١\٢\٢٠١٣
پیاوانی کۆمەڵگەی
کوردی بۆ لە خۆشەویستیی دەترسێن؟؟؟

تاڤگە سابیر
رەنگە هیچ کۆمەڵگەیەک هێندەی کۆمەڵگەی کوردی لە خۆشەویستیی نەترسێ و
دژی نەوەستێتەوە، چونکە عەقڵیەتی پیاوسالاریی لەسەر ئەو کەلتوورە
راهاتوە، کە هەموو شتێک لە هێزدا ببینێتەوە و کار بۆ ئەوە دەکا
بەردەوام بە هۆی هێزەوە زاڵ بێ بەسەر هەموو شتەکانی تردا. لەگەڵ ئەوەی
خۆشەویستیی هەستێکی مرۆییە و پێویستی بە هێز نییە و پەیوەندییەکە لەسەر
بنەمای یەکسانیی نێوان ژن پیاو دروست دەبێ و هەموو هێزی جیهان ناتوانێ
خۆشەویستیی دروست بکا، بۆیە پیاوی کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە دیوارێکی لە
نێوان خۆی و خوشەویستییدا دروست کردوە و ترساوە و زۆر بە کەمیی
توانیویەتی ئەو هەستەی هەیەتی بەرامبەر بە رەگەزی مێ دریببڕێ و لە
قووڵایی دڵیەوە و هەمیشە خۆی لە باری پێناسەکردندا دەبینێ. بۆیە پیاوی
کۆمەڵگەی ئێمە هەمیشە لە خۆشەویستیی دەترسێ و زۆر جاریش بە سەرچاوەی
داوێنپیسیی لە قەڵەم دەدا و دژی ئازادیی خۆشەویستیی دەوستێتەوە و ئەو
کاتە باسی خۆشەویستیی دەکا، کە مەرجەکانی خۆی تێدا جێبەجێ بێ و
بەرامبەرەکەی گوێڕایەلی فەرمانەکانی بێ، ئەو کەسەی بە واتا نەریتییەکە
خۆش دەوێ ئەگەر نا پیاوی کۆمەڵگەی ئێمە تا ئەوپەڕی لە ئازادیی
خۆشەویستیی و پەیوەندیی و سۆزداریی دەترسێ، چونکە خۆشەویستیی لە لای
پیاوی کۆمەڵگەی کوردی، کە خاوەنی کەلتووری عەقلیەتی نێرسالارییە و هیچ
کات باوەڕی بە خۆشەویستیی رەگەزی بەرامبەر نییە و خۆشەویستیی وەک وشە
ئەو کاتە بەکاردەهێنێ بۆ رەگەزی بەرامبەر کە ملکەچی فەرمانەکانی بن و
خزمەت بە مانەوەی باڵادەستیی ئەو بکا، ئەگەر نا ئەو هەمیشە ترسی لە
لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی هەیە و خۆشەویستییش ئەو باڵادەستییە رادەماڵێ و
لەسەر بنەمای یەکسانیی دروست دەبێ.
ترسان لە خۆشەویستیی و ناکامیی خۆشەویستیی گۆشەیەکی گەورە و بە ئاسانیی
هەموو لایەکانی ئەو ترسە لێک بداتەوە و قسەی لەسەر بکا چونکە کۆمەڵگەی
کوردی لێوانلێوە لە ئازاردان و چەوساندنەوە لە پێناوی خۆشەویستیی.
کۆمەڵگەی کوردی بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگەیەکی داخراوی خاوەنی عەقڵیەتی
باوکسالاریی بوەوە، ئەوەش بووەتە فەرهەنگ و لە سایکۆلۆژیی تاکەکاندا
جێگەی گرتوە، ئەو فەرهەنگەش بەردەوام تاکەکانی راهێناوە دژی خۆشەویستیی
بن. کۆمەڵگەی خاوەنی عەقلیەت و کەلتووری ئاینیی و باوکسالاریی هەمیشە
تاکی دڵڕەق و توندوتیژ بەرهەم دەهێنێ و ئەو کۆمەڵگەیەی لەسەر بنەمای
عەقلیەتی پیاوسالاریی بینا کرابێ و هەموو شتەکان بە مافی نێر بزانێ، بە
دڵنیاییەوە وزەی ئەڤین و خۆشەویستیی تێیدا لاوازە و رێگە بە گەشەکردنی
نادرێ. کۆمەڵگەی کوردی بە هۆی ئەو دەسەلاتەوە بەردەوام هێزی خۆشەویستیی
تێدا لاوازە و پیاوی کۆمەڵگەی کوردی لە خۆشەویستیی ترساون و
نەیانتوانیوە دەریببڕن.
کۆمەڵگەی کوردی بە درێژایی مێژوو تا بە دەمی ئێسا دەگا، کۆمەڵگەیەکی
داخرا و خاوەنی عەقلیەتی پیاوسالاریی و خێڵەکیی بووە و بەردەوام لە
خۆشەویستیی ترساوە و تەواوی یاسا و رێسا ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک
دیسپلینێکی پۆڵایین بە دەوری ژیاندا کێشاوە و دژی هەر جۆرە ئازادییەکی
خۆشەویستیی و هاوسەریی راوەستاوە (دیارە مەبەستم هەموو پیاوانی
کۆمەڵگەی کوردی نییە) کە دروست ئەوەش ئەو ترسەیە لە خۆشەویستیی و
خۆشەویستیی بە لەدەستدانی دەسەڵات و باڵادەستیی خۆی دەزانێ و بۆیە لە
کۆمەڵگەی کوردی کەم نین ئەو ژنانەی لە سەر بوونی پەیوەندیی خۆشەویستیی
دەکوژرێن و زۆر جار گۆڕەوشار دەکرێن، ئەوەش ئەو راستییە ئاشکرا دەکا کە
پیاوی کۆمەڵگەی کوردی چەند لە ئازادیی خۆشەویستیی دەترسن و دەرگەی
بیرکردنەوەیان بە رووی هەستە مرۆییەکاندا داخستوە، رەنگە نەبوونی
خۆشەویستیی و ترس وای کردوە زۆرینەی پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمە هەڵگری
خەسلەتی توندوتیژیی و دڵڕەقیی بن بەرامبەر بە رەگەزی مێێنە لە
بچووکترین نەخێری ئەواندا بە روویاندا بتەقنەوە و ئازاریان بدەن و
کارەسات دروست بکەن.
پیاوی کۆمەڵگەی ئێمە هەمیشە لە ترس دایە بەرامبەر ژنان و ئازادیی ژنان،
کە خۆشەویستیی و ئازادیی و هاوسەریی یەکەمینیانە، ئەو ترسەی پیاوی
کۆمەڵی ئێمە بنەمایەکی مێژووی هەیە و بۆ ئێستا درێژ بووتەوە و لە هەموو
قۆناغێکدا بارگاویی بووە بە دید و تێڕوانینی نوێی ئەو سەردەمە و
پترکردنی سنوورەکانی ترس. تا ئەو جێگەیەی ژنان هۆشیار بن زنجیرەکانی
کۆیلەیی بەرەو پچڕان دەچێ و هەستەکانی ئازادیی و یاخیبوون فراوان دەبێ
لە بەرامبەر ئەوەشدا پیاوان ترس و نیگەرانییان پتر دەبێ و هەست بە
لەدەستدانی هەژموون و دەسەڵاتیان دەکەن و ئەوەی کە ژنانیان تەنیا وەک
ئامرارێک بۆ دامرکاندنەوەی ئارەزووە سێکسییەکان، بۆیە تا ئەوپەڕی
ئازادیی خۆشەویستیی و ئازادیی ژنان دەوەستنەوە و زۆر جاریش لە
ناچارییدا و بۆ داپۆشینی ئەوەی لە ناخییان دایە بەرامبەر بە ژنان،
دەمامکی جۆراوجۆر دەپۆشن و رستەی باق و بریق هەڵدەڕێژن بۆ ئەوەی ژنانی
پێ فریو بدەن، تا ئەوەی باوەڕیان پێبکەن کە لە عەقڵیەتی دژی
خۆشەویستییان تێپەڕاندووە بەڵام لە واقیعدا لەو روانینە خۆشەویستیی
گەڵاڵە نابێ و لە بەرامبەریدا بەردەم ترس لە نەستدا جێگە دەگرێ و لە
بەرامبەر ژناندا ناتوانن گوزارشت لە هەست و سۆزەکانیان بکەن، چونکە
ئەوان ژنان بە ئەفسوون و جادووگەر دەزانن و هەست دەکەن کاتێک
خۆشەویستیی بکەن ژنان کۆنترۆڵیان دەکەن و لە باڵادەستییان دەخەن.
کەلتووری ژن بەکەمگرتن بنەمایەکی ئاینیی هەبووە و ژنان تەنیا
سەرچاوەیەک بوونە بۆ دامرکاندنەوەی ئارەزووەکانی پیاو.. ئاینیش
ڕەسمیەتی بە کۆیلەبوونیان داوە، کاتێک ژن وەک کۆیلە سەیر دەکرێ هیچ
واتایەک بۆ خۆشەویستیی نامێنێ و پیاوانی سەر بەو کەلتوورەش شەرم دەکەن
یاخود دەترسن خۆشەویستیی لەگەڵ کۆیلە بکەن. کەلتوورێک هەزاران ساڵە بەو
ئاراستەیەدا دەڕوا و خۆی نوێ دەکاتەوە ئیدی چۆن بوار بۆ خۆشەویستیی
راستەقینە دەڕەخسێنێ لەسەر بنەمای یەکسانیی و دڵسۆزیی و ئەمەکداریی،
چۆن ژنان وەک مرۆڤ قبووڵ دەکا ئەو مافەی دەداتێ و هەموو هەستەکانی و
هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی ئازاد بێ.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|