٢٥\١١\٢٠١٣
پیاوانی دەوڵەتن..
یا پیاوانی دەسەڵاتن؟!

وەرگێڕانی: رەزا ساڵح
لە راستییەکانی رۆژانەوە دەستپێدەکەین و ، دەپرسین : ئایا ئێمە لە
سایەی دەوڵەتێکدا دەژین .. ؟! ئایا پیاوانی دەوڵەتمان هەن .. ؟! چونکە
جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ، دەسەڵاتپەروەران و بنیاتنەرانی
دەوڵەتدا .. دەسەڵات کەسانن و ، دەوڵەتیش پرۆژەیە ، دەوڵەت یاسا و
دەستوور و دامەزراوە و نەریتە ، کە دەستووری بڕیاردراو جێبەجێ دەکات ..
بەڵام دەسەڵاتپەرستان شەیدای وەرگرتنی دەسەڵاتن ، ئەوانەن کە دوای
سامان و گیرفان پڕکردن و خوبزەزیادکرن کەوتوون .. بەڵام دەوڵەت لە
لایەن کەسانی نیشتمانپەروەرەوەری شارەزاوە دادەمەزرێت .. کە هەست و هزر
و هۆشیان دەیان بزوێنێت و ، و دڵسۆزی و ئینتیمابوون بۆ نیشتمانیان
ئاراستەیان دەکات ، نەک خرۆشی هەوەسبازی و ئارەزووەکانیان.
لە ئەمڕۆدا رووبارێکی خوێنی عێراقییەکان بە ناڕەوا دەڕژێت ، لە ئەنجامی
بەردەوامیی ناکۆکی و ، ئەو ململانێ و مشتومڕانەی کە لە نێوان
سیاسەتمەداراندا هەیە ، کە لە پێناوی وەرگرتنی دەسەڵات و پایەدا بەرپا
بووە ، نەک لە پێناوی بنیاتنانی دەوڵەتدا.
کەواتە بەر لە هەموو شتێک ، پێویستە کۆڵەکەکانی ئەم دەوڵەتە هەبێت ..
ئەم سێ پێویستە بنەماییانەن ، کە دەبێت هەبێت:
یەکەم / سەرکردایەتییەکی دانا .
دووەم / ئابوورییەکی بەهێز.
سێیەم / راگەیاندنێکی کاریگەر.
لێرەدا مەبەستمان لە سەرکردایەتییەکی باش ، سەرکردایەتییەکی
نیشتمانپەروەری دانا و خۆشەویستە بەلای گەلەوە .. سەرکردایەتییەک کە
بتوانێت سەقامگیری و شکۆداری بپارێزێت .. پێویستییەکان و داخوازییەکانی
گەلەکەی دابین بکات .
بە بوونی ئابوورییەکی بەهێزیش (ئەگەر نەشبێت ، ئەرکی سەرکردایەتییە ،
کە لە پێناوی وەدەستهێنانی بنەماکانی ئابوورییەکی بەهێزدا ، کاربکات ،
بۆ نموونە ، وەکو هاندان و یارمەتیدانی کەرتی : کشتوکاڵ ، پیشەسازی ،
گەشتوگوزار ..).
سەرکردایەتییەکی دانا ، خزمەتگوزارییەکان دابین دەکات ، زانایان
هاندەدات و یارمەتیی گەشەکردنی زانیاری دەدات ، سۆپا چەکدار دەکات و
مەشقیان پێدەکات ، بۆ پاراستنی وڵات لە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکیدا ،
نەک بۆ سەرکوتکردنی گەلەکەی ، پۆلیسی ناوخۆش رادەهێنێت و ئامادەی دەکات
بۆ پاراستنی ناوخۆ لە گێرەتێکدەر و خراپەکاران و، بۆ پاراستنی ئاسایشی
هاوڵاتیان .. دەزگایەکی ئاسایی بەهێزیش هاوکارییان بکات.
ئەنجامێکی تری بوونی ئابوورییەکی بەهێز ، دەتوانرێت میدیا و
راگەیاندنێکی بەهێز دابمەزرێت .. کە بتوانێت رۆشنبیریی گشتی
بڵاوبکاتەوە ، هەستی جەماوەر ببزوێنێت.
کاتێ کە کۆمەڵگایەکی شارستانیی وریا و تێگەیشتوو دروست دەبێت .. ئەوە
بزانێت کە مافەکان و ئەرکەکانی چین .. ئەوسا ئامادەیە کە پارێزگاریی لە
پیرۆزییەکانی بکات.
کەواتە گرنگترین فاکتەر ، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز ، کە بتوانێت
پشت بە خۆی ببەستێت .. بوونی سەرکردایەتییەکی دانا و هۆشمەندە .. کە
بتوانێت بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی لەبەرچاو بگرێت و ، داکۆکی لە
مافەکانی بکات ، سنوورەکانی بپارێزێت ، پارێزگاری لە خاک و سەروەری و ،
لە پیرۆزییەکانی بکات.
بەڵام ئەو راستییانەی لەسەر زەویدا ، بە پێچەوانەی نووسینەکانمانەوەن
.. بەرتیل و دەمچەورکردن باوە ، فڕوفێڵ و تەزویر و قۆڵبڕین هەیە ، رۆژ
رۆژی تایفەگەری و لایەن سیاسییە .. دەوڵەت و وەزارەتەکان ، لەسەر
بنەمای تایفی و ، نەتەوەیی دابەش دەکرێن ، وەزارەتەکانی سونییەکان ،
وەزارەتەکانی شیعەکان ، وەزارەتەکانی کوردەکان .. کەسی شیاو لە شوێنی
شیاودا زۆر کەمە .. ئەمانە و جگە لە گەندەڵییەکانی ئیداری و ئابووری و
، دزی و فیزی و لێدان ، جگە لە چەندین دیاردە زەقی تری گەندەڵی ، کە
بوونەتە دیاردەیەک لە دەوڵەتی عێراقدا .. جگە لە حوکمڕانیی و دەسەڵاتی
بنەماڵە و ، کوڕ جێگری باوکی و ، قورخکردن و دەستبەسەراگرتنی سەرچاوە
گرنگەکانی ئابووری و ، دەستکەوتەکانی نەوت ، لە لایەن خزامان و ،
نێزگبووەکان و ، هاوبەشەکانی دەسەڵاتدارانەوە.
ئەمڕۆ عێراق بە گەندەڵترین وڵاتی جیهان ناودەبرێت .. عێراق
دەوڵەمەنترین وڵاتە لە جیهاندا ، کەچی لە ئەمڕۆدا گەلی عێراق هەژارترین
ژیانیان هەیە .. ئەو هەموو پارە و سامانەی عێراق چییان لێدێت .. ؟!
دەچێتە گیرفانەکانی کێ و چ لایەن و حیزبێکەوە .. ؟! ئەی کوا لێژنەی
پاکسازی و بە دواداچوونی گەندەڵی .. ؟! تۆ بڵێی لیژنەکەش تووشی ئەم
پەتا پیسە نەبووبێت .. ؟! ئەی بۆ لە هیچ لایەن و بەرپرسێکی دەسەڵات
ناپێچنەوە ، کە چون لە هیچەوە و ، لە پڕێکدا دەوڵەمەندبوونە و ، شەق لە
پارە دەدەن ..؟! بۆ لێیان ناپرسنەوە کە : ئەمەت لە کوێوە هانی .. ؟! .
تا ئستا لیژنەی نەزاهە ، چەند بەرپرس و چەن دەسەڵاتداری دزی گەندەڵییان
داوەتە دادگا و سزا دراون .. ؟! ئەگەر کردوویان بۆ دەترسن و ، بۆ
راشکاوانە ئاشکرای ناکەن ..؟! بەپێی چاودێری کردن و راپۆرتەکانی
مەڵبەندە پەیوندارەکانی جیهانی .. عێراق لە هەموو روویەکەوە دواکەوتووە
.. تەنها لە گەندەڵی و ، لە تیرۆرکردن و ، لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ
و نەبوونی خزمەتگوزاریدا ، پێشکەوتووە.
لە سایەی ئەو راستییانەی کە باسمان کرد ، باری ئابووری لە وڵاتێکدا ،
کە فاکتەر و کۆڵەکەکانی دەوڵەتی سەردەمییانەی تێدا نەبێت .. چۆن گەشە
دەکات .. ؟! بێگومان هەر وا دەمێنێتەوە .. دەشێت لەمەش خراپتری
بەسەربێت .. یا کورد وتەنی : " تا رەجەب سەرپاڵە بێت .. حاڵی عێراق
خراپتر دەبێت باشتر نابێت .. " چونکە هێچ تروسکەیەک بەدی ناکرێت بۆ
بنیاتنی ئەم دەوڵەتە .. هەروەها سەرکردایەتییەکی داناشمان نییە ..
ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی کۆڵەکەکانی سەرکردایەتی کردن و
بەڕێوەبردنی ئەم دەوڵەتە .. ئەمەیە وامان لێدەکات، کە لە بنیاتنانی
دەوڵەتێکی سەردەمییانەی تازەدا ، بەشداری بکەین .. لە میانەی بە گەرمی
و بەشداری کردنمان ، لە هەڵبژاردنەکانی مانگی گوڵانی ( ٢٠١٤) دا .. سا
بەڵکو بتوانین نیشتمانێکی باشتر بنیات بنێین و ، حکوومەتێکی باشس
دابمەزرێنین ، کە لە خزمەتی دەوڵەت و ، دامەزراوەکانیدا بێت .. نەک
دەوڵەتێک بێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکان و چاوچنۆکەکاندا
بێت.
____________________________
• ئەم باسە، لە
نووسینی (محەمەد حەسەن ساعیدی) یە کە لە (٢٣\١١\٢٠١٣)
لە ماڵپەڕی (کتابات)دا بڵاوی کردۆتەوە.. بە دەستکارییەوە، لە زمانی
عەرەبییەوە، گۆڕیومە بۆ سەر زمانی کوردی.
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|