په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

پیترۆل چۆن و لەکوێدا کۆدەبێتەوە؟

     
د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*

پێشەکى:


پاش ئەوەى لە وتارى پێشومدا باسم لە پێکهاتەو بنەچەى پیترۆل کرد و بەکورتى و بەڕوونى وەڵامى ئەوپرسیارەمان دایەوە کە چۆن ئەم سەرچاوە سروشتییە دروست دەبێت (1)، بەباشى دەزانم کە لەم وتارەدا تیشک بخەمە سەر چۆنێتى کۆبونەوەى پیترۆلى بەرهەم هاتوو و لەکوێدا کۆدەبێتەوە. بەمانایەکى تر ڕوونى بکەینەوە ئەو هۆکارانە چیین کە وادەکەن پێترۆل کۆچ بکات و پاشان لە شوێنێکى تایبەتدا ( کۆگا نەوتییەکان) کۆببێتەوە کاتێک بارودۆخى زەویناسى گونجاوبێت. پاشان بەنمونەیەک لەکوردستان تایبەت بە یەکێک لەکۆگا نەوتییە گرنگەکان باسەکە ڕوون دەکەینەوە.


کاتێک مرۆڤ بەدواى پیترۆلدا دەگەڕێت پێویستە شوێنى ئەم کۆگایانە بدۆزێتەوە و دەست نیشانى بکات و بڕەکەى دیارى بکات ،کەئەمە خۆى لە پرۆسەیەکى پشکنین و ڕووپێوى ورد و گرنگدا بەئەنجام دەگەیەنرێت، ئەوسا دەکەوێتە هەڵکەندنى بیر بۆ بەرهەمهێنانى ئەم سەرچاوە گرنگە جا ئیتر نەوت بێت یان گاز.

کۆچکردن (Migration ):


کردارى کۆچکردنى پیترۆل بەشێوەیەکى گشتى دەکرێت بەدوو بەشەوە: یەکەمیان کۆچکردنى سەرەتایى یان سەرەکى ودووەمیشیان کۆچکردنى لاوەکى یان ناسەرەکى. کۆچکردنى سەرەتایى پیترۆل بەو جوڵەیەى نەوت و گاز دەوترێت کە لەکەڤرەسەرچاوەییەکاندا (Source Rocks ) ڕوودەدات بەرەو کەڤرەکۆگەییە کان (Reservoir Rocks ) .بەڵام کۆچکردنى لاوەکى کاتێک ڕوودەدات کەئەو پیترۆلە جوڵەدەکات لە ناو کەڤرەکۆگەییەکاندا ئیتر لەناویەک جۆردا بێت یان لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکى تر، کەئەمەش دەبێتە هۆى کۆبوونەوەى پیترۆل ( شێوەى ژمارە 1 ). لەڕاستیدا لێکۆڵینەوە تازەکان پیشانى دەدەن کە کردارى کۆچکردن و کۆبوونەوەى نەوت وگاز زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بەو شێوە ساکارە ئاماژەى پێدەکرێت. زۆرکات جوڵەى ئەم مەوادانە لەڕێگەى ئەو لێکترازاو و شکاندنانەوە کەلەکەڤرەکاندا هەیە ئاسانکارى بۆدەکرێت و گرنگى گەورەیان هەیەو ڕۆڵى سەرەکیان هەیە لە کۆبوونەوەى پیترۆلدا. دەتوانرێت بەکورتى بوترێت کە کۆچکردنى سەرەتایى ئەو جوڵەیەیە کەلەکەڤرە دەنکۆڵەوردەکانى کەڤرەسەرچاوەییەپێگەشتووەکاندا ڕوودەدات،بەڵام هەر جوڵەیەکى ترى پیترۆل لەدەرەوەى کەڤرەسەرچاوەییەکان بە کۆچکردنى لاوەکى ناوببرێت.


کۆچکردنى سەرەتایى نەوت لە کەڤرەسەرچاوەییەکاندا کەڕێژەى کاربۆنى ئەندامى تیایاندا گەورەترە لە2% بەشێوەیەکى سەرەکى بەشێوەى بیتیومینە کەئاودەمژێت و هەڵدەئاوسێت ودەچێتەکونەوردەکانى کەڤرەکان و ئەو نێوانەڕووانەى چینەکان پێکى دەهێنن،ئەمەش دەبێتەهۆى دروست بوونى تۆڕێک لەبیتیومینى بەئاوتێر. کاتێک بیتیومین(2) هەڵدەوەشێت بۆ نەوت ، ئەو نەوتەلەگەڵ گاز )بەشێوەیەکى سەرەکى (CH4 ، CO2 دا یەک تێکەڵە دروست دەکەن جیا لەکیرۆجین و ئەم تێکەڵەیە بەشێوەى نەوت-گاز کۆچ دەکات. ئەمەلەوانەیە بەیەک قۆناغ یان بەجیا بڕۆن لەسەر بنەماى بارودۆخى پاڵەپەستۆ و پلەى گەرمى. ئەم بەرهەمهێنانەدەبێتەهۆى کۆچکردن.


هەرچەندە زۆرینەى پیترۆل بەجیا لە ئاو کۆچ دەکات ،لەگەڵ ئەوەشدا ئاو هۆکارێکى سەرەکییە لە ئاڕاستەو ئەودوورییەى کە نەوتەکە کۆچى پێدەکات.بێگومان بڵاوى شکان ولێکترازانەکانى ناو کەڤرەکان ڕۆ ڵێکى گرنگیان هەیە لەدیاریکردنى ئاراستەى کۆچ.

 

 


شێوەى ژمارە 1 .

بەرهەمهێنا ن وکۆچکردنى پیترۆل لەکەڤرە سەرچاوەییەکاندا و پاشان کۆبوونەوەى لەکەڤرە کۆگاییەکاندا و دروست بوونى گۆمى پیترۆل،

ئەم وێنەیە لە سەرچاوەى (Tissot and Welte، 1984) وە وەرگیراوە.

 

کۆگا نەوتییەکان:


دەتوانین کۆگا پیترۆلیەکان بەوەپێناسەبکەین کە بریتین لەوکەڤرەنیشتو ییانەى کە خاوەن کونیلەن ( Porosity ) و ئەم کونیلانەش پێکەوە بەستراون کەسیفەتى دەڵاندن( Permeability ) دەدات بەوکەڤرە، ئەم کونیلانە پڕن لە نەوت و گاز. پێویستەئەم چینانەبەچینى نیشتوى تر دەورەدرابن کەڕێگەبەدەربازبوونى ئەم شلەمەنییانە نەدات ،بۆنمونە وەک چینێکى گەچى یان قوڕى یان خوێى. پێویستەئەوە لەیادنەکەین کە ئەم گۆمە پیترۆلیانە نابێت واتێبگەین کەبە شێوەى گۆمى سەر ڕووى زەوییە،چونکە ئەوشلەمەنیانە(نەوت وگازوئاو) لەناوکونیلەکاندا بڵاوبوونەتەوە کەدەکەونەنێوان دەنکۆڵەى خاوەکانى کەڤرەکە نەک بەشێوەى تەنکى ئاو بێت.


کۆبوونەوەى پیترۆل بەگشتى لەوچینانەدا دەبێت کەخاوەن دەنکۆڵەى گەورەو کونیلەن و تواناى دەڵاندنى شلەمەنییان هەبێت ولەهەمان کاتدا بڕێکى کەم لە مادەى ئەندامى نەتواوەى تیادابێت. ناتوانین بێگومان بین لەوەى کەئەوبڕە زۆرەى پیترۆل هەرخۆى لەناوئەم جۆرەبەردانەدا دروست بووە بەڵکو ڕاست تر ئەوەیەکەئەو پیترۆلە لەشوێنێکى ترەوەکۆچى کرد بێت ولەمانەدا کۆبووبێتەوە ( شێوەى ژمارە 1 ). وەک لە وتارى پێشوومدا ئاماژەم بۆ کرد، لەڕێگەى بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى ئەو چینە کەڤرە دەنکۆڵە وردانەى کەدەوڵەمەندن بە مادەى ئەندامى ئەوچینانەپێدەگەن و تواناى بەرهەمهێنانى پیترۆلیان دەبێت.


کێشى جۆری گازونەوت کە بۆ ئەمەى دواییان دەگاتە0.7-0.9gm/cm3 ، بەگشتى کەمترن وەک لەکێشى جۆرى ئەوئاوەسوێرەى ناوکونیلەکانى کەڤرەکان. ئەمە وادەکات کەزۆربەى کات گۆمەکانى نەوت وگاز لەبەشى سەرەوەى پێکهاتووە بەرزەکاندا بن و لەسەروو ئەمەشەوە بەچینێکى گەچى یان قوڕى دەورەدرابن. کاتێک ئەو کۆگاى پیترۆلە دەکەوێتەبەشى سەرەوەى چینەچەماوە کوڕەکان (Anticlines ) ئەوا ئەو کۆگایە دەناسرێت بە گۆمێکى پیترۆلیۆمى پێکهاتووى ( Structural Petroleum Trap ). بێگومان زۆر جۆرى ترى ئەوگۆمانە لەسروشتدا هەیە وەک ئەو چینەبەردە لمیانەى شێوەى هاوێنەیى هەیە ، یان وەک چینەنیشتووەکانى مۆڵگە (Reef ) یان باریکبوونەوەى چینەدەنکۆڵەگەورەکان کەئەمانە پێکەوە دەتوانرێت بە گۆمێکى پیترۆلیۆمى چینیى (Stratigraphic Petroleum Trap ) ناوببرێن. دەتوانین کۆچکردنى سەرەتایى و لاوەکى و هەندێک جۆرى گۆمەکانى پیترۆل لەشێوەى ژمارە یەکدا پیشان بدەین ( شێوەى ژمارە1).

کێڵگەى نەوتى کەرکوک :


لێرەدا دەتوانین بەنمونەباسێکى کورت لەسەر یەکێک لەکێڵگە گرنگ وناودارەکانى کوردستان و جیهان بکەین وەک نمونەیەک بۆ شێوەى کۆبوونەوەى ئەو پیترۆلەى بەرهەمهاتووە کەئەویش کێڵگەى نەوتى کەرکوکە ( شێوەى ژمارە 2). ئەگەر خوێنەر حەز بەزیاتر زانیارى بکات لە سەر مێژوى دۆزینەوەى نەوت لەبیرەکان وناوەکانیان دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتارى کێڵگەنەوتییەکانى کوردستان کەلەلیستى سەرچاوەکاندا ئاماژەى بۆ کراوە.

 


شێوەى ژمارە 2 .
نەخشە و درێژە بڕگەیەکى کێڵگەى نەوتى کەرکوک ، ئەم وێنەیە لە سەرچاوەى(Dunnington،1958 ) وە وەرگیراوە.

بەشى سەرەوە هەر سێ گومەزەکە و بەشى ژێرەوە جۆر و دابەشبوونى چینە بەردییە جیاوازەکان پیشان دەدات.


وەک لەوێنەکەدا دیارەئەم کێڵگەیە بریتییە لەچینەچەماوەیەکى کوڕ کە درێژییەکەى دەگاتە نزیکەى 100کم و بەهۆى دوو بەرزاییەوە کەلەشێوەى زینى ئەسپدا دەردەکەون ئەم پێکهاتووەى دابەشکردووە بۆ سێ بڕگە بەناوەکانى بابا وئاڤانا و خورماڵە (وەک دەبینرێت ئەم ناوانەکوردین کە کوردێتى ئەم ناوچانەدەسەلمێنێت). ئەگەر لەشێوەى ژمارەسێ وردبینەوە چینەیەک لەدوای یەکەکانى بەشێوەیەکى ستونى ئەم پێکهاتووەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ئەو بەشەى پیترۆلى هەڵگرتووە بەچینێکى گەچى داپۆشراوە کەڕێ لەهاتنەدەرەوەى پیترۆلەکە دەگرێت و پاراستویەتى لەفەوتان. کێڵگەى نەوتى کەرکوک تەنها لەساڵى 1954 دا 7.23 ملیۆن تەن نەوتى بەرهەمهێناوە وئەوکاتەبڕى یەدەکى بەیەک هەزار ملیۆن تەن خەمڵێنراوە، بێگومان ئێستا بڕێکى یەکجار زۆرتر لە و بڕە نەوت دۆزراوەتەوە وبەردەوامیش پیترۆل دەر دەهێنرێت لەم کێڵگە گرنگە.


ئەوچینانەى کەنمونەى کۆگەى پیترۆلن دەناسرێن بە"بەردەکلسییەکان" کەبریتین لە چەند چینێکى بەردىکلسى کەتەمەنیان بەگشتى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ئۆلیگۆسین ( 33.7 بۆ 23. 8 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا). وەک دەبینرێت ئەم چینەکلسییانەبەچینێکى گەچى کەدەناسرێن بە پێکهاتووى فارس داپۆشراون، کەڕۆڵى سەرقاپ دەبینێت و ناهێڵێت نەوت وگاز بەفیڕۆ بڕوات. هەروەک لێکۆڵینەوە زەویناسییەکانى کۆمپانیاى نەوتى کەرکوک و توێژینەوەکانى زانکۆکانى کوردستان دەریان خستووە کە ئەم چینە بەردە کلسییانە تواناى گلدانەوەى ئەونەوتەیان هەیە کە لە چینەسەرچاوەییەکانى ژێرەوە بەرهەم هاتوون. ئەم چینەسەرچاوەییانە دەکەونە ژێرەوە و هەروەها لەئاراستەى باشور و باشورى ڕۆژئاواى کێڵگە نەوتییە کەوەن. بۆ زیاتر زانیارى خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لیستى سەرچاوەکان کەلە خوارەوە ڕیزکراون.

 


شێوەى ژمارە 3 .

پانە بڕگەیەکى هێڵکارى (بێپێوەر) بۆ گومەزى بابا ، بەشى باشورى ڕۆژهەڵاتى کێڵگەىنەوتى کەرکوک ،

ئەم وێنەیە لە سەرچاوەى (Dunnington،1958 ) وە وەرگیراوە.


بەکورتى هەندێک زانیارى سەبارەت بەم سێ گومەزە (Dome ) دەتوانرێت باس بکرێت:


گومەزى بابا: بێگومان ئەم ناوە واتە(بابا) کورتەى بابەگوڕگوڕە بەڵام لەناوکۆمپانیاکانى نەوتدا هەر بە بابا دەناسرێت. درێژى: 50کم وپانى: 4کم . ئەستورى سافى ئەو چینانەى کە نەوت دەدەن (Net Pay ) =747م و جۆرى نەوتەکەى لەسەر بنەماى API لەنێوان 29 بۆ 38 دا دەبێت کەئەمەش لەجۆرێکى باشە. ڕێژەى گۆگرد دەگاتە 2.05% .


گومەزى ئاڤانا: درێژى: 27کم وپانى: 4کم . ئەستورى سافى ئەو چینانەى کە نەوت دەدەن (Net Pay ) =472م و جۆرى نەوتەکەى لەسەر بنەماى API لەنێوان 33 بۆ 36 دا دەبێت کەئەمەش لەجۆرێکى باشە. ڕێژەى گۆگرد دەگاتە 1.95% .


گومەزى خورماڵە: درێژى:24کم وپانى: 5کم . ئەستورى سافى ئەو چینانەى کە نەوت دەدەن (Net Pay ) =300م و جۆرى نەوتەکەى لەسەر بنەماى API لەنێوان 29 بۆ 38 دا دەبێت کەئەمەش لەجۆرێکى باشە. ڕێژەى گۆگرد دەگاتە 1.95% .

پەراوێزەکان:
1-بڕوانە وتارى پیترۆل چییەو چۆن دروست دەبێت؟، ئیبراهیم محەمەد جەزا، 2009،گۆڤارى زانستى سەردەم، ژمارە 37، ل 113-117.
2- ئەم زاراوانە لەوتارى پیترۆل چییەو چۆن دروست دەبێت؟ ڕوونکراوەتەوە بۆ یە پێویستەخوێنەر بگەڕێتەوە بۆ ئەو باسە.


سەرچاوەکان:
-ئیبراهیم محەمەد جەزا،پیترۆل چییە وچۆن دروست دەبێت؟،2009 ،گۆڤارى زانستى سەردەم، ژمارە 37، ل 113-117.
-فەرەیدون نەجم،2008، کێڵگەنەوتییەکانى کوردستان (بڕى یەدەک وبەرهەم هێنان) ، ڕۆژنامەى پارێزگاران ، ژمارە 154، 17/2/2008 .


Dunnington، H.V.، 1958، Generation، accumulation and dissipation of oil in northern Iraq. In
weeks، L.G.، (ed) Habitat of oil، AAPG، Tulsa، Oklahoma، USA، 1194-1251.
Hunt، J. M.، 1996، Petroleum geochemistry and geology، 2nd ed.، W.H. Freeman and
Company، New York، 501p.
Jassim، S.Z. and Goff، C. (ed.)، 2006، Geology of Iraq، Published by Dolin، Prague and
Moravian Museum، Brno، 341p.
Mohyaldin، I.M.J.، Esa، B.G. and Raza، K.M.، 2002، Dictionary of Geology، English-
Kurdish، Kurdistan Geological Society، Sulaimani،126p.
Mohyaldin،I. M.J.، 2008، Source rock appraisal and oil/source correlation for the Chia Gara
Formation، Kurdistan - North Iraq، PhD thesis، University of Sulaimani، 140p.
Mohyaldin، I.M.J.، and Al-Beyati، F. M.، 2007، Sedimentology and hydrocarbon generation
potential of Middle Tithonian-Berriasian Chia Gara Formation، Well K-109، Kirkuk Oil
Field، NE Iraq، Kirkuk University Journal، Vol.2، No.1 ،pp.27-43.
Peters، K.E.، Walters، C.C. and Moldowan، J.M.، 2005، The biomarker Guide، Volumes
1&2، Cambridge University Press، 1155p.
Tissot، B.P. and Welte، D.H.، 1984، Petroleum Formation and Occurrence،2nd ed، Springer-
Verlag، Berlin، 699p.


*پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر / بەشى زەویناسى، زانکۆى سلێمانى.
 

ibrahimjaza@yahoo.com