په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٢

پشێوییەكانی ئەمڕۆی هەولێر دەرئەنجامی لەبەرداهینانەکانی دوێنێی حكومەتە.


شاخەوان برایم عەبدوڵا  


رەنگە دەستەواژەی لەبەرداهینان لە ژیانی دیموكراسی و یاساییدا كەمێك قورس بێت یان خوێندنەوەی جیاوازجیاوازی بۆ بكرێت، بەڵام بە بڕوای من ئەگەر دوێنێ‌ حكومەت و پەرلەمان بەم شێوەیە یاسای پێشێل نەكردبووایە بۆ مەرامی ئیسلامییەكان لە بەرانبەر داخستنی گۆڤاری چرپە كە بەپێی یاسا نابێ هیچ رۆژنامە و گۆڤارێت دابخرێ، بەڵكو تەنیا سزای مادیی دیاریكراوە بۆ ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی گوایە سووكایەتی دەكەن ئەوا ئەمرۆكە ئیسلامییەكان هانی خەڵكیان نەدەدا بۆ سووكایەتیکردن بە ژیان و بەرژەوەندیی خەڵكانێكی رەنجدەر بە بیانووی داكۆکیکردن لە دیین.

 

ئەوەی ئەمرۆكە لە هەولێر روویدا ئەوە دەرئەنجامی ئەو لەبەرداهینانە ئاشكرایەی حكومەت و دەسەڵاتی كوردییە بەرانبەر گوشار و هێرشی بەشێكی زۆر لە مەلاكانی نێو ریزی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان و هاوكاتیش سیاسەتی نا رۆشنی حكومەتە بەرانبەر بە ئاین و ئەوانەی خۆیان كردۆتە نوێنەری دیین لە كوردستاندا.

 

مادام بە قسەی ئەوان دین وەحی خوایە و لە لایەن خوداوە دابەزیوە، ئیدی چ پێویستی بەو هەموو پاسەوانە هەیە كە بە ناوی دیینەوە هەڵدەكوتنە سەر شوێن و یانەكان و هەڕەشەی كوشتن لە رۆشنبیران دەكەن گوایە سووكایەتییان كردووە بە باوەڕی موسڵمانان، ئەی ئەوە سووكایەتی نییە ئەوان بەرانبەر بە خەڵكی دەیكەن بە ناوی پارێزگاریكردن لە دینەوە، ئەوە شكستی دەسەڵاتی كوردییە بەرانبەر بەوانەی خۆیان كردۆتە نوێنەری خودا و بڕیار لەسەر مان و نەمانی خەڵكی دەدەن بۆ مەرامی سیاسی بە تێكەڵكردن لەگەڵ ئاین و بەكارهێنانی خەڵكێكی سادەی كورد كە وەكو پێویست لە چەمک و ئیش و شوێنی دین لە كۆمەڵگە تێنەگەیشتوون، ئەمەشە وای كردووە هەركە مەلایەك قسەیەك دەكات ئیدی شەقامەكان پڕ دەبێ لە خەڵك و دەبنە هۆی مەترسی بەسەر ئازادیی كەسانێكی ترەوە.


لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی شەشەم پێشنیاری ئەوەم كرد وەزارەتی ئەوقاف سەرەڕای زیادبوونی، پێویستە نەدرێتە كەسایەتییەكی ئیسلامی سیاسی.. كەس ئەم پرسەی بە هەند وەرنەگرت و دواتر بینیمان مەلا ئیسلامییەكان چۆن خەڵكیان هاندەدا بەرانبەر دەنگە ئازادەكان و هاوكات بە هەمان شێوە لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی حەوتەمیشەوە هەمان پێشنیارم دووبارە كردەوە و داوام كرد كە پێویستە ئەو وەزارەتە لە چنكی ئیسلامییەكان بهێندرێتەدەر، بەڵام ئەمەش بێ سوود بوو، بگرە دووبارە وەزارەتەكە درایەوە هەمان كەس و ئەمجارە خەریكە مەترسییەكان زیاتربن، تەنانەت ئێستاكە مەلاكان داوای دەست لەكاركێشانەوەی وەزیری رۆشنبیرییش دەكەن كە كەسایەتییەكی شیوعییە و لە  رووی هزرییەوە لەوان جیاوازە.

 

ئەوەتا ئێستاكە بە هۆی بابەتێكەوە كە گۆڤارەكەی لەسەر داخرا و سەرنووسەرەكەی دەستگیركراو ژیانی هەر یەكە لە ستافەكە و خودی نووسەری بابەتەكەش كەوتۆتە مەترسییەوە هەولێر خەریكە بارودۆخی ئاسایی تێكدەچێ و ئەمەش بە زیانی خەڵكی ئازادییخواز و بنەماكانی دیموكراسی دەكەوێتەوە و هاوكات بەڵگەیەكیشە لەوەی مرۆڤ لە سایەی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی ناتوانێ بژیێ، چونكە ئەوانە هێشتاكە لە دەسەڵاتدا نین، بەم شێوەیە مەترسی دروست دەكەن بۆ سەر دەنگە ئازادەكان، جا ئەگەر بێنە سەر كورسی دەسەڵات دەبێ‌ چی رووبدا!
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک