتنی ھیچ میللەتێک. پێشکەوتنی ئەمڕۆی ئێران لە بواری تەکنەلۆژی و ھەموو بوارەکانی دی بەم ئەلفوبێیە،‌ بەڵگەی ئەم ڕاستییەیە. ‌دوای گەڕانەوەی تاجیکەکا‌نی سۆڤیەتی پێشوو لە ئەلفوبێی لاتینی و کریلیکییەوە بۆ سەر ھەمان ئەلفوبێی فارسی کە لە ئێران و ئەفغانستان بەکار دێ، بایەخ و گرنگی ئەم ئەلفوبێیە بۆ زمانی فارسی زیاتر ڕۆشن دەبێتەوە.

٥- ئەحمەدی خانی، مەم و زین ، ئامادەکردن و پەراوێز بۆ نووسین: ھەژار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی دووەم، ھەولێر، ٢٠٠٨، ل٣١.

٦- Ehmed Xan, Mem Zn, Amadekar: Nmık Aıkgz, Kltr ve Turizm Bakanlığı, Ankara, 2010. R. 9.

٧- ھەر لە زوووەوە چەندین جار ھەوڵی گۆڕینی شێوازی نووسینی چینی دراوە بۆ لاتینی، بەڵام ھیچیان سەرکەوتو نەبوون. ڕابەری ناوداری چینی بەناوبانگ ماوتسی تۆنگ لە پەنجاکانی سەدەی بیست وەک بەشێک لە شۆڕشە فەرھەنگییەکەی، پێی وابوو شێوازی نووسینی چینی فێربوونی سەختە و کۆسپێکە لەبەردەم بڵاوبوونەوەی خوێندەواری لە چین، پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی چینی، کە پێی دەڵین ماندارین، بەکار بێت، لە بەرامبەر ئەم داوایە باڵی موحافەزەکاری چینی بە توندی لە دژی وەستان.
شێوازی نووسینی چینی کۆنترین شێوازێکە کە پێنج ھەزار ساڵ پێش ئێستا لەلایەن نەتەوەی ھۆنی چینی داھێنراوە و پەرەیسەندووە،‌ ھەر بۆیە ئەم جۆرە خەتە ھەر بە تەنیا شێوازی نووسین نیە بۆ زمانەکە،‌ بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوی مێژوو و فەرھەنگی چینە بە ھەر بەھانەیەک بێ ناکرێ دەستبەرداری بن. ئەمە بێجگە لەوەی بە لێکۆڵینەوەی نوێ سەلمێنراوە منداڵانی چینی لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە بە ئەلفوبێی لاتینی دەخوێنن ڕادە و خێرایی فێر بوونیان بۆ خوێندەواری وەک یەکە،‌ واتە سەختی شێوازی نووسینی چینی نەبۆتە کۆسپێک بۆ فێر بوونی خوێندەواری. بڕوانە:
Andrew Robinson, The Story of Writing, Alphabets, Hieroglyphs & Pictograms, London, 1995,P.15.

٨- بەلاتینیکردنی ئەلفوبێ لە بیستەکانی سەدەی بیست زمانی عیبری و فەرھەنگی جولەکەش دەگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە چەند ھەو‌ڵێک دراوە بەڵام سەر‌کەوتو نەبووە. لە بیستەکانی سەدەی بیست لەلایەن ئیتەمار بێن- ئاڤی (١٨٨٢ - ١٩٤٣) کە رۆژنا‌مەنووسێکی جولەکە بوو، ھەو‌ڵیدا ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی عیبری بەکار بێنێ. پێی وابوو بەکار ھێنانی ئەلفوبێی لاتینی ئاسانکاری دەکا بۆ بڵاوکردنەوەی خوێندەواری بە نێو جولەکەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەش لە پێشدا لە ساڵی ١٩٢٧ کتێبێکی ژیننامەی باوکی بە ئەلفوبێی لاتینی بە ناوی ئاڤی ( باوکم) لە قودس بڵاو کردەوە، لەپاشان چەند گۆڤار و رۆژنامەیەکیش بە عیبری ھەر بە ئەلفوبێی لاتینی دەرکرد، ئەم ھەوڵانە تا کۆتایی سییەکانی سەدەی بیست بەردەوام بوو. بەڵام دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، چ لەلایەن پیاوانی ئایینی جولەکە و چ لەلایەن چینە رۆشنبیرەکەی زۆر بە توندی لە دژی ئەم گۆڕینە وەستان، پێیان وابوو زمانی عیبری نووسینی بە ئەلفوبێ عیبرییەکە گونجاوترە تا لاتینییەکە، ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەلفوبێی عیبری وەک بەشێکی جیانەکراوەی مێژوو و فەرھەنگی رەسەنی جولەکەیە،‌ ئامادە نەبوون لە پێناو مۆدێرنیتە و بە رۆژئاوایی بوون دەستبەرداری ئەلفوبێی مێژوویی و ناسنامەی ڕەسەنی خۆیان بن، ھەرچەندە کە پەیوەندییەکی دۆستانە و نزیکیان لەگەڵ وڵاتە رۆژئاواییەکان ھەبووە و ھەیە. بۆ درێژەی ئەم باسە بڕوانە:
İlker Aytrk, Script Charisma in Hebrew and Turkish: A Comparative Framework for Explaining Success and Failure of Romanization, Journal of World History, volume 21, number١, March 210, pp. 97-130.
 

٩- Jacob M. Landau, Barbara Kellner-Heinkele, Politics of language in the ex-Soviet Muslim states, Hurst and Company, London, 2001, P.51.
 

١٠- Ayse Pamir Dietrich, Language Policy and the Status of Russian in the Soviet Union and the Successor States outside the Russian Federation, Australian Slavonic and East European Journal, January, Vol. 19, Nos. 1-2 (2005): 1-27.
 

١١- Jacob M. Landau, Barbara Kellner-Heinkele, P.51.


١٢- زمانی کوردی یەکێک بوو لەم ١٣٠ زمانەی یەکێتی سۆڤیەت کە بە ڕەسمی دانی پێدانرا، لەو سەردەمە بە خێرایی بوژانەوەی بە خۆیەوە بینی، بوو بە زمانی خوێندن و نووسین لە قوتابخانەکان، گۆڤار و رۆژنامە و کتێبی پێ چاپکرا، پەخشی ڕادیۆ بە زمانی کوردی دەستی پێکرد. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٣ - ١٩٢٩ دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە ھەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباغ لە رۆژئاوای ئازەربایجان بە ناوی کوردستانی سۆر دادەمەزرێنن کە پایتەختەکەی شاری لاچین بوو. کوردەکانی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٢١ بۆ یەکەمجار ئەلفوبێی ئەرمەنی بۆ زمانی کوردی بە ‌کار دێنن، بەڵام دواتر لە ساڵی ١٩٢٩ دەگۆڕێ بۆ لاتینی، ھەر بە لاتینی دەمێنێتەوە تا لە ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن ستالینەوە، وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکەی سۆڤیەت، ئەلفوبێی کریلیکییان بە زۆر بەسەردا دەسەپێنرێ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەش ھەڵدەوەشێتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە کو‌ردەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان، وەک چارەنووسی ھەندێک نەتەوەی دی کە لە سنوورەکانی یەکێتی سۆڤیەت بوون، دوچاری ڕاگوێزان و دوورخرانەوە دێن بۆ کۆمارەکانی دیکەی سۆڤیەت. بڕوانە:
Ismet Cheriff Vanly, The Kurds in the Soviet Union, in: Philip G. Kreyenbroek & S. Sperl (edit), The Kurds: A Contemporary Overview, Routledge; 1 edition December 6, 1991, p. 203, pp. 209 -210.

١٣- یەکێتی تورکان Pan - Turkism بزووتنەوەیەک بوو لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەم لە نێو رۆشنبیرە تورکەکانی ئیمپڕاتۆڕیەتی ڕوسیا دەستی پێکرد، ئامانجی چاکسازی دینی و یەکێنتی فەرھەنگی و سیاسی گەلانی تورک بوو. ئەم بزوتنەوەیە لە پاشان زەمینە خۆش دەکات بۆ دامەزرانی بزوتنەوەیەک بە ناوی ( جەدید) کە لەلایەن شەھابەدین مێرگانی و قەیوم ناسری و حوسێن فەیزخانیەوە دامەزار. دواتر ھەر لە پێناو نزیکبوونەوەی زیاتر لەیەک لە ساڵی ١٩٠٥ تورک و تەتاری روسیا کۆنگرەی یەکەمی (گشت موسڵمانان) دەگرن کە نوێنەری تورکەکانی قرم و قازان و تورکستان و قەوقازیش تێیدا بەشدار دەبن، لە کۆنگرە تەئکید لەسەر یەکگرتنی گشت موسڵمانانی روسیا دەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە کێشە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و سیاسییەکان چارەسەر بکەن. لە کۆنگرەی دیکە کە لە ساڵەکانی دواتر گیرا، باس لە دامەزراندنی پەیوەندی نزیک لەگەڵ تورکەکانی تورکیا دەکەن، سەرەڕای پێکھێنانی زمانێکی یەکگرتووی خوێندن بۆ تورکەکانی روسیا لەسەر بنەڕەتی لەھجەی ئەستەنبوڵ. سەرکردە تورکەکانی روسیا دەیانزانی کە بەبێ یارمەتی دەرەوە ناتوانن بگەن بەم ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییانە، تەنھا دەوڵەتێک کە ئامادە بوو پشتگیرییان بکات دەوڵەتی عوسمانی بوو، ھەر بۆیە پەیوەندییەکی بەھێزیان لەگەڵدا دروست کرد بوو. دەوڵەتی عوسمانیش لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم کە لە ساڵەکانی (١٨٧٦ - ١٩٠٩)‌ فەرمانڕەوا بوو، بۆ رزگار کردنی ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکەی لە ڕوخان و بۆ بەر‌گریکردن لە دژی ھێزە ئەو‌ڕوپییەکان کە چاویان لە ئیمپراتۆریەتەکە بڕی بوو، دروشمی یەکێتی موسڵمانانی Pan - Islamism بەرز کرد بووەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەند‌ی بە تورکەکانی روسیا دەکرد کە ئاوارەی ئەستەنبوڵ بوون یانیش وەفدی دەنارد بۆ ئاسیای ناوەڕاست، سەڕەڕای ناردنی نوێنەری خۆی بۆ ئەندەنۆسیا و ھیندستان و وڵاتانی عەرەبی.
ئەم ھەوڵانەی کە لەو سەردەمە لە ئارادا بوون بۆ یەکگرتنی موسڵمانانی جیھان و یەکگرتنی تورکەکان، دەسەڵاتدارارنی روسیای قەیسەری و دواتر سۆڤیەتییەکانی نیگەران کرد بوو، ھەر بۆیە ھەموو ھەوڵێکیان دەدا بۆ لەیەکدابڕین و دوور خستنەوەی تورکەکان و موسڵمانەکان لەیەک بە تایبەت موسڵمانەکانی یەکێتی سۆڤیت، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش گۆڕینی ئەلفوبێ وەک ئامرازێک بەکار دێنن بۆ دروستکردنی دیوارێک لە نێوانیان. بڕوانە:
Charles Warren Hostler, The Turks of Central Asia, Greenwood Publishing Group, Inc, 1993, pp.71 - 110.

١٤- Thomas G. Winner, Problems of Alphabetic Reform among the Turkic Peoples of Soviet Central Asia, 1920-41, The Slavonic and East European Review, Vol. 31, No. 76 (Dec., 1952), University College London, School of Slavonic and East European Studies, pp. 126-137.

١٥- Ayca Ergun, Politics of Romanisation in Azerbaijan (1921-1992), Journal of the Royal Asiatic Society of Great Britain & Ireland ( Third Series), Cambridge University Press, 2010, 20, p.39.
 

١٦- Ibid. P.37.
ئەم جۆرە گوتارە دژ بە ئەلفوبێی عەرەبی،‌ تێڕوانینێکی ڕەگەزپەرستانەیە بۆ ئەلفوبێ، ھەتا ئەمڕۆش بوونی ھەیە، ئەمە لەکاتێک ڕاستییە زمانەوانییەکان و فەرھەنگییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ھیچ ئەلفوبێیەک ڕێگر نیە لەبەردەم پێشکەوتنی ھیچ مرۆڤێک. باشترین نمونەش بۆ ئەمە وڵاتانی وەک چین و ژاپۆنە کە شێوازێکی نووسین بەکار دێنن لە ئەلفوبێی عەرەبی زۆر سەختترە، کەچی ئەمە نەبۆتە کۆسپێک لە ڕێی پێشکەوتنیان لە بواری زانستەوە.
 

١٧- Ibid. pp.37-38.
 

١٨- Mark Dickens, Soviet Language Policy in Central Asia, 1988, p.11.
ئەم کتێبە دەکرێ لەسەر ئینتەرنێت بخوێنرێتەوە بەڵام شوێنی چاپ و بڵاوکردنەوەی تێدا نیە.
http://www.oxuscom.com/lang-policy.htm

١٩- Ayca Ergun, Politics of Romanisation in Azerbaijan (1921-1992), P.39.
 

٢٠- Ibid. P.11.
 

٢١- G. E. Wheeler, Soviet Policy in Central Asia, International Affairs, Royal Institute of International Affairs 1944, Blackwell Publishing, Vol. 31, No.3,1955, p. 323.
 

٢٢- کۆماری تاتارستان، کۆمارێکی فیدرالی تورکی سەر بە ڕوسیایە و دەکەوێتە ناوچەی فیدرالی ڤۆلگا، وەک کۆمارە تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست سەربەخۆ نیە، بەڵام پەیوەندی کولتوریی لەگەڵ تورکەکانی ئەو ھەرێمە ھەیە. زمانی تورکی تاتاری بە ئەلفوبێی کریلیکی لەگەڵ زمانی ڕوسی لەم کۆمارە دوو زمانی ڕەسمین.
 

٢٣- Jacob M. Landau, Barbara Kellner-Heinkele, P.129.
 

٢٤- Seymas Akkoynlu, The Impact of Turkeys Domestic Resources on the Turkic Republic of the Caspian Sea, European Journal of Economic and Political Studies (EJEPS) 1(2), 1-23, 2008, p.13.
 

٢٥- Ayca Ergun, p.40.

٢٦- زمانی فارسیی ئێران و دەریی ئەفغانستان و تاجیکیی تاجیکستان، سێ ناون بۆ یەک زمان کە زمانی فارسییە، بەڵام بە ھۆی دابەشبوونی سیاسی فارسی زمانەکان بە سەر ئەفغانستان و تاجیکستان و ئێران، ھەروەھا گۆڕینی ناوی زمانی فارسی لە ئەفغانستان بۆ دەری و لە تاجیکستان بۆ تاجیکی، وێڕای گۆڕینی ئەلفوبێی فارسی- عەرەبی لە تاجیکستان بۆ لاتینی و کریلیکی، پەرەسەندنی ئەم زمانانە بە جودا لەگەڵ یەک، ھەتا ڕادەیەک زمانەکە لە یەک دوور دەکەوێتەوە.
ھێزە کۆلۆنیالییەکان دەورێکی سەرەکییان ھەبووە لە کەمکردنەوەی نفوزی زمانی فارسی و دابەشکردنی. لە سەدەی نۆزدەم لە ناوچەی خوراسانی گەورە، ئیستیعماری ئینگلیز و ڕوس بۆ گەیشتن بە ئامانجە ئیستیعمارییەکانیان ھەوڵ دەدەن زمانی فارسی کە زمانی ھاوبەش و فەرھەنگیی گەلانی موسڵمانی ئەو ناوچەیە بوو، لاوازی بکەن. زمانی فارسی لە سەدەی یازدەمی میلادی لە سەردەمی سوڵتان مەحمودی غەزنەوی دەگاتە قاڕەی ھیند، بۆ ماوەی حەوت سەدە دەبێتە زمانی ڕەسمی و ئیداری و زانستی ئەو قاڕەیە. سەلجوقییەکانیش لە ئاسیای بچوک زمانی فارسی برەو پێ دەدەن. دوای ئەوەی ئیستیعماری ئینگلیز ھیندستان داگیر دەکا، لە ساڵی ١٨٧٣ زمانی فارسی لەکار دەخا و زمانی ئینگلیزی جێگەی دەگرێتەوە. بۆلشەڤیکە ڕوسەکان دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە بەسەر ناوچەی تورکستانی ئاسیای ناوەڕاست فەرمانڕەوا دەبن، تاجیکستان دەکەن بە یەکێک لە کۆمارەکانی سۆڤیەت، ھەر بە ھەمان ئامانجی سیاسی، بۆ دوورخستنەوەیان لە فارسی زمانەکانی ئەو ناوچەیە ئەلفوبێیان پێ دەگۆڕن بۆ لاتینی و ئەوجا کریلیکی، ناوی زمانەکەش لە فارسییەوە دەگۆڕن بۆ زمانی تاجیکی، بۆ ئەوەی پێیان بڵین کە زمانی ئێوە لەگەڵ فارسی ئێران و دەری ئەفغانستان جیاوازە، و زمانێکی دیکەیە. لە ھەمان کاتدا وشەیەکی زۆریش لە زمانی ڕوسی و ئۆزبەکی وەردەگرێ، لە فارسی ئێران و ئەفغانستان دوور دەکەوێتەوە.
لە ساڵی ١٩٦٤ حکومەتی محەمەد زاھیر شا کە بە نەتەوە پەشتۆنی بوو لە دەستوری ئەفغانستان بە ڕەسمی ناوی زمانی فارسی دەگۆڕێ بۆ دەری، ئەمە لە کاتێک لە پێشدا، لە نێو خەڵک لە ئەفغانستان ھەر ناوی زمانی فارسی بووە. ناو گۆڕینەکەی زیاتر بە ئامانجی سیاسی بووە بۆ ئەوەی دووری بخاتەوە لە زمانی فارسی ئێران، ئەمە سەرباری ئەوەی کە زمانە فارسییەکە دەکەوێتە ژێر تەئسیری زمانی پەشتۆنی و ھیندی و ئینگلیزی بە ڕادەیەکی زۆر لەم زمانانە وشە دەخوازێ. زمانی فارسی ئێرانیش کە زیاتر خزمەت کراوە، وشەگەلێکی نوێی فارسی بۆ دانراوە، زیاتر وشەی فەڕەنسی وەردەگرێت، چونکە فەڕەنسی ھەتا کۆتایی شەڕی دووەمی جیھانی زمانی ڕەسمی دووەمی ئێران بووە، دواتر دەبێ بە ئینگلیزی.
بەم شێوەیە زمانی فارسی کە ھەر لەسەدەی دەیەمی میلادییەوە وەک یەک زمان پەرەیسەندووە، زمانێکی دەوڵەمەندی ئەدەبیات و زانست بووە، لینگوا فرانکای رۆژھەڵات بووە، ھەر لە بەنگلادیشەوە ھەتا ئەستەنبوڵ و لە ئاسیای ناوەڕاستەوەش ھەتا ناوچەی خەلیج نفوزی زمانیی ھەبووە، لە سەدەی ڕابردوو بە ھۆی گۆڕانی دەسەڵاتی زلھێزەکان، ئەو دەسەڵاتە زمانییەی نامێنێ. لە ناوچەی خوراسانی گەورەش، بە ھۆی گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و دابەشبوونی ئاخێوەرانی بەسەر سێ وڵاتدا، ھەروەھا پەرەسەندنی زمانەکەش بە جودا لەگەڵ یەک، زمانەکە دەبێ بە سێ زمان بە سێ ناوی جیاواز.
بەڵام ئەمڕۆ دوای گەڕانەوەی تاجیکەکان بۆ ناسنامەی زمانیی خۆیان و گەڕانەوەیان بۆ ئەلفوبێی فارسی- عەرەبی، وا جارێکی دی لەیەکنزیکبوونەوەی ئەو زمانە فارسییانە دەستی پێکردۆتەوە، چونکە یەکبوونی ئەلفوبێ فاکتەرێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئەم زمانانە جارێکی دی ببنەوە بە یەک زمانی فارسی، ئێستا ھەوڵی ئەوەش دەدەن کە زاراوەی زانستی ھاوبەش پێکەوە بەکاربێنن. بۆ درێژەی ئەم باسە بروانە:
دکتر محسن أبوالقاسمی، تأریخ زبان فارسی، مرکز تحقیق و توسعه‌ علوم أنسانی، تهران، ١٣٨٩. ێ ٢٦١ - ٢٦٢.
نجم کاویانی، یک زبان با سە نام، (فارسی، دری و تاجیکی)، نوای آزادی، ١٢-٠٤-٢٠١٢. بۆ سەرچاوەی ئەم باسە بڕوانە ئەم ماڵپەرە:
http://jawedan.com / یک-زبان-با-سە-نام-فارسی،-دری-و-تاجیکی.

٢٧- Jacob M. Landau, Barbara Kellner-Heinkele, P.126.
 

٢٨- Ibid. P. 146.
 

٢٩- کەمال ئەتاتورک ئەوەندە دژ بە میراتی عوسمانی و ئیسلام و عەرەب بوو دەیویست بە ھەرشێوەیەک بێت و بە کورتترین وەخت میللەتی تورک لەم ڕابردووە داببڕێ، ھەر بۆیە زۆر بە خێرایی و بە دیکتاتۆریەت بەرنامەی گۆڕینی ئەلفوبێی لە تورکیای نوێ خستە گەڕ. لە ساڵی ١٩٢٨ کاتێک بڕیاری گۆڕینی ئەلفوبێی دەرکرد، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی فالح رەفیق - کە لەلایەن ئەتاتورکەوە دەستنیشان کرا بوو- بۆ ئامادەکردنی ئەلفوبێی نوێ دادەمەزرێنی، ئەو لیژنەیە بەرنامەیان وابوو بۆ ماوەی پێنج ساڵ ھەردوو ئەلفوبێ لە ھەموو شوێنێک بەکار بێنن تا خەڵک بە تەواوەتی دەکەوێتە سەر ئەو ئەلفوبێ نوێیە، کەچی ئەتاتورک ناڕەزایی خۆی دەربڕی گووتی ئەگەر بۆ ئەو ماوە درێژە ھەردووک بەکار بێ ئەوا خەڵک کۆنەکە دەخوێننەوە نوێیەکە پشتگوێ دەخەن، بۆیە ڕای خۆی دەسەپێنی داوا دەکا کە دەبێ لە ماوەی سێ مانگ ئەلفوبێ لاتینییەکە جێبەجێ بکرێ. لەپاشان لیژنەکە لە ماوەی شەش ھەفتە ئەلفوبێ ئامادە ‌دەکەن و لەماوەی سێ مانگیش لەسەرانسەری وڵاتەکە بڵاوی دەکەنەوە، ھەرچەندە کێشەیەکی زۆریش بۆ قوتابخانەکان دروست دەکات، چونکە مامۆستاکان پێشتر ئەو ئەلفوبێیەیان نەزانیوە. لە کۆتایی ھەمان ساڵیش ئەلفوبێی عەرەبی بە ڕەسمی لە ھەموو شوێنێک قەدەغە دەکا. بڕوانە:
Bernard Lewis, The Emergence of Modern Turkey, Oxford University Press, London, 1979, pp. 442- 444.
 

٣٠- فەرھاد شاکەلی، زمانی گەردەلول، خەونی شنەبا، لە بڵاو کراوەکانی پڕۆژەی تیشک، ٢٠٠٨، ل١٨٧.
 


sudad.rasool67@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک