په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٥

پشتیوانیی لە مانگرتن و داوایەکانی

ئازادیی رادەربڕینی یوسف محەمەد عەلی دەکەین.
 


کەمپینی "نا بۆ حوکمی داعشییانە لە کوردستان" دوای کاری سەرکەوتوانەی بۆ ئازادکردنی هاوڵاتی ئازادیخواز "یوسف محەمەد عەلی"، کە لە شارۆچکەی دەربەندیخان کە لە مانگی ١٢ی پاردا لەسەر بڵاوکردنەوەی رەخنەی لە ئیسلام لە فەیسبووکی خۆی لە لایەن دادگای دەربەندیخانەوە زیندانی کرابوو، بەردەوام بووە لە پشتگیریی کەیسەکەی و هەوڵیداوە پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بخاتە ژێر گوشاری داوای لابردنی دادگاییەکەی ئەم هاوڵاتیە چالاکەی سوورە لەسەر مافی ئازادیی رادەربڕین لە کوردستاندا.


لە ئێستاشدا کە یوسف مانگرتنی راگەیاندوە لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی کوردستاندا لە شاری سلێمانی ئێمە بەوپەڕی تواناوە پشتیوانیی ئەم مانگرتنەی دەکەین بۆ سەرخستنی داوایە رەوایەکانی کە بریتین لە داخستنی دادگایی کردنەوەکەی لە شاری سلێمانی و لابردنی مادەی (٣٧٢) لە یاسای سزادانی عێراقی کە چەندین ئازادیخوازی تری وەک یوسفی پێ سزادراوە و زیندانی کراوە. داوا لەسەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە پشتیوانیی مانگرتنەکەی یوسف محەمەد عەلی بکەن و نامە بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرن و گوشاریان بخەنە سەر بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستانەی مانگرتنەکەی.


ئەم هەنگاوەی یوسف هەنگاوێکە بۆ دەنگهەڵبڕینی هەر کەسێک کە خوازیاری کۆتاییهێنان بە یاسا و حوکمە داعشییەکانی قەدەغەکردنی ئازادیی رادەربڕین و رەخنەگرتنە لە دین و یاسا دینییەکان. بێگومان خەباتی ئازادیخوازیی خەلکی کوردستان بۆ جیاکردنەوەی دین لە یاسا مەدەنییەکان و لە دادگا و حکومەت هەنگاوێکی گرنگ و چارەنووسسازە لە خەبات بۆ شکسپێدانی مەترسیی جێگرتنەوەی دەوڵەتی ئیسلامی و داعش و یاسایەکانی لە کوردستان. هەر بۆیە گرنگە پشتیوانیی لە هەر هەنگاوێک و خەباتی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز بکەین بۆ سەرخستنی خواستی ئازادیی رادەربڕین و سکۆلارکردنی یاسا و دەزگایە فەرمییەکانی کوردستان.

 

بۆ زانیاریی پتر پەیوەندیی بکەن بەو دوو ژمارە تەلەفۆنە: ٠٠٤٤٧٧٦٠١٣١٢٠٣، ٠٠٩٦٤٧٥١٠٢٦٨٤٣٥.

 


کەمپینی نا بۆ حوکمی داعشییانە لە کوردستان
٢٢\٢\٢٠١٥

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک