٣\٢\٢٠١١
پیشەی
سەرۆکایەتیکردن.

سەلام عەبدوڵا
ئەوەی گوێم لێبووە یان خوێندوومەتەوە
لەبارەی سەرۆکەکانی دنیا ئەمانەن:
هەر هەموویان سەرۆکی مێژوویین، ئەگەر ئەمان نەبن رەوڕەوەی مێژوو پەکی
دەکەوێت، ئاخر هەر هەموویان خزمەتکاری میللەت و بێ نموونەن و لەناو دڵی
میللەت سەریانهەڵداوە و لەبەر گرنگی کەسایەتی و سەرقاڵیان، دوور لە
خەڵک ژیان بەسەر دەبەن.
هەر هەموویان شەرعی، میهرەبان و برا بچوکن و هیچ جیاوازییەک لەنێو
هاولاتیان ناکەن. هەر هەموویان ژیانیان بە قوربانی ئازادی و دادپەروەری
کردووەو، هەر بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکایەتی دەکەن و سوێند دەخۆن کە هەوڵ
بۆ بنەبڕکردنی هەژاری دەدەن. ئەوجا هەر هەمووشیان ئیماندار و
خۆشەویسترین و روح سووکترین کەسی وڵاتن. سەرۆکەکان هەر هەموویان جێگای
رێز و حورمەتن و خۆیان بە باوک دەزانن و پێیانوایە ئەگەر دەسەڵاتیان
نەمینێ، نەک هەر ئاسایش و ئارامی وڵات بەڵکو گەردوونیش سەروخوار
دەبێتەوە.
هەموو سەرۆکەکان پیشەکەیان تا مردن بە قۆنتەرانت وەرگرتووەو هەمیشە گەل
بەخۆی دەیەوێت سەرۆکایەتی بکەن و هەر هەموویان وەک خەڵک پارە لە گیرفان
هەڵناگرن، بەڵام بە ملیارد دۆلاریان هەیە.
هەر هەموویان لە سەرووی کێشەکانن و خیانەت لە"ئەرکی سەرۆکایەتیکردن"
ناکەن و تا مردن ئەمانەتەکەیان دەپارێزن و بۆ رۆژ تەنگانە، هەر
هەموویان کوڕ و کچ یان نزیکترین خزمی خۆیان وەک جێگری ئامادە
دەکەن(جەمال موبارەک، بەشار ئەسەد، سەعەد حەریری، عودەی سەدام، پاشا
عەبدوڵڵای ئەردەن، پاشای مەغرب، کوڕە پاشا یەک لەدوا یەکە"خزمەچییەکانی
حەرەمەین"ی سعودیەو پاشا پایە بەرزەکانی بەنداوی عەرەبی موبارەکەکانی و
هەر وا پاشاکانی بەریتانیا، سوید، سپانیا، فینلەند، نەرویژ و بەلژیک و
هۆڵەند..و لەوانەیە چەند سەرۆکێکی تریش هەبێ!
هەر هەموویان شانازی دەکەن بە خزمەتەکەیان لەپێناو نیشتمان و
بە"بەرێکەوت" لەناو تەلار ژیان بەسەردەبەن و پاسەوان، خزمەتچی،
کاروانێک ئۆتۆمبیلی گرانبەهایان هەیە.
هەر هەموویان نیزام و یاسا دەپارێزن، بۆیە دژ بە هەر شێوەیەکی فەوزا،
ئاژاوە و بەربەرەکانین، ، موستەشاری جۆربەجۆریان هەیە. هەزاران ساڵە بە
خەڵک دەڵێن: بە رەنگزەردکراوەکانی مێژوو و منداڵەکانیان دەڵێن: سەبرتان
هەبێت...پەلە مەکەن....هێدی هێدی گوزەرانیتان باش دەکەین و لەولاوە
لەشکرێکیان هەیە لەبریاندا دەڵێن: "خوا" ئەوەندی بەشی داون...تاقیتان
دەکرێتەوە... لەو دنیا پاداشتان دەدرێتەوە!
حەقیقەت تەنها لە لای ئەوان دەستدەکەوێت و تەنها حزبەکەی سەرۆک،
تەلەفزیونی سەرۆک، وتەکانی سەرۆک و ژیانی حەقیقەت و راستییە و شایانی
گوێگرتنە...هەموومان بە قوربانی سەرۆک!
وێنەکانی هەموویان فەرمانبەرایەتی، بارەگای حزب و رێکخراوەکانی و
گۆڕەپانەکان هەڵدەواسرێ.
هەرهەمووشیان بە ئارەزووی خۆیان پیشەکەی بەجێ ناهێڵێت،
هەمیشە"سوبحانەڵڵا" وا بووە خەڵکی"فەوزەوی، بەڵتەچی-تەوربەدەست-،
ئاژاوەچی، حەسود، خایەن، پیلانگێڕ، تاونبار، قین لەدڵ" بە چەک یان بە
قۆندەرە یان لەبەردەم توڕەیی خۆپیشاندەران، کوژراون یان هەڵهاتوون و
دەسەڵاتەکەیان بە تۆبزی لێوەرگیراوە!
ئێستا هەموویان خۆیان لە بن عەلی و موبارەک دەبینن، بەڵام تاقە
یەکێکیان غیرەت ناکەن داوای لێبوردن بکەن لە خەڵکی هەژار، کرێچی،
قەرزار، بێکار و پیشەکەیان بەجێ بهێلن. هەر هەموویان دەستیان توند توند
بە کورسی دەسەڵات گرتووە....پیرۆزتان بێت، خەڵک ئیرەییتان پێ نابات!
بژی خوا، سەرۆک، نیشتمان و هەزار"رەحمەت" لە گۆڕی سەرۆک عیدی ئەمین...هەر
هەموویان زیاد یان کەم وەک ناوبراوی"خوالێخۆشبو و بەهەشتی"ن، تۆش لە
ماڵی ئامنەوە، بڵێ ئامین!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|