په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٢\٢٠١٤

    پیاسەیەک لە کەناری داموسئۆن.*


فەتاح حەسەن

سەمای گەڵای زەردی زیوین
بەرامبەر پرچی سەوزی سنەوبەر،
هەڵکووڕمانی سێ پاساری
ئەمە بۆ خۆی قەشەنگ نییە؟
   *   *   *
خلسکێنەی
منداڵانی پاک و بێگەرد
لەسەر بەفر
ئەمە بۆ خۆی سەما نییە؟
   *   *   *
گمە گمی کۆترەکان و
جیکە جیکی نەورەسەکان
کە دان دەچنن
لەسەر سەهۆڵی دەریاچە
ئەمە بۆ خۆی ئاواز نییە؟
   *   *   *
قاز و قوڵینگ بە پۆل بێن و
بە دەنووکیان
سەهۆڵی دەریاچە بشکێنن
ئەمە بۆخۆی تابلۆ نییە؟
   *   *   *
کچ و کوڕێک
لە ژێر وێستگەی چاوەڕوانی
دەست لە نێو دەست
منیش، نوقمی نائارامیی
لە ناو سەمای دووکەڵی، دوایین جگەرە
ئەمە بۆ خۆی، هەم سەما و
هەم ئاواز و
هەم تابلۆیەکی قەشەنگ نییە؟
__________________________
* داموسئۆن: دەریاچەیەکە روبەرەکەی (٤٦ هیکتارە کە دەکاتە ٤٦٠ هەزار مەتر دوجا) سەر بە شارەوانیی (کۆبنهاون)ی پایتەختی دانیمارکە، دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری (ڤانلوسە) و (غودەوە) و شاڕێی رۆسکیلا.


دانیمارک / ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک