په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٣

''پیتی شەرم'' پیتێک بۆ خەمەکانی ژنان.


شلێر باپیری     


هاوڕێیەکم لە کاتی چوونە سەرکار رۆمانەکەی پێدام، گوتی هاوڕێیەکم وەریگێڕاوەتە سەر کوردی. لە سەرەتاوە ورد نەبوومەوە ولە جانتاکەم خست و گوتم دواتر دەیخوێنمەوە.

قەت وا رێک نەکەوتووە کە کتێبێکم بۆ بێ یەکسەر دەست بە خوێندەوەی بکەم، بەڵام دیار بوو نێوەڕۆکە جوانەکەی رۆمانەکە لەگەڵ خەمی من و هەزار ژنی وەک من هاوبەش بوو کە یەکسەر دوای رۆژێک دەستم بە خوێندەوەی کرد. لەگەڵ ئەوەی زۆر کار بەسەرمدا کەڵەکە ببوو، بەڵام نەمتوانی دەست لە خوێندنەوەی هەڵبگرم.

رۆمانەکە بۆخۆی پڕ نیوەڕۆکە، وەرگێڕانە جوانەکەشی بۆ کوردی ئەوەندە دیکە سەرنجت بۆ خوێندنەوە رادەکێشێت.

تا ئێستا لەوانەیە بڵێین باشە ئەم رۆمانە باسی چی دەکا. رۆمانی "پیتی شەرم" پەنجە دانانە لەسەر خەمەکانی ژنان لە بەشێکی جەزائیر. ئەو خەمانەی کە منیش لە کوردستانەوە هەستم پێکرد.

"پیتی شەرم" کە بە عەرەبی ناوی "تا‌‌و الخجل"ـە و ژنە نووسەری جەزایری فەزیلە فارووق نووسیویەتی، سالار عەبدەڕەحمان لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.

سەرەتای رۆمانەکە بەوە دەست پێدەکات، "لەوەتەی خێزان..لەوەتەی دابو نەریت..لەوەتەی ترس..تۆقین هەیە. هەموو شتێکی من (پیت)ێکی شەرمکردن بوو، هەموو شتێک لەبارەی ژنانی دیکە پیتێکی شەرمکردن بوو".

"پیتی شەرم" لە چەند بەشی جیاوازدا دەستی لەسەر کێشەو خەمە جیاوازەکانی ژنان داناوە. ئەو خەمانەی لە سەرەتاوە لە بنەماڵەیەکی عەشیرەتی لەدایک دەبێت و لەوێوە کۆت و بەندەکان دەست پێدەکەن. لەوێوە زیندانە گەورەکەی ژیان بە روومان دادێت و نازانین لە کوێی داین.

ئەو بنەماڵە عەشیرەتیانە کە لە کوردستانیش هەن و نوێترین کەیسیش "گەشاو"ی تەمەنە ١٨ ساڵ بوو کە چەند رۆژ لەمەوبەر بە تاوانی خۆشەویستی لە نزیک ناحیەی قوشتەپە سەر بە هەولێر کوشتیان، ئەو بنەماڵە عەشیرەتیانەی کە ژن تێیدا تەنیا خزمەتکارێکە.

لە هەموو کون و قوژبنێکی رۆمانەکەدا هەست بەوە دەکەین کە ژن لە جەزائیر بێت یان لە کوردستان رەگەزی دووەمە و بە نزمتر چاو لێدەکرێت. هەر وەک لە بەشی یەکەمی رۆمانەکەدا لە پارەگرافێکیدا هاتووە "ئەوەی لە هەمووی زیاتر دەهری دەکردم و مێشکی لە کەلـلە نەدەهشێتم، کاتی نانخواردنی نیوەڕۆی هەینی بوو. ئێمەی ژنان دەبوایە چاوەڕێیی گەڕانەوەی پیاوان لە خوتبە بین. وەختێک ئەوان لە خواردنەکەیان دەبوونەوە، ئەوجار نۆرەی ئێمە دەهات! هەموومان لەلای پوورە تونس گرد دەبووینەوە، بەراستی رقم لەو نەریتە بوو، کە ئێمەی بە پلەیەکی نزمتر دادەنا".

ئەگەر ئەوە پەرەگرافێکی رۆمانەکە بێت، بەڵام ژیانی زۆربەی ژنی کوردە لە هەموو هەینی هەموو هەفتەی هەموو ساڵێکدا. هەمیشە دەبێ پیاوان پێشەنگ بن لە بڕیار، لە نان خواردن و لە زۆر شتی دیکە. ژنە دەبێ لە دوای هەموو شتەکانەوە بێ کە هەمیشە قوربانی دەدات.

نێوەڕۆکی رۆمانەکە بە فلاش بەکێک دەمانگەڕێنیتەوە نێو ژیانە خورافیەکەی رۆژانەمان کە زۆر جار خۆمان هەستی پێناکەین. ئەو خورافاتانەی رۆژانە لەسەر زاری چەندان پیاوو ژن گوێمان لێدەبێ.

وەک ئەوەی کە کچ با خەتەنە بکرێ دەنا شتی دەستی ناخورێ، ترش و خوێ نەخۆی دەنا بنت (پەردەی کچێنی) نابێ و دوایە لەسەر دەستان دمێنیەوە و ئابڕومان دەتکێ و کەس نایهەوێی، ئەو خورافاتانەی کە کچ بە تاریکی ئێواران نەرواتە دەرەوە دەنا جن دەچنە گیانیەوە و دواتر شەیتانی دەبێ. زۆر خۆڕافاتی دیکە کە تەنیا و تەنیا ژنی پێ قۆڵبەست دەکرێت کە بەداخەوە ئێستاش لە زۆر شوێن ئەو خورافاتانە پەیڕەو دەکرێن.

ئەگەر لە ژیانە خورافیەکە تێپەڕین و بڵێین خۆ ئێستا روومان لە ژیانی مۆدێرن و دیموکراسی و دادپەروەری کردووە، دەزانین لەو ژیانەی کە پێمان وایە تەژی دیموکراسیە و هەنگاومان بۆ یەکسانی هەڵێناوەتەوە، یاساکان دێنە بەردەممان و وەک لە رستەیەکی رۆمانەکەکەدا هاتووە "لێرە...پیاوەکان بە تیڕوانینە تەسکەکانیان دادپەروەری دەنووسنەوە"، راستە لە نیشتمانی منیش زۆربەی یاساکان پیاوان بە تێڕوانینە تەسکەکەیانەوە دەیاننوسنەوە وپیاوانەش نووسراونەتەوە، دەنا ئەگەر پێچەوانە بوایە، هەر رۆژە بکوژێکی ژنان کە بە تاوانی ئەڤینداری دەیانکوژن و جەستەیان شەلالی خوێن دەکەن، ئازاد نەدەکرا.


سەراپای خوێندنەوەی رۆمانەکە گۆشە بە گۆشەی ژیانی ژنانی کوردستانم دێینێتە بەر چاو. "رزقە، یەمینە و راویە کە سێ ژنی رۆمانەکەن و دەستدرێژیان کراوەتە سەرو دواتریش هەر یەکەیان بە ئاقارێکی جیادا مالئاوایی دەکەن و بنەماڵەکانیان بێبەرییان لێکردوون، وە بیر ئەو ژنانەم دێنیتەوە کە رۆژانە لە کوردستانەکەم کەس وە خۆیان ناگرێت تا دواتر دیسان مەرگ باوەشیان بۆ دەکاتەوە و تەنیا ئەو لە خۆیان دەگرێت.

ئەو مەرگەی، کە بە شێوەی جیاواز بۆتە مۆتەکەی ژیانی ژنان و ئارام و قاراویی لێهەڵگرتوون.

بە خوێندنەوەی رۆمانەکە کە یەکجار خوێندەوەی تێری نەکردم و دووبارە حەز بە خوێندنەوەی دەکەم، دەزانین کە ژنێک لە جەزائیر و لە کوردستان و لە ئێران هەموان خەمیان هاوبەشە، خەمی بە کەمتر زانین، خەمی بە مرۆڤ دانەنان و خەمی تەنیا وەچەنانەوە و وەک ئاژەڵ چاولێکردن.


خەمی ئەوەی کە تەنیا جێگەیەکن بۆ تێرکردنی هەوەسەکانی پیاو، خەمێک کە تا ئیستا گیرۆدەی ئەو خەمانەیەن و نەمانتوانیوە لێیان رزگار بین.
 

ماڵپەڕی شلێر باپیری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک