١٢\٢\٢٠١٢
پیاوێک له بیره‌وه‌ریی
پێڵاودا.

به‌ختیار حه‌مه‌سوور
به‌رله‌وه‌ی هیچ شتێک ڕووبدا، به‌یانییه‌ک به‌ر له چوونه‌ده‌ره‌وه‌ت،
هه‌روا سه‌یرێکی دیوار و په‌رده و جامخانه‌ی ماڵه‌که‌ت کرد و زه‌ردی و
چڵک، سرنجکێشیان کردی. بڕیارت دا، شتێک بکه‌ی، وه‌ک پاککردنه‌وه. که‌مێک
خۆت هه‌ڵکرد و ته‌شتێک تایتاوت گرته‌وه، له دووی په‌ڕۆ و فڵچه و
ئیسفنج گه‌ڕای، نه‌بوون. تاکی بۆفییه‌که‌ت کرده‌وه و کراسێکی کۆنی
خۆتت ده‌ر‌هێنا و دڕیت. ته‌شتێکی ترت خسته به‌رده‌م به‌لوعه‌که و
هاتی و کورسییه‌کت خسته ژێر قاچت و په‌رده‌که‌ت داگرت، ویستت ڕه‌نگی
سه‌ره‌تای په‌رده‌که بێنیته‌وه پێشچاوت، نه‌تتوانی. ڕه‌نگه زه‌رد و
دێزه‌که، هیچ ئاسه‌وارێکی نه‌هێشتبوویه‌وه. سه‌ره‌تا ده‌ستت کرد به
پاککرنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌که، هه‌ر گوومێش و تۆز بوو. گوێت له پڕبوونی
ته‌شه‌ته‌که بوو، شپرزه بووی، ئاوه‌که بوو ده‌ڕژا، له کورسییه‌که
دابه‌زیت و چووی ئاوه‌که‌ت گرته‌وه. پشیله‌یه‌ک به حه‌وشه‌که‌دا تێپه‌ڕی
و بۆ ساتێک نیگای چاوتی به‌دووی خۆیدا به‌کێش کرد.
به دوای کارێک‌دا، شوێن نه‌ما سه‌ری پێدا نه‌که‌ی، که‌س نه‌ما ڕای نه‌سپێری،
نه‌بوو. دوای ته‌واوبوونی زانکۆ، ئه‌رکت قورس و قورس‌تر بوو، پاش ئه‌وه‌ی
ته‌نیا پاڵپشت و یارمه‌تیده‌رت، که باوکت بوو، مرد، ئیتر له هه‌موو
شتێک ماندوو بووی. ڕۆژه‌کان به خاوخلیچکی لێت تێ ده‌په‌ڕین، جووڵه‌ی
شته‌کان ده‌یان ترساندی، بۆ خۆت و له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌ژیای.
به‌ده‌م سڕینه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌وه، بیرت له‌م ناڕێکییه‌ی ژیانت ده‌کرده‌وه،
چه‌ند ساڵه خواردنی ده‌ستی ئافره‌تێکت نه‌خواردووه، جگه له خواردنه
ساده‌کانی ده‌ستی خۆت، که هه‌ر ته‌ماته‌ی سووره‌وه‌کراو و هێلکه‌وڕۆن
و ئه‌و شته سادانه‌ن. له ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌دا، که‌سێک نه‌بووه،
چ له خزم یاخۆ دراوسێیه‌کت، داوه‌تێکت بکه‌ن، یان ئێواره‌یه‌ک قاپێک
خواردنت بۆ بنێرن و بیخۆی. هه‌میشه هه‌ستت به نیگای ساردی چوارده‌ورت
کردووه له به‌رانبه‌ر خۆتدا. دوای چه‌ند مانگ له مه‌رگی باوکت، نه
که‌سێک له ده‌رکه‌ی دایت و نه تۆیش له ده‌رکه‌ی که‌سێکت دا.
بیره‌وه‌ییه‌کانت هه‌ڵگێڕ و داگێڕ ده‌که‌یت و بیریان لێ ده‌که‌یته‌وه،
که‌چی ناگه‌یت به‌وه‌ی بۆ به‌و شێوه دڕندانه و له‌پای چی کوشتیانیت.
ده‌یهێنی و ده‌یبه‌ی، ئه‌نجام هه‌ر هیچه. جارێکی تر که‌سه‌کان له
بیره‌وه‌یی خۆتدا زیندوو ده‌که‌یته‌وه و هه‌مدیسان ده‌گه‌یته‌وه به
هیچ. بیر ده‌که‌یته‌وه، له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا، گه‌ر له‌گه‌ڵ
که‌سێکیش په‌یڤی بیت، له چۆنی و چاکی و ئه‌و قسانه‌ی ڕۆژانه هه‌مووان
ده‌یکه‌ن، تێنه‌په‌ڕیوه. له‌پڕ بۆ ڕۆژێک هه‌ستت کرد قسه‌کردنیشت
بیرچووه‌ته‌وه، هه‌ستت کرد له گوتنی چۆنی و چاکیشدا، زمانت ته‌ته‌ڵه
ده‌کا و به زه‌حمه‌ت وشه‌کانت بۆ گۆ ده‌کرێن، بۆیه ناچارانه له به‌رانبه‌ر
به‌رانبه‌ره‌کانتدا، سه‌رت داده‌خست و خواخوات بوو زوو ڕزگار بی له‌و
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه. ئه‌ی بۆ به‌و جۆره کوشتیانی؟ نه‌زانینی وه‌ڵامی
ئه‌م پرسیاره، بۆ تۆ کوشتنێکی تر بوو.
هه‌رچۆنێ بێ، شوو‌شه‌کان نیوه‌پاکژ ده‌که‌یته‌وه، په‌رده‌که ده‌به‌یته
به‌ر به‌لوعه‌که و ده‌یخه‌یته ناو ته‌شته ئاوه‌که‌وه، ته‌شته‌که
ڕه‌نگی زه‌رد و لێڵ ده‌بێت. ده‌گه‌ڕێیته‌وه کن ژووره‌که و ده‌ته‌وێ
دیواره‌که بسڕیته‌وه، دووباره پێوستت به په‌ڕۆیه و جارێکی تر تاکی
بۆفییه‌که‌ت ده‌که‌یته‌وه و کراسێکی تر ده‌رده‌که‌یت و له ماسیحه‌که
ده‌گه‌ڕێی، چاوت ده‌که‌وێته سه‌ر جێیه‌که‌ت که هێشتا کۆت نه‌کردووه‌ته‌وه.
له حه‌وشه، ماسیحه‌که ده‌بینیته‌وه و کراسه‌که له ده‌مه‌که‌ی ده‌ئاڵێنی
و له تایتاوه‌که‌ی هه‌ڵده‌کێشی و به دیواره زه‌رد و چڵکنه‌که‌یدا ده‌هێنی.
هێز له ماسیحه‌که ده‌که‌یت و چڵکی دیواره‌که ناهێڵێ بڕوات، له
تایتاوه‌که‌ی هه‌ڵده‌کێشیته‌وه و به دیواره‌که‌یدا ده‌هێنیته‌وه و
ماندوو ده‌بی و دیواریش هه‌ر زه‌رد و چڵکنه.
ڕاهاتووی، به‌یانیان زوو به‌خه‌به‌ر دێیت و چایه‌ک ده‌م ده‌که‌یت و سه‌یرێکی
حه‌وشه‌که ده‌که‌ی، گه‌ڵا و عه‌لاگه و پیسی، حه‌وشه‌که‌یان
داپۆشیویت و تاقه‌تت نییه گسکێکیان لێ بده‌ی. داده‌نیشی و سیگار به
سیگار داده‌گیرسێنی و بیر له هیچ ده‌که‌یته‌وه. ده‌ته‌وێ شتێک بکه‌ی،
بڕۆی بۆ شوێنک، کوێیه؟ نازانی. تۆ کوێت هه‌یه بۆی بچی، جگه له
بازاڕ و ماڵه‌وه و جار‌جاریش چوون بۆ سه‌رکار. له کۆڵان گوێت له ده‌نگی
منداڵانه یاری ده‌که‌ن و جنێو به یه‌کیش ده‌ده‌ن، له که‌یه‌وه که‌س
جنێوێکشی به تۆ نه‌داوه؟ حه‌زت له خواردنی سه‌روپێیه و دڵت نایبا،
بیر له کڕینی تێلفیزیۆنێک ده‌که‌یته‌وه و پاره‌ت نییه. له‌م خه‌یاڵانه‌دا
هاتوچوونته و تۆپێک ده‌که‌وێته حه‌وشه‌که و ده‌تگه‌ڕێنێته‌وه حه‌وشه‌که.
چاوله‌ڕێی یه‌ک له منداڵه‌کان له ده‌ر‌که‌ت بدا؛ نایدا. هه‌ڵده‌ستی و
تۆپه‌که هه‌ڵده‌گریته‌وه و جارێکی تر و که‌مێکی تریش چاوله‌ڕێی ته‌قه‌ی
ده‌رکه‌که‌تی، نییه. خۆت ده‌ر‌که ده‌که‌یته‌وه و تۆپه‌که ده‌ده‌یته‌وه
به منداڵه‌کان و ئه‌وانیش دوور دوور ده‌که‌ونه‌وه له تۆ و ماڵه‌که‌ت.
درووست‌کردنی خواردن و شتنی جلوبه‌رگه‌کانت، دوو له قورسترین کاره‌کانی
تۆن، بۆیه ژه‌مه خواردنه‌کانی تۆ، له ڕۆژێکدا، له جارێک یان دووجار
تێپه‌ڕ ناکه‌ن. بۆ شتنی جلوبه‌رگه‌کانیشت، به حه‌وته یان ده ڕۆژ
جارێک کراس و پانتۆڵه‌که‌ت له ئاو هه‌ڵده‌کێشی و که‌مێک ئه‌مدیودیوی
ده‌که‌یت و به ته‌نافی حه‌وشه‌که‌تدا هه‌ڵیان ده‌واسی و بیر له
وشکبوونه‌وه‌یان ده‌که‌یته‌وه. کارێکی تر که تۆ وه‌ڕز ده‌کا، شۆردنی
گۆره‌وییه‌کانته. ده‌سته‌کانت، به‌ده‌ست شتنی گۆره‌ویییه‌کانته‌وه
ماندوون، ئاخیر ئه‌مانه لانیکه‌م ده‌بێت به دوو ڕۆژ جارێک بیان شۆری،
چونکوو ڕۆژانه چه‌ند سه‌عات له پێ و پێڵاوه‌کانتدان و به شه‌قام و
شۆسته‌ی ئه‌م شاره‌دا ده‌تگێڕن و ده‌یانگێڕی. پێڵاوه‌کانیشت هۆکارێکی
تری بێزاربوونی تۆن و حه‌ز ناکه‌ی هه‌رگیز چاویان لێ بکه‌ی، دواجار که
بێته‌وه یاده‌وه‌ر‌ییت و پێڵاوه‌کانت بۆیاخکردبن، سه‌رده‌می زانکۆت
بووه، ئه‌وده‌مه‌ی خوێندکار بووی، ئه‌ویش تا ئێسته، ساڵانێکی دووره
و تۆ تاقه‌تی ژماردنی ئه‌و ساڵانه‌ت نییه. زۆرجار بیر له هاوڕێ و که‌سه
نێزیکه‌کانت ده‌که‌یته‌وه، چی‌یان لێ هات، ونبوونی ئه‌وان، ژیانی تۆی
قورس و ئاڵۆز کرد، بۆیه ڕۆژێک بڕیارت دا، چی وێنه و یاده‌وه‌ری و
شتێکی ئه‌وانت لایه، بیان سووتێنی؛ سووتاندنت.
ئه‌و ئێواره‌یه، دنیا تاریکی کردبوو، تۆ هه‌رگیز ئاوا به تاریکی نه‌گه‌ڕاویته‌ته
ماڵه‌وه، به‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه شه‌ستییه‌که‌دا، ده‌هاتیته خواره‌وه.
به ده‌ستی ڕاستت دوو ته‌به‌ق هێلکه و ده‌ستی چه‌پیشت، دوو کیلۆ ته‌ماته
و پیازت هه‌ڵگرتبوو، هێنده‌ت زانی له دواته‌وه، به‌ر چه‌قۆ درای،
ویستت لا بکه‌یته‌وه، له‌تاو ئازار دوو ته‌به‌قه هێلکه‌که و عه‌لاگه
ته‌ماته و پیازه‌که‌ت له ده‌ست به‌ربوونه‌وه، زه‌ردێنه به‌سه‌ر
شۆسته‌که‌دا، جۆگه‌له‌ی زه‌ردی درووستکرد، ته‌ماته و پیاز پێشکه‌وتنیان
بوو، دوو چه‌قۆی تر، له ناوه‌ڕاستی پشتتدا چه‌قین، هاوارت کرد، نووزه‌ت
ده‌رهات، به‌رچاوت لێڵ بوو، ته‌نیا کۆمه‌ڵێک قاچ و پێلاوت بینی، که له
زه‌ردێنه و ته‌ماته فلیقاوه‌کان، هه‌ڵکشا بوون.
mm_baxtyar@yahoo.com
|