په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠١٠

پرۆپاگەندەی فاشیستی و راسیستی لە KNN.

سەلام عەبدوڵا 

- ملیونان کوردستانی لە وەڵاتانی جیهان نیشتەجێن!
- لەشکرو جاسوسی"حەوت" دەوڵەت لە کوردستانە!
- سەدان کۆمپانیاو بانقی بیانی بۆ هەلی کارکردن روویان لە هەرێم کردووە!
- دەیان رێکخراوی بیانی پرۆژەی هاوکاری لە لادێ و شارەکانی هەرێم ئەنجام دەدەن!
- بەرهەمی خۆراک، پۆشاک، تەکنەلۆژیا و تەکنیک و میکانیک و هونەرو مۆسیقاو زانست و هەموو شتێکی بیانی، هەر چوار سنوورەکان دەبڕن و لایەن یەک بە یەکی کوردستانیان بەکاردەبرێت!
- هەموو ئەو بڕیارە چارەنووسسازەکانمان لەلایەن بیانییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێ!
واتە: ئێمە لە هەرێمێکی جیهانگیر نیشتەجێین!
تەنها یەک جۆرە"کاڵا"بۆی نییە بێتە ژوورەوە: هێزی کاری"بیانی"!


لەبەرامبەر ئەو راستییانە، ئیمشەو لە کەناڵی(KNN)، راپۆرتێکی راسیستی بڵاوکردەوەو تێدا هەندێ دەنگی نەزان و پڕقین دووپاتی هەمان بانگەوازی فاشیست و رەگەزپەرەستەکانی ئەڵمانیا، نەمسا، بەریتانیاو سویدو دەنیمارک و فەرەنسا بە هەمان بیروبۆچوون، کردەوە، واتە کرێکارانی کۆچبەر بوونەتەوە هۆی بێکاری کرێکارانی وەڵاتەکەیان، بۆیە ساڵانێکە بانگەوازی: بیانییەکان بۆ دەرەوە(Auslaender raus )دەکەن!


لەپێشەوە خانمێکی سەرپۆشراو، وتی: هێنانی کرێکارانی بیانی لەلایەن کۆمپانییەکانی کوردستانەوەو کارپێکردنیان بە نرخێکی کەم، قەیرانی بێکاری زیاتر کردووەو بووتە هۆی ئەوەی رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی لەبەرچاو زیادکردووە.


بڵاوکردنی ئەم جۆرە بۆچوونە هاندانی گیانی رەگەزپەرەستییەو زەمینە بۆ تاوان خۆش دەکات و هیچ پەیوەندی بە(مافی ئازادی بیروبۆچوون)ەوە نییە.
لە راپۆرتەکەدا، سابیر عوسمان(بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی کوردستان) لەبری ئەوەی هاوپشتی هاریکاری لەنێو کرێکاران بەهێز بکات و هوشیارانە روونی بکاتەوە کە بەهۆی چاوچنووکی سەرمایەداران و پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران، سوود لە نەهامەتی و بەدبەختی بێکاری و هەژاری کرێکاری وەڵاتانی تر وەردەگرن.


کرێکارە"بیانییەکان" هۆی بێکاری نین، بەپێچەوانەوە هەلی کارکردن زۆرەو دەبێ سەندیکا هەموو ئامرازەکانی خەباتی سەندیکایی خۆی بەکاربهێنێت بۆ بەرگریکردن لەمافەکانی کرێکاران بەگشتی و لەم هەوڵەدا، هیچ گرنگ نییە کرێکارەکان سەر بە چ نەتەوە، وەڵات، مەزهەب و ئاینێکن.


لەو راپۆرتەکە چەند دەنگێکی جیاواز دێنە گۆو بە ئاشکرا بەگیانی دەمارگیری نەتەوەیی بانگەشەی رێگەکرتن لە هاتنی کرێکاری(عەرەب، شەبەک)و دژایەتیکردنی کرێکارە هندییەکانیان کرد.


شایانی ئاماژەپێکردنە کە لەکاتی بڵاوکردنی ئەو راپۆرتە قیزەوەنە، مانشێتێک بە هەمان مانا و تێگەیشتن، بەڵام ئەقڵ و روحی راسیستی عەرەبی پیشاندەدا(حەدبا دژی بوونی کارمەندی کوردە لە نەینەوا)بەرچاودەکەوت!


بڵاوکردنی ئەم جۆرە راپۆرتانە پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافی ژیان و کاری مرۆڤە لە هەرێمی کوردستان و زیانێکی گەورە بە پێکەوە ژیانمان دەگەیەنێت و پێویستە رۆژنامەنووسان، نووسەران و بەتایبەتی لایەنگرانی(گۆڕان)و"بیرمەندە بلیمەتەکانی"لە دەرەوەی وەڵات قبووڵی نەکەن و لەدژیدا راوەستن و رێ نەدەن جارێکی تر ئەو جۆرە رشانەوە فاشیستیانە لە کەناڵی ناوبراو بڵاوبکرێتەوەو بە فەرمی داوای لێبووردن لە کرێکارە بیانییەکان بکەن.


من ناتوانم بەڕێوبەرانی کەناڵی ناوبراو وەک پاشاکەی چیرۆکی منداڵان(لە وەڵاتێکدا)تەماشا بکەم، چونکە کوردستان بەخۆی باخچەی گەلان و مەزهەب و ئاینەکانە، بەڵام ئەگەر ئێوە بەو شێوەیە بیربکەنەوە، ئەوا دەبێ بۆ دوورگەیەکی نادیار دووربخرێنەوەو...با هیچ کەس خۆی لە بەرپرسیارییەتی نەدزێتەوەو راشکاوانه‌ دان بەهەڵەی خۆی بنێت!

 


07701929872 
dwaroj@yahoo.de