په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠١١

پترۆ دۆلار؟!


ستار محەمەد قادر 


ئەگەر نەوت بە سامانێکی نەتەوەیی وەسف دەکرێت، ئەوە دەبێت دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانی ئەم ووڵاتە، هەرگیز لەو پرسیارە زویر نەبن، چۆن دەفرۆشرێت و چی لە پارەکەی دەکرێـت؟ ئەگەریش لەبەر ئەوەی ئەم پانتاییەی ئێمە بارگاوییە بە کۆمەڵێک ئاڵۆزی و لە دەرەنجامیشدا فەزای ئەم ووڵاتەی سیخناخ کردووە لە فەوزا، رەنگبێت پرسیار کردنیش دەربارەی هەندێک پرس، بخرێتە خانەی شتە یاساغ و حەرامەکانەوە!


ئەگەریش دەستوورو یاسای ئەم ووڵاتە، وەکو سیاسەتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، مەتاتییانەو بە پێی میزاج و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان کش مەلیک لەو خەڵکە هەژارە دەکات، کە حاڵی حازر زۆرێک پێیان وایە مەلیک ماوە، ئەوە بەو پێوەرە بێت، دەکرێت نە پرسیار لە کەرنەڤاڵی دەمەو ئێوارانی بارهەڵگرە نەوتییەکان بکەین و نەش بەڕێکەوت و بە زەللەی زوبان، ئەوە بە خەیاڵماندا بێت، داوای برا بەش یان پشکی خۆمان لەو نەوتە بکەین!


هەر چەندە نە هاوڵاتییانی کوردستان و نەش عێراقییەکان، لەبەر لاوازی ئاستی بیرکردنەوەیان، تا ئێستا بیرۆکەی پشکی پترۆ دۆلار لە لایان گەڵاڵە نەبووە، چونکە گەلانی عێراق کاتێ هەست بە زەروورەتی نەوت و موشتەقاتی دەکەن، سەرما تەنگیان پێ هەڵبچنێ و لە سەرماندا گیرفانیان بۆ کڕینی بەرمیلێک نەوتی خۆماڵی بتەکێننەوە؟!


ئاخر ئەو خەڵکە جارێ چاویان لە کۆشش و هەوڵ و هیممەتی ئەو پەیمانانەیە وا لەسەر وەختی هەڵبژاردنەکاندا بوو بوو بە کەڵکەڵەی سیاسییەکان و دەیانویست لە نێوان شەوو رۆژێکدا عێراق بکەن بە پاریس و ئەم ووڵاتە لە هەموو روویەکەوە بە شێوەیەک بەرەو پێش بەرن، بە دووری نەزانین لە پڕێکدا ژنێک کورسی لەسەرۆک وەزیران وەربگرێ و عێراق بە دڵ فراوانی و بەخشندەیی سیاسەتمەدارانی بکەن بە سەرمەشقی سەرجەم ووڵاتە کۆنزەرڤاتیفەکان و کۆتایی بە سیستمی پاتریارکی لەم پانتاییەدا بهێنن؟!


باش لە یادمە ساڵی حەفتاو شەش، ئەو کات پۆلی یەکی ناوەندی بووم، مامۆستایەکمان هەبوو، لەدووای هەموو وانەیەک، لەسەر تەختە رەشەکە، ژمارەی بەرمیلە نەوتی هەناردە کراو یان فرۆشراوی دەنووسی و لە بەرانبەریدا، ئاماری دانیشتووان، دووای کۆکردنەوەو دابەشکردن، پشکی هەر تاکێک لەم ووڵاتەی، لە نەوتی هەناردە کراو دەردەکرد، لەو کاتەدا ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم، هەر هاوڵاتییەک، رۆژانە 22$ دۆلاری دەکەوت، بەڵام ئەفسووس، ئەو هەموو جارێک ئەوەی دووپات دەکردەوە، نزمی ئاستی هۆشیاریی، بۆ دەستەڵاتداران بوو بوو بە نیعمەت و بۆ ئەو خەڵکە هەژارەیش، جگە لە مەینەتی ژیان و ماندوو بوونێکی بێ ئەندازە لە پێناو دابینکردنی قووتی رۆژانەیان، لە شوێن حەسانەوە، لە پاڵ ژێر خانی ووڵاتەکەیان، باجی هەڵەی سیاسییەکانیان دەداو بەردەوام دەکران بە سووتەمەنی ئەو نەوتەی وا ئێستاشی لە گەڵدا بێت، نازانین سیاسەتی نەوت ئەم ووڵاتە بەچی ئاقارێکدا دەبات؟!


هەر چەندە ئێستا پترۆ دۆلار بووە بە ئەمری واقیع و وا بڕیارە شاری کەرکوک پشکی شێری بەر بکەوێت، بەڵام دەبوایە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پشکی چیمەنتۆ دۆلاریشیان بخستایەتە بەرنامەی کاریانەوە، چونکە ئەو کارگەیە، جگە لەوەی رۆژانە تۆزبارانی ئاسمانی شارەکە دەکات، لەبەر ئەوەی هیچ فلتەرێک بۆ پاک راگرتنی ژینگەو تەندرووستی بۆ دانەنراوە، بۆیە دەکرێت پشکی ئەو بڕە پارەیەی وا لەوێ دەیگرنەوە، بیدەن بە دەرمان بۆ ئەو نەخۆشانەی وا بەدەستی نەخۆشییە کووشندەکانەوە دەناڵێنن؟! یان وەکو ئەو پزیشکەی لەم رۆژانەدا داوایەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کردووە، لە بڕی پترۆ دۆلار، پارەیەک تەرخان بکرێت بۆ هەمان مەبەست!


ئەوەی ئەنگیزەی ئەم نووسینەی منە، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر وا بڕیارە پترۆ دۆلار بخرێتە خزمەت پڕۆژە خزمەت گوزارییەکانی ئەم شارەوە، لە پێناو جوانکردنی سیمای شارەکەو بەختەوەری هاوڵاتییان، ئەی خێرە تا ئێستا کەمی بانزین بووە بە هۆکاری ئەوەی کاکی شۆفێر لە پێناو پڕ کردنی بانزین لەهەر بانزینخانەیەک، کاتێکی باش لە ریزی بانزین وەرگرتن بکووژێت؟! یان ئەگەر هەر هاوڵاتییەک بیەوێت پشکی نەوت بە پێی پسووڵەی خۆراک وەربگرێت، دەبێت سەر تاپای رۆژێک لە پێناویدا بە هەدەر بدات، بۆیە رەنگە ئەم دیاردەیە سیحرێکی لە پشتەوە بێت، بە دووریشی نەزانین پێویستی بە بەتاڵکردنەوە هەبێت؟!
 

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر