٢٠\٥\٢٠١١
پرسیارە گومانگەرییەکان و گەڕان بە شوێن وەڵامەکان.
- لە کتێبە شیعرى (مردوویەک ئاگاى
لە هەمووانە) -

غهمگین بۆڵی
دەروازە:
ڕەگێکى سەرەکى شیعرى جاویدانى دەگەڕێتەوە بۆ بنەما میتۆلۆژییەکان و
گوماگەریى میتۆلۆژییەکانى ژینبوون ، هەرلەم دیدگایەشەوەیە کە
گومانگەریى میتۆلۆژییەکان لەناو پرۆسەى شیعرییەت پرسیارگەلى ئەزەلى و
دوورگەى ئەفسانەیى دروست دەکەن ، دیارە شاعیر ئەمانە وەک کۆڵەکەیەکى
بەهێز و جێگیر بۆ بنیاتناى شیعر دروست دەکات و دەیەوێت لە تەواوى
شتەکانى دەوروبەرى زیاتر وردببێتەوە و گومانى زیاتریان لێ بکات ،بەیەککەوتنى
گومانیش پرسیار دەورووژێنێت ، وەک چۆن ڕەگێکى سەرەکى شیعرییەت بۆ بنەما
میتۆلۆژییەکان دەگەڕێتەوە ، وەهاش گومانەمیتۆلۆژییەکان ڕەگێکى قووڵایى
واقیعدایە وبەردەوام ئەم ڕەگەى واقیعبوونە قووڵتر دەبێتەوە ، چۆن
لەسادەترین ناساندنى میتۆلۆژیدا ، میتۆلۆژى گەڕانە بەدواى واقیع ،
شیعریش جۆرێکە لەجۆرەکانى گەڕان بەدوایى دیوە نادیارەکان و دیوەکانى
جوانبینى ، لەپەیوەندى نێوان هەردووک گەڕان و چەمکى گومانبردندا ، لە
دەرئەنجامە گشتگیرییەکانى سەفەرى ئەو گەڕانانەدا شتەکان گومانى
زیاتریان دەخرێتە سەر ، دواجار ئەم حاڵەتەى گومانبردنە خۆى لە خۆیدا
پرسیار و گەڕانە بە دواى وەڵامە ونبووەکان.
ناوەڕۆک:
کتێبە شیعرى ((مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە )) بە پێنووسى شاعیر ((
سەباح ڕەنجدەر ))ە ،کە لە حەوت دەقە شیعر پێکهاتووە ، لە تێپەڕى ئەم
دەروازەدا دەمەوێت لەبارەى پرسیارەکانى شاعیرەوە بدوێم و لەپاڵ گەمەى
گومانەکانیدا ڕۆشنایى بخەمە سەر دیوەکانى تر وچەند لایەنێکى ترى دەقە
شیعرییەکان .وەلێ دەمەوێت سەرەتا لە مانشێتى کتێبەکەوە بخزێمە ناو
پرۆسەى ڕاڤەکارییەکەم ، ئەگەرچى پێم وایە هەڵبژاردنى ناونیشان هەم بۆ
شیعر و هەمیش بۆ کتێب پرۆسەیەکى زەحمەتە ، ئاخر زۆرجار ناونیشان کلیلى
دەروازەى چوونە ژوورە ، ئەگەرچى ئەمرۆ زۆرێک ناونیشانى زەق و بریقەدار
دەکەنە مانشێتى بەرهەمەکانیان بۆ چەواشەکارى خوێنەران ، وەلێ ناونیشانى
مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە ،ناونیشانێکە پڕ بە ناوەڕۆکى کتێبەکەوەیە ،
ئاخر زۆرجار ناونیشان هیچ کۆنتاکێکى بە ناوەڕۆکەوەنییە و لە هیچ
لایەنێکەوە کۆنابنەوە ، واتە ناونیشانەکە وەک چەکێکى بەکارهاتوو ،
بەکارهێنراوە .ئەگەرچى ناونیشانى ئەم کتێبە (مردوویەک ئاگاى لە
هەمووانە ) ناونیشانى هیچ کام لەم حەوت دەقە شیعرییەى ناوى نییە ،
بەڵکو دێرە شیعرێکە لەنێو شیعرەکانى ناویدا ، ئەگەر بپرسین ناونیشانى
مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە بۆ ؟ئەمە تەنیا بە خوێندنەوەى قووڵ
دەتوانین بگەینە ئەو ڕاستییە و پەى بەوە بەرین کەشاعیر تاچەند
سەرکەوتووبووە لە هەڵبژاردنى ناونیشانەکە.
لەدەستپێکى کتێبەکەدا (سەباح ڕەنجدەر )لەبارەى بە تونا کردنى شیعر و
کەڵەکەبوونى ئەزموون و زمانى شیعر وچالاککردنى هەستەکان وپرۆسەى
شیعرییەت و چەند ڕەهەندێکى ترى تایبەت بە شیعر دەدوێت ، لە پێشەکییەکەی
(شیعر و چالاککردنى هەستەکان ) دا ، هیچ ئاماژەیەکى تێدا نییە گوزارشت
لە شیعرەکانى ناویدا بکات ، زیاتر وەک وتارێکى ئەدەبى شاعیر چەند
روانینێکى تایبەتى لەبارەى پرۆسەى شیعر و ئەزموونى شیعرییەت خستۆتە روو
، هەرچەندە من لەگەڵ پێشەکى نووسینى شیعردا نیمە ،ئاخر زۆرجار خوێنەرى
سادە و بەشێکى زۆرى خوێنەرى ناوەندیش بەهەمان ئەو تەفسیرە ى کەوا لە
پێشەکیەکەدا بۆى کراوە ، خوێندنەوە و ڕوانینى بۆ شیعرەکانى دەبێت ،واتە
بەهەمان ئەو دیدگایەوە دەخزێتە ناو فەزاى دەقە شیعرییەکان ، کە دەشێت
ئەمجۆرە خوێنەرانە بەو شێوەیە قورمیش بکرێن ، هەرچەندە ئەم ڕاگەلەى
کەوا لە پێشەکیەکەدا شاعیر خستوویەتییە ڕوو گشتگیرە و بارگاوى کراوە
ئەئەزموونى خۆى و شێوازى خۆیەوە ، وەلێ ناشێت وتارێکى وەها لە جیاتى
پێشەکى لە کتێبە شیعرێکى وەهادا کۆبکرێنەوە ، چۆن من پێم وانییە هیچ
پیوەندییەکى بنەڕەتى و بنچینەیى تایبەت بە دەقە شیعریەکان لێکیان
کۆبکاتەوە ، خاڵێکى تر لە وتارەیدا ( بۆیە نووسیم وتار ، چونکە من وەک
پێشەکی ئەو ئەو دەقە شیعرییانە نایبینم )ئەوەیە ، سەباح ڕەنجدەر لە
دەربڕینێکدا تووشى دووفاقیەتى گومانبردن و هەڵخزانى قسەکردن دەبێت و لە
نێو پێکهاتەیەکى هاوبەش و بنەڕەتدا خۆى جیادەکاتەوە ، کە دواجار ئەم
جیابوونەوەیە هەرلەهەمان وەرچەرخانە فکرییەکاندا دەیهێڵێتەوە ، کاتێک
ئاماژە بەوە دەدات و دەڵێت :((شیعردەربڕینى گیانى سەردەمە ، من خۆم ئەم
بۆچوونە جیادەکەمەوە و ڕایدەگەیەنم شیعر دەربڕی هێز وگیانى سەردەم نییە
، چونکە پێکهێنەرى هێز و گیانى سەردەم کۆیە و شیعریش هێز و گیانى تاکى
جوانیبەخشە)) ، لێرەدا شاعیر ئەم لایەنانە فەرامۆش دەکات کە ڕِاستە
شیعر دەربڕى هێز و گیانى تاکە کەسە ،وەلێ هێزوپێکهێنەرى سەردەمیشە ،
ئاخر شاعیرى جواننووس و خاوەن بەرهەمى جاویدانى لە گۆشەنیگا
تاکەکەسییەکەیەوە سەیرى تەواو دنیا دەکات ،لەبچووکترین خەمى خۆیەوە
گەورەترین خەمى کۆمەڵگەکەى دەنووسێتەوە ، کەوابێت شاعیر لێرەدا
بۆچوونەکەى بەئاڕاستەیەکى خراپدا بردووە ، تەنانەت ڕەتکردنەوەى بۆچوونى
گشتگیرى سەردەم ، بە ڕەتکردنەوەى بۆچوونە تاکە کەسییەکەى کەوتۆتەوە ،بۆ
جوانترکردنى دووفاقیەتى ئەم خاسیەت و فکرییەمیتۆلۆژییەکان پێویستمان بە
پردى بە یەکگەیشتن هەیە ، کەنییە ! کە کارى ئەم پردە دەربڕینە تاکە
کەسییەکەى ڕەنجدەر ،بەدەربڕینە گشتگیریەکەى سەردەم دەبەستێتەوە.
وەک ئاماژەمان پێدا گەڕانى شاعیر بەشوێن پرسیارە ونبووەکانى و
بارگۆڕانە میتۆلۆژییەکان و چەمکى گومانگەریى لە فەزاى دەقە
شیعرییەکاندا بوونیان هەیە ، کە زۆرجار بوونى ئەم حاڵەتانە ڕەنگەکانى
شیعرەکە تۆختر دەکات و هەناسەى فەزاکانیش درێژتر دەکات ، بێگومان چەمکى
گومانگەریى پەیوەندییەکى ریشەیى لەنێوان مردن و ژیاندا هەیە ، لێرەدا
شاعیریش بەهەمان ئەم گومانەوە ئاماژە بەم لایەنەدەکات و دەڵێت :((ژیان
و مردن / بردنەوە و دۆڕان نین)).
پەیوەندى نێوان ژیان و مردن پڕە لە گومان و پرسیار و گەڕان بەشوێن
وەڵامەکاندا ، هەربۆیە شاعیریش ژیان ومردن بە بردنەوە و دۆڕان دانانێت
و ئەمانە ڕەتدەکاتەوە ، ئاخر ناشێت نێوان ژیان و مردن بریتیی بێت لە
بردنەوە و دۆڕان ، لەنێوان ژیان و مردندا گەڕانى هەمیشەیى هەیە ،مادامەکێ
گەڕان بوونى هەبێت ، دیسان هەست بە گومانبردنى شاعیر دەکرێتەوە و شاعیر
بە گومانەوە ڕۆشنایى دەخاتە سەر ئەرکى شاعیربوون ودەڵێت :((پەپوولەیەک
لەسەر شانى پێغەمبەرەوە/ فرییە سەرشانى من)) . لێرەدا پێویستە بپرسین :
بۆچى بەس پەپوولەى سەرشانى پێغەمبەر ؟ ئاخۆ پەپوولەى سەرشانى کام
پێغەمبەرە ؟ بۆچى هەڵبفرێتە سەرشانى شاعیر ؟ئایا حیکمەت لەم هەڵفرینەدا
چییە ؟ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیارگەلى تر لەبەردەممان قیت دەبنەوە ،
دیارە مەبەستى شاعیر ، پەیامى شاعیربوونە ، کە شاعیر لەم ڕەهەندەوە
هەمان خاسیەت و ئەرکى پێغەمبەرانەى لەسەر شانە ، دەشێت شاعیرى جواننووس
جێگرەوەى پێغەمبەر بێت ، ئاخر پێغەمبەر پەیامى خودایى لەسەر شانە ،
شاعیریش پەیامى مرۆڤایەتى ، بۆیە هەمیشە ئەرکى شاعیرى جواننووس هەرچەند
پیرۆز بێت ، زەحمەتتر دەبێت !بێشک بوونى پەپوولەش هێمایەکە بۆ جوانى و
بێگەردى ، شاعیرلەم ئەرکە پێغەمبەرانەیەى خۆیدا بەگومان دەبێت و
گومانەکانى هێندە زۆر و قورس دەبن ، تا دەکاتە ئەو سنوورەى کە
پرسیاربکات و بلێێت :((ئەرێ مانگ / لەزەماوەندى جاویدانى زمان ودڵ / چ
شەربەتێک دە خورێتەوە )) . ئەو زەماوەندى شاعیربۆ زمان ودڵ گەرەکیەتى
مانەوە و هەمیشەییە ، بۆیە بەدگومانە لەشەربەتەکەى ،کەشەربەتى ڕاستگۆیى
لەگەڵ زادەى ناوەوەى شاعیر خۆی ، لەگشت شەربەتەکانى تر نەمرتر و
مانەوەى زیاتر بەشیعر و تەمەن درێژى شاعیرەکە دەبەخشێت ، شاعیر ئەمجارە
ڕووى پرسیارەکانى بڵندتر دەکات و روو لە خودا دەکات و بە گومانەوە لەم
بارەیەوە دەپرسێت :((ئەرێ خودا بۆ تەنیایى بۆ خۆى هەڵبژاردووە)).
خەڵوەتگەى پرسیارەکان و یاخیبوونى گومانەکانى شاعیر درێژتر دەبنەوە ،
بەهۆى ئەو گەڕانەى شاعیرەوە خوێنەر پەى بەوە دەبات ، کە بە دوایى
وەڵامە ونبووەکانەوە لە گەڕانێکى هەمیشەیى داین ، لەناو پرسیارەکانیشدا
هەست بە گومانبردنى میتۆلۆژى دەکرێت ، لە پاڵ پرسیارە ونبووەکانیشدا
پرسیارگەلى تر خۆیان مەلاش داون ، بۆیە خەیاڵى شاعیر وەک سوپەرمانێک
هەربەئاسمانەوەیە پرسیار دەکات و دەڵێت :((ئەرێ باڵندە بەئاسمانەوە چیت
پێ دەڵێ )) .هەمیشە خوێنەرى ودبین و هۆشیار پەى بەوە دەبات ، هەتاکو
شاعیر زیاتر بگەڕێت گومانى زیاترى لەلا گەڵاڵە دەبێت ،کە گومانیشى لەلا
گەڵاڵە بوو ، گومانەکانیش بەسەر یەکەوە کەڵە کە دەبن و لە دەرئەنجامى
بەریەککەوتنیاندا پرسیار دەورووژێت و گومانەکانیش پرسیاردەکەن :((لاپەڕە
نووستووەکانى هەڵدەنەوە)) ، (( بەرد ئێسکى زەوییە )) .لێرەدا دەمانەوێت
ناوەوەى دەقەکە زیاتر هەڵبدەینەوە و بە دیدگایەگى فراوانتر لێى بڕوانین
،بۆیە ناشێت بەرد ئێسکى ڕاستە قینەى زەوى بێت ، لە کاتێکدا کە شاخ و
کێوەکان بوونیان لە زەویدا هەبێت ،شاخ و کێوەکان ئێسکى ڕاستەقینەى
زەوین ، پێم وایە شاعیر بەوشەى (بەرد) فەزاى دەقە شیعرییەکەى بچووک
کردۆتەوە.
شاعیر واز لە پرسیار ناهێنێت ، لەم سەفەرى ژیانەیدا هەر سەرقاڵى گەڕانە
، گومان دەبات و گومان دەهێنێت ، گومان لە دەورو بەرى دەکات ، گومان لە
ئاسمان و زەوى دەکات ، گومان لە شیعر و وشە دەکات ، گومان لە خەیاڵ و
واقیع دەکات ، لەپاڵ هەموو ئەم گومانانەشەوە دەپرسێت و ناگاتە وەڵامیش
! نازانیت و عەوداڵە بۆ زانین ،کەى دەگاتە وێسگە ئەو گەڕانە ناچار شعیر
پرسیاردەکات :(( ئەرێ بۆ بەس خودا دەزانێ بە هەشت لە کوێیە ؟ )) .شاعیر
پەرت و بڵاو و پەرتەوازە دەبێت ،لە بەربەدگومانى پرسیارەکانى بۆ
کۆناکرێنەوە سەر یەک ، کەئەمە پەخش بۆتە لە تەکنیکى وێنە شیعریەکانى
شاعیردا ، کە هەست بەوە دەکرێت دروستکردنى وێنەى جێگیر و وێنە
جوڵاوەکان ، لە شیعرەکانیدا بەهۆى پاڵنانى وشە بە وشەوەیە ، ئەم
پەرتەوازەبوونەى شاعیر ناونیشانى کتێبە شیعرییەکەى ( مردوویەک ئاگاى لە
هەمووانە ) پرشنگدارتردەکات ،وەک لە دەستپێکەوە ئاماژەمان پێیدا :
مانشێتەکە پر ِبە ناوەڕۆکى کتێبەکەوەیە ، ئاخر هەر لە ناونیشانەکەوە
خوێنەر هەست حاڵەتى گومانگەریى دەکات ، کە دوجار یش ئەم هەستە هەم لاى
شاعیر و هەمیش لاى خوێنەر هەر بەو ئەندازەیەوە دەمێنێتەوە ، کاتێک
شاعیر لەم گەڕان و سوڕانەیدا بەئەندازەیەک بەنێو گومانەکانیدا
پەرتەوازە دەبێت ، کە پرسیارەکانى بۆ ناخرێنە سەریەک و بەناچارى هەموو
پرسیار و گەڕان و گومانەکان بۆ خوێنەر بەجێ دەهێلێت و خۆى ئامانەتى دوا
پەیامى مرۆڤبوونى خۆى دەکات و دەڵێت :((لە ماڵەکەی خۆتدا / ژوور و
هەیوانێکم بۆ دانێ / ئەى خودا)).
لە کۆتاییدا:
هەموو دەقێکى ئەدەبى شیاوى خوێندنەوەیە ، کە دەقى ئەدەبیش خوێنرایەوە ،
شیاوى هەڵوستە لەسەر کردنە ، کە دەقیش هەڵوەستەى لەسەر کرا ، قابیلى
ڕاڤەى جیاو هەڵوەشاندنەوە و قسەلەسەرکردنە ، ماوەتەوە بڵێین کتێبە
شیعرى (مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە) شیاوى هەڵوەستەى زیاتر و قسەى جیاو
بۆچوونى جیاوازترە ، وەلێ ئێمە بەپێى خوێندنەوە و چێژ و تێڕوانینى
خۆمانەوە لەبارەى پرسەکانى نووسین و چەمکى گومانگەریى و گەڕانى شاعیر و
پرسیار و عەوداڵبوون بە شوێن وەڵامە ونبووەکان هەڵوەستەمان کردووە ،
کرانەوە و هەڵوەشاندنەوەى دەقى زیندووش جار لە دوای جار ڕوانینو و
خوێندنەوەى جیاوازتر هەڵدەگرێت ، وەلێ بەشێوەیەکى گشتگیر و کۆى
قسەولێدوانەکانمان شاعیر لە نێو چەمکى گومانگەریدا پرسیار دەکات و
هەمیشە لە گەڕانە بە شوێن پرسیارەکانەوە .
___________________________________________
سەرچاوە:
مردوویەک ئاگاى لە هەمووانە / شیعر -
سەباح رەنجدەر / لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى
ئاراس ژمارە - 1039 - چاپى یەکەم
2010
ماڵپهڕی غهمگین بۆڵی
|