په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٥\٢٠٢٦

پرسی شکۆ و مووچە.


ئەرسەلان مەحمود      


دەسەڵاتدارانی شکستخواردوو هەمیشە تواناییەکی سەرسوڕهێنەریان هەیە لە گۆڕینی وشەکان بە قەڵغان. کاتێک ناتوانن کێشەیەک چارەسەر بکەن، بە وشە چارەسەری دەکەن. کاتێک ناتوانن چ لە واقیع بگۆڕن، زمانیان دەگۆڕن. ئەمە دیاردەیەکی نوێ نییە لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا، جۆرج ئۆرڤێل لە ڕۆمانی ١٩٨٤ پێیدەڵێت نیوسپیک، واتە زمانێکی نوێ، تێیدا وشەکان واتای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستدەدەن و دەبنە ئامراز بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان. یەکێ لە بەرچاوترین نموونەکانی ئەم نیوسپیکە لە هەرێمی کوردستان ئەو دیسکۆرسەیە چەند ساڵێکە لە دەمی هەندێک بەرپرسی باڵا و دەنگی حزبییەوە دەبیسترێت: کەرامەت لە مووچە گرنگترە. ئەم ڕستەیە لە یەکەم گوێگرتندا ڕەنگە سادە و تەنانەت هەستبزوێن دەرکەوێت، چونکە کێ هەیە دژی کەرامەت بێت؟ بەڵام کاتێک بە وردی سەرنجی دەدەین، دەردەکەوێت ئەمە یەکێکە لە چەواشەترین و مەترسیدارترین گوتارە سیاسییەکانی ئەم دوایییە، چونکە یاسا، ئەخلاق و لۆژیک پێکەوە پێشێل دەکات.
 
پێش ئەوەی ڕەخنە لە تێکەڵکردنی دوو شت بگرین، پێویستە هەردووکیان بە جیا بناسین. زۆر جار سەرچاوەی هەڵە سیاسییەکان لە نا دڵنیاییەوە نییە، بەڵکوو لە ناڕوونیی پێناسەکانەوەیە. مووچە لە بنەڕەتدا چییە؟ بەخشش نییە. سەدەقە نییە. منەت نییە. بریتییە لە کرێی کارێک کرابێت، لە بەهای کاتێک تەرخان کرابێت، لە کۆمپانسەی توانایەک بەکار هێنرابێ. کاتێ مامۆستایەک ٢٥ ساڵ تەمەنی خۆی لە ژوورەکانی پۆلدا بەڕێدەکات، یان پزیشکێک شەوگارێکی درێژ لە نەخۆشخانەدا بەسەردەبات، یان پۆلیسێک گیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، ئەمانە کاتی خۆیان، توانایی خۆیان و تەنانەت تەندروستی خۆیان دەخەنە خزمەت دەزگاکانی حکومەت. مووچە، نرخی ئەو خزمەتەیە. ئەمە گرێبەستێکی یاسایی-ئابووریی دوو لایەنە: لایەک فەرمانبەرە کاردەکات و لایەکی تری حکومەتە و دەبێت کرێکەی بدات. بەڵام کەرامەت چییە؟ کەرامەت بەهایەکی مرۆییە و لە ڕاستیدا پێش هەموو گرێبەستێک هەیە. مرۆڤ بە مرۆڤبوونییەوەتی، تەنانەت لەگەڵ لەدایکبوونی، لەگەڵێدا لەدایک دەبێت، نەک بە کار یان پارە یان پلەی کۆمەڵایەتی، شایانی ڕێز و حورمەت بێت. ئەمە بنەمایەکە لە بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤەوە تا یاسای بنەڕەتیی هەرێمی پێیدانراوە. کەرامەت پشت بە کۆمەڵێک بنەمای ئەرکی حکومەت و دەوڵەت دەبەستێت بەرامبەر بە هاوڵاتی، یەکێک لەو بنەمایانە دادپەروەری ئابوورییە. ئەو کێشە بنەڕەتییەی ئەم گوتارە سیاسییە دروستی دەکات ئەوەیە لە ڕاستیدا کەرامەت و مووچە نە دژی یەکن، نە جێگرەوەی یەکن، بەڵکوو مووچە بەشێکی دانەبڕاوی کەرامەتە. ئەم تێگەیشتنە کلیلی هەموو دیسکۆرسەکەیە و ناتوانرێت کەرامەتی کەسێک بپارێزێت لە کاتێکدا کرێی کارەکەی نەدرابێت. ئەمە وەک ئەوە وایە پزیشکێک بە نەخۆش بڵێت تەندروستی تۆ لە ئۆکسجین گرنگترە، لە کاتێکدا ئۆکسجین یەکێکە لە بنەماکانی تەندروستی.
 
ڕستەی کەرامەت لە مووچە گرنگترە، لە زانستی لۆژیکدا نموونەی فێڵێکە پێیدەگوترێ هەڵبژاردەی درۆیینە. ئەم فێڵە کاتێک ڕوو دەدات دەمەوەرێک دوو شت وەک دوو بژاردەی تەواو دەربکەون دەخاتە بەرامبەر یەکتری، لە کاتێکدا نە دژی یەکترن، نە تەنها هەڵبژاردەش نین. با بە نموونەیەکی سادەتر ڕوونتری بکەینەوە. تۆ بڕۆیتە کافتریایەک و قاوەچییەکە پێت بڵێت: ئەمڕۆ ئێمە قاوە یان تەنها شەکرت پێدەفرۆشین، کامیانت دەوێت؟ تۆ دەزانی ئەمە پرسیارێکی هەڵە و فێڵاوییە، چونکە قاوە و شەکر نە دژی یەکن، نە جێگرەوەی یەکن. تۆ بە سروشت پێویستیت بە هەردووکیانە بۆ ئەوەی قاوەکە تەواو بێت. لێرەش، مووچە و کەرامەت نە دژی یەکترن و نە جێگرەوەی یەکتری. ـووجەخۆر پێویستی بە هەردووکیانە، چونکە ئەو کەرامەتەی بەرپرسەکان باسی دەکەن، بێ مووچە بوونی نییە و ئەو مووچەیەی دەیدەنە فەرمانبەران، لە ڕاستیدا یەکێ لە جوانترین جێبەجێکارەکانی کەرامەتی هاوڵاتی. ئەم فێڵە ئامانجێکی ڕوونی هەیە، گواستنەوەی گفتوگۆکە لە ئاستی واقیعییەوە بۆ ئاستی مەفهومی ئەبستراکت. کاتێک فەرمانبەر داوای مووچەکەی دەکات، ئەمە داواکارییەکی کۆنکریت، یاسایی و پێوانەکراوە. بەڵام کاتێک بەرپرسێک وڵامی دەداتەوە بە کەرامەت، گفتوگۆ دەهاوێژێتە ناو دەریایەکی بێبن لە مەفهومی ئەبستراکتەوە، لێرەدا هیچ کەسێ ناتوانێ پێوانە بکات، ژمارە دانێت، یان داوای حیساب بکات. ئەمە دروستکردنی مەیدانی شەڕە و بەرپرس تێیدا هەمیشە بەرز و فەرمانبەر هەمیشە نزمە، چونکە لۆژیک و یاسا و ژمارە جێگەکەیان خاڵیکراوەتەوە.
 
ئەو خاڵە، ئەم گوتارە لە بێبنەمایی خۆی بە تەواوەتی ڕووتدەکاتەوە. ئەو بەرپرسانەی لە مۆنیتۆری تەلەفزیۆن بە دەنگێکی پڕ سۆزەوە دەڵێن کەرامەت لە مووچە گرنگترە، ئاخۆ خۆیان مووچەکانیان بەکات و بێ کەموکوڕی وەردەگرن؟ بۆ پاسەوان و شۆفێر و سکرتێر و خزمەتگوزارییە تایبەتییەکانیان دابین کراوە؟ ئاخۆ کاتێک کوڕەکانیان دەنێرن بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات یاخود کچەکانیان و خانمەکانیان دەنێرن بۆ بۆتۆکس و فیلەر و چارەسەر لە نەخۆشخانە گرانبەهاکانی دونیا، لێرەشدا کەرامەت لە پارە گرنگتر دەخوێننەوە؟ ئەستەمە. ئەم ناکۆکییە بەرچاوەی نێوان قسە و کردار، ناوێکی تایبەتی هەیە لە فەلسەفەی ئەخلاقیدا، پێیدەوترێ دووڕوویی ئەخلاقی. کاتێک ئەخلاقێکت بۆ خۆت دانابێت و ئەخلاقێکی تر بۆ خەڵک، ئەمە ناکاتە یاسا، ناکاتە بنەما، تەنانەت ناکاتە قسەی بایەخدارش. ئەمە تەنها فێڵە بۆ خۆ دزینەوە لە حەقیقەت، بێگومان لە پێناو پاراستنی دەسەڵات. ئەگەر بەرپرسێک ئامادە نییە بڵێ منیش لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانەدا دەژیم چەند مانگە مووچەیان نییە و کەرامەتم پارێزراوە، ئەوا ئەو بنەمایەی دایدەنێ، بنەمایەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو ئامرازێکی سیاسی-تاکتیکییە.
 
کەرامەتی ئەو فەرمانبەرەی مانگانە مووچەکەی پێنادرێ، کوێ پارێزراوە؟ کاتێک کرێ خانووەکەی لەسەر کۆ دەبێتەوە و هاوسەرەکەی ڕۆژانە لێیدەپرسێ چی بکەین؟، ئاخۆ ئەمە کەرامەتە؟ کاتێک منداڵەکەی لە مەکتەب دەهێنێتە دەرەوە چونکە ناتوانێت پارەی کتێب و خەرجی هاتووچۆ و جل و بەرگی بدات، ئەمە کەرامەتە؟ کاتێک مامۆستایەک ناچار دەبێت دوای دەوام تەکسی لێبخوڕێت، یاخود نەخۆشێک پێویستی بە دەرمانە بەڵام ناتوانێت بیکڕێت، ئایا ئەمە کەرامەتە؟ ئەمە پرسیارە لۆژیکییەکانە ئەم گوتارە ( کەرامەت لە مووچە گرنگترە) ناتوانێت وڵامیان بداتەوە. لە ڕاستیدا، ئەم گوتارە بۆ ئەوەیە ئەم پرسیارانە نەکرێن، نەک وڵامیان بدرێتەوە. ئەم چەمکی کەرامەتە تەنها لە دڵدا یان لە بیرکردنەوەدا نییە، بەڵکوو لەو دەرفەتانەدا هەیە مرۆڤ لە بەرامبەردا هەیەتی بۆ ئەوەی ژیانێک بژیت شایانی ژیانی خۆی یێت. مرۆڤێک جگە لە کارکردن، نە دەتوانێ بخوێنێ، نە دەتوانێت چارەسەر وەربگرێ، ناتوانێ نەک هەر ئیدارەی ڕۆژانەی ماڵەکەی بدات، بەڵکوو ناتوانێ خواردن دابین بکات، ئەو مرۆڤە کەرامەتی نییە، چونکە دەرفەتە بنەڕەتییەکانی ژیانی لێزەوت کراون. کەواتە، کاتێک حکومەت مووچە دواخستن دەکاتە نۆرمێکی سادە و ئاسایی، لە ڕاستیدا تواناکانی هاوڵاتی و کەرامەتە ڕاستەقینەکەی ژێرپێ دەخات، ئەمە بە تەواوەتی پێچەوانەی پاراستنی کەرامەتە. ئەو دیسکۆرسە کەرامەتی فەرمانبەر تەنها لە ڕووکەشدا دەبینێ و بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی ماددییەتی مووچەکەی لێزەوت بکات. ئەمە دزی ئەخلاقییە بە ناوی ئەخلاقەوە.
 
با لە ئاستی فەلسەفی بێینە خوار بۆ ئاستی یاسایی. لە یاسای ژمارە ٢٧ی ساڵی ١٩٦٠ عیراقی، هەمان ئەو یاسایەی لە هەرێمیشدا کاری پێدەکرێت، لە یاسا و ڕێنماییە جیاوازەکانی فەرمانبەری دەوڵەت، مووچە مافێکی یاسایی پێشێل نەکراوە. ئەمە مافێک نییە حکومەت بتوانێ بە حەزی خۆی بیدات یان نەیدات یان دوایبخات. ئەمە گرێبەستێکی یاسایی-مەدەنیی دوو لایەنە و هەردوولا ئەرکیان لەسەرە. کاتێک بەرپرسێکی حکومی دێت و دەڵێت کەرامەت لە مووچە گرنگترە، لە ڕاستیدا چی دەکات؟ مافێکی یاسایی دەکاتە بابەتێکی ئەخلاقی-سۆزدار. ئەمە چەواشەکارییەکی یاسایی قورسە، چونکە مووچە لە چوارچێوەی پرسیار و وڵامی ئەخلاقی-فەلسەفییەوە دەردێت. تۆ ناتوانیت پرسی پێدانی مووچە بکەیتە ئاستی موجادەلەی بیرکردنەوەکان. مووچە یاسا و گرێبەست و ئەرکە، نەک دیار و خواست و ڕای کەسی. ئەو فەرمانبەرە مووچەی نییە، نەک لەبەر ئەوەی کەرامەتی هەیە یان نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە یاسا دەڵێ دەبێ مووچەی هەبێ. ئەو ڕۆژەی حکومەت دەستدەبات بۆ یاسا و وڵامی پرسە یاسایییەکان بە دیسکۆرسی ئەخلاقی دەداتەوە، ئەو ڕۆژە سەرەتای دۆخێکە تێیدا دەسەڵات لە بنەمای یاسایی خۆی دادەماڵرێ و دەبێت بە دەسەڵاتێکی شەخسی-ئەخلاقی، لە مێژووی نوێدا بەم جۆرە دەسەڵاتە دەوترێ دەسەڵاتی پاترۆنالی. واتە دەسەڵاتێک لەگەڵ هاوڵاتییەکانی وەک دایک و باوک لەگەڵ منداڵدا هەڵسوکەوت دەکات: من باشتر دەزانم ئەوەی بۆتۆ باش و گرنگە چییە. ئەمە جەوهەری دژە-دیموکراسییەتە.
 
هۆکاری دروستبوونی ئەم گوتارە چییە؟ بێگومان هیچ گوتارێک لە بۆشاییدا دروستنابێت؛ هەموو گوتارێک کاتژمێرێکی سیاسی-ئابووری-کۆمەڵایەتی هەیە. گوتاری کەرامەت لە مووچە گرنگترە، کاتێ سەر هەڵدەدات ئیدارە و دارایی هەرێم تووشی شکستی قووڵ بوو. کاتێ نەتوانرا یان نەویسترا کێشە ئەکتیوەکان چارەسەر بکرێن، گفتوگۆکە گوازرایەوە ئاستێکی ئەبستراکت، بەرپرسیارێتیی کۆنکریتی تێدا نامێنێت. ئەمە تاکتیکی کۆن و ناسراو یاخود زانراوە: لە سیاسەتی شکستخواردووداو. کاتێک ئابوورییت نییە، باسی نیشتیمانپەروەری بکە. کاتێ نیشتیمانپەروەرییت نییە، باسی نەتەوەییبوونت بکە. کاتێک نەتەوەییبوونت نییە، باسی کەرامەت بکە. کاتێک کەرامەتیشت نییە، دوژمنێک بۆ خۆت دروستبکە و ڕوو تێبکە. هەر هەنگاوێک لەم زنجیرەیە، دوورکەوتنەوەیە لە بەرپرسیارێتیی کۆنکریتی و نزیکبوونەوەیە لە تاریکیی نا بەرپرسیارێتی.
 
فەرمانبەر و هاوڵاتیی هەرێم گەلێک زیرەکترن لەوەی ئەو دیسکۆرسە بەهەند وەربگرن. ئەم گەلە لە مێژووی نزیکی خۆیدا دیسکۆرسی هەزار جار سەیر و مەترسیدارتری لەمە بینیووە و بیستووە، باش تێدەگات لە پشت وشە ڕازوەکان چۆن ڕاستییەکان بدۆزێتەوە. ئەو ڕۆژەی فەرمانبەر بۆ کرێی خانوو و دەرمانی منداڵ و خواردن دەست بۆ گیرفانی بەتاڵی دەبات، ئەو ڕۆژە دەزانێت کەرامەت پێشێل کراوە، نەک پارێزراوە. ئەو ڕۆژە دەزانێت ئەو بەرپرسەی لە ستوودیۆیە سارد و ڕازاوەکانەوە باسی کەرامەتی بۆ دەکات، لە ڕاستیدا ئەو بەرپرسە کەرامەتی پێشێل دەکات. ئەگەر ڕاستگۆن لەو بانگەوازە، ئەوا هەنگاوی یەکەمی پاراستنی کەرامەت، پاراستنی ئەو گرێبەستە یاسایییەیە حکومەت لەگەڵ هاوڵاتییدا بەستوویەتی. مووچە بدەن، کاتبەکات، تەواو، بێمنەت، بێپاساو. ئەو ڕۆژە ئێمەش باوەڕ بەو کەرامەتە دەهێنین لە دەمتانەوە دێت. تا ئەو کاتە، وشەکانتان لە بەرامبەر واقیعدا هیچ وەزنێکیان نییە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک